Home ڕاپۆرت❪پرسی شەرعیەت لە حوکمڕانی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی❫

❪پرسی شەرعیەت لە حوکمڕانی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی❫

by Hawpshti Media
0 کۆمێنتەکان 199 بینینەکان
مژدە نەورەس:
مێژووی سیاسەتی باشوری کوردستان لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکانەوە بە دوو هەژموونی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دیار بووە. دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١و کشانەوەی هێزەکانی عێراق، ئەو دوو حزبە هەرێمەکەیان وەکو میراتێک دابەشکرد بەسەر ناوچەی کۆنترۆڵکراوی خۆیاندا، دواجار ئەم دابەشکردنە بە شەڕی ناوخۆ ناو کوردان لە ناوەڕاستی ساڵانی نەوەدەکاندا گەیشتە لوتکە. هەرچەندە ڕێککەوتنی واشنتۆن (١٩٩٨) کۆتایی بە ململانێکانیان هێنا، بەڵام دابەشکردنی دەسەڵاتی نێوان ئەو دوو بنەماڵەیە بە دامەزراوەیی کراو و نەزمێکی سیاسی قێزەونی دروستکرد کە تا ئێستاش بەردەوامە و ناوی نرا دوو ئیداری!
لێرەوە دەسەڵاتی سیاسی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی کە لە سەرەتای دەرکەوتنیانەوە خۆیان زاڵکرد بەسەر گشت دام و دەزگا حکومڕانییەکانی هەرێم. ئەمە لە کاتێکدا هەردوو بنەماڵە لە شاخدا خۆیان وەک پارێزەری ناسیۆنالیزمی کوردی و پارێزەری ئۆتۆنۆمی و بەرگریکار لە ناوچەکە لە بەرامبەر هەڕەشە دەرەکییەکان دەزانی، بەڵام دواتر دەرکەوت شەرعیەتی حکومڕانی ئەوان لە ڕەزامەندی دیموکراتی ڕاستەقینە یان ئیرادەی جەماوەرییەوە سەرچاوەی نەگرتووە، بەڵکو لە ئاوێتەیەکی زۆرەملێ و مشتەریگەرایی و هاوپەیمانی دەرەکییەوە سەرچاوەی گرتووە.
بەڵگەش بۆ قسەکە چەند خاڵێکە زۆر بەئاسانی دەکرێت بخرێتە ڕوو:
یەکەم: بەرگەگرتنی پتر لە ٣٥ ساڵی حوکمڕانی هەردوو بنەماڵەکە بە نزیکییەوە گرێدراوە بە پەیوەندییە درێژخایەنەکانیان لەگەڵ زلهێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان. ئەم بنەماڵانە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان لەسەر حیسابی چارەنووسی ڕاستەقینەی کورد، مانەوەی سیاسی خۆیان مسۆگەر کردووە. بەم مانایە شەرعیەتیان لە گەلەوە وەرنەگرتووە، بەڵکو لە سوودی ئەوانەوە بۆ دەسەڵاتە دەرەکییەکان کە سوودمەندن لە سیاسەتێکی پارچەپارچە و وابەستەی کوردی.
دووەم: ئەو سیستەمە سیاسییەی کە بنەماڵەی تاڵەبانی و بارزانی لە هەرێم پەیڕەوی دەکەن، بە شێوەیەکی پلان بۆ داڕێژراو هەموو چەشنە ناڕەزایەتییەک لە بن دێنن و هەرکەسێک داوای عەدالەت و شەفافی و چاکسازی بکات یان تیرۆریان دەکەن یان دەیانتۆقێنن بە ئەشکەنجە و زیندانی کردن… هەر بۆیە بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی لە ڕێگەی بەکارهێنانی میلیشیای حزبی و تایبەتی و هێزە ئەمنییەکان بەکاردەهێنن وەک میکانیزمی تۆقاندن، بەهۆی ئەم میکانیزمەی بە سەربازیکردنەی هەرێم کایەی سیاسییان گۆڕیوە بۆ حکومی ستەمکاری. زیندانیکردنی چالاکوانان و هەراسانکردنی ڕۆژنامەنووسان و تیرۆرکردنی ئازادیخوازان هەموویان وەک ئامرازێک بۆ پاراستن و مانەوەی دەسەڵات لە ڕێگەی ترسەوە ساڵەکانی حکومڕانی بۆ دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی زیاتر دەکەن. ئەم میلیتاریزەکردنی سیاسەت خزمەت بە مانەوەی هەردوو بنەماڵە دەکات بۆ سەرکوتکردنی هەر جۆرە خۆپیشاندانێک کە ترسیان هەبێت سەرهەڵبداتەوە بۆ ڕاپەڕین… و هەر دەسەڵاتێکیش ترسی لە خۆپیشاندان و ناڕەزایی هەبوو دەرخەری لاوازی بناغەکەیەتی و شەعیەتی حکومڕانێکی پتەوی نییە.
