١٩ی ئاب، دادگای هەولێر، بە تۆمەتی هەڕەشەکردن لە ئەفسەرێکی زیندان، شێروان شێروانی ڕۆژنامەنوسی زیندانی، بە چوار ساڵ و نیوی دیکە سزادرا! ناوبراو لە ڕۆژی ١٦/٢/٢٠٢١ دا بە تۆمەتی ئەندام بوون لە پەکەکە و ئەنجامدانی سیخوڕی بۆ ئەو حیزبە لەلایەن دادگای تاوانی ٢ی هەولێرەوە سزای ٦ ساڵی بەسەردا سەپێنرابوو. جێگای ئاماژەیە کە هەمان ڕۆژی دادگاییکردنەکەی شێروان شێروانی، هێزێکی چەکداری دەمامکدار کە لەدەروبەری دادگا جێگیرکرابوون، هێرشیان کردە سەر ئەو کەسانەی لە دادگاکەدا ئامادەبون و لە ئەنجامدا یەکێك لە پارێزەرەکانی ناوبراو بریندارکرا. بەپێی ڕاگەیاندنی پارێزەرانی ناوبراو، ئەم سزادانەی بەتەواوی سیاسی بووە و هیچ بنەمایەکی یاسایی نەبووە، چونکە تەنانەت ئەو کەسانەی کە گوایە ئاگاداری ڕووداوەکە بوون، نکۆڵییان لەوە کردووە کە شێروان شێروانی هەڕەشەی لەو ئەفسەرە کردبێت!
بێگومان سزادانی شێروان شێروانی لەسەر تۆمەتی یەکەمیشی کە بە (٦) ساڵ زیندانی کرا، سزایەکی سیاسی بوو، نەك یاسایی. ئەندامبوون لە پەکەکەدا و پەیوەندیکردن بە پەکەکەوە بۆ دەبێ تاوان بێت، ئەگەر ئێمە لە هەولێر دەژین نەك لە تورکیا!؟ دروستکردنی کەیسی سیخوڕیش تۆمەتێکی دروستکراوی دەزگای پاراستنی پارتی بوو تا پاساوێکی یاسایی بدات بە بڕیارە سیاسیەکەی لەدژی ناوبراو.
ئەوەی ئەمڕۆش لە ناو دادگا و بەردەم دادگای هەولێر ڕویدا درێژکراوەی هەمان ئەو سیاسەتە سەرکوتگەری و پەلاماردانەی پارتیە کە ڕۆژانە بۆ سەر هاوڵاتیانی ناڕازی بەڕێوەیدەبات و دادگای هەولێریش بەرگی یاسای بەبەردا دەکات! دروستکردنی شانۆگەری هەڕەشەکردن لە ئەفسەری ناو زیندان، تا شێوازی دادگاییکردنەکە و بڕیاردانی پێشوەختە و کۆکردنەوەی ئەو هەموو چەکدارە دەمامکدارانە و هێرش و لێدان لە خەڵک و پارێزەرانی ناوبراو،.. هەموو ئەمانە سەلمێنەری ئەو ڕاستیەن کە نەک هەر دادگا لەسایەی پارتی و یەکەیەتی و دەسەڵاتەکەیاندا ڕۆڵیکی یاسایی نییە، بەڵکو ئامرازیکی سەرکوتگەرانەیە بۆ کپ کردنەوەی دەنگی ناڕازی خەڵک و لەزینداندا هێشتنەوەی هەڵسوڕاوانە، تا لەم ڕێگایەوە پایەکانی سیستمێکی زاڵم و گەندەڵ، کە چەند ساڵە بەسەر خەڵکی کوردستاندا دایان سەپاندووە بپارێزن.
ئێمە لە کۆمیتەی هەولێری حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستانەوە سەرجەم دادگاییکردن و سزادانی شێروان شێروانی و هێرشکردنە سەر پارێزەران و کەسوکاری شێروان شێروانی سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەین. هاوکات گۆڕینی دادگاکان بۆ دەزگایەک بە دەستی حزبە دەسەڵاتدارەکانەوە و بەکارهێنانی لەدژی هاوڵاتیانی ناڕازی و هەڵسوراوان ونەیارانی سیاسی بەکردەوەیەکی قێزەون و سەرکوتگەرانە دەزانین و وەکو پێشینەیەکی مەترسیدار بۆ پێشێلکردنی ماف و ئازادیەکانی خەڵکی کوردستان و سەپاندنی دەسەڵاتی سەرکوت و داپڵۆسین ناوزەد دەکەین. هاوکات داوای ئازادکردنی دەستبەجێی شێروان شێروانی دەکات. خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان و ڕێکخراوە و حیزبەکان نابێ لەم زوڵمەی کە پارتی و دادگاکەی دەرهەق بە شێروان شێروانی گرتویەتەبەر بێدەنگ بێت، بەڵکو پێویستە بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی دادگا و ئازادکردنی دەستبەجێ کاردانەوەی گونجاو بگرنەبەر.
کۆمیتەی هەولێری
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
١٩ی ئابی ٢٠٢٥