Home ڕاپۆرتبۆ جاری سێیەم شێروانی شێروانی بە زیندانیكردن حوكم درا

بۆ جاری سێیەم شێروانی شێروانی بە زیندانیكردن حوكم درا

by Hawpshti Media
0 کۆمێنتەکان 91 بینینەکان

ئامادەکردنی:فەرمان سادق – کەرکوک ناو

دادگای کەتنی بنەسڵاوە، سزای چوار ساڵ و پێنج مانگ زیندانیكردنی بۆ رۆژنامەنوس شێروان شێروانی دەركرد، ئەوەش بۆ جاری سێیەم و لە پرۆسەیەكدا كە چواردەوری دادگا بە هێزی ئەمنی و ئاسایش تەنرابوو.

ئەو دانیشتنە ئەمڕۆ سێشەممە 19ی ئاب بەڕێوەچوو، لەسەر سكاڵای ئەفسەرێكی پاسەوانی چاکسازی گەورانی هەولێر بە ناوی دڵدار ماهیر، گوایا شێروانی هەڕەشەی كوشتنی لێكردووە.

چی روویدا؟

بینای دادگای کەتنی بنەسڵاوە، كە دانیشتنەكەی دادگای تیادا بەڕێوەچوو، دەکەوێتە سەر رێگای (کەسنەزان – کۆیە)، دادگاكە جگە لە هێزی ئەمنی، بە ئاسایشی مەدەنیش تەنرابوو، دادوەر هیوا فەرهاد دادبینی بۆ سکاڵاكە كرد.

دڵدار ماهیر زوبێر، لە ساڵی 2022دا سكاڵاكەی تۆماركردووە، گوایا شێروانی هەڕەشەی “كوشتنی” لێكردووە لە ناو زینداندا.

بەم سكاڵایە لەگەڵ هێنانی دوو شایەتحاڵ كە سوێندی یاساییان لە بەرژەوەندی سكاڵاكار خوارد، دانیشتنەكە دەستیپێكرد، بەڵام شێروان شێروانی راستەوخۆ هەموو تۆمەتەكانی رەتكردەوە.

محەمەد عەبدوڵا، پارێزەری خۆبەخشی شێروان شێروانی، وتی “دوو شایەتحاڵەكە هەردوكیان پاسەوانی رائید دڵدار ماهیر بون، زۆر خراپ لە دژی شێروان شێراونی قسەیان كرد و سوێندیان خوارد، بەڵام دوو نوێنەرەکەی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ تەواو دژی وتەی شایەتحاڵەكان بون و تەواوی تۆمەتەكانیان رەتكردەوە”.

وتەی شێروان شێروانی

شێروانی لەبەردەم دادوەر، روی لە رائید دڵدار کرد و پێیوت “سەرەتا من و تۆ تەنیا بوین، کوا پاسەوانت لەگەڵ بوو، تاوەکو ئەمڕۆ لێرە لە دژی من گەواهی بدەن؟ جگە لەمەش من کەی هەڕەشەم لێکردویت، ئەگەر ئەوە راستە بۆچی دوای ئەو گفتوگۆیەمان هەر خۆت کتێبت بۆ دەهێنامە زیندان؟ ئەگەر هەڕەشەم لێتکردبێت بۆ کتێبم بۆ دەهێنیت”.

ئەم گێڕانەوەیە پارێزەر محەمەد عەبدوڵا باسیكرد، ئەو وتی “بەڵگەکان زۆر لاواز بوون، هەستمانکرد پێشوەختە دادگا ئەو بڕیارەی داوە، بۆیە پێمانوایە کۆی پرۆسەی دادگاییەکە سیاسییە”.

دوای خوێندنەوەی بڕیارەكە

دادوەر بڕیارەكەی خوێندەوە و شێروان شێروانی بە چوار ساڵ و پێنج مانگ زیندانیكردن سزادا، كاتێك بڕیارەكە گەیشتە دەرەوەی هۆڵەكە، كەسوكار و چالاكوانان بە دروشمی (بژی ئازادی… بژی شێروان شێروانی) ئیدانەی بڕیارەکەی دادگایان کرد.

لەوكاتەی رۆژنامەنوسان ویستیان ڤیدیۆی ئەو ناڕەزاییەتییە بكەن، كۆمەڵێك كەس بە جلی مەدەنیی و بە چەكەوە كە چالاكوانان و پارێزەران بە ئاسایشی مەدەنی ناویانبردن، پەلاماریان دان، ئەوەش بە لێدان و لێسەندنی مۆبایلەكانیان، تەنانەت دەستیان لەو پەرلەمانتارانەش نەپاراست كە لەوێ بون.

ژمارەیەك لە پارێزەرانی خۆبەخش، نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان، نوێنەرایەتی کونسوڵخانەکان، پەرلەمانتاران و رێكخراوەكانی بواری بەرگریكردن لە مافی مرۆڤ لە دانیشتنەكەدا ئامادەبون، لە دەرەوەی دادگاش كەسوكاری شێروان شێروانی، چالاكوانان و رۆژنامەنوسان.

شێروان شێروانی بەپێی ماددەی 222ی یاسای سزادانی عیراقی سزادرا، كە تایبەتە بە هەڕەشەكردن لە فەرمانبەری حكومی.

