Home بیروڕالوتکەی شەنگەهای روخسارو ناوەرۆکی نوێی جەمسەرە جیهانیەکان!

لوتکەی شەنگەهای روخسارو ناوەرۆکی نوێی جەمسەرە جیهانیەکان!

by admin
0 کۆمێنتەکان 37 بینینەکان

نوری بەشیر:     
لوتکەی ڕێکخراوی هاوکاری شەنگەهای کە لە شاری تیانجینی چین لە ٣١ی ئۆگەست تا ١ی سەپتێمبەر بەڕێوەچوو، بەگەورەترین کۆبوونەوەی ئەو رێکخراوە دادەنرێت کە لەساڵی ٢٠٢١وە دروست بووە، ئەمە بۆ پێنجەمین جارە کۆبوونەوەی ئەم لوتکەیە لە چین دەبەسترێت لەکۆی بیست و پێنجەمین کۆبوونەوەیدا، کە بە بەشداری زیاتر لە ٢٥ سەرۆکی وڵاتان و میوانداری دە وڵاتی ترو سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەچوو.
ئەم کۆبوونەوەیە بەپێچەوانەی کۆبوونەوەکانی تری ئەم لوتکەیەوە لەمیدیاکانەوە تەنها وەک هەواڵ باس نەکرا، بەڵکو لە چەندین لاوە شیکردنەوەی بۆ کرا. هەندێک لە میدیاکان تەنها رووی نمایشی سەربازی چینیان زیاتر دەرخست و گەورەیان کرد، هەندێکی تر وتەکانی شی جین پینگی سەرۆکی چین و چاوپێکەوتن و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ زۆربەی سەرۆکی وڵاتەکانی دەرخست، بەتایبەت ئەوەی کە گەورەکراو نیشاندارا لەگەڵ؛ ڤلادیمێر پۆتینی سەرۆکی روسیا و نارێندرا مودی سەرۆک وەزیرانی هیندستان و کیم جون ئونی سەرۆکی کۆریای باکور بوو. هەندێ میدیای دیکە شیکردنەوەکانیان تایبەت بوو بە دەرکەوتنی سیستەمی نوێی جیهانی و دنیای چەند جەمسەری و شکستی تاکجەمسەری و ئەمریکاو رۆژئاوا. ئەوەی زۆر جێگای تێڕامان بوو زۆرێک لە شیکەرەوەکان و رۆشنبیرانی بۆرژوازی لە ئاستی دنیادا قسەیان لەسەر کۆتاییهاتنی دنیای یەکجەمسەری بەڕابەری ئەمریکا وسەرهەڵدانی دنیای فرە جەمسەریی بوو!.
ئەم گۆشە جیاوازانەی لوتکەی شەنگەهای کە میدیاکان دەیخەنەڕوو و شیکردنەوەی بۆ دەکەن، بەشێک لە کارەکانی لوتکەی شەنگەهای پێکدەهێنن و راستییان تێدایە، بەڵام هەموو ئەوانە مەسەلەی سەرەکی لوتکەی شەنگەهای و بەرنامەو سیاسەتێک کە حکومەتی چین و سەرۆکەکەی بەشوێنیەوەیەتی و ئەوەی هەریەک لەبەشداربوانی وەک وڵاتە گەورەکانی روسیاو هندستان، تا دەگاتە وڵاتانێکی وەک تورکیا، ئێران… بەشوێنیەوەن، ناخاتەڕوو و باسی ناکەن، یان بەواتایەکی تر بڵێین کە خاڵی سەرەکی لوتکەی شەنگەهای لە دنیای چەند جەمسەری ئەمڕۆدا دەرناخەن کە ئەم لوتکەیەی تێدا گیراوەو بەرنامەو ئامانجی روسیاو چین و بەتایبەت چین روون ناکەنەوە.
