Home ڕاگەیاندنی رۆژنامەوانیتێکدانی ژیان و ئاسایشی خەڵک هیچ پاساوێکی نییە!

تێکدانی ژیان و ئاسایشی خەڵک هیچ پاساوێکی نییە!

by admin
0 کۆمێنتەکان 69 بینینەکان

لە بەرەبەیانی ڕۆژی ٢٢ی ئاب، بە پاساوی جێبەجێکردنی فەرمانی دادگای سلێمانی بۆ دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی و بەدوای ڕاکێشانی هێزیکی زۆری چەکدار و میلیتاریزەکردن و تێكدانی دۆخی ژیان و ئاسایشی خەڵكی شاری سلێمانی، یەکێتی نیشتمانی بە تانک و هامەر و چەکی قورس پەلاماری ئوتێلی لالەزار، شوێنی نیشتەجی بوونی لاهور شێخ جەنگییان دا و دوای نزیکەی سێ کاتژمێر ڕووبەرووبونەوەی چەکداری، هێزەکانی یەکێتی توانییان لاهور جەنگی و دوو برای و ژمارەیەك لە فەرماندە و چەکدارەکانی دەستگیربکەن. لە ئاکامی ئەم هێرشەی یەکێتیەوە بۆ سەر هێزەکەی لاهور جەنگی، زیانی مادی بە هاوڵاتیانی دەروبەری شەڕەکە گەیشت و دۆخیكی ترس و نائارامییان بۆ دروستکردن. چەند کەسیش لە هەردوولا کوژران و بریندار بوون.
بیانوی سەرکردایەتی یەکێتی بۆ ئەم کردەوە نابەرپرسیارانەیەی ئەوەیە کە لاهور شێخ جەنگی هەوڵی تێکدانی دۆخی ئاسایشی سلێمانی و ئەنجامدانی کۆدێتای بەسەر یەکێتیدا داوە، بەڵام مێژوی چەندین ساڵەی ئەحزابی ناسیونالیستی کورد لەپێشیانەوە یەکێتی و پارتی، کارنامەیەکی ڕەش لە کوشتن و فڕاندن و شەڕفرۆشی و تەسفیە و هەڵکوتانە سەر بنکە و بارەگای حیزب و لایەنە نەیارەکانیان دەخاتەبەرچاو. بەڕادەیەک کە بەشێکی زۆر لەم کارنامە چەپەڵ و ملهوڕیە ڕووی لە هاوسەنگەران و ئەو کەسو لایەنانە بووە کە ساڵانێکی زۆر گوێ بە فەرمانی هەر ئەم حیزبانە و بنەماڵەکانیان بوون.
ڕووداوەکەی ئەمڕۆی شاری سلێمانی و پەلاماردانی ئوتێلی لالەزار گۆشەیەکی دووبارەبوەوەی ئەم مێژووە و ئەم کارنامە ڕەشەی ئەحزابی ناسیونالیستی کوردە، بەڵام ئەمجارەیان لەدۆخێکدا ئەوە ڕوودەدات کە ڕوداوە سیاسیەکانی ناوچەکە و عێراق، پێگەی هەردوو حیزبی دەسەڵاتداری کوردستان، پارتی و یەکێتی لە هاوسەنگیەکی خراپ و بێئاسۆیی سیاسیدا ڕاگرتووە. بەتایبەتی یەکێتی زیاتر لە پارتی، بۆ ڕاستکردنەوەی پێگەی خراپی خۆی، پێویستی بە تەسفیەکردنی نەیارانی سیاسی خۆی و سەرکوتی جەماوەری ناڕازی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیدا هەیە. هەردوو دەسەڵاتە حیزبی و بنەماڵەییەکەی یەکێتی و پارتی لە دۆخێکدان کە گیرۆدەی قەیران و بنبەستێکی سەراپاگیرن بەجۆرێك کە نەک هەر توانای بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا و ژیانی خەڵکیان لەدەستداوە، بگرە لەگەڵ ناڕەزایەتی و بێزارییەکی فراوانی خەڵكی ستەمدیدەی کوردستان بەرەوڕووبونەتەوە. لە دۆخێکدا کە گرانی و بێکاری، بێموچەیی و نەبونی ئاو و کارەبا و نەمانی خزمەتگوزاریەکان و دەیان دەردومەینەتی دیکە، فشارێکی گەورەی ئابوری و سیاسی لەسەر خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش داناوە، بۆیە هاتنەمەیدانی فراوانی جەماوەری بەرەو تەقینەوەیەکی کۆمەلایەتی کردۆتە ئەگەرێک لەبەردەم حکومەت و دەسەڵاتە ناوچەییەکانی ئەم حیزبانەدا. هەربۆیە دەستیان بۆ سەرکوت و داپڵۆسین و دەمکوتکردنی نەیارانی سیاسی خۆیان، تاڕادەی هێزڕاکێشان و شەڕفرۆشتن بردووە.
ئەم پەلامار و چەکڕاکێشانەی یەکێتی نیشتمانی بۆ سەر نەیارانی خۆی، نەک هەر ئیدعای سۆشیاڵ دیموکراسی و پابەندبونی سەرکردایەتی ئەم حیزبە بە ئازادیەکان و ئاسایشی کۆمەڵایەتی بەدرۆدەخاتەوە، بگرە بۆ پاراستنی دەسەڵاتی بنەمالە و سەپاندنی هێز و باڵادەستی خۆی بەسەر خەڵکی ناڕازی و دۆخی کوردستاندا، ئامادەیە ژیان و ئەمنیەتی خەڵک بخاتەژێرپێوە. لەڕاستیدا ئەم شەڕ و بارگرژیەی ئێستا کە سەرکردایەتی یەکێتی بەرپایکردوە، ڕاستەوخۆ بۆ سەرکوت و پاشەکشەپێکردنی ناڕەزایەتیەکانی خەڵك و ڕاکێشانی ئەوانە بۆ نێو فەزای شەڕ و ئاژاوە و پشێوی و تێکچونی ژیان و ئاسایشیان.

