ڕۆژنامەنووسێک بڵاوی کردەوە، “دادگاییكردنەوەی شێروان شێروانی بۆ جاری سێیەم، بە دەستتێوەردان و بڕیاری حزبێكی تەمەن ٧٩ ساڵەی وەكوو پەدەکە، جگە لە دەرخستنی ترسی ئەو حزبە و دەزگا ئەمنییەكانی لە ئازادی ڕادەربڕین و كاری ڕۆژنامەوانی پیشەییانە و ڕاستگۆییانە، ئاستی ڕق و كینەی ئەو حزبە لە بە كەم سیكردنی دۆسییەكان دەردەخات”
نیاز عەبدووڵا، ڕۆژنامەنووس سەبارەت بە کەیسی شێروان شێروانیی لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووك بەم شێوەیە زانیاری بڵاوکردەوە.
نیاز عەبدووڵا بڵاوی کردەوە، “دادگاییكردنەوەی شێروان شێروانی بۆ جاری سێیەم، بە دەستتێوەردان و بڕیاری حزبێكی تەمەن ٧٩ ساڵەی وەكوو پەدەکە، جگە لە دەرخستنی ترسی ئەو حزبە و دەزگا ئەمنییەكانی لە ئازادی ڕادەربڕین و كاری ڕۆژنامەوانی پیشەییانە و ڕاستگۆییانە، ئاستی ڕق و كینەی ئەو حزبە لە بە كەسیكردنی دۆسییەكان دەردەخات”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “مەسرور بارزانی كە تائێستا ڕێگرە لە جێبەجێكردنی بڕیاری ئازادكردنی ڕۆژنامەنووس قارەمان شوكری زەینەدین لە كاتێكدا لێبوردنی تایبەتی بۆ دەرچووە، دەیەوێت بۆ جاری سێیەم، لە ڕێگای داتاشینی تۆمەتی ساختە بۆ شێروان شێروانی، لە زینداندا بیهێڵێتەوە و سزای زیاتری بەسەردا بسپێنێت”.
وتیشی: “پەدەکە بە درێژەدان بەم كارە ستەمكار و تاوانكاریانەی لە ڕێگای بەكارهێنانی دادگاكان بۆ تۆڵەكردنەوە، لەگەڵ هەر زیادبوونێكی ژمارەی ساڵەكانی تەمەنی، ژمارەی تاوان و پێشێلكارییەكانیشی زیاتر و گەورەتر دەكات، درووشمەكانی “ئازادی، دیموكراسی، دادپەروەری” بۆ هەمیشە لە نێو پەیڕەو و كۆنگرەكانیدا، وەک مەرەكەبی سەر كاغەز دەمێننەوە”.
باس لەوەشدەکات، “تەنیا ڕێگایەک كە پەدەکە بە دیموكراسی بكات ئازادكردنی ڕۆژنامەنووسان و جێبەجێكردنی ڕاستەقینەی خوودی بنەماكانی دیموكراسییە نەک بەكارهێنانی وەک بانگەشەیەک تا لە سێبەریدا ڕۆژنامەنووسان بكوژێت یان دادگایی ستەمكارانەیان بكات”.
نیاز عەبدووڵا لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانەوە وتی: “نزیكەی ١١ مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدراوە، بەڵام پەدەکە بە بێباكییەوە لەگەڵ هاوبەشەكانی بە سوودوەرگرتن لە بۆشایی یاسایی و نەبوونی پەرلەمان، دەستی بەسەر تەواوی دەسەڵاتەكاندا گرتووە و بەردەوامە لە گەندەڵی و تۆڵەكردنەوە لە ڕۆژنامەنووسان”.