لە بادینانی گەمارۆدراو بەترسدا گەنجێک هەڵکەوت و قەڵەمێکی بۆ ئازادیی و مایکی ئاژانسی ڕۆژنیوزی هەڵگرت و کامێرایەکی گرت بەدەستییەوە بۆ ئەوەى ئەو نادادیی و گەندەڵیی و داگیریکارییانەی پێ تۆمار بکات کە سنوورەکەی تەنیوە، باسەکە ڕۆژنامەنووس وەدات حسێنە کە خوێنی ئاڵ و گەشی لەسەر زەوی دووجار داگیرکراودا ڕژێنرا و بکوژەکانی لە دەستی یاسا و لێپرسینەوە وونکران.
نۆ ساڵ بەر لە ئێستا و لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا وەدات حسێن عەلی، ناسراو بە وەدات دهۆکی کە وەک پەیامنێرێکی چالاک و چاوکراوەی ئاژانسی هەواڵیی ڕۆژنیوز کاری دەکرد، بەڵام پەدەکە ویستی لە کارکردنی ڕایبگرێت و چیتر نەبێتە چاوی ئاژانسەکە لەناوچەکە، بۆیە کاتێک زانیان ئەو ڕۆژنامەنووسە ئەهلی مامەڵە و دەستەمۆ بوون نییە، گیانیان لێ سەند و بۆ هەمیشە بێدەنگیان کرد.
وەدات حسێن، ساڵی ١٩٨٨ لە گوندی ئەلەکانی سەر بە شارۆچکەی دەڤەری پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستان، لە خێزانێکی نیشتمانپەروەر لە دایکبووە، بنەماڵەی وەدات خەڵکی دهۆکن، بەڵام لە دوای ئاشبەتاڵی ساڵی ١٩٧٥، باوکی وەدات ڕوو دەکاتە باکووری کوردستان و لەوێ ژیانی هاوسەرگیریی پێکدەهێنێت، دواتر لە ساڵی ١٩٩٠، دەگەڕێنەوە بۆ باشووری کورستان و لە دهۆک نیشتەجێ دەبن.
شەهید وەدات قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی، ناوەندیی و ئامادەیی تا پۆلی ١٢ لە شاری دهۆک بە سەرکەوتوویی بڕیوە، بەڵام بەهۆی بارودۆخە جیاوازەکانی ژیانى خێزانەکەیەوە بە ناچاریی وازی لە خوێندن هێناوە.
وەدات وەک ئارەزوومەندێکی بواری ڕۆژنامەوانی دەستی بەکاری ڕۆژنامەوانی کرد، دواتر و لە ساڵی ٢٠١٦ـدا دەستی بە کارکردن لەگەڵ ئاژانسەکەمان کرد، ئەو دۆخی سنووری بادینان بۆ بینەر و خوێنەرەکانی ئاژانسەکە دەگواستەوە کە وەک ناوچەیەکی دابڕاو یان گەمارۆدراو بە ترس و تۆقاندن و داگیرکاری ناوی دەرکردووە.
سنووری بادینان بۆ هەموو ڕۆژنامەنووسانى هەرێم ناوچەیەکی قەدەغەکراوی تەنراوە بە ترس و توندوتیژی، بۆیە هەڵکردن لەگەڵ سیستەمەکەی ئەوێ کە پەدەکەیە ئاسان نییە، بۆیە بۆ وەدات حسێنیش هەر بەو جۆرە بوو، کاتێک ویستی ڕاستینەى ئەو دەڤەرە پیشانی هەمووان بدات گەیشتنە سەری و ویستیان بیوەستێنن، هەوڵی زۆریان لەگەڵدا تاکو ڕایکێشنە ناو سیستەمە گەندەڵەکەی خۆیان، پارە و پۆست و دەستکەوتی زۆریان خستە بەردەستى، بەڵام وەدات قەڵەمەکەی و ئاژانسەکەی نەخستە مامەڵەوە لەگەڵ بەڕێوەبەرانی ئەو سیستەمەی ناوچەکە.
کاتێک دەسەڵاتى پەدەکە دەزانێت قسەکردن و پارە سوودی لەگەڵ وەدات نییە بیر لە ڕێگەی دیکە دەکەنەوە بۆ وەستاندنی، تا دواجار لە ١٣ـی ئابی ٢٠١٦، دوای ئەوەی وەدات براکەی دەگەیەنێتە شوێنی کارەکەی و دەگەڕێتەوە، لەلایەن دوو ئۆتۆمبێلەوە پێش و دوای لێ دەگرن و دەمانچە لەسەر سەری دادەنێن و لە ئۆتۆمبێلی خۆی دایدەبەزێنن و تورەکە دەکەنە سەری و دەیڕفێنن، دواتر بە برینداریی دۆزرایەوە، کە شوێنەواری ئەشکەنجەیەکی زۆر بە جەستەیەوە بوو، گەیاندرایە نەخۆشخانە، بەڵام نەیتوانی هیچ پەیڤێک بدرکێنێت و بەشێوەیەکی گوماناویی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
وەدات بە ڕێگای سۆرانی مامەحەمە و سەردەشت عوسمان و کاوە گەرمیانیدا ڕۆیشت و لە پێناو گەیاندنی دەنگی ڕاستەقینەی خەڵک و ئاشکراکردنى دۆسێییەکانى گەندەڵی و هاوکارییەکان بۆ دەوڵەتى تورک شەهید بوو، بکوژەکانی وەکو بکوژی ڕۆژنامەنووسەکانى تر دیارن، بەڵام لە دەستی یاسا و سزادان ڕزگار کراون و داڵدە دراون.
ئێستا کە یادی مەرگی ئەو ڕۆژنامەنووسە دەکەینەوە، دەسەڵاتی هەرێم هێشتا وانەی لە تیرۆرکردنی وەدات و ڕۆژنامەنووسانى دیکە وەرنەگرتووە، بەڵکو هەرێمی کردووەتە ناوچەیەکی تاریک بۆ کاری ڕۆژنامەنووسی و توندوتیژی و پێشێلکارییەکان بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان هێشتا لە ئاستێکی باڵادایە، ناو و ناوبانگی هەرێم لە دەرەوە و لە تۆماری ڕێکخراوەکانى مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەنووسان بە خراپی ناوی دەهێندرێت.
ساڵانە ئاژانسی ڕۆژنیوز و هاوڕێکانی وەدات حسێن بە ڕێزدارییەوە بە بیر بهێندرێتەوە و تێیدا جەخت لەسەر هەمان ڕێبازی ڕۆژنامەنووس دەکرێتەوە، هاوکات خانەوادەکەشی ساڵانە بەردەوام ئەو پەیامە دووبارە دەکەنەوە کە لە خوێنی وەدات خۆش نابن و سازش لەسەر داواکارییەکانیان بۆ گەیاندنی بکوژان بە سزای یاسایی خۆیان ناکەن.
سەرچاوە:رۆژنیوز