بەتوندی ئیدانەی ئەو هێرشە تیرۆرستییەی سەر ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی مەدەنی “هێمن مامەند” دەکەین
ئێمە بە توندترین شێوە ئیدانەی ئەو هێرشە تیرۆریستیە دەکەین کە ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی مەدەنی “هێمن مامەند”ی کردە ئامانج.
ئەمڕۆ لە گەڕەکی عەقاری شاری سلێمانی تەققە و دەسترێژی گوللە لە ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی مەدەنی “هێمن مامەند” کرا و بەسەختی بریندار کرا. لە ئەنجامی ئەو هەوڵە تیرۆرستییەدا، دوو فیشەک بەر جەستەی هێمن مامەند کەوتووە، فیشەکێک بەر قۆڵی و فیشەکێک بەر کەمەری کەوتووە. ئیتر هەوڵ و ئامانج ئەوەیە کوردستان بکەن بە جەهەننەمی ڕۆژنامەنووسان و ئازادیخوازانی کوردستان. ئەم کارە قێزەونە تەنها هێرشکردنە سەر تاکێک نییە، بەڵکو هێرشکردنە بۆ سەر ئازادیی ڕادەربڕین و سەرجەم خەڵکی کوردستان. ڕەوشەکە بە جۆرێک ئارایش دراوە، ژیانی هیچ کەسێک پارێزراو و سەلامەت نییە.
ڕۆژنامەنووسان و تێکۆشەرانی وەک هێمن مامەند بەرجەستەی ئەو ئازایەتیە دەکەن، کە ڕاستییەکان بە خەڵک بڵێن، نادادپەروەری و گەندەڵی ئاشکرا بکەن. خەبات و بەرەنگاربوونەوە لەبەرامبەر ستەم و چەوسانەوە بکەنە نەریتی شۆڕشگێرانە، بۆ ڕزگاری و بنیاتنانی دونیایەکی باشتر و کوردستانێکی باشتر. بێدەنگکردنیان لە ڕێگەی توندوتیژیەوە هەوڵێکە بۆ بێدەنگکردنی دەنگی کۆمەڵگەی کوردستان. هەوڵێکی ئامانجدارانەیە بۆ ترساندنی دەنگی ئازاد و ئازادیخوازانی کوردستان و ناردنی پەیامی ترسە بۆ هەموو ئەوانەی بەرگری لە ڕاستی و دادپەروەری دەکەن.
لە بەرامبەر ئەو جۆرە توندوتیژیانەدا، پێویستە بەردەوام بین لە گرنگترین پرسیار لەسەر ئەوەی کێ لە ئەنجامی ئەو کارە تیرۆرستیانەیە سودمەندە؟ کێ سوودمەندە لە تیرۆرکردنی چالاکوان و ڕۆژنامەوان و خەڵکی ناڕازی کوردستان؟ کێ قازانج لە ترساندنی ئەو کەسانە دەبینێ کە ئازایانە و بوێرانە قسە دەکەن؟ کێ بە فیشەک و گوللە وەڵامی ڕەخنەگران دەداتەوە؟
سودمەند ئەوانەن کە لە ڕاستی دەترسن، ئەوانەی هەوڵی لاوازکردنی دەنگی ئازاد دەدەن و ئەوانەن کە دەیانەوێت ئەو دەنگانە بێدەنگ بکەن، کە گەندەڵی و نادادپەروەری و سەرکوتکردن ئاشکرا دەکەن. سودمەند ئەوانەن دەیانەوێ بێمافی بەسەر کۆمەڵگای کوردستان بکەن بە یاسا و دەستور. سودمەند ئەوانەن هەموو سەروەت و سامانی کوردستان بە تاڵانی و مافیایی لەسەر خۆیان تاپۆ دەکەن. سودمەند ئەوانەن ئەو بارودۆخ و ڕەوشە نالەبارەیان دروستکردووە.
نابێ تەحەمولی ئەم جۆرە کردەوە سەرکوتگەرانە و تیرۆرستانە بکرێ. ئەو فیشەکانەی بەر هێمن مامەند کەوت ئامانجی هەموو کوردستانە، ئیرادەی هاوڵاتیانی کوردستان بۆ خەباتکردن بۆ مافەکانییان قووڵتر دەکاتەوە.
بانگەواز دەکەین بۆ:
• لێکۆڵینەوەیەکی بە پەلەی سەربەخۆ و شەفاف بۆ ئەم تاوانە تیرۆرستییە.
• دەبێت بکەرانی هێرشەکە و هاوکارانیان ئاشکرا بکرێن.
• دادگاییکردنی تاوانباران و ئەوانەی لە پشتیانەوەن.
• گەرەنتی پاراستنی ڕاستەقینە بۆ ڕۆژنامەنوسان، چالاکوانان، و هاوڵاتییان کە بوێرن دەنگیان بەرز بکەنەوە.
• وە بەرگریکردن لە ئازادی دەربڕین وەک بەردی بناغەی داهاتووی کوردستان.
ئێمە بە هاوسۆزی تەواو لەگەڵ “هێمن مامەند ” و بنەماڵەکەی، و هەموو داکۆکیکارانی ئازادی لە کوردستان وەستاوین. ڕایدەگەیەنین کە “ئازادی ڕادەربڕین جێگەی دانوستان نییە”. هەوڵدان بۆ کوشتنی ڕۆژنامەنووس، هێرشکردنە بۆ سەر هەموو کۆمەڵگای کوردستان و مافە سەرەتاییەکان. چونکە بەبێ دەنگە ئازادەکان، دادپەروەری و ماف و ژیانی ڕاستەقینە بوونی نییە. دەنگی هێمن مامەند بێدەنگ نابێت. خەباتی ئەو لە دڵی هەموو ئەوانەی پێیان وایە خوشگوزەرانی و مافەکانی خەڵک لە ڕێگای خەبات و ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی لە کۆمەڵگای کوردستان بەدەست دێت بەردەوامە.
بژی ئازادی دەربڕین
مەرگ و ریسوایی بۆ سەرکوتگەران و تیرۆرستان
ڕێکخراوی سەردەشت عوسمان بۆ داکۆکی لە ئازادی
2025-09-02