ئەوەی تا پێش ئەم لوتکەیە چین وەک هێز و جەمسەرێکی گەورەی ئابوری سەرمایەداری دەردەکەوت کە بازاڕی ئابوری جیهانی داگیرکردووە، ئەم راستیەش ڕکابەرەکانی چین و بە ئەمریکاشەوە حەشای لێناکەن، بەڵام لەم چەند رۆژەی لوتکەی شەنگەهای و تا ٣ی سەپتێمبەرو نمایشی گەورەی سەربازی بە حزوری ٢٦ لە سەرانی دەوڵەتانی بەشداربووی لوتکەکە، وە خستەڕووی هێزێکی گەورەی سەربازی بە نوێترین چەکەکانی زەوی و ئاسمانی و دەریای بە نوێترین تەکنەلۆژیاوە، پەیامێکی تری دا بەدنیای چەند جەمسەری سەرمایەداری ئەمڕۆ.
لوتکەی شەنگەهای و سەرۆکی چین بە پەیامەکانی لە ڕووی ئابوری، سیاسی و نمایشە سەربازیەکەی لەیادی هەشتا ساڵەی سەرکەوتنی بەسەر یاباندا لە جەنگی جیهانی دووەمدا، پەیامێکی بەگوێی جیهاندا دا کە دنیای چەند جەمسەری ئەمڕۆ تەنیا ئەمریکاو روسیا نیە، جەمسەری تریش هەیە، لە نێوان ئەو جەمسەرانەدا لە شکڵگرتن و هاتنەمەیداندان و ئامادەییان هەیە، چین یەکێکە لەوانەو بەهێزی گەورەوە خۆی دەرخستووەو خۆی سەپاندوەو تەنیا بە ئابوریەکەوە نا، بەڵکو هێزی سەربازی گەورەشی هەیە. واتە چین وەک جەمسەرێکی گەورەی ئابوری، سیاسی و سەربازی خۆی ناساند، نەک تەنها بۆ ئەمریکاو ئەوروپا بەڵکو بۆ ئەو وڵاتانەی لەم لوتکەیەدا بەشداربوون لە نێوانیادا روسیا کە وەک جەمسەرێکی جیهانی لەبەرامبەر ئەمریکادا دەناسرێت. چین ئەوەی نیشاندا هەتا لەناو ئەم جەمسەرانەی رکابەری ئەمریکادا بەهێزترین جەمسەری ناو ئەم لوتکەیەیە.
ئەم لوتکەیە چوارچێوەیەک بوو بۆ کۆکردنەوەی وڵاتانێکی هاوکارو هاوپەیمانی روسیاو چین چ لە ئاسیا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەتا ئەفریقا، لەدەوری یەکتر نەک تەنها لەچوارچێوەی هێزێکی ئابوری گەورەی جیهاندا، بەڵكو لە چوارچێوەی هێزیکی سیاسی و سەربازی گەورەدا، نەک تەنها دۆستانی خۆیان کە پێشتر لەم لوتکەیەدا بوون، یان لەچوارچێوەی هاوپەیمانی ئابوری بریکس دا کۆبوونەوە، بەڵکو وڵاتانێک کە ئەمریکا دەیویست لە چینیان دوربخاتەوە، وەک روسیاو هندستان، لەوێدا ئامادەییان هەبوو لەچوارچێوەی ئەو نمایشەدا کە چین بە جیهانی نیشاندا، بەشداربوون، نەک ئەوەش بەڵكو وڵاتانێکی تری وەک تورکیا، بەحرەین و میسر کە نزیکایەتیان بە ئەمریکاو ئەوروپا هەیە، ئامادەییان هەبوو لە لوتکەکەدا.
