Home ڕاگەیاندنی رۆژنامەوانیمیترۆ: کەیسی تەقەکردن لە هێمن مامەند بە نێودەوڵەتیی دەکەین

میترۆ: کەیسی تەقەکردن لە هێمن مامەند بە نێودەوڵەتیی دەکەین

by Hawpshti Media
0 کۆمێنتەکان 54 بینینەکان

لەبارەی تەقەکردن لە ڕۆژنامەنووس هێمن مامەندەوە، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ دەڵێت: کەیسەکە بە دۆکیۆمێنت دەکەین و ناوەندە جیهانییەکان، کونسوڵخانە و نوێنەرایەتی وڵاتانی لێ ئاگادار دەکەینەوە، دەشڵێت؛ ئەگەر بکەرانی ئەو ڕووداوە  ئاشکرا نەکرێت  گومان درووست دەبێت لەسەر ئەوەی ویستێک نییە بۆ دۆزینەوە و ئاشکراکردنی ئەو تاوانە.

شەوی ٢ـی ئەیلوول، لە گەڕەکی عەقاری شاری سلێمانی، ڕۆژنامەنووس و چالاکوان هێمن مامەند، لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە هەوڵی تیرۆرکردنی درا و دوو فیشەکی پێوەنرا، لەو بارەیەوە دیاری محەمەد بەڕیوەبەری سەنتەری میترۆ بۆ ڕۆژنیوز دوا.

دیاری محەمەد وتی: تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد و ئەو کەسانەی بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەگرانەیان هەیە لە ناو کۆمەڵگەدا تیرۆرکردنێکی دیارە و دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لایەنی بەرامبەر بیر و بۆچوونی جیاوازیان پێ قبووڵ ناکرێت، بۆیە پەنادەبەنە بەر تیرۆر و کپکردنی دەنگە ئازادەکان.

دەشڵێت: دەکرێت بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی لە پشت ئەم کارە تیرۆرستییەوەن بپرسین کێ سودمەند دەبێت لە تیرۆرکردنی هێمن مامەند، بۆیە ئێمە ڕوومان لە دەزگا ئەمنییەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە بەزووترین کات بێنە سەرخەت و بکەران دەستگیربکەن.

ئاماژەی بەوەشدا لەسەرەتای ڕووداوەکەوە تاوەکوو ئێستا لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان لە پەیوەندیداین و بەڵێنیان پێداوین کاری جدی بکەن بۆ ئاشکراکردنی بکەرانی ئەم تاوانە کە بەداخەوە تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک دەستگیر نەکراوە.

هەروەها بەرپرسی سەنتەری میترۆ وتیشی: ئەگەر بکەرانی ئەو ڕووداوە ئاشکرا نەکريت گومان درووست دەبێت لەسەر ئەوەی ویستێک نییە بۆ دۆزینەوە و ئاشکراکردنی ئەو تاوانە چونکە ئەو ناوچەیە دەیان کامێرای چاودێری لێیە دەکرێت سودی لێوەربگیرێت، لە ڕابردووشدا هێزە ئەمنییەکان سەلماندوویانە دەیان تۆڕی تیرۆرستی و نهێنییان بۆ ئەنجامدانی کردەوە تیرۆرستییەکان دەستگیر کردووە، بۆیە ئاشکراکردنی ئەم جۆرە تاوانانە زۆر سادەترن و دەکرێت بە زووترین کات ئاشکرا بکرێت

لەکۆتایشدا ڕایگەیاند، ئەگەر بکەرانی ئاشکرا نەکرێت ئێمە وەک سەنتەری میترۆ کەیسەکان بە دۆکیۆمێنت دەکەین و ناوەندە جیهانییەکان کونسوڵخانە و نوێنەرایەتی وڵاتانی لێ ئاگادار دەکەینەوە و فشارەکانمان لە ڕێگەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە زیاتر دەکەین، تا ئەوکاتەی بە ئەرکی خۆیان هەڵدەستن و بکەرانی ئەم تاوانە ئاشکرا دەکەن.

لێدوانێک بەجێ بهێلە