66
هۆشیار عەبدوڵا:
ناکۆکی نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی سروشتێکی تەواو شەخصی هەیە، لەباشترین حاڵەتدا ململانێیەکی حزبییە لەسەر دەسەڵات، دەشێ دوای جیابونەوەیان و دابەشبونی تیژیان بەسەر دووبەرەی جیاوازی نێوخۆیی و هەرێمایەتیدا ناکۆکیەکان قوڵتر بوبنەوە، بەڵام دواجار ڕەهەندە کەسی و کۆمەڵایەتییەکەی ئێجگار تۆخە.
کە هەشتی تەمموز ڕویدا و لاهوری شێخ جەنگی لە هاوسەرۆکی لابرا، من شتێکی ئەوتۆم لەسەر نەنوسی و قسەیەکی واشم لەسەر نەکرد، چونکە پێم وابوو ئەمانە جگە لەوەی دوو کەسی ناو یەک بنەماڵەن، دوو هاورێشن، دەشێ جیا ببنەوە و دواتر نزیک ببنەوە، « نمونەی مامجەلال و کاک نەوشیروانیشم لەبەرچاوو بوو کە چۆن دوای ئەو هەموو ناکۆکییە گەورەیە باوەشیان بە یەکدا کردەوە» بە قوڵیش پێم وایە خیلاف و جیاوازی ئەو دووانە نەوعی نییە و شکلیە، ئەمجارە لە ٢٢ ئاب جیاوازییەکە ئەوەیە سەریکێشا بۆ توندوتیژییەکی بێتام و پەڕگیر، لە خانەی ململانێیەکەوە کە لەسەر دەسەڵاتە هاتۆتە ناو خانەیەک کە پەیوەستە بە ژیان و ئاسایشی رۆحی مرۆڤەکانەوە! هەر لێرەوەیە کە خەڵک ئەمجارە وەک ٨ ی تەمموز نییە و توڕەیی و بێزارییەکەی زۆر زیاترە.
با ئەوەش ڕوون بێت توڕەیی خەڵک دوو لایەنە ڕاستە نوکی ڕمەکە زیاتر لەسەر یەکێتی و دەسەڵاتە، بەرامبەر بافڵ تاڵەبانی و هێزە ئەمنیەکانە، بەڵام کەمیش نین ئەوانەی دەڵێن نەدەبوو لالەزار بهێڵێ بگاتە ئەو چرکە ساتە خوێناوییە! نەدەبوو لاهوری شێخ جەنگی بهێڵێ بگاتە روبەڕوبونەوەی چەکداری و کارەسات، کارەساتێک کە حیکمەت و دانایی، دانبەخۆدا گرتن و لە خۆبردوویی لەهەردولاوە تێدا نەبوو. بەڵام هەرچۆنێک و هەرچییەک بێت نەدەبوو لایەنی دەسەڵاتدار کە بەرپرسیارێتیەکەی گەورەترە لە هەموو لایەکی دیکە ، گرێیەک کە بە ئاسانی و بە دەست دەکرایەوە بیکاتە گرێیەکی ئاڵۆز کە بە ددانیش نەکرێتەوە.
بەڕاست قەت پرسیوتە ڕیشەی ئەو کولتورە لانیکەم لەناو یەکێتیدا لە ٢٥ ساڵی ڕابردوو چۆنە و چییە؟! باسی سەردەمی شەڕی ناوخۆ ناکەم باسی قۆناغی ئاشتی و دوای پرۆسەی ئازادی و بوونی هەرێم بە کیانێکی دەستوری دەکەم لە عێراقدا کە دەبوو ژیانی دیموکراسی و مەدەنی و دامەزراوەیی حوکممان بکات نەک لولەی چەک و زنجیری دەبابە و تارمایی درۆن.