دەرکەوتنی چین لە لوتکەی شەنگەهای بۆ ئەوەنەبوو بیسەلمێنێت دنیای تاکجەمسەری بەڕابەری ئەمریکا کۆتایی هاتووەو ئێستا دنیای چەند جەمسەریە، دەمێکەیە جیهان بەمە گەیشتوە و خودی ئەمریکاش نەک تەنیا دانی بەمەدا ناوە، بەڵکو هەوڵیشی داوە کە جێگایەکی باش بگرێت لەناو ئەم جەمسەرانەدا. بەڵکو بۆئەوە بوو کە نیشانی بدات، ئەم دنیا فرەجەمسەریەش لەسەر بنەمای هێزنیشاندان و میلیتاریزم و خۆپڕچەککردن و پێشبڕکێی سەربازی و ڕاگرتنی هەرەشەی کێشکردنی جیهان بۆناو نائارامی و جەنگ و کارەسات دادەمەزرێت! سەرگەردانی و ناجیگیری ئابوری و سیاسی هەرئێستا لەژێر سایەی دەسەڵاتی سەرمایەدارانی کۆنەپەرست و خوێنڕێژو کۆمەڵكوژو دژی مرۆڤایەتیدا، سیمای جیهانی نەخشاندوەو کابوسێکی ترسناکە بەسەر کۆمەڵگای مرۆڤایەتیەوە.
لوتکەی شەنگەهای ئەوەی خستەڕوو دنیای ئەمڕۆ لەبەردەم هەوڵی گەورەی وڵاتانی سەرمایەداری گەورەدایە بۆ شکڵگرتن و هاتنەمەیدانی وەک جەمسەری جیهانی و هەوڵی هەریەکەیان بۆ جێگاگرتن و نفوزی جیهانی پەیداکردن بۆئەوەی بەهێزی گەورەوە بێتەمەیدان و بەشداربن لە شکڵپێدان و رابەریکردن و دابەشکردنەوەی دنیادا بەپێی بەرژەوەندیەکانیان.
چین وەک جەمسەرێکی گەورەی سەرمایەداری جیهانی لەو لوتکەیەدا ئەوەی خستەڕوو، بۆ رابەری جیهان تەنیا دابینکردنی ئابوری گەورەو جێگرتن لەدنیای گەشەی بەرچاوی تەکنەلوژیاو ژیری دەستکردا کافی نیە، بەڵکو دەبێت هێزی سەربازی گەورەت هەبێت، بەتایبەت ئەمە راستەوخۆ لەبەرامبەر جەمسەری بەرامبەریدا کە ئەمریکابوو نیشاندا، وە بەکردەوەش داوکاریەکانی تشی جینپینگ نەک لە وڵاتانی بەشداری لوتکەی شەنگەهای، بەڵکو داوای لە وڵاتانی تریش کرد کە پەیوەست بن بەم لوتکەیەوەو لەسەر خاڵە هاوبەشەکانیان پێداگری بکەن و ناکۆکیەکان بخەنەلاوە، وە چین ئامادەیی ئابوری و سیاسی و سەربازی خۆی بۆئەمە نیشاندا.
دەورەی دوای لوتکەی شەنگەهای، دەورەی هەوڵدانە بۆ کۆکردنەوەی هێزی جەمسەرە جیهانیەکان، دەورەی ئەوەیە کە جەمسەرەکان ڕیزی خۆیان لەباری ئابوری و سیاسی وسەربازیەوە بەهێزبکەن، بۆ ئەمەش لەبەرامبەر ئەمەریکادا، چین و روسیا، روویان لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیە، کە دەورەیەکی تری چەواشەکاری و سەرگەردانی دەسەپێنن بەسەر کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا، ئەم هەنگاوەیان بە موجامەلەکردنی ئیسلام و وڵاتانی ئیسلامیەوە، هەوڵدانیان لە ئەفریقادا کە زۆرێک لە وڵاتان خۆیان لەژێر نفوزی ئەمریکاو ئەوروپا دەرکێشاوەو بەشێکیان نزیکایەتیان بە روسیا پەیداکردوە.
نیگەرانی ترەمپ بەرