92
شنا فایەق:

نۆ ساڵ بەر لە ئێستا ‘نا’یەک بۆ حوکمی چەتەگەرایی پەدەکە پڕ بەگەرووی بادینان و لە زاری وەدات حسێن-ەوە هاتەدەرەوە، سەرەڕای تاقیکردنەوەی هەموو جۆرەکانی سەرکوتکاریی، دەنگی ئەو ‘نا’یە تا دێت بەرزتر و بەرزتر دەبێتەوە.
لەدوای ڕاپەڕین، بادینان وەک مۆڵگەی چەتەگەرایی پارتی بەناو دیموکراتی کوردستان وەدەرکەوت، وتنی هەر نایەک بە هەڕەشە و داپڵۆسین وەڵام دەدرایەوە. حوکمی مافیایی پەدەکە بۆ ئازادییخوازانی دەڤەرەکە قبوڵ نەکراو بوو، بۆیە دەنگی ‘نا’کان بەرزتر دەبوونەوە و پەدەکەش بە تیرۆر وەڵامی دەدایەوە، بەو نیازەی بۆ هەتاهەتایە دەنگە ئازادەکان کپ بکات.
هێشتا مانگەکانی ساڵی ١٩٩٢ بوو، کە بۆ بە دیهێنانی ئامانجەکەی، پەدەکە دەستی بۆ تیرۆری حاکم تەحسین و سادق سندی برد، دوای ئەوانیش ڕەئوف ئاکریی بوو بە سێیەمین شەهیدی تیرۆرکراو.
پەدەکە بە پەیڕەوکردنی هەموو جۆرەکانی سەرکوتکاریی، دەیویست وای پیشان بدات، کە گوایە خەڵکی بادینان بە تەواویی پەسەندی سیاسەتەکانی ئەو حزبە دەکەن. ئەم چەواشەکارییەش، بەشێکی زۆری کۆمەڵگای باشووری فریودابوو، بەڵام لە ڕاستییدا خەڵکی بادینان هێندەی بورکانێک لە سیاسەتی چەتەگەرایی پەدەکە پڕبوون و لە هەلێک دەگەڕان بۆ تەقینەوە. لەو چوارچێوەیەشدا وەک نیشاندانی هەڵوێستێکی جدیی و لە بەرامبەر پارتێکی هەڵقوڵاو لە هەناوی دیکتاتۆریەتەوە، ژمارەیەکی زۆر لە گەنجانی دەڤەرەکە ڕوویان لە تەڤگەرێک لە هەناوی دیموکراسییەوە کرد و چیاکانی کوردستان لە ئامێزی گرتن.
سەرکوتکارییەکانی پەدەکە بە سەرپەرشتیی دەزگای پاراستن و بە فەرمانی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی بەردەوامیی هەبوو، تا ساڵی ٢٠١٦ و وەدات حسێن وەک ڕۆژنامەنووسێکی گەنج سەری هەڵدا و نوکی قەڵەمەکەی تیژ کرد، دەیویست لەڕێگای کامێرا و مایکەکەی دەستیەوە، پەردە لەسەر دۆخی ڕاستەقینەی دەڤەرەکە لادا، لە بەرامبەردا هەڕەشەی چەتەکان بۆ بێدەنگکردنی زیاتر بوون، بەڵام وەدات ڕاشکاوانە و بێ ترس دڵنیای کردنەوە، کە هەرگیز ڕادەست بوون لە فەرهەنگی ئەودا جێگای نابێتەوە.
وەک پیلانێکی تۆکمە و ڕێکخراو و بە ئامانجی کپکردنی تەواوی دەنگە ناڕازییەکانی دەڤەرەکە، لە ڕۆژی ١٣ی ئابی ئەو ساڵەدا وەدات تیرۆر کرا، بەڵام پێچەوانەی خواستی پەدەکە، بادینان نەک بێدەنگ نەکرا، بەڵکو ئەو بورکانەی دەیان ساڵ بوو پەنگی خواردبوو، ئیدی تەقییەوە و تیرۆری وەدات بوو بە “نا”یەک پڕوو بە گەرووی دەڤەرەکە. هەر لە درێژەی هەمان پیلان و لە کۆتایی هەمان ساڵدا، دەزگا تیرۆرستییەکەی پەدەکە ڕۆژنامەنووس شوکری زەینەدینی تیرۆر کرد، ئەمجارەش ئازادییخوازانی بادینان نەک نەترسان، بەڵکو ڕژدتر بوون لەسەر خواستی ئازادیی و دیموکراسیی، ئاخر ئەوان مەرگیان تاقیکردەوە، ئیدی ترسیان لە چی هەبێت؟!
لەدوای تیرۆری وەدات، ئەوە ماوەی نۆ ساڵە سەرۆکی دەزگا تیرۆرستییەکەی پەدەکە، کە ناسناوی سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایش و سەرۆکی حکومەتی هەڵگرتووە، هەرچی دەزگای حزبیی و حکومیی پەیوەندیدار هەن، بۆ سزادانی ئازادییخوازانی بادینان و کپکردنی دەنگی ئازاد لەو دەڤەرە، خستوویەتیە گەڕ. هێشتاش ڕێگا نادات بە مەراسیمێک لە دهۆک یادی وەدات بکرێتەوە و هەموو ساڵێک لەو ڕۆژەدا خانەوادەی وەدات بۆ گەیشتن بە گڵکۆی ڕۆڵەکەیان، ڕووبەڕووی لێدان و ئەشکەنجە دەبنەوە. دەرگای زیندانەکانیش، بۆ ئەو ئازادییخوازانە کراوەدەبن، کە دەیانەوێت سۆزی بەردەوامیی بۆ وەدات نوێ بکەنەوە.
ئەو شەپۆلیی دادگایی و زیندانییکردنەی لە ساڵانی دوای تیرۆرکردنی وەدات دەستیپێکرد، هێشتا بەردەوامیی هەیە و تا ئێستا هەڵگرانی خەڵاتی شەهید وەدات(شێروان شێروانی، قارەمان شوکری زەینەدین و ئومێد بەرۆشکی) لە زینداندان، بەڵام هەموو ئەمانە بادینانی نەبردەوە بۆ قۆناغی کپ بوون و دەنگە ناڕازییەکان نەک پاشەکشەیان نەکرد، بەڵکو ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر و بەرزتر دەبنەوە.
ئەمڕۆش دوای نۆ ساڵ جارێکی دیکە و بە دەنگی بەرز دووپاتیدەکەینەوە، کە وەدات، سۆران، سەردەشت، شوکری زەینەدین و مامۆستا جیهان بۆ هەمیشە لە بیر و دڵی ئازادییخوازاندا زیندوون و پێشەنگایەتیی بۆ تێکۆشانمان دەکەن. تا ڕۆژی گەیشتن بە سزادانی بکوژان و پیلانداڕێژەرانی ئەو تیرۆرانەش، وچان نادەین و بە دڵنیایی دەبێت لە دادگای گەلدا وەڵامی خۆیان وەرگرنەوە.