بافڵ تاڵەبانی سیاسییەکی ئێجگار ڕوون و ڕاشکاوە، هیچ لە دڵیدا ناهێڵێتەوە و هەمووی دەڵێت، جۆری ئاخاوتن و قسەکردنی سەرنج ڕاکێشە، یەکێک لە دروشمەکانی کاتی هەڵبژاردنی ئەوەبوو « ئەوەی دەیڵێم، جێبەجێی دەکەم »، دەی باشە، لە گەرمەی هەڵمەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە مانگی ١٠ ی ٢٠٢٤ لە دهۆک گووتی « دوای هەڵبژاردن بە خۆشی بێت یان بە ئاگر دەریان دەکەم لە سلێمانی» هەر لەو قسانەیدا بە بادینی رونیشی کردەوە کە مەبەستی کێیە!؟ لای چەند رۆژنامەوانێکیش لە بۆنەیەکی چەند هەفتەیەک لەومەبەری کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر گوتبووی « هیوادارم کە چوومە سەر لاهور بەرگری بکات!» ئەوەی لە منەوە دیارە وەک ڕۆژی روناک ئەو قسانە و ئەو بۆچونانەی بافڵ تاڵەبانین، باقیاتی ئەوەی پەیوەستە بە هەوڵی کودەتا و پلان و پیلانی لاهور تاڵەبانی و ئەژی ئەمین وەک دەگوترێت بۆ تیرۆری بافڵ تاڵەبانی ئیشی دەزگا ئەمنیەکان و دادگایە کە ڕوونی بکەنەوە …بەڵام بوەستن بزانین کام دادگا …؟!! کێشەکە ئەوەیە خودی دادگاکانی هەرێم هەر لە لایەن کاک بافڵ خۆیەوە لە دیداری میریدا لە شاری هەولێر زەڕبی سفر کران و گووتی؛ «بۆیە دەچینە دادگای بەغدا چونکە ئێمە دادگامان نییە»، کێشەکەش ئەوەیە وەک وتم شێوازی قسەکردنی ئەوەندە سەرنج ڕاکێش و تایبەتە هەرچی دەیڵێ دەبێتە ترێند و ئەو کوتانەی دادگاش ماوەیەکی زۆر ترێند بوو!
ڕاستیەکەی بێزاری و توڕەیی قوڵی زۆرینەی خەڵکی سلێمانی و کوردستان لە کارەساتی ٢٢ ی ئاب، جۆری چارەسەرەکەیە نەک خودی ململانێکە. چونکە پێشتر و تا ئەو شەوە بە گشتی خەڵک وەک کێشەیەکی حزبی و بنەماڵەیی لە ناکۆکیەکانی دەڕوانی، بەڵام ئەو شەوە باسەکەی گۆڕی بۆ ئازار و مەترسییەک کە ئەو ململانێیە گەیاندییە سەر ئێسقانی شارێکی زیندووی وەک سلێمانی، گەیاندییە مەترسییەک کە ئیدی زمانی دەبابە و درۆن و گوللە حاکمی یەکەم و موطڵەقە نەک هیچ شتێکی دیکە، ئەمەش هەڕەشەیەکی ئێجگار جدییە لەسەر کۆی هەرێمەکە و لەسەر جۆری پەیوەندی نێوان هاوڵاتی و دەسەڵات.
پوختەی قسە لەم بەشەی ئەم زنجیرە وتارەدا ئەوەیە؛ دوای ڕوداوەکانی ٢٢ ی ئاب دوای ئەدائی ئەمنی و پۆلیسی و سەربازی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار پارتی و یەکێتی، قسەکردن لەسەر ململانێی مەدەنی، هەڵبژاردن ، ئۆپۆزسیۆن و دەنگی خەڵک بەهایەکی ئەوتۆی نەماوە، لە باشترین حاڵەتدا دەبێ دەمووچاوی هەموو قۆناغەکە بشۆین تا بیناسینەوە، دیوێکی هەرە دزێو و ناشرینی کارەساتی ٢٢ ی ئاب، بێ هەڵوێستی و ترسنۆکی حزبە بەناو ئۆپۆزسیۆنەکانە کە زاتی بەلاغ و بەیاننامەیەکییان نەکرد، رۆلێکیان کەموزۆر نەگێرا، بە هەموویانەوە هێندەی حزبی شيوعی و چەند نوسەر و روناکبیرێکیان پێ نەکرا، زۆرێکیان چەند دێڕێکی ناچیزیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نوسی تەنها تا بڵێن ئەوەتا شتێکمان گووت و هیچیتر.
جێگەی داخە بۆ ئێمە وەک نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت و بێ پەرچەم ئاوا مامەڵە لەگەڵ خۆمان، لەگەڵ هەرێم، لەگەڵ کوردبوون لەگەڵ دیموکراسی بکەین، ئاخر کەس نییە نکوڵی لەوە بکات کە ململانێ سیاسییەکانی ئەم سەردەمە بە گشتی نە مەدەنین، نە دیموکراسین، نە لەسەر چاکەی گشتین، بەڵکو ململانێی چەکداریی و ئەمنین، خەریکە لۆژیکی هێز، هەڵکوتانەسەر، پەلاماردان بە یەکجاری رۆحی کۆمەڵگە و شار و مەدەنییەت و هاوڵاتیبوون لەم هەرێمەدا وردوخاش و وێران دەکات ، یان وێران بووە و ئێمە بە دیار هیوایەکی موزەییەفەوە خۆمان دەخەڵەتێنین کاتێک دەنوسین « خەریکە، خەریکە» ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە لە «خەریکە» دەرچووە و دەمێکە وێران بووە!
