نووسینی: یۆران گریدەر- سەرنووسەری ڕۆژنامەی ( دالا دیموکراتەرنا) لە سوید.
وەرگێڕانی؛ کاوە کەریم
مرۆڤایەتی ڕووبەڕووی قەیرانی گەورە بووەتەوە، بەڵام دەرفەتی وەک پێشتر نەبووە. کارل مارکس بیری هێناینەوە کە ئێمە تەنیا ئەرکێک بۆ خۆمان دادەنێین کە لەڕاستیدا دەتوانین چارەسەری بکەین – بیرکردنەوەیەک کەهێشتا دەتوانێت هیوا ببەخشێت. پرسیارەکە ئەوە نییە کە دەتوانرێت مامەڵە لەگەڵ کێشەکان بکریت، بەڵکو ئەوەیە کەی ئێمە هەڵدەبژێرین ئەوە بکەین.
کارل مارکس لەبڕگەیەکدا دەڵێت؛
“بۆیە مرۆڤایەتی هەمیشە تەنها ئەو جۆرە ئەرکانە بۆ خۆی دادەنێت کەدەتوانێت مامەڵەی لەگەڵدا بکات، چونکە لە وردبینیکردندا هەمیشە دەردەکەوێت کەئەرکەکە خۆی تەنها لەو شوێنانەدا سەرهەڵدەدات کەمەرجە مادییەکان بۆ چارەسەرکردنی لە ئێستاوە لە دەستدایە یان لانیکەم لەپرۆسەی بووندایە”.
من هەندێک جار دەگەڕێمەوە تەنها بۆ ئەو چارەسەرکردنەی ڕەشبینی و خۆبەدەستدانەوەی کە ئەمڕۆ ئەوەندە ئاسان هەستی پێدەکرێت. ئەو بڕگەیە تەمەنی زیاتر لە ١٥٠ ساڵە. کاتێک لەم دواییانەدا گوێم لە کۆبوونەوە شکستخواردووەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو کەنەیتوانی ببێتە هۆی ڕێککەوتنێکی جیهانی بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە کارەساتبارەکانی پلاستیک لەسەر زەریاکان و بایۆسفێر و تەنانەت جەستەمان، یەکەم بیرکردنەوەم ئەوە بوو: بەشێوەیەکی بنەڕەتی هەموو شتێک لەم ڕۆژانەدا مەحاڵ دەردەکەوێت..
بەڵام ئەو قسەیەی مارکس تائێستاش لەمێشکمدا دەنگدەداتەوە . ئێمە، مرۆڤایەتی، ئەرکێکمان دەستنیشان کردووە کە لە ڕاستیدا دەتوانرێت چارەسەر بکرێت. ٢٠ ساڵ لەمەوبەر کەس ئەو ئەرکەیان نەخستە سەرشانی خۆیان. ئێستا ئێمە دەیکەین، یان لانیکەم هێندە لەخەڵک، بۆ ئەرکێک، ئەرکێک بەمانا تێگەشتنەکەی مارکس.
هیوای بەدینەهاتوو بۆ ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتی کەڕێگری بکات لەپەرەسەندنی پیسبوونی بایۆسفێر بەهۆی پلاستیکەوە، بەسەر ڕێککەوتنە شکستخواردووەکەدا دەسوڕێتەوە. هیوای بەدینەهاتوو پێمان دەڵێت کە بەتەواوی دەتوانرێت شتێک لەسەر کێشەکە بکرێت. چونکە ئێمە ئەرکەکەمان بۆ خۆمان داناوە. مەرجە مادییەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەرکەکە بوونیان هەیە.
دەکرێت هەمانشت سەبارەت بەقەیرانی کەشوهەوا بگوترێت. بەڵام لەئێستادا ئاماژەیەکی زۆر کەم هەیە کە وەرچەرخانێکی یەکلاکەرەوە بێت بەرەو کەمکردنەوەی دەردانی گازی ژەهراوی. ئەمریکا ڕێککەوتنی پاریسی بەجێهێشت. حکومەتی سوید لەماوەیەکی کورتدا سویدی لە نمونەوە گۆڕا بۆ پێچەوانەکەی.
بەڵام ئێمە ئەرکەکەمان بۆ خۆمان داناوە. لەهەر حاڵەتێکدا، ژمارەیەکی یەکجار زۆر لەمرۆڤەکان، چ کەسانی شارەزا و چ کەسانی ئاسایی، ئەو پرسیارەیان لەهۆشی خۆیاندا هەیە بەشێوەیەک کەنەوەیەک لەمەوبەر نەبووە. وەک ئەوە وایە سێبەرێک هەموو سیاسەتە شکستخواردووەکان پەیڕەو بکات. سێبەری هیوا، یان لە بیرۆکەی مارکسدا: کە ئەگەرەکە خۆی بوونی هەیە.
