56
«ترس؛ بناغەی دامەزراندنی هەموو ڕژێمە تۆتالیتارییەکانە، بەڵام لە کۆتاییدا کۆمەڵگە و دەسەڵات پێکەوە وێران دەکات»
دەمەوێ بەو ناونیشانەی سەرەوە، «هەرێمی ترس»، کتێبە بەناوبانگەکەی کەنعان مەکییە «کۆماری ترس» دژ بە رژێمی ڕوخاوی بەعس بیری دەسەڵاتدارانی هەرێم بهێنمەوە، ئەو کۆمارەکەی صەدام حسێنی بە کۆماری ترس و تۆقاندن چواند، کتێبێک کە رۆڵێکی گەورە و کاریگەری هەبوو لە ناساندنی روخساری دڕاندانە و تۆتالیتاریانەی حزبی بەعس بە دونیا.
ئاشتی کۆمەڵایەتی، ئارامی شار و دڵنیایی هاوڵاتی، لە جەنگی کراوەدا مەترسی ناکەوێتەسەر هێندەی لەوەدا مەترسی دێتە سەر کە چەک لە هەموو وردەکارییەکانی ژیانی رۆژانەی خەڵکدا خۆی نمایش بکات و ئامادەیی هەبێت، ئەمە دروست ئەو واقعەیە کە ئێستا لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا بەبێ جیاوازی بوونی هەیە.
ئاشتی کۆمەڵایەتی لەناکاو و بەجارێک داناڕوخێ، بەڵکو لە ژێر کاریگەری گوللە و چەکدا کە بەبەردەوامی دەبنە هەڕەشە لەسەر ژیانی سیاسیی و مەدەنی توشی داخورانێکی لەسەرخۆ دێت تا دەگاتە داڕوخانی تەواوەتی.
گروپە چەکدارە میلیشیاییەکان ترس وەک بەدیلی یاسا بڵاو دەکەنەوە، بە تۆقاندنیش حوکم دەکەن نەک شەرعییەت، ئەوەشیان دیسان دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستانە.
بەسەربازیکردنی ژیانی مەدەنی سنورێک لە نێوان کایەی گشتی و مەیدانی شەڕدا ناهێڵێتەوە، لەم هەرێمەدا چەکداری بێ دسپلین ئەگەر لە بە گوللە نەتکوژێ لەسەر شەقامەکاندا بە لێخوڕینی نایاسایی و پڕ ڕیسکی سەیارەکەی باکی بە ژیانت نییە.
بوونی ئەو هەموو هێزە میلیشیاییە بە تەواوەتی فکرەی هاوڵاتیبونی لەگۆڕناوە و مرۆڤی لەم هەرێمەدا کردۆتە بارمتەی ترس و تۆقاندن.
شەرعیەت و میلیشیا پێکەوە کۆنابنەوە، تۆ یان هەرێمێکت هەیە کە حوکمی دامەزراوەیی تێدایە، یان هەرێمێک کە بە لولەی چەک حوکمی دەکەیت، تاکە یەک دامەزراوەی شەرعیمان نییە لەم هەرێمەدا کە بنەما یاساییەکانی، رۆڵ و کاریگەری، پێگە و پەسەندێتی ساغڵەم بێت، کەچی دەیان جۆر چەکدار و میلیشیامان هەیە کە ژیانی مرۆڤ وەک یاری و ئارامی شار وەک پلەی ستەیشن سەیر دەکەن.
دیموکراتیەت لە سێبەری چەکدا دەبێتە نمایشێکی شکڵی، هەڵبژاردنێک کە بەبێ ئیرادەی ئازاد بەرێوەدەچێت، پەرلەمانيکیش بەبێ ئەوەی بتوانێ داکۆکی پێ لە خودی خۆیشی بکرێ! لێرەوە و هەتا ئەم دۆخە ئاوا بمێنیتەوە من تا سەر ئێسقان دژی ئەو دیموکراسییە شکڵیەم و گاڵتەشم بەو جۆرە لە هەڵبژاردن دێت کە لە ئێستاوە هیچ بەهایەکی ململانێی یەکسانی تێدا نەماوە.
ئەوەی داکۆکی لەمجۆرە مۆدێلە سیاسییە بکات و هەوڵبدات بەشێک بێت لەو یاسا و رێسایەی کە چەک تێیدا شەرعیەتی یەکەم و کۆتاییە بەبێ شک خزمەت بە دەسەڵاتی میلیشیایی دەکات و کەڤەرێکی نائەخلاقیش دەکات بەبەر ئەو شانۆ موزەییەفەی بەناوی دیموکراسی و هەڵبژاردنەوە دەکرێت! جاری تریش گوتوومە کە رێساکانی دەسەڵاتت بۆ هەڵبژاردن و پەرلەمان بە دڵ بوو و پەسەندت کرد، گلەیی مەکە هەمان دەسەڵات چۆن حکومەت و دادگا لەدژت بەکاربهێنێت.