«بەشی دووەم»
هۆشیار عەبدوڵا:جارێکیان قوباد تاڵەبانی زۆر ڕاستگۆیانە بە رۆژنامەوانێکی گوتبوو؛ «کێشەی ئێمە و لاهور پێش ئەوەی سیاسیی بێت کۆمەڵایەتییە، هەرکات کێشە کۆمەڵایەتییەکە چارەسەر بوو، کێشە سیاسیەکەش چارەسەر دەبێت»
دیقەت بدەن؛ ڕوداوەکانی هەشتی تەمموز و ٢٢ ی ئاب لە ڕووی سروشتی ململانێکەوە تا ڕادەیەکی زۆر لەیەک دەچن یان بە ڕوونی هەست دەکەی دوو ئەڵقەی یەک زنجیرن لە ململانێیەک کە هی نێوان دوو ئامۆزا و دوو خزمن.
سەرنج بدەن لە قسەکانی خاتوو ئاوات کە بۆ درەو قسەیکردووە تێدەگەن ڕادەی قوڵی پەیوەندی نێوانیان چۆن بووە؟! ورد ببنەوە لە بێ منەتی و متمانە بەخۆبوونی خاتوو ئاواتی شێخ جەنگی ئەو خوشکە نمونەیی و ئازا و گیانفیدایە بۆ براکانی، چەند بوێرانە مامەڵە دەکات لەناو ئەو هەموو هێزە سەربازییەدا بێ ئەوەی ئەصڵەن حسابیان بۆ بکات، لە گەرمەی شەڕدا پێی وابووە هێشتا بافڵ تاڵەبانی دەچێت و باوەشی پێدا دەکات، لە ناو هێزەکاندا وا دەجوڵێتەوە ئەصڵەن وەک ئامر و بەرپرسیان دەردەکەوێت ئەوەش جگە لە ئازایەتی خۆی، جگە لەوەی کە نمونەیەکی ئێجگار گەورەی لە وەفای خوشکێک بە تامی دایک بە تامی سوپەر و پەرژین نیشاندا و تاکە وێنەی جوان و گەشی ناو دیمەنە دزێوەکانی ٢٢ ی ئاب بوو، سەرباری هەموو ئەوانە ئەو پارێزبەندییە خزمایەتیەش کە لە نێوانیاندا هەیە رۆڵی گەورەی هەیە و هەرچەندێک خۆیانی لێ بدزنەوە ناتوانن لێی دەرباز بن و کاریگەری هەیە و هەر دەشیمێنێ.
ئەگەر ململانێی نێوانیان بە سیاسیی و مەدەنی و ئاشتیانە بمابایەتەوە نە سلێمانی وا بریندار دەبوو نە خۆیان ئاوا بەجەکەیان لەبەردەم خەڵک و مێژوودا ئەدا، بەڵام خاڵێکی گرنگ کە دەمەوێ لەم نوسینەدا ئاماژەی پێ بدەم ئەوەیە؛ هۆکاری ئەوەی سروشتی ئەو ململانێیە گۆڕا بۆ ئاگر و ئاسن عەقڵیەتێکی دۆگما و چەقبەستووە کە تەنها باوەڕی بە «لۆژیکی هێزە» ، کولتوری «هەڵکوتانە سەریەکتری» و پەلاماردانی سەربازی!
با بتانگەڕێنمەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٤ و سەروەختی واژۆکان دژی مامجەلال، یەکێک لە سەرکردە ناڕازییەکانی ئەو کاتە لە مامجەلال، لە کۆبوونەوەیەکدا کە کاک نەوشیروان سەرپەرشتی دەکات دەڵێت، رێگەم بدەن دەچمە سەر مامجەلال و قۆڵبەست دەکەم و دەیبەم لە فەرماندەیی سجنی دەکەم، کاک نەوشیروان بە توندی جوابی دەداتەوە و دەڵێت ئەوە بکەیت من دەچم لە ماڵی مامجەلال و دیفاعی لێدەکەم، بە توڕەییەوە پێیدەڵێت؛ ئێمە ناکۆکی سیاسیمان لەگەڵ مامجەلال هەیە و کولتوری هەڵکوتانەسەر و چونەسەریەکتری بەهێز دەبێ بنێژرێ، بەردەوام دەبێت و دەڵێت؛ ئەگەر ئەمڕۆ رێگە بدەم ئەوە دژی مامجەلال بکەیت ئەوە سبەی دژی خۆشم دەیکەیت «ئەو قسانە زیاد لە جارێک لە دەمی کاک نەوشیروان خۆیەوە بیستومە کە لە مەجلیسەکانیدا گێڕاویەتەوە»!
