Home ئەدەببەکر عەلی؛ خەباتکارێکی برسی لە پێناو تێرکردنی هەژاران سەری نایەوە

بەکر عەلی؛ خەباتکارێکی برسی لە پێناو تێرکردنی هەژاران سەری نایەوە

by Hawpshti Media
0 کۆمێنتەکان 89 بینینەکان

لە مێژووی گەلاندا کەسانێک هەن کە لە پێناو هەژاران و برسییەکاندا وەک مۆم دەسوتێن و گیانی خۆیان دەتوێننەوە بۆ ئەوەی ژیانی گەلەکەیان لەخۆشگوزەرانیدا بدرەوشێتەوە، لەناو گەلی کوردیشدا نموونەی ئەو مرۆڤە خەمخۆرانە زۆرن، یەکێک لەوانە بەکر عەلی شاعیرە.

بەکر عەلی شاعیرێکی گەنجی شاری سلێمانی بوو، لە گەڕەکی کانی ئاسکانی شارەکە لە دایکببوو و گەورە ببوو، گەنجێکی تازە هەڵکەوتووی خاوەن بەهرە برسییەتی و هەژاری گەمارۆی دابوو، هەژاری لەو ڕۆژگارەدا دوژمنە سەرسەختەکەی خەڵکی باشووری کوردستان بوو، بۆ بەکر عەلی شاعیر دووجار دووژمن بوو، جارێک خۆی لەگەڵ هەژار بەرەوڕوو بوو، جارێکیش لەپێناو خەڵکی نەدار و هەژار لە جەنگدابوو.

ئەم برسییەتی و هەژارییە بەکر عەلی کرد بە شاعیر و چالاکوان و خەمخۆری خەڵک، بۆیە کاتێک ئاهوناڵەى هەر نەدارێک لە شارەکەدا بهاتایە دەچوو بەدەمییەوە و هەموو شاری تێدەگەیاند کە ئەم هەژارە نابێت برسی بێت، ئەم خەمخۆرییە بەکر عەلی لەلای خەڵک خۆشەویست و نازدار کرد، ئیدی لەمەوە خەڵکی ناویان نا گوڵە سوورەکەی حامییە، کاتێک بێووچان بەرگریی لەو هاوڵاتییانە دەکرد کە دەسەڵاتی تازەی کوردی دەیانویست خانووەکانیان بڕووخێنن ئەو دەچووە بەردەم نووکی شۆفڵەکە و دەیوت بەسەر جەستەى مندا تێپەڕن.

١ـی ئایاری ساڵی ١٩٩٤ لە یاریگای سلێمانی یادی جەژنی کرێکاران دەکرێتەوە، بەکر عەلی وەکو نوێنەری خانووە قوڕەکانی حامییە قسە دەکات و بە بەرپرسان دەڵێت: “ئەگەر ناتوانن ژیانێکی گوڵینی وەکو ئەوەی خۆتان بۆ ئێمە دابین بکەن، لێمانگەڕێن لەو ژیانە قوڕینەی خۆماندا بەردەوامبین.”

ئەمڕۆ یادێکی ناخۆشە بۆ هەموو ئەوانەى یادەوەرییان لەگەڵ ئەو شاعیرە گەنج و خەمخۆرە هەیە، بۆ ئەوانەى کە ڕۆژگارێک شان بەشانی بەکر عەلی لەپێناو خەڵکی هەژار و نەداری شاری سلێمانی خەباتیان دەکرد، ئەمڕۆ ٣١ ساڵ بەسەر شەهیدبوونیدا تێپەڕ دەبێت، کەس ئەو شاعیرەى لەبیر نەکردووە تەنیا ئەوانە نەبێت کە دەستیان لە ڕشتنی خوێنیدا هەبوو.

بەکر عەلی شاعیر لە ١٩ـی حوزەیرانی ١٩٦٨ لە گەڕەکی کانی ئاسکانی شاری سلێمانی لەدایک بووە، تا پۆلی دووی ناوەندیی دەخوێنێت، بەڵام نەبوونى تەنگەتاوی دەکات، بۆیە ناتوانێت خوێندن تەواو بکات، بەڵام ئەو بە خوێندنەوەى پەرتووک و خۆڕۆشنبیرکردن، بەشداریکردن لە کۆڕ و کۆبوونەوە و کۆنفڕانسە ڕۆشنبیرییەکان خۆی پەروەردە دەکات و ناهێڵێت هەژاری و نەداری مێشک و خەیاڵی داگیر بکات، بۆیە دەبێتە ڕۆشنبیر و ڕەخنەگرێکی کاریگەر.

