104
شوێنی دادگاکەی ئەم جارە لە ناحیەی “کەسنەزان” بوو، جیاوازیەکی زۆر لە نێوان کەشی ژوورەوە و دەرەوەی دادگاکەدا هەبوو، جیاوازیەکەش ڕوو لە توندوتیژی بوو، هەم بەرامبەر کاک شێروان و هەم بەرامبەر ئەو ڕۆژنامەنوس و چالاک و پەرلەمانتار و پارێزەرانەی بۆ پشتیوانی لە شێروانی لەوێ ئامادە بوون.

من وای دەبینم، بە مەبەست ئەم جێگۆڕکێیە بە دادگا کرابێ. هەڵبەت لەبەرئەوەی خۆم لە دەرەوەی دادگا بووم و نەیانهێشت بچمە ژوورەوە، ناکرێ قسەم لەسەر ژینگەی بەرتەسک و ئەمنیەتی توندڕەفتار و ڕوداو و بڕیارە پڕستەم و نادادپەروەریەکانی ژووری دادگاییەکە هەبێ، چونکە ئەوەی دەیەوێ ژورەوەی دادگاییەکە ببینێ، پێویستە ڕاگەیەنراوەکەی (C.P.T) و بەشێک لە لێدوانەکەی کاک (عەلی حەمەساڵح) ببینێ.
من لە نێوان نۆ بۆ نۆ و نیو گەیشتمە بەر دەرگای دادگای “کەسنەزان”، کە یەکەم جارم بوو، بزانم ئەو دادگایە لەوێ هەیە. پرسیارم لە هاوڕێیان کاک (کامەران عوسمان) و (مستەر جەیک)ی ” C.P.T” کرد، گوتیان ڕێگا نادەن بچینە ژوورەوە، تەنانەت تا ئێستا ڕێگایان بە نوێنەرانی قونسڵگەریەکانیش نەداوە. ئەمە یەکەم جار بوو، تەگەرە و ڕێگری لە برادەرانی C.P.T بکرێ. لەو پرسیار و وەڵامانە بووین، کە لەوبەری شەقامەکە واتە ڕێک بن دیواری ماجدی لاند، بینیم کێشمەکێش و پڕکێشپڕکێش دروست بوو، ئیتر پەڕیمەوە و زانیم مۆبایلیان لە کاک “بەدەل بەرواری” فڕاندوە، لەو هەراوزەنایەدا کەسێک بە بەرگی ئاسایشەوە هاتە نێو قەرەباڵغیەکەوە و بێ ئەوەی ڕوو لە کەس بکا، گوتی: دەست بۆ ئەندام پەرلەمانەکان نەبەن، وەک بڵێ، بەس لە کاتی خۆی دەست لەوانی تر مەپارێزن. کە دواتر دەستیان لە پەرلەمانتارانیش نەپاراست.
دیارە ئەو گرژیە و ناڕەزایی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی ڕێگەنەدان بە چوونە ژوورەوەی برادەرانی (C.P.T) و قونسوڵەکان گەیشتۆتە سەرەوە، بۆ چەند ملیمێک بە حەزەرەوە نەرمیەکیان نواند و ئەوانە کرانە ژوورەوە، بەڵام دیارە ژووری دادگا هێندە بەرتەسک بوو، هەرچی دەچووە ژوورەوە دەبوو دوای ماوەیەکی کەم بۆ کەسێکی تر کورسیەکە چۆل بکا و بێتە دەرەوە، بۆیە نوێنەری کونسوڵگەریەکان پێچەوانەی جارانی پێشو پێش حوکمی دادگا هاتنە دەرەوە.
