Home ئەدەبچوومەوە نیشتمان

چوومەوە نیشتمان

by Hawpshti Media
0 کۆمێنتەکان 112 بینینەکان

دەق: ڕۆزا حەمە ساڵح

———

چوومەوە نیشتمان

لەبەردەم هەر دووکانێک

لەناو هەر کۆڵانێک

لە سێبەری هەر دیوارێک

لەسەر درێژرایی هەر شەقامێک

هەژارێکم دەدی

یان

مرۆڤێکی بێ هەست و ڕۆح

بە ناویدا تێدەپەری!

نە نیگایەکی جوان

نە تروسکەیەک هیوا

بە ڕوخسارەکانەوە نەدەبینرا.



لەسەر شەقامێک، ژنێکی بەساڵاچوو

لەسەر لەتە بلۆکێک دانیشتبوو

خەم سەرتاپای تەنی بوو

هەنێک پەڵپینەی لەبەردم خویدا دانابوو

پڕ بە گەروی هاواری دەکرد:

کیلۆی بە هەزار

بێدەنگ لەبەردەمیدا

ڕاوەستام

تاسام و لێی ڕامام

لەناخەوە بۆی دەکوڵام

ژنە خۆی بۆ ڕانەگیرا و

بەنیگایەکی پڕ لە ئاهەوە

پێیگوتم:

ئا ژنەکە، ژنەکە

تخوا کیلۆیەک پەڵپینەم لێبکرە.

کیلۆیەک پەڵپینەم لێکڕی و

ئەوەی پێم بوو لە پارە پێمدا

ئەو دڵخۆش بوو،

من تا هەنوکە تاساو.



لەناو کۆڵانێک

دوو پیاو

تەمەنیان لە سەروو

شەست ساڵ دەبوو

لە پشتەوە و

بە ڕاکردن بەدووم کەوتن

من ترسام

ئەوان لە تاو ئەوەی من خێراتر نەڕۆم

بە هاوارێکی

پڕ لە ماندوویی

بە شەرەمەزارییەکەوە

گوتیان:

خوشکم

خوشکم، ڕاوەستە

خۆیان ناساند،

دوو کرێکار

خاوەن ماڵ و منداڵ

بێ ئیش وکار

ڕۆژانە تا درەنگانێک

لە چاوەڕوانی کەسێدا دەوەستان

تا بینانبات بۆ سەرکار،

بەڵام

خاوەن کار

ستەمکار

بە هۆی هەڵکشانی تەمەنیانەوە

ئیشی پێ نە ئەدان.

ئەوەی لەناو جزدانەکەم بوو

دەرمهێنا و پێمدان.

لەنیو خۆیاندا دابەشی دوو کرا.

ئەوان دڵخۆش بوون و

من تا ئێستاکە تاساو.



لە سێبەری دیوارێک

کچێکی منداڵ

هێندە بچووک

هێندە لاواز

ڕەش داگەڕاو

بە نیگایەکی شیرینەوە

پێیگوتم:

دادە

دادە

کلێنسێکم

لێبکڕە.

سێ دانەم لێکڕی و

هەندێک پارەم

پێدا.

ئەو دڵخۆش بوو،

من تا هەنوکە تاساو.



لەسەرشەقامێک

گەنجێکی

خێر لە خۆ نەدیوو

دڵ شکاو

لەبەردەم جامی تۆمبێلەکەم

ڕاوەستا

چەند گوڵێکی سوری

خستە بەر نیگام

بە هێمنی

پێیگوتم:

خاتون، خاتون

گوڵێکم لێبکرە

گڵۆپی سەوزی تڕافیکلایتەکە هەڵبوو

بە پەلە

جوار گوڵم لێکڕی

ئەو دڵخۆش بوو

من تا ئێستاکە تاساو.

لێدوانێک بەجێ بهێلە