عەبدولڕەحمان گەورکی:
زیاتر لە (40) ساڵە خەڵکی ئێران لە بەرانبەر دیکتاتۆریی مەزهەبی خۆڕاگرن. ئەم خۆراگرییە، کە رەگ و ریشەی لە خواستی ئازادی و دادپەروەری و کەرامەتی مرۆڤدا هەیە، زۆر جار دەنگی خۆی گەیاندۆتە ئاستی جیهان. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا رۆژئاوا دوای شەڕی ١٢ رۆژە و ئاشکرابوونی خاڵە لاوازەکانی رژێمی ئێران، گەیشتووەتە ئەو تێگەیشتنەی کە دەبێ لە تەنیشت خەڵی ئێران و موقاومەتدا بوەستێت؟ یان بەردەوام دەبێت لە گیرخواردنەکەی لە تەڵەی سیاسەتی سازاندا؟
شەڕی دەرەکی و سازان، دوو دیوی یەک دراو
شەڕی ١٢ رۆژە کە لە ئەمساڵ لە نێوان ئێران و ئیسرائیل روویدا، جارێکی دیکە نیشانی دا کە نە (شەڕی دەرەکی) و نە (سازان لەگەڵ دیکتاتۆریی ئایینی) چارەسەری کێشەکانی خەڵکی ئێران دەکات. شەڕی دەرەکی، رەنگە رژێم لاواز بکات، بەڵام بە کردەوە تەنیا دەبێتە زیاتر هاربوونی رژێم بۆ سەرکوتکردنی بزووتنەوەی ئازادیخوازی و دادپەروەری خەڵکی ئێران. لە لایەکی دیکەوە سیاسەتی سازانی رۆژئاوا لەگەڵ رژێمی ئێران کە ساڵانێکە بەردەوامە، تەنیا ئەم دیکتاتۆرییەی بەهێزتر کردووە و رێگەی پێداوە بۆ پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، پشتیوانیکردن لە تیرۆر، دەستوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە و پەیڕەوکردنی بەرنامەی چەکی ئەتۆمی و دەرەنجام، ناوچەکە و جیهان خستووەتە مەترسییەوە.
هەردووی ئەم ئاکارە – واتا شەڕ و سازان – لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی خەڵکی ئێران، ناوچەکە و تەنانەت جیهانیشدا ناکۆکە. شەڕی دەرەکی لە جیاتی یارمەتیدانی خەڵک، بیانوویەک دەداتە دەسەڵات بۆ ئەوەی پاساو بۆ سەرکوتکردنی ناوخۆیی بهێنێتەوە. سازانیش، بە پێدانی ئیمتیازاتی ناپێویست، رژێم لە دەسەڵاتدا دەهێڵێتەوە و ئازارەکانی خەڵکی ئێران درێژ دەکاتەوە. وەک هەندێک لە شرۆڤەکاران ئاماژەیان پێکردووە، شەڕی ١٢ رۆژە دەریخست کە رژێمی ئێران نەک هەر لاوازترە لەوەی کە بانگەشەی بۆ دەکات، بەڵکو ئەم رژێمە لە بەرامبەر بەرەنگاربوونەوەی ناوخۆیی خەڵکی ئێراندا زۆر ناسکە.
ڕێگای سێهەم: پشتیوانیکردن لە خەڵکی ئێران و بەرخۆدانەکەیان
چارەسەری خەڵکی ئێران کە زیاتر لە دوو دەیە لەمەوبەر لە لایەن خانمی (مریەم رەجەوی)ەوە بە “ڕێگای سێهەم” ناسێندراوە، چارەسەرێکی راستەقینە و بەردەوامە بۆ کۆتاییهێنان بە دیکتاتۆرییەتی ئایینی. ئەم چارەسەرە نە بەندە بە شەڕی دەرەکی و نە بە سازانی رۆژئاوایی لەگەڵ رژێمی دیکتاتۆریی ئایینی. بەڵکو جەخت لە توانا و ئیرادەی خەڵکی ئێران دەکاتەوە بۆ گۆڕینی رژێم بە رێگەی خەباتێکی شێلگیرانە و بەردەوام و رێکخراو.
ئەم چارەسەرە داوای دانپێدانانی مافەکانی گەل و بەرخۆدانی ئێران دەکات. رێوشوێنەکانی وەک ناوزەدکردنی سوپای پاسداران وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی، داخستنی باڵیۆزخانەکانی رژێم لە وڵاتان، چالاککردنی میکانیزمی (ماشە)، واتا دەستپێکردنەوەی سەپاندنی سزا نێودەوڵەتییەکان بەسەر رژێمی دەسەڵاتداردا و دەرکردنی رژێم لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان کە بە ناڕەوا داگیری کردووە، لە پێشنیار و داواکارییە تایبەتەکانی ناو ئەم چارەسەرەن. ئەم رێوشوێنانە نەک هەر رژێم لاواز دەکەن، بەڵکو نیشانی خەڵکی ئێرانی دەدەن کە جیهان لە تەنیشتیان وەستاوە.