بۆئەوەی ڕێگە بە چوونە ژوورەوەی ئەوانە نەدەن، هەر لە نۆی بەیانیەوە قەرەباڵغیەکی زۆر زۆریان وەک هاووڵاتی موراجیع لە سەرەدا دانابوو، کە زۆربەی هەرە زۆریان گەنجە کوڕانی نێردراوی ئاسایش بوون، بە دەگمەن ئافرەتێک یان کەسێکی تەمەندارت تێدا دەدۆزیەوە. واقت وڕ دەما کە بۆچی لەو مەملەکەتی کەسنەزانەدا تەنها گەنجەکان کێشەی دادگایان هەیە و بۆ تەمەندارەکان شامی شەریفە و هیچیان کێشەیان نیە. ئەوە سەرنجی منی ڕاکێشا و لەوێ لە چەند کەسێکم پرسیی، ئایا ئەم دادگایە هەموو ڕۆژێک وا قەرەباڵغ و بەهەڕمێنە. وەڵامی هەموویان ئەوە بوو، کە ئەمە دادگایەکی لاچەپ و تەریکە و هیچ ڕۆژێک وا قەرەباڵغ نەبووە.
دیارە زۆربەی ئەوانە هیچ کارێکیان بە دادگا نەبوو و پیاوی دەسەڵات و ئاسایش بوون و وەک سیناریۆ لە سەرەیان دانابوون، گوایە ئەولەویەتی دادگا بۆ خزمەتی هاوڵاتیانە و چاودێرانی دادگایی شێروانی سانەویە و زیادەن.
لەلایەکی تریش لە ڕیزی ئێمەی بن دیواری ئەوبەری شەقام، دەیان فایل بەدەست دانیشتبوون، کە هەموویان بە جلی مەدەنیەوە ئاسایش و ڕاسپێردروای پاراستن بوون، بۆ ئەوەی لەکاتی پێویست ئەرکی خۆیان ڕاپەڕێنن و دەست بە لێدان و کوتان بکەن، کە دواجار هەر واشیان کرد.
هەمیشە سیناریۆکانی ئاسایشی پارتی بەلای کەمی ددانێکی کەوتوە، ئەم جارەش لە فایلەکانی دەستیان ورد بوومەوە، فایلەکان هێندە نوێ بوون، کە هەر ئەو بەیانیە درابووە دەستیان و بە ڕێکەوتیش دانەیەکیان تێدا نەبوو، کە هی دوێنێ یان پێڕێ بێ و لەو گەرمایەی هەولێر بە ئارەقەی دەستیان کەمێک تورت و گەچڵابێ و ئیتر بڵێی ئەو موراجیعە قوڕبەسەرە ئەوە چەند ڕۆژێکە خەریکی مامەڵەکەیەتی و هێشتا تەواو نەبووە.
کات ڕۆیی و گەیشتینە لای نیوەڕۆ، حوکمی کاک شێروان لەوپەڕی ستەم و ناهەقی و ناعەدالەتی، دژ بە هەموو پرەنسیپە دیموکراسی و عەلمانی و عەشایەری کوردەواری و هەموو ئایینەکان و دواجار هەست و ویژدانی ئینسانی، چوار ساڵ و پێنج مانگی بۆ درێژ کرایەوە. هەواڵی حوکمەکە و ئەوانەی ژوورەوە پێکەوە هاتنە دەرەوە.
ئیدی بە هوتاف و دروشمی ئازادی.. ئازادی.. ئازادی.. و بژی شێروان شێروانی و بڕوخێ دادگای بەعس و بروخێ و بروخێ.. کەسوکار و هاوڕێ و چالاکانی هەولێر و بادینان و پەرلەمانتارانیش بە وێنەی شێروانەوە بۆ بەردەم دەرگای دادگا پەڕیینەوە. کەسانێک لە بەرەی ئێمە مۆبایلیان دەرهێنا، تا هوتافەکانی خۆمان و ئەو غەدرە مێژییە تۆمار بکەن. ئەو هەموو بەڵتەجیە کۆیلەیەش وەک کلۆمسکە فایلە زەرد و دەمامکە مۆدکۆڕۆناکانیان خستە ژێر پێی خۆیان و دەستیان بە فڕاندنی مۆبایل و بگرە و بکوتە کرد.