هاوڵاتیانی سلێمانی، خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان:
ئەم شەڕ و ئاژاوە و کوشتارە، نەک هەر لە بەرژەوەندی ئێمەدا نییە، بەڵکو ڕاستەوخۆ لەدژی ژیان و ئەمنیەت و ئارامی ئێمە و بۆ سەرکوتی ناڕەزایەتیەکانمان و پاشەکشەکردنە بە خواستەکانمان، لەپێشیانەوە خواستی مووچە. بۆیە نابێ ڕێگابدەین ژیان و ئەمنیەتی کۆمەڵایەتیمان لەلایەن حیزبەکانی دەسەڵاتەوە، لە ململانێێ خۆیان لەگەڵ نەیارە سیاسیەکانیاندا پایەماڵ بکرێ، بەڵکو دەبێ بە خەباتی یەکگرتوانە و هێنانەمەیدانی بزووتنەوەی سەربەخۆی جەماوەریمان دەستی ئەم حیزبانە و هێزی چەکداریان لەپشتەوە ببەستین.
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لەگەڵ ئەوەدا کە هەر جۆرە نائارامکردن و تێکدانێکی ئاسایشی ژیانی هاوڵاتیان بەتوندی سەرکۆنە دەکات، هاوکات هەر زیانێکی گیانی و مادی کە لەئاکامی ئەم ڕوداوەوە بەر هاوڵاتیان کەوتوە و راپێچکردنی دۆخی کوردستان بۆ نێو شەرو ئاژاوەوە، دەخاتە ئەستۆی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانیەوە. حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان داوا دەکات کە دەستبەجێ ئەم لەشکرکێشی و میلیتاریزەکردنەی شاری سلێمانی و دەوربەری کۆتایی بێت و هێزەکانی لەنێو شار و گەڕەکەکان بکشێنەوە.

حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٢٢ی ئابی ٢٠٢٥

لێدوانێک بەجێ بهێلە