سێیەم: چەسپاندنی دەسەڵاتیان بەدیهاتووە لە ڕێگەی زەوتکردنی سامانی گشتی بۆ بەهێزکردنی ماڵباتێ خۆیان و دەستبەسەرداگرتنی دامودەزگاکانی هەرێم. لێرەوە ئەم دوو بنەماڵە دەسەڵاتدارانە لەبری ئەوەی وەبەرهێنان لە سیستەمێکی حوکمڕانێکی شەفاف بکەن و گەندەڵی کەمبکەنەوە لە ڕێگای لێپرسینەوە، بەڵام چونکە خۆیان سەرچاوەی هەموو ناشەفافی و گەندەڵێکێکن ئوجودی لێپرسینەوەی هەوادارەکانیان نییە، ئەمە دەرخەری ئەوەیە بە قۆرخکردنی ژێرخانی هەرێم و سەرچاوە سروشتییەکان و سەرجەم هێڵەکانی ژیانی ئابووری خۆیان چەسپاندووە. ئەم فۆرمەی قۆرغکردنی دەوڵەت و سەروەت و سامانی گشتی له خزمەتکردن بۆ خەڵکی دەگۆڕێت بۆ ئامرازێکی تر، کە بنەماڵەکان هەرچەشنە دڵسۆزێک بۆ پارتەکانیان پاداشتیان پێ دەدرێتەوە و ناڕەزایەتییەکان بە هەرچەشنێک بێت سزا دەدەن. دەرئەنجام هیچ حکومەتێک لە دونیادا شەرعیەتی نیە ئەگەر دەسەڵاتی لەڕێگای سامان و دەسبەسەرداگرتن حکومڕانی بکات لەبری خزمەتی گشتی.
چوارەم: جیا لەهەموو ئەمانە، بە شێوازێکی تیۆری پڕۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا بە شێوەیەکی فەرمی دیموکراسییە، بەڵام بە شێوەیەکی بەرچاو و بەرفراوان هەموو کەس دەزانێت کە بەهۆی دەنگ کڕین و دەستکاریکردنی دەنگ و ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا فۆڕمی دیموکراسی لەدەستداوە. بەم پێیەی هەموان دەزانن هەڵبژاردن لە هەرێم کەمتر وەک ڕەنگدانەوەی ئیرادەی خەڵک خۆی نمایش دەکات و زیاتر وەک نمایشێکی ڕێوڕەسمی کاردەکەن کە مەبەست لێی دابینکردنی ڕووبەرێکی شەرعیەتی دیموکراسییە بۆ سیستەمێک کە لە ڕاستیدا بە قووڵی تاکڕەوانەیە و ستەمکارانەیە، قێزەونترین بابەت ئەوەیە ٢٠ساڵە هەمووکەس دەزانێت دەنگدان ساختەکاری تێدا دەکرێت، کەچی ئەمان هەموو هەڵبژاردنێک لەبەرانبەر هەڵبژاردنی ڕابردوو ڕێکلامی پاکی هەڵبژاردن دەکرێت، هەر بۆیە لە بنەڕەتدا دەسەڵات هیچ شەرعیەتێکی لە دەنگدانەوە وەرنەگرتووە و تەنها لە ساختەکاری و کڕینی دەنگ بلیتی حکومڕانی دەکڕێتەوە!
بە کورتی، شەرعیەتی دەسەڵاتی بنەماڵەی تاڵەبانی و بارزانی لەسەر هیچ چەشنە بنەمایەکی دیموکراسی یاخود ڕەزامەندی جەماوەری، یان حوکمڕانێکی باش سەرچاوەی وەرنەگرتووە، بەڵکو لەسەر ئەم چوار پایەی سەرەوە کە پەیوەستن بە یەکترەوە سەرچاوەی گرتووە و هەموویان بە ئەندامێکی جیاواز بۆ لاشەی ئەمان کاردەکەن بۆ بەردەوامی زاڵبوونی ئەم بنەماڵانە ئەوە دەردەخات کە چۆن دەتوانرێت پراکتیزە تاکڕەوەکان لە ژێر زمانی ناسیۆنالیزم و دیموکراسیدا دەمامکی بۆ بکرێت و ڕەنگی بگۆڕدرێت. دوور لە بەرجەستەکردنی خواستەکانی گەلی کورد بۆ ئازادی و دادپەروەری، دەسەڵاتەکەیان بۆتە سیستەمێک کە بە زۆرەملێ و گەندەڵی و ترس بەردەوام بووە.
 

لێدوانێک بەجێ بهێلە