دەشتی جەمال:
دادگای کەسنەزان لە١٩ئابدا جارێکی تر ڕۆژنامەنوس شیروان شیروانی بە چوارساڵ و شەش مانگی دیکە سزادایەوە، ئەمجارەیان بەهۆی ئەوەی گوایە “هەرەشەی لە ئەفسەرێکی زیندان کردووە”. پیشتریش لە ١٦ی شوباتی ٢٠٢١دا دادگای هەولیر شێروان شیروانی و چوارهاورێی دیکەی بە تومەتی ئەندامبوون لە پەکەکە و ئەنجامدانی کاری سیخوری بە شەش ساڵ زیندانیکردن سزادابوو، کەدەبوایە لەمانگی ئازاری ئەمساڵدا شیروان شیروانی ئازادبکرێت وبگەرێتەوە نیوخێزان و کەسوکاری.
دیارە پارتی بەم سزاو حوکمە پەیامی ترس بۆ خەڵکی ناڕازی کوردستان دەنێرێت، بەڵام سزادانی ڕۆژنامەنووسێك کۆمەڵگا ناترسێنێت. قەیران و بنبەستێك کە پارتی وحکومەتەکەی تێکەوتوە بەم بڕیارە هەرچی زیاتر ئیرادەی جەماوەری و ڕقو تورەییان زیاتر لەدژی دەسەڵات بەهێز دەکات. ئەو ستراتیجەی پارتی بەشوێنیوەیەتی وەك هێزێکی بۆرجوا ناسیونالستی کورد کە گەورەترین کۆمپانیاو سەرمایەی کوردستانیان لەدەستی خۆیاندا کۆکردۆتەوە لە سەرحسابی بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی خەڵکی کوردستان، بەوەی کە لەڕێگای زمانی هەرەشەو تیرۆرو سزادان و پەلاماردانی هەر دەنگێکی ئازادیخواز دەیانەوێت ئەهرەمی دەسەلاتیان بە پێوە ڕاگرن، ئەوا ئەو ئەهرەمە درەنگ یان زوو بە هیزی یەکگرتوانەی جەماوەری و ئازادیخوازان دەتوانرێت بروخێنرێت.
کەیسی شیروان شێروانی کەیسێکی چارەنوسساز و یەکلاکەرەوەیە لە ڕاستیەکانی واقعی یاساو سیستەمی دادپەروەری لەژیر سایەی ئەحزابی میلیشایی و بنەماڵەییدا. ئەم حوکمەی دادگای کەسنەزان نەك هەر دادپەروەری نییە، بەڵکو سەرکوتکردنەو بە بەرگی یاسادا پۆشراوە، چونکە تۆمەتە نوێیەکەی شیروان شیروانی ناڕوون و نەسەلمێنراون و بەشێوەیەکی گونجاو لە پشت دیوارەکانی زیندانەوە دەرکراون کە شێروان شیروانی هیچ ئامرازێکی ڕاستەقینەی بەرگریکردنی لەبەردەست نییە.
هەنگاوەکەی ئەمجارەی دادوەری قورمیشکراوی دەسەڵات دەیەوێت کەیسی سزادانەوەی شیروان شیروانی بکاتە سەکۆیەكی وەڵامدانەوە بە ترسی دەسەڵات لەتورەیی و نارەزایەتی قوڵی خەڵکی کوردستان بەرامبەر بە بێمافی و بێدادیەك کە لەگەڵیدا بەرەو رووکراونەتەوە، مەبەست لێی بێدەنگکردنی نەك هەر ڕۆژنامەنووسانە، هاوکات خودی ڕاستییەکانیش پەردەپۆش دەکات. لە ڕاستیدا تا دەسەلاتداران هەوڵی سەرکوت و زیندانیکردن و بەلاڕیدابردنی دادگابەرن ، زیاتر ناوەڕۆکی خۆیان بۆ ڕای گشتی کوردستان ئاشکرادەکەن. هەر حوکمێکی ناڕەوا لەهەر هۆڵێکی دادگادا کرا بە قۆناغێك بۆ تۆقاندنی خەڵك، ئەوا ئەو دەسەڵات وسیستەمە کارتۆنی و گیرۆدەیە بە بنبەست و بێتوانایی لە بەڕیوەبردنی کۆمەڵگادا. هەربۆیە تۆمەتەکانی دادگا پەیوەندی بەو ترسەوە هەیە کە دەسەڵات لەسەردەمی قەیرانەکاندا لەخەڵکی هەیە.