لە پڕکێش پڕکێشی سەندنی مۆبایل و نایدەم، ڕێک بووە شەڕەمست و شەق و پێلەققە. لە نێوان بەرەی شێروان و بەڵتەجیەکان، بەڵتەجیەکان بە دەستێکی کراوەوە لە پەرلەمانتار و پارێزەر و زۆر زیاتریش لە چالاکانی مەدەنییان دا و کار گەیشتە ئەوەی کە بەڵتەجیەک دەمانچەشی دەرهێنا. ئەوەی سەربەرزیە بەرەی شێروانیش ئەو بەڵتەجیانەیان زۆر کوتا، بە ڕاستی ئەگەر کوتانی بەڵتەجیەکان زیاتر نەبووبێ، ئەوا بە دڵنیاییەوە کەمتر نەبووە. ئەوە ڤیدیۆکە لای ئاسایشی دادگای “کەسنەزان” هەیە و دەتوانن بڵاوی بکەنەوە و ئەم ڕاستیە بە درۆ بخەنەوە.
لەگەڵ ئەوەش لە ناوەندی شەڕەکە خاڵێک تەواو لە بەرژەوەندی بەڵتەجیەکان بوو، ئەوان یەکتریان دەناسی و دەیانزانی لە پشتەوە و حیزفرسەتانە لە کێ دەدەن، بەڵام بەشێکی زۆر لە چالاکانی هەولێر و بادینان و بەتایبەت کەسوکاری ئاسایی بادینیەکان یەکتریان نەدەناسی و نەیاندەزانی ئەوەی وا لێی دێتە پێش دۆستە یان دژ، بۆیە پێش ئەوەی دەست بکاتەوە، لێی دەدرا.
شەڕەکە کۆتایی هات و لەناکاو بەڵتەجیەکان بزر بوون. ئێمەش هەندێک دوور کەوتینەوە و کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیمان بەست و دەیان لێدوان درا و بارودۆخەکە ڕوون کرایەوە. کەچی بە داخەوە تا ئێستا کەوا ئەم وتارە دەنوسم، هیچ ڤیدیۆیەکی ساتی شەڕدەکە بەردەست نیە، تا ئازایی و بوێری بادینان و هەولێر بۆ خودی ئازادی دەربخا!
من لێرە تەعریف و باسی خۆم ناکەم و تەنها ڕووداوەکە وەک خۆی دەگێڕمەوە، ئەسڵەن لەبەرئەوەی مۆبایلم لانەبوو، هێرشم نەکرایە سەر و پەنجەیەکیشم بەرنەکەوت.
کاک شێروان کە ئەو حوکمە نایاسایی و ناعەدالەتی و نائینسانیەی بەسەردا دەسەپێنن، لە ژووری دادگا و تا سوارکردنی سەیارەی گواستنەوە دەیان وتار و هوتاف دەکێشێ، بەرامبەر ئەوە من دڵنیا نیم، کە پیاوانی سەروەری یاسا و ئاسایشپارێزی هاووڵاتیان هەر لەناو دادگا بەردەبنە گیانی و لە چوار لاوە برینداری دەکەن و خوێنی لێدێنن، یان هەر لەناو ئەو ئۆتۆمبێلەی دەیگوازنەوە ناو زیندانەکەی.
ئەوەی من لەسەرەوە بەو درێژیە گێڕامەوە، هیچی ناکاتە ئەو سەرفرازی و شکۆ و عەزمەی شێروانی هاوڕێمان، کە لە دوا پەیامیدا بە هەموومانی گەیاند.. ئەو پەیامەی کاک شێروان تەلەفۆنێک بوو، بۆ کاک (محەمەد عەبدوڵڵا)ی پارێزەری خۆی، کە کەوتە دوای پرێنس کۆنفرانسەکە و ئەو چەند کەسەی هێشتا لەوێ مابوینەوە.
هاوڕێ! چەندە سەربەرزیە تۆمان هەیە و بەو کرچوکاڵی و شەرمەزاریەوە دێین و پشتیوانیت لێ دەکەین.. چەندەش بۆ دەسەڵات و کۆیلەکانیان شەرمەزاریە، ناگەنە ئەژنۆکانت و نەچەمایەوە و لە خۆتدا زیندانیت کردن.
بەهزاد موحسین: