ڕزگار عومەر:
“ئازاد تۆفیق” کەسیاسەتمەدارێکی یەکێک لە حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستانە دەڵێت “لە تاکێکەو کە یەك دیناری لە گیرفاندایە تا ئەوەی ملیۆنێک دۆلاری هەیە، ئەرکی نیشتمانیی لەسەرە”
ڕەنگە لە یەکەم نیگادا ئەم لێدوانە وەك بانگەوازێك بۆ یەکڕیزی و بەرپرسیارێتی بێتە بەرچاو. بەڵام بێ ئەوەی مەبەستی بێت دژایەتییە قووڵەکانی سیستەمێک ئاشکرا دەکات کە لە ساڵی ١٩٩١ەوە حوکمڕانی هەرێمی کوردستانی کردووە، ئەگەر بەڕاستی تاقیکردنەوەی “ئەرکی نیشتمانی” گشتگیر بووبێت، بۆچی ژمارەی ئەو هاووڵاتیانەی کە جگە لە یەک دینار لە گیرفانی خۆیاندا هیچی تریان نییە، بەردەوام لە بەرزبوونەوەدا بووە؟ لە کاتێکدا ژمارەی ملیۆنێرەکان؛ کە زۆربەیان سیاسەتمەدارن یان ئەوانەی نزیکن لە دەسەڵاتی سیاسی وەکو توێژی مشەخۆر زیادی کردووە؟ نوخبەی دەسەڵاتدار داوا لە خەڵک دەکەن قوربانی بدات، بەڵام ئەوە خەڵکە باجەکەی داوە، لە کاتێکدا نوخبە بەردەوامن لە کەڵەکەکردنی سامان، لێرەدا “دروشم ووتنەوە” وەکو گوڵاو کردنی جەستەی مردووە.
لە ماوەی حوکمڕانی حیزبە دەسەڵاتدارە کوردییەکان نەک وەک “پارێزەری کۆمەڵگا” بەڵکو وەک پارێزەری “ئیمتیازات”ی خۆیان چەسپاندووە. لەبری ئەوەی دامەزراوەی سەقامگیر و ئابوورییەکی شەفاف و دەرفەت بۆ هەمووان دابین بکەن، سیستەمێکیان پەروەردە کردووە کە تێیدا دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەکان بە دڵسۆزی و پەیوەندییە سیاسییەکان دیاری دەکرێت. ئەنجامەکەی دیارە: بازنەیەکی بچووکی سیاسەتمەداران و لایەنە پەیوەندیدارەکانیان وەک ملیۆنێر دەژین، لە کاتێکدا زۆرینەی هاوڵاتیان لەگەڵ بێکاری و کەمکاری و بارگرانی خنکێنەری مانەوەی ڕۆژانەدا دەجەنگن.
ئەم حزبانە چیتر لە ڕێگەی”ئەدای سیاسی” خۆیانەوە خاوەنی شەرعیەت نین. حوکمڕانیان نەیتوانیوە ئاسایش، دادپەروەری، یان خۆشگوزەرانی بگەیەنێتە زۆرینەی دانیشتووان. بەڵکو هەوڵ دەدەن ئەم بۆشاییە بە “دروشم” پڕ بکەنەوە، دەستەواژەی پووچ کە لە یۆتۆپیایەکی ناسیۆنالیستی وەرگیراون کە دەمێکە “متمانە” لەدەستداوە. ڕەنگە ئەم جۆرە قسەکردنە بۆ ساتێک شکستەکانی حوکمڕانی پینەبکات لەلایەن ژمارەیەکی زۆر کەم لە هاوڵاتیان، بەڵام ناتوانێت ئەو ژینە تاڵە ڕەنگڕێژ بکات کە مرۆڤەکان ڕۆژانە جارێك دەمرن وجارێك دەژین.
ئەم دروشمسازیە بەتاڵ بوونەکەی خەستر دەبێت کاتێک مرۆڤ بەراوردی گەنجانی کوردستان بکات. ئەوان گەورەترین چینی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگا پێکدەهێنن، بەڵام بەرزترین ئاستی بێکاریش لە نێو ئەواندایە. لەنێو ئەوگەنجانەدا زۆرینەیان ئەوانەن کە “خاوەنی یەک هەزار دینارن”، ئەمانە ئەوانەن؛ ئەو کوڕو کچە گەنجانەی کە بڕیارە قورسایی “داهاتووی کۆمەڵگا لەسەر شانیان هەڵبگرن” بەڵام پایەکانی پشتگیری کۆمەڵایەتی بنیاتنانی داهاتووی کۆمەڵگایان لە دەست زەوتکراوە.
سیستەمی ئێستا لەبری ئەوەی ڕێڕەو بۆ داهێنان و دامەزراندن و جووڵەی کۆمەڵایەتی دروست بکات، گەنجان ناچار دەکات کۆچ بکەن، کارێکی کەم مووچە قبوڵ بکەن، یان لە بێزاریدا بێکار بمێننەوە. هاوکات ئەو سیاسەتمەدارانەی کە باس لە “ئەرکی نیشتمانی” دەکەن، منداڵەکانیان دەنێرن بۆ دەرەوەی وڵات بۆ خوێندن و ژیان و وەبەرهێنان لە وڵاتانی سەلامەتتر و دەوڵەمەندتر. بۆ گەنجانی نێوخۆی کوردستان، “دروشمی دینارێک” تەنیا دروشم نیە، چەمکێکی ئەبستراکت نییە، ئەوە حاڵی واقیعی گیرفان و برسێتی و بێکاری و بەڵێنە شکاوەکان، کە بەوان دراوە، لەبەر ئەوە جوینەوەو کاوێژکردنەوەی دروشم بەتاڵ، دادی ئەم نادادوەریە نادات.
یەکسانیکردنی ئەرکی هاوڵاتییەک کە خاوەنی یەک دینارە لەگەڵ سیاسەتمەدارێک کە خاوەنی ملیۆنان دۆلارە، نەک هەر ناڕەوا نییە، بەڵکو لە ڕووی “ئەخلاقییەوە تەواو گەندەڵە”. ئەرکی نەتەوەیی بە هەمان شێوە بۆ کەسانی بێدەسەڵات و زلهێز ناپێورێت. بۆ هەژاران بارگرانی قوربانیدان، زۆرجار بە بێدەنگی داوای دەکرێت. بۆ نوخبەی دەوڵەمەند، دەبێتە نمایشێکی پووچ، دروشمێک کە لە وتارەکاندا دەوترێتەوە لە کاتێکدا شێوازی ژیانیان بە دەست لێنەدراوی درێژەی هەیە.
ئەم “یەکسانییە درۆینەیە” ڕستەیەکی دووبارەی فریودەرە، بەڵام خۆشبەختانە بێ کاریگەریە. لە مامەڵە لە گەڵ ووتنەوەی ئەم دروشمانەدا؛ ئەو هەستە قووڵتر دەبێ کە سیاسەت لە کوردستاندا چیتر پەیوەندی بە “خزمەتەوە” نییە، بەڵکو پەیوەندی بە مانەوە و دەوڵەمەندکردنی چەند کەسێکەوە هەیە. کاتێک سەرکردەکان داوا لە هەژاران دەکەن هەمان “ئەرک”ی دەوڵەمەندەکان هەڵبگرن، لە ڕاستیدا داوای ئەوە دەکەن کە “شکستەکانی سیستەمەکە” لەسەر پشتیان هەڵبگرن.
ئەگەر کوردستان بیەوێت لەو دروشمە کونانە تێپەڕێت، دەبێت بە چارەسەرکردنی سەرچاوە ڕاستەقینەکانی نایەکسانی دەستپێبکات. دەبێ بگەینە ڕۆژگارێك: کە لێپرسینەوە لە دەیان ئەم دەسەڵاتە بکرێت و دەنگی گەنجان وەکو گەورەترین و بێمافیترین چینی کۆمەڵگە بخرێتە چەقی ژیانی سیاسییەوە. ئەگینا بۆشایی نێوان “دینار” و “ملیۆن دۆلار” نەک هەر دەمێنێتەوە، بەڵکو فراوانتر دەبێت بۆ دابەشبوونێکی هەمیشەیی کە خودی بیرۆکەی “ئەرکی هاوبەشی نیشتمانی” بەشێواوی دەمێنێتەوە.
ماوەیەکی زۆرە داوا لە خەڵکی کوردستان دەکرێت کە باوەڕیان بەو دروشمانە هەبێت کە داوای قوربانیدان دەکەن بەبێ ئەوەی هیچ “ئومێدێك” لە باشترکردنی ژیانیان پێشکەش بکرێت. کاتی ئەوە هاتووە کە “دروشمی دینارێک” و “دروشمی ملیۆنێک دۆلار” بگۆڕین بە سیاسەتی حەقیقەت و دادپەروەری و بەرپرسیارێتی. تەنیا ئەو کاتە “ئەرکی نەتەوەیی” دەتوانێت زیاتر لە ئامرازێکی دروشمسازی چەند کەسێک و حیزبێکی ئیمتیازدار بهێنرێتە دەرەوە، بە پێچەوانەوەش سەرەکیترین “ئەرکی نیشتیمانی” بریتیە لە هەڵوەشاندنەوەی ئەو سیستەمەی کە ڕۆژانە مرۆڤی خاوەن یەك دیناری زیاد دەکات!
دروشمی یەك دیناری و دروشمی ملیۆنێک دۆلاری!
74