Home ڕاگەیاندنی رۆژنامەوانی٣٥ ساڵ لە دیلێتی صەدام حوسێنەوە، بۆ ٣٥ ساڵی دەسەڵاتی کوردی

٣٥ ساڵ لە دیلێتی صەدام حوسێنەوە، بۆ ٣٥ ساڵی دەسەڵاتی کوردی

by Hawpshti Media
0 کۆمێنتەکان 266 بینینەکان

کورد زیاتر لە ٣٥ساڵ بە دیلیەتی لەژێر حکومی دەسەڵاتی صەدام حوسێن چەوسایەوە، ئێستاکەش زیاتر لە سی و پێنج ساڵە هەرێمی کوردستان نەک بە ئیرادەی گەلەکەی، بەڵکو بە چنگی ئاسنینی دوو حزبی باڵادەستی کوردی، هەرێمی کوردستانی پی بەڕێوەدەبرێت. هێزە نیزامییەکانیان، لەبری ئەوەی بەرگری لە خەڵک بکەن، کراوەتە کەرەستەی هەژموونی ناوخۆیی، کراوەتە قەڵغانی دەسەڵات، بۆتە مایەی تۆقاندنی خەڵک، ئەم هێزانە بەڕاستی ئامرازێکی زۆر کاریگەرن بۆ مانەوەی سیاسییەکان نەک پاراستنی سەرو ماڵی نەتەوەیی.

کاتێک سەردەمانێک حزبەکان وەک پرۆژەیەکی دیموکراسی بەڵێنیان دەدا ببنە مایەی ئاوەدانی بۆ هەرێمێکی ئەنفالکراو، کەچی ئێستا و دوای پتر لە ٣٥ساڵ هەرێم بۆتە سیستمێکی دەسەڵاتی حزبی چەسپاو. کە پارتی و یەکێتی تیایدا هەرێمیان بەسەر کایەیەکی کۆنتڕۆڵکراودا دابەشکردووە، ئاسایش و ئابووری و تەنانەت ژیانی ڕۆژانەش بە بارمتەی بەرژەوەندییە حزبییەکانەوە گیراوە. ئەم قۆرخکارییە ڕێگری لە سەرهەڵدانی بەدیلی سیاسی ڕاستەقینە کردووە. دەبینین بزووتنەوەکانی ئۆپۆزسیۆن تەنیا وەک ئامرازێکی کۆنترۆڵکراو تەحەمولیان لەگەڵ دەکرێن، نەک ئامانجی خۆیان، کە هەرگیز وەک هەڕەشەی ڕاستەقینە بۆ سەر دووانەی دەسەڵاتدار نەبوونە!

بەهۆی ئەم قۆرخکردنەی دەسەڵاتە، لەژێر سنوری دوو زۆن و دوو ڕەنگ و دوو چنک و دوو بنەماڵە ڕۆژ بەڕۆژ گەندەڵی زیاتر و زیاتر گەشە دەکات، دامەزراوەکان ئیفلیج بوونە و کۆمەڵگا لە سووڕێکی بێدەنگیدا گیری خواردووە. خەڵکی کوردستان شایەنی هەڵبژاردنێکی ئازادانەن، نەک چاوسوورکردنەوە و تۆقاندنیان، لەڕێگای هێزی چەکداری تایبەت.
خەڵکی کوردستان پێویستیان بە حکومەتێکی لێپرسراو هەیە و سەرجەم دامودەزگاکانیان بەتایبەت هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش و ئەمنیەت سەر بە میللەت بن، نەک بنەماڵە و هێزە تایبەتەکان.

ئەگەر هەرێمی کوردستان بیەوێت ئایندەیەکی دیموکراسی هەبێت، دەبێت لەم دیلێتییە دەیان ساڵە ڕزگاری بێت. دەسەڵات ناتوانێت بۆ هەمیشە موڵکی دوو حزب بمێنێتەوە. دەبێت بە زووی تێبگەن ٣٥ساڵ حکومڕانی زۆر زیاترە لە قودرەت و خوێندەواری ئەوان، کە شایستە بە ٣٥ڕۆژیش نەبوونە نەک ٣٥ساڵ…

مژدە نەورەس:

 

لێدوانێک بەجێ بهێلە