Home بیروڕالالەزار درێژكراوەی مێژوویەك لە تاوان

لالەزار درێژكراوەی مێژوویەك لە تاوان

by admin
0 کۆمێنتەکان 78 بینینەکان

نیاز عەبدوڵڵا:    
بە وردبوونەوە لە تاوانەكانی یەكێتی نیشتیمانی، كە بەشێكی لە رێگای ئەو بەڵگەنامە و ڤیدیۆیانەی لە لایەن خودی هێزەكانی كۆماندۆ و هێزە جۆراوجۆرەكانی دیكە تۆمار و بڵاوكرانەوە لە ٢٢ی ئاب؛ دەردەكەوێت، یەكێتی و هێزە ئەمنییەكانی لەم تاوانانەی خوارەوە تێوەگلاون:
-بەكارهێنانی هێزی هەمەجۆری قورس و لە راددەبەدەر، كە موڵكی گشتین و هاوپەیمانان بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر رادەستی كردوون.
-ئەنجامدانی سووكایەتی و تاوان بەرامبەر بە بریندار و دیلەكانی لالەزار.
-دیارنەبوونی چارەنووسی چەندین كەس لەو شەڕەدا، كە تائێستا بێسەروشوێنن.
-بەبێ رەچاوكردنی پاراستنی خەڵكی مەدەنی و جێبەجێكردنی پرەنسیپەكانی شەڕ، ناوەندی شار كرایە سەربازگە و ژیان و ماڵی خەڵكی مەدەنی لە رێگای بەكارهێنانی چەكی قورسەوە خرایە مەترسییەوە و سەدان ماڵ زیانی پێگەیشت، بەبێ ئەوەی پێشتر خەڵكەكە ئاگاداربكرێنەوە تا ماڵەكانیان چۆڵبكەن و لە شوێنی شەڕەكە دووربكەونەوە.
-دادگا لە رێگای دەستتێوەردانی حیزبی و بە ناوی بەدیهێنانی دادپەروەرییەوە، كرایە میكانیزمێكی رەوایەتیدان بە شەڕی ئامۆزاكان، لەكاتێكدا بەڵگەی فەرمانی دەستگیركردن و پاساوەكانی هێرشەكە بۆ رای گشتی نەخرایەڕوو.
-میدیای تایبەت و سێبەری یەكێتی نیشتیمانی، رۆڵێكی مەترسیداریان لە ئامادەكاری و هاندان بۆ شەڕ و شێواندنی زانیارییەكان هەبوو، لە گواستنەوەی تاوانەكانی هێزە شەڕكەرەكاندا نەك هەر رەچاوی پێوەرە ئەخلاقییەكانی كاری رۆژنامەوانییان نەكرد، بەڵكو هەمان رۆڵی كەناڵی (گوڵان)ی پارتی و كەناڵی (گەلی كوردستان)ی یەكێتیان دەبینی لە نەوەدەكانی سەردەمی شەڕی ناوخۆدا.
-هێزە ئەمنییەكانی یەكێتی دەستیان بەسەر كەناڵی زووم دا گرت، كە وا ناسراوە سەر بە لاهوور جەنگییە، هاوكات پەیامنێرێكی كەناڵەكەیان دەستگیركرد.
-هەبوونی كەسانی پاشخان ئیسلامی تووندڕەو لەناو هێزی كۆماندۆدا، پرسیاری جددی لەسەر شوێنكردنەوەی ئەو كەسانە لەناو هێزەكەی سەر بە یەكێتی دروست دەكات، چۆن كەسانی ناو ئەو هێزە هەمان پەیام و گوتاری تیرۆریستەكان بەرامبەر بە دیلەكانی لالەزار بەكاردەهێنن!
لاهووری شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ براكانیان، مێژوویەكی هاوبەشی تۆكمەیان هەیە لەناو یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە ئەنجامدانی دەستتێوەردان لە دادگاكان، گەندەڵی، كوشتن و سەركوتكردنی ئازادی رادەربڕین. بە تۆماركردنی ئەم مێژووە خوێناوییەیان كە درێژەی كارە تاوانكارییەكانی پێشوویانە، دۆسیەی هەبوونی هێزێكی یەكگرتووی نیشتیمانی، پرسی دیموكراسی و ئازادی رادەربڕین، سەربەخۆیی دادگاكانیان لە كوردستان كرد بە تەنیا خەونێك و، وەكو دیارییەكی بە نرخ پێشكەش بە دوژمنانی كوردستانیان كرد.
شەڕی ٢١ و ٢٢ی ئاب خیانەتێكی نیشتیمانی بوو، كە پارتی لە رێگای ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم و دەزگا رۆژنامەوانییەكانی بۆ هاندانی شەڕ ئامادەیی تیاداهەبوو، هێزە شیعییە وەلائییەكانی ئێران لە بەغدادەوە لە هاندانی لاهوور بۆ شەڕ رۆڵیان هەبوو، یەكێتیش بە بەكارهێنانی هەموو دامودەزگا فەرمییەكان، شەڕێكی خوێناوی هەڵگیرساند لەپێناو تۆڵەكردنەوە و لەناوبردنی نەیارێكی. بەڵام هێشتا پرسیاری ئەوەی لاهووری شێخ جەنگی لە كوێ و چۆن خۆی پڕچەك كرد و كێ پشتیوانی بووە، پێویستی بە زانیاری زیاترە، چونكە وردەكاری پشتیوانی ئەو هێزانەی دیكە كە لەپشت هاندانی شەڕەكەی لالەزارەوەن دەردەخات.
ئاسەواری هزری و دەروونی و مێژوویی ئەم شەڕەی ئامۆزاكان لەسەر خەڵكی سلێمانی و هەرێمی كوردستان، بەتایبەت لەسەر بەشەكانی دیكەی كوردستان، جگە لە سەختی و خەمناكییەكەی، مەترسی تێنەپەڕاندنی شەڕی ناوخۆی كردە راستی، بەتایبەت بۆ ئەو نەوەیەی شەڕی ناوخۆی نەوەدەكانیان نەبینیبوو، ئێستا ئەو شەڕە نائەخلاقییە بە چاوی خۆیان دەبینن و شایەدحاڵی ناشرینی گوتاری حیزبی و دڕندەیی دەزگا ئەمنییەكانی پارتی و یەكێتی و حیزبە چەكدارەكانن.
مەترسی هێزی چەكدار لە دەستی حیزبدا هەر لەوەندەدا ناوەستێ، پارەی گەندەڵی وزەی بەردەوامی ئەم جۆرە حیزبانەیە كە میدیا و دادگا وەكو ئامرازێكی شەڕكردن و تۆڵەكردنەوە تەماشا دەكەن.

لێدوانێک بەجێ بهێلە