تیمی کوردستانی عیراقی رێکخراوی  CPTكە چاودێری پرۆسەی دادگاییكردنەكەیان دەكرد، لە راگەیەنراوێكدا جەختیكردەوە “بەگوێرەی ئەو ماددە یاساییەی کە شێروان شێروانی پێ تاوانبار کراوە، قورسترین سزا بۆ کەسی تاوانبار تەنیا دوو ساڵە کە ئەگەر هەڕەشە یاخود پەلاماری فەرمانبەرێکی حکومی یاخود ئەنجومەنێکی فەرمیدابێت، خۆ ئەگەر هەڕەشە و پەلامارەکە بەرامبەر بە دادوەرێک، یاخود ئەنجومەنێکی دادوەری بوو، ئەوا قورسترین سزا بۆ تاوانبار تەنیا سێ ساڵە، بەڵام جێگەی سەرسوڕمانە، کە بەگوێرەی هەمان ماددەی یاسایی، شێروان شێروانی بە قورسترین شێوە، بە چوار ساڵ و پێنج مانگ زیندانیکردن سزادرا”.

سزادانی شێروان شێروانی بۆ جاری سێیەم

شێروانی لە تشرینی یەكەمی 2020ـدا لەگەڵ چوار رۆژنامەنوس و چالاكوانی تری بادینان دەستگیركران و لە 16ی شوباتی 2021ـدا بە دەنگی زۆرینەی دادوەرانی دادگای تاوانەكانی هەولێر، بە “سیخوڕیکردن بۆ وڵاتان و هەوڵدان بۆ کودەتا”، تاوانبارکران و هەر یەكێكیان بە شەش ساڵ زیندانی حوکمدران.

ئەو بەرلەوەی حوكمەكەی تەواوبێت و ئازاد بكرێت، لە 20ـی تەموزی 2023دا دۆسییەكی تری بۆ كرایەوە و دادگا بڕیاریدا بە چوار ساڵی تر زیندانیكردن، لەسەر بە تۆمەتی “ساختەكاری”.

بڕیاربوو ئەیلولی ئەمساڵ شێروان شێروانی ئازادبكرێت دوای تەواوبونی حوكمەكەی، بەڵام جارێكی تر ئەم كەیسەی لەسەری كرایەوە.

تێبینییەكان لەسەر دادگاییكردنەكە

تیمی کوردستانی عیراقی رێکخراوی  CPT كە لە دانیشتنەكەی دادگا ئامادەبون، چەند پێشێلكارییەكی دانیشتنەكەیان بڵاوكردەوە لە نێویاندا “پارێزەرەکان مافی بینینی تەواوەتی پەڕاوەکانی لێکۆڵینەوە و پێشکەشکردنی پەڕاو و داواکارییان پێ نەدرابوو”.

هەروەها لە راگەیەنراوێكدا تیمی رێکخراوی  CPTجەختدەكەنەوە لەوەی “ناوەوەی دادگا و دەرەوەی باڵەخانەی دادگا، بە سەربازگە کرابوو. هەروەها چەند ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان، بە جلی مەدەنی و بە چەکەوە لە ناو خانەوادە و هاوکارانی شێروان بڵاوەیان پێکرابوو”.

ئەوەش هاتووە كە لە دانیشتنەكەدا شێروانی داوای هێنانی بەڵگەی ڤیدیۆیی کردووە بۆ ئەو رووداوە، بەڵام بە بیانووی ئەوەی کە لەو رۆژەدا، کامێراکانی چاودێری ڤیدیۆکانی تۆمارنەکردووە، هیچ ڤیدیۆیەک وەکو بەڵگە پێشکەش بە دادگا نەکرا.

لە دانیشتنەكەدا کۆمەڵێک پۆستی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەکو بەڵگە پێشکەش کرابوون، کە سکاڵاکار ئاماژەی بەوەداوە “سوکایەتی پێکراوە و ناوی زڕێندراوە”، بەڵام کاتی بڵاوبونەوەی ڤیدیۆکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوكاتانەی شێروانی لە زیندان بووە، رێکخراوی  CPT دەپرسن “هیچ کەسێک لە زینداندا رێگەپێدانی نییە بۆ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. چۆن دەکرێت ڤیدیۆیەک کە رۆژنامەوان شێروان شێروانی بڵاوی نەکردبێتەوە و لەکاتی بڵاوکردنەوەشیدا لە زیندان بووبێت، بخرێتە پاڵی و وەکو بەڵگە وەربگیرێت”.

لەگەڵئاماژەدان بەو هێرش و پەلاماردان و ئەشكەنجەدانەی كە لەلایەن کۆمەڵێک خەڵکی چەکدار، بە جلی مەدەنییەوە كراوەتە سەر بەشداربووانی ناڕەزاییەكان لە دژی بریارەكەی دادگا.

محەمەد عەبدوڵا، پارێزەری خۆبەخشی شێروان شێروانی دوای دانیشتنەكە بە رۆژنامەنوسانی وتی “تانە لە بڕیارەکە دەدەین و تەمییزی دەکەینەوە بە بەڵگەی ئەوەی کە خودی پاراستن و پاسەوانێتی چاکسازییەکان لەلایەن هێزی زێرەڤانییەوە یاسایی نییە و کاتی خۆیشی ئەوەمان وت و ئەمڕۆش لەبەردەم دادگا دووپاتمان کردەوە، بەڵام گوێمان لێنەگیرا، جگە لەمەش پێشینەی ئەم سزا زۆرە لەناو دادگاکان هیچ دادوەرێک دژی هیچ تۆمەتبارێک نەدراوە کە چوار ساڵ و پێنج مانگە”.

لێدوانێک بەجێ بهێلە