هەرێمێک کە پاش ساڵانێکی زۆر خەبات و ڕووبارێک خوێن وەک کیانێکی دەستوری بۆ گەلێکی بێ دەوڵەت وەک دەرفەتێکی مێژوویی بێوێنە ڕەخسا، لەبری پاراستنی، بەهێزکردنی، تۆکمەکردنی.. لە هەموو ڕویەکەوە خەریکی وێرانکاری و بەدکارین تێیدا، نەوتەکەی دەدزن، داهاتەکەی دەدزن، ئەمن و ئاسایشەکەی دەدزن، زەوی و بەرزایی و چیا و گرد و دۆڵەکانی دەدزن، هەرچی سامانی سەرزەوی و ژێر زەوی هەیە، هەموو شتێکی دەدزن، تەنانەت خەون و هیوای گەنج و لاوەکانیشی دەدزن. ئێمە چەند نەوەیەکی بەدبەخت بووین، کە ئەو هەموو بەدکارییەمان بینی کە دەسەڵاتداری کورد خۆی بەسەر نەتەوەکەی خۆیدا هێناویەتی، لانیکەم پێش خۆمان دەیانگوت دوژمن و بەعس و کێ و کێیە، بەڵام بکەرانی شەرانگێزی ناو دەسەڵاتی ئەمڕۆی هەرێم؛ کوردن،و دژی خاک و نەتەوەی خۆیان ئەوەی خوا پێی ناخۆشە کردویانە و دەیکەن.
ناشیرنترین و دزێوترین درۆ ئەوەیە کەسانێک هەبن بڵێن «بە چەک دیموکراسی دەپارێزین»، بە چەک هەرگیز دیموکراسی ناپارێزرێ بەڵکو چەک دیموکراسی دەکاتە بارمتە، هەر ئەوەشە وایکردووە لەم هەرێمەدا دیموکراسی لە سیستمی حوکمڕانییەوە ببێت بە ئامرازێک بۆ زاڵبوون و خۆسەپاندن، ببێتە کەڤەرێک بۆ خولقاندنی هەرێمێک لە ترس!
ئەم قسەیەم پێش هەمووان ڕووی لە خۆمە، لە هەرێمێکدا کە چەک بریار دەربێت، گوللە دەنگی لە هەموان بەرزتر بێت، ئێمە قسەی چی دەکەین و چی دەنوسین و بەتەمای چین؟! لە هەرێمێکدا؛ هێزی سەربازی دادوەر بێت، ئایا نوسین چ قیمەتێکی هەیە؟! وشە کە ئاوێزانی ترس بوو، دێر کە زنجیری زیندانی لە تەنیشت خۆیەوە بینی، باوەڕهێنان بە کاريگەری وشە بە ئازادی ڕادەربرین و رۆژنامەوانی وەهمە، خۆ خەڵەتاندنە، خەڵک خەڵەتاندنە. ئایا ئەوەی دەیڵێم بێ هیوابوونە یان خۆ تەکاندنە لە هیوای موزەییەف؟! بێگومان دووەمیانە.
بۆ دەرچوون لەم دۆخە چەقبوستووە، لەم هەموو شکست و مەینەتییە، دەبێ روخساری خۆمان و هەموو سەردەمەکە بە قوڕی سور بشۆین وەگەرنا وەک ئێستا بمێنێتەوە پڕ بەمانای وشە گڵاوە.
ئەم هەرێمە نغرۆ ببێ، بڕوا و لەدەست بچێ، بەرپرسیارێتی هەمووانی کەم و زۆر تێدایە، بەڵام لە هەموو کەس زیاتر و لە هەمووان تۆختر یەخەی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی دەگرێتەوە، ئەمەش هۆشدارییەکی دڵسۆزانەیە ڕوو بە کەسی یەکەمی پارتی و یەکێتی، پێش ئەوەی دۆخەکە بگاتە خاڵی نەگەڕانەوە؛

هانا ئارێنت

بە تێڕوانینی من ئەمەی خوارەوە پوختەی دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستانە لە چەند رەهەندێکی جیاوازەوە:













«ئاغای بارزانی، ئاغای تاڵەبانی؛ ئەم هەرێمە چیتر بەم مۆدێلە لە زەبر و زەنگ لە ترس و تۆقاندن ئیدارە نادرێ، هەرچییەک بەسەر ئەم هەرێمە بێت لە خێر و لە شەڕ کەس وەک ئێوە بەرپرسیار نییە و کەسیش وەک ئێوە لە بەردەم خوا و نەتەوەی کورد و مێژوودا بەرپرسیار نابێت.»
هۆشیار عەبدوڵا