ڕۆڵی ناوەندەکانی شۆڕش (کانونەکانی شۆڕش)
لە ناوخۆی ئێراندا، ناوەندەکانی شۆڕش، وەک بازووی چالاکی موقاومەت، رۆژانە لە بەرامبەر رژێمدا دەوەستنەوە. ئەم ناوەندانە بە خۆبەخشی و بوێرییەوە تەحەدای دەسەڵات و دامەزراوە سەرکوتکەرەکانی دەکەن. ئەوان لە رێگەی چالاکییەکانیانەوە نیشانیان داوە کە “خەبات بۆ ئازادی” لە دڵی ئێراندا زیندووە و بە باشی رژێمیان تووشی کێشە کردووە. بەڵام ئەم هەوڵانە پێویستیان بە پشتیوانیکردنی نێودەوڵەتی هەیە. رۆژئاوا دەبێ واز لەو پڕوپاگەندە کۆنەپەرستانە و کۆلۆنیالیستییە بهێنێت کە بە قازانجی رژێم کاردەکات و پێویستە لە تەنیشت خەڵکی ئێراندا بوەستن.
بۆچی گەڕانەوە بۆ دیکتاتۆرییەتی پێشوو چارەسەر نییە؟
هێشتا هەندێک کەس و لایەن لە رۆژئاوا بە هەڵە پێیان وایە گەڕانەوە بۆ دیکتاتۆرییەتی پێشوو (وەک رژێمی پەهلەوی) دەتوانێت بەدیلێک بێت بۆ دۆخی ئێستا. بەڵام ئەم بیرۆکەیە نەک هەر چارەسەر نییە، بەڵکو خزمەت بە درێژەدان بە دیکتاتۆرییەتی ئێستا دەکات. خەڵکی ئێران کە دوو رژێمی دیکتاتۆری بەخۆیەوە بینیوە، بەدوای سیستەمێکی دێموکراتیکدا دەگەڕێت کە لەسەر بنەمای ئیرادەی گەل و بەتایبەت جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت بێت. ئەوەش لە پلاتفۆرمی موقاومەتی ئێران بۆ ئێرانی ئازاددا هاتووە و جەختی لەسەر کراوەتەوە. پشتیوانیکردن لە خەڵک و موقاومەتی ئێران بە واتای داننان بە داواکارییەکانی خەڵک بۆ ئازادی و یەکسانی و دادپەروەرییە.
پێویستبوونی کۆتاییهێنان بە سیاسەتی سازان لەگەڵ دیکتاتۆرییەت
شەڕی ١٢ رۆژە نیشانی دا کە رژیمی ئێران لە بەرامبەر گوشارە ناوخۆیی و دەرەکییەکاندا زۆر ناسکە. بەڵام نابێت ئەم لاوازییە بکرێتە دەرفەتێک بۆ سازانی زیاتر. رۆژئاوا لەبری دانوستان لەگەڵ رژێمێک کە شەرعیەتی خۆی لەدەست داوە، پێویستە بە سیاسەتەکانی خۆیدا بچێتەوە و پشتیوانی بکات لە موقاومەتی خەڵکی ئێران. ئەم پشتیوانیکردنە دەتوانێت پشتیوانیکردن بێت لە دیپلۆماسی، گوشاری ئابووریی ئامانجدار، چالاککردنی “میکانیزمی ماشە” و بەهێزکردنی دەنگی خەڵکی ئێران لە کۆڕ و کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکاندا.
ئەنجام:
ئێستا کاتی ئەوە هاتووە جیهان سەبارەت بە ئێران راستییەکان قبوڵ بکات: دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئێران لەگەڵ کۆمەڵگای مرۆڤایەتی هاوچەرخدا ناگونجێت. هەر ساتێک دواکەوتن یان دواخستنی پشتیوانیکردن لە خەڵک و موقاومەتی ئێران مانای وایە خوێنی خەڵکانی بێتاوانی زیاتر بڕژێت. موقاومەتی خەڵکی ئێران، بە فیداکاری و ئازایەتی خۆی، رێگاکەی نیشان داوە. پێویستە رۆژئاوا بە داننان بەم موقاومەتە و پشتیوانیکردن لە داخوازییەکانی، لە تەنیشت خەڵکی ئێران بوەستێت. رێگەچارەی سێهەم کە لە لایەن موقاومەتی ئێرانەوە خراوەتە روو، تەنیا لە بەرژەوەندی خەڵکی ئێراندا نییە، بەڵکو لە بەرژەوەندیی ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە و جیهاندایە. با کۆتایی بە دووبارەبوونەوەی هەمان شتە کۆنەکان بهێنین و بە پشتیوانیکردن لەم رێگەچارەیە، ئایندەیەکی گەش بۆ ئێران و جیهان دروست بکرێت.
عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی