“كاریكاتێر تاوان نییە”
(دژ بە قەدەغەكردنی كێشانی كاریكاتێر لە شێروان شێروانی، لەگەڵمان بەشداربن)
مەسرور بارزانی لەپێناو بێدەنگكردن و دەستەمۆكردنی رۆژنامەنووس شێروان شێروانی، دادگا، هێزە ئەمنییەكان، میدیا و هەموو رێگایەكی نایاسایی و نائەخلاقی بەكارهێنا، بەڵام نەیتوانی بڕوا و ئیرادەی شێروانی بە ئازادی كاڵبكاتەوە، بۆیە ٢٤ی ئەم مانگە، لەو كاتەی شێروانی لەناو زیندانەوە خەریكی كێشانی كاریكاتێرێك دەبێت لەسەر مەسرور بارزانی و سیناریۆی نوێی حوكمدانی لە ١٩ی ئاب، ئیدارەی زیندانی چاكسازی دەچن كاریكاتێرەكە و كاغەز و قەڵەمەكەی لێدەستێنن و پێی دەڵێن “دروستكردنی كاریكاتێر لەسەر مەسرور لە رووی یاساییەوە رێگاپێدراو نییە و قەدەغەیە”. شێروانی پێیان دەڵێت “بەپێی چ یاسایەك دروستكردنی كاریكاتێر قەدەغەیە؟”. ئەوانیش جگەلەوەی كە بۆیان نەسەلمێندراوە، پێی دەڵێن “پێشێلكارییە و نابێت، رێنماییە و بۆمان هاتووە”.
لەساڵی ٢٠٢٣ رۆژنامەنووس شێروان شێروانی كاریكاتێرێكی لەسەر قەیران و شكستی كابینەكەی مەسرور بارزانی بەناوی “كابینەی قات و قڕی” دروستكرد، كە بووە هۆی توڕەكردنی بارزانی و خۆ ئامادەكردنی بۆ سیناریۆ و تۆڵەكردنەوەیەكی نوێ لە شێروانی.
قەدەغەكردنی كێشانی كاریكاتێر لەناو زیندان لە شێروان، لە كاتێكدایە مەسرور بارزانی لە چاوپێكەوتن و دەركەوتنەكانی لە تەلەفزیۆن دەڵێت “كێ هەرچی هەیە لەسەر من، بڵاویبكاتەوە و گەردنی ئازادبێت” بەڵام بەشێوەیەكی كرداری لەناو زیندانیش ترسیان لە دروستكردنی كاریكاتێر و رەخنەگرتن هەیە.
هاوكاتی گەیاندنی سڵاو و رێزی شێروان شێروانی بە ئێوەی ئازدیخواز و دژە ستەمكار، داواتان لێدەكەم وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ قەدەغەكردنی كێشانی كاریكاتێر لە شێروانی، هەمووتان جارێكی دیكە لەلای خۆتانەوە بە بەرفراوانی كاریكاتێری “كابینەی قات و قڕی” بڵاوبكەنەوە.
نیاز عەبدوڵڵا