هەر لە سەروەختی واژۆکاندا دوای ئەوەی نامە هاوبەشەکەی کاک نەوشیروان و کاک کۆسرەت و عومەری سەید عەلی بە واژۆی ئەو هەموو سەرکردایەتی و کادر و ئەندامەوە دەگاتە مامجەلال، داوای کۆبوونەوەیان لێدەکات و دەڵێت فەرموون وەرن بۆ قەڵاچوالان، هەر هەمان گروپی توندڕەو دەڵێن بڕۆن بۆ کۆبوونەوەکە بەڵام بە هێزێکی زۆرەوە، کاک نەوشیروان دەڵێ ئێمە بۆ گفتوگۆ و رەخنە لەسەر جۆری ئیدارەدانی حزب دەچین نەک بۆ شەڕ، بە چەک و هێزەوە بچین خراپ لێکدانەوەی بۆ دەکرێ، پێم باشە بە یەک دوو سەیارە و بێ حیمایە بچین، هەر وا دەکەن کاتێک دەگەنە قەڵاچوالان و مامجەلال بەو جۆرە دەیانبینێ زۆری پێ خۆش دەبێت و بە نیەتێکی باش و کراوەوە دەست دەکەن بە گلەیی و گازەندەکردن لە یەکتری!
ئەو پەتەی کە دەمەوێت ئەو قسانەی بە ئێستاوە پێ گرێبدەم ئەوەیە کە دوای نەمانی مامجەلال و کاک نەشیروان لەسەر شانۆی سیاسی زۆنی سەوز، ئەو تێگەیشتنی «پەلامار و هەڵکوتانەسەر بەهێز»ە، زیاد لە جارێک خۆی نمایش کرد، یەکەم جاریش بە پەلاماری گردی زەرگەتە دەستی پێکرد و دواتر هێز لە ٨ ی تەمموزی ٢٠٢١ دژی لاهوری شێخ جەنگی وەک هاوسەرۆک جوڵێنرا، پاشان ڕوخاندنی قەڵای عوزێرییەکانی بە دواداهات، تا گەیشت بە کارەساتی شوم و خوێناوی ٢٢ ی ئابی لالەزار!
راستی و ناڕاستی پلان و پیلانەکان بۆ تیرۆری بافڵ تاڵەبانی چۆنن، قسەی لاهوری شێخ جەنگی خۆی چییە؟ ئایا هەوڵی داوە یان نا، دانیپێداناوە یاخود نا؟! ئەمانە هەمووی کات ڕونیان دەکاتەوە، دەشێ ڕاست بن «بەتایبەتی ئەگەر خۆی ئیعتراف بکات» و دەشێ سیناریۆ و هەڵبەستراو بن، بەڵام مادام لە سەرەتاوە وتیان لاهور تاڵەبانی و هاوکارە کودەتاچییەکانی ئەمری دادگایان لەدژ دەرچووە، دەبوو بە یاسایی و رۆحی یاساکان مامەڵەیان کردبا نەک ئاگر و ئاسن، دەبوو مادام هێز و باڵا دەستی لای ئەوان بوو نەهێڵن بگاتە توندوتیژی..چونکە لەمجۆرە ڕوبەڕووبونەوانەدا تەنها دیوێکی سەرکەوتن سەربازییە، دەیان دیوی دیکەی سیاسیی و مەدەنی و ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی هەیە!
یەکێک لەقوربانییە هەرە گەورەکانی ئەمجۆرە ململانێیانە یاسایە و دادگاکانن، یاسا بۆ چەسپاندنی عەدالەت و پاراستنی نەزمی گشتی و سەلامەتی هاوڵاتیانە، هیچ یاسایەک ئەوەندە دڵرەق نییە بۆ گرتنی کەسێک یان گروپێک رێگە بەو هەموو توندوتیژییە بدات، یان رێگە بدات ئەو هەموو خوێنە ئەو هەموو قوربانی و کاولکارییە لە شارێکی جوانی وەک سلێمانیدا ئەنجام بدرێت.
ماویەتی…