لە بواری ئەدەب و نووسینیشدا بەکر عەلی ئەسپی خۆی تاودابوو، لەو ڕۆژگارەدا چەند شیعر و دەقی شانۆی نووسیوە، یەکەم نامیلکە شیعری بەناوی (ئەو شەوانەی لە پرچەکانت ڕەشترن بوو) کە لە ١٦ دەقی شیعری پێکهاتووە، هەروەها لە دەقی شانۆییشدا دەستێکی باڵای هەبوو و یەکەمین دەقی بەناوی “تریشقەکان” بوو، کە لە هەڵەبجە پێش دوو مانگ لە شەهیدکردنی نووسی و پێشکەشکرا، دوای شەهیدکردنیشی چەند دانە شیعرێکی تری بڵاوکرایەوە.

ڕەخنە بەهێز و کاریگەرەکانى بەکر عەلی کە لە پێناوی خەڵکدا بوون، دەسەڵاتدارانی سلێمانی ناڕەحەت کردبوو، ئاخر ئەوان تازە دەسەڵاتیی شاریان گرتبووە دەست لەگەڵ ڕەخنە ڕانەهاتبوون، بۆیە بەکر عەلی هەر ڕەخنەیەکی دەگرت لە چۆنییەتى بەڕێوەبردن و سیستەمەکە نامەیەکی هەڕەشەی بۆ دەچوو، بەڵام هیچ کات ئەو دەستی لە هەڵوێستەکانی هەڵنەدەگرت، تا ڕۆژێک ئاسایشی سلێمانی دەدەن بەسەریدا و دەستگیری دەکەن، هەفتەیەک دەیخەنە زیندانەوە، لەبری هەر ڕەخنەیەک گرتوویەتى ئازار و ئەشکەنجەی دەدەن.

شعرەکانی بەکر عەلی دوای شەهیدبوونی بوون بە پەرتووکێک، لەگەڵ بەشێک لە یادەوەرییەکانی، بەڵام وەزارەتی ڕۆشنبیری ژمارەی سپاردنی نەدا بە پەرتووکەکە، بە بیانووی ئەوەی ناوزڕاندنی تیایە، تا ئێستاش هیچ کەس و لایەنێک لەسەر ئەو تاوانە سزا نەدراوە و دادگا کەیسەکەی لەبیر بردووەتەوە.

بەکر عەلی شاعیر لە یەکێک لە یاداشتەکانیدا نووسیویەتی “لای من کەوتنی مرۆڤێک، بەقەد بەربوونەوەی ئەستێرەیەک سەرنجڕاکیشە، تەنانەت هەرئەم هەستەش بوو وای لێکردم بەو پەڕی پەستی و بێ ئارامییەوە بڵێم؛ با شەقامەکان بە گوڵ سوور کەین، نەک بە خوێن.”

بەکر عەلی لە سەردەمی بەعسدا دوو جار دەستگیرکراوە، دوو برای شەهید کراون، دایک و باوکی و خوشکێکی دەستگیرکراون لەسەر چالاکییەکانی ئەو، دوای ڕاپەڕینیش خۆی لەلایەن دەسەڵاتی کوردییەوە دەستگیرکراوە.

لە کۆتایی مانگی ئابی ساڵی ١٩٩٤ کاتێک پارێزگاری ئەوکاتی سلێمانی بڕیاریدابوو لە ڕۆژی ١ـی ئەیلوولدا خانووە قوڕەکان بڕوخێنێت، بەڵام بەکر عەلی لە ١ـی ئەیلوول خۆپیشاندانێکی فراوانی سازکرد و خەڵکی حامییەی بردە بەردەم باڵەخانەی پارێزگا، لە گەرمەی خۆپیشاندانەکەدا، هێزە ئەمنییەکان تەقە دەکەن و ئەفسەرێکی ئاسایش دوای بەکر عەلی دەکەوێت و لای باخی گشتی سلێمانی بە برینداری دەستگیری دەکات و دوو فیشەک بە دەمییەوە دەنێت و شەهیدی دەکات.

بە هۆی سەروەر نەبوونی یاسا لە هەرێمی کوردستان و دەستێوەردانەکانی حزبەوە، بکەرانی کردەوە تیرۆرییەکان وەک بەرزەکی بانان بۆی دەردەچن و کەس لێپرسینەوەیان لەگەڵ ناکرێت، بەڵام ئەو ئەفسەرە چەند مانگێک دوای ئەو ڕووداوە لە شەڕی ناوخۆدا کوژرا، دوو ڕۆژ دوای شەهیدبوونی بەکر عەلی، پیاوێک لە دانیشتوانی خانووە قوڕەکان لە برسان گیانی لەدەستدا، کەمتر لە ساڵێک دوای شەهیدبوونی بەکر عەلی، دایکی لە خەفەتی ئەودا جەڵتەی دڵ لێیدا و کۆچی دوایی کرد.

سەرچاوە:رۆژنیوز

 

لێدوانێک بەجێ بهێلە