لە مشتومڕی سیاسیدا، ئێستا وشەی یۆتۆپیا بەنزیکەی تەنیا بەمانایەکی نەرێنی دەردەکەوێت.
کۆمەڵگاکانمان و تەواوی شارستانیەت بەجۆرێک لەئەگەرەکان پێگەیشتوون. لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵگاکان پاشەکشە دەکەن. دۆخێکی سەیرە. لەمشتومڕی سیاسیدا، ئێستا وشەی یۆتۆپیا تەنیا بەنزیکەی بەمانایەکی نەرێنی دەردەکەوێت. شتێک مەحاڵە، بەڵێ، بەڕاستی شێتانەیە هەوڵی بەدەستهێنانی بدرێت، هەربۆیە پێی دەوترێت یۆتۆپیایی.
کۆمەڵگایەکی یەکسانتر؟ مەحاڵە – ڕێگری لەگەشەکردن خاوەنکاران دەکات. کاتەکانی کارکردن کورتتر – گەمژانەیە، بەو پێیەی پێویستە زیاتر کار بکەین بۆ بەدەستهێنانی خۆشگوزەرانیمان. چەکداماڵین – کوشندە، بەو شێوەیەی جیهان دەردەکەوێت. بەڵام هەر جارەی مەحاڵبوونی ڕیفۆرم و دیدگای جۆراوجۆری داهاتوو تیشکی دەخرێتە سەر، وەک ئەوە وایە سێبەری یۆتۆپیا گەشە بکات.
کاتێک جۆن ئێف کێنێدی لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا بەجددی دەستی بەپێشبڕکێی چەک کرد بۆ ئەوەی مرۆڤێک بخاتە سەر مانگ، بەم فۆرمولاسیۆنەی خوارەوە پاساوی بۆ هێنایەوە: “ئێمە ئەمە دەکەین نەک لەبەر ئەوەی ئاسانە، بەڵکو لەبەر ئەوەی قورسە” .
ئەم سەرۆکە فەیلەسوفێکی کۆمەڵایەتی گەورە نەبوو، بەڵام تەواو سەرسوڕهێنەرە کە لەم حاڵەتەدا وەک خودی مارکس بیری لێکردەوە: کەئێستا دەتوانین ئەرکەکە بۆ خۆمان دابنێین. دەتوانین کێشەکە چارەسەر بکەین (تەنانەت ئەگەر نیشتنەوەی مانگ بە تایبەتی نەدەبوو بە کارێکی پێشنۆرە هەژمار بکرایە).
هێڵێکی تری بیرکردنەوە لە مارکسدا هەمیشە سەرسامی کردووم و تەنانەت هەندێک ڕاستەوخۆ دڵنەوایی بەمن داوە. ئەوە ئەو بیرۆکەیە کە ئێمە هێشتا لە پێش مێژووی مرۆڤایەتیدا دەژین و مێژووی ڕاستەقینە – کە تێیدا ئازاد دەبین لە هەژموونی خاوەنداریەتی (بەڵام بێگومان ململانێی دیکەمان هەیە) – تەنانەت هێشتا دەستی پێنەکردووە.
ئەم ڕوانگە سەرسوڕهێنەرەوە وا دەکات دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆ بچووک دەرکەون، ئەو شەڕانەی کە بەڕێوەدەچن بە شێوەیەکی بێمانا دەردەکەون و بێتوانایی لەچارەسەرکردنی پرسی چارەنووسساز بۆ کەشوهەوا بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر بێهەڵوێست دەردەکەون. چونکە کاتێک مێژووی ڕاستەقینە دەست پێدەکات، بۆ جارێک، وەک مارکس پێشبینی کرد، ئێمە ئاوڕێک لەم سەردەمەی خۆمان دەدەینەوە وەک تەنگبیر و کورتبینێک.
کەی ئەو کێشانە چارەسەر دەکەین کە پێشتر توانای چارەسەرکردنمان هەیە؟ مێژووی ڕاستەقینە کەی دەست پێدەکات؟ سادەیی ڕواڵەتی ئەم دوو پرسیارە و ئەوەی لەبنەڕەتدا دەتوانرێت باس بکرێن، ئومێدی پڕم پێدەبەخشێت.
سەرچاوەی ووتارەکە:
ETC- Dagens- 20 Agust 2025- Göran Greider