پارتی بە زیندانیکردنی دەنگی ناڕەزایەتی بڕیاریداوە ئیرادەی هەڵسوراوان بشکێنێت. دەسەڵاتە سەرکوتگەرەکان بەشێوەیەکی ڕۆتینی تۆمەتە درۆینەکان دووبارە بەکاردەهێنن و دادگاکانیان نەك وەك ئامرازی دادپەروەری، بەڵکو وەك میکانیزمی کۆنترۆڵکردن بەکاردەهێنن. لەلای پارتی یاساو سیستەمی دادپەروەری ئامرازێکە بۆ کۆنترۆڵکردن و تۆمەتە ناڕوونەکان، زیادەڕەویکردنەکان، یان هەڵبەستراوەکان و کراونەتە شێوازی ستاندارد بۆ بێدەنگکردنی دەنگە ناڕازییەکان. ئەم حوکمەی شیروان شێروانی بریارێکی یاسایی نیە بەڵکو کردەوەیەکی سیاسیە و هێرشی راستەخۆیە بۆ سەر دەنگە ئازاو بۆیرەکان و دانپێدانان و ترسی پارتیە لەئازادی ڕادەربرین . ئەم حوکمە شەرمەزاریەکی دیکەی پارتی یە لە شەڕی بەردەوامیدا لە دژی ئازادی و ناڕەزایەتییەکان خەڵکی کوردستان.
شێروان شیروانی لە پەیامێکیدا بەبۆنەی حەوت ساڵ تیرۆرکردنی سەردەشت عوسماندا دەڵێت”پەیامی سەردەشتەکان ئەوکاتە بەجێ دەگات کەقوڵتر بەگژ ئەم دەسەلاتە مافیاییە و مافکوژە ڕابوەستین بەگیانێکی بەرزەوە نەخێر بۆ دیکتاتۆریەت وقودسیەتی ئەو فاشیە بکەین کەلەسەر کورسی حکومران سوار بووە لە باشور”
خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان، نوسەران و رۆژنامەنوسان و رابەرانی نارەزایەتیەکان و کەسایەتی پیشکەتخوازو رێکخراوە مەدەنی ومرۆڤ دۆستەکان، هەر حیزب و لایەنێکی سیاسی خۆی بەلایەنگری ئازادی و ئازادیی رۆژنامەگەری دەزانێت، هەروەك چۆن لەدەورەی تیرۆری سەردەشت عوسماندا دەنگی بەرزیان هەڵبری بەگژی ناهەقیدا چوونەوە، نابێت ئەم سزا ناڕەوایە بەرامبەر بە شیروان شیروانی قبوڵبکرێت کە لە ژیر سایەی دەسەلاتی پارتیدا بەڕێوە دەچێت. ئەم سزایە هەرەشەو پەلامارێکە بۆ سەر هەموان بۆسەر کۆمەڵگەی کوردستان و ئایندەکەی، ئەم ملهوڕیەی پارتی دەبێت لەسەر شوێنی خۆی دابنرێتەوە.
پێویستە لە دەرەوەو ناوەوە بەدەربرینی نارەزایەتی توند دژی پارتی هەوڵەکانمان یەك بخەین. پارتی خەرمانێك ئەزموونی لەگەل ئەم ریسوابوون و سکانداڵانەدا هەیە و بۆتە بەشێك لەمیژووی سیاسیان. ئەوان ئامادەن بۆ بەرگری لەخۆیان و پاوانخوازی دەسەڵاتەکەیان بەردەوام بن لەم سەرکوتگەری و بە بێدەنگکردنی رۆژنامەنوسێك دەیانەوێت دەنگی هەموان بیدەنگ بکەن، بەلام حساباتی هەڵە لە سەر سێلاوی توڕەیی ونارەزایەتی خەڵکی بەشمەینەتی کوردستان دەکەن. بە هاتنەمەیدان و گرتنی شەقامەکان وبەرەنگاری رابەرانی نارەزایەتیە جەماوەریەکان، ئازادیخوازان و رۆژنامەنوسان و قەلەم بەدەستان دەتوانرێت وەلامی دانشکێنی پێبدرێتەوە. ئێمە لەهاوپشتی بێوچاندا لەگەل شیروان شیروانی ڕاوەستاوین و بەردەوام دەبین لەبەرەنگاری و وەستانەوە دژی هەرجۆرە ستەم و زوڵمێك و نادادیەکی دەسەڵاتدارانی کوردستان. هیچ دەسەلاتێك هەرچەندە درەندە بێت ناتوانێت دەنگی ئازادی سەرکوت بکات و راستیەکان بۆ هەمیشە زیندان بکات. هەربۆیە سزایەك لە هۆڵی دادگای ناسەربەخۆو ناداپەروەردا دەربکرێت ناتوانێت شەرعیەت وەربگرێت.
٢٠/٨/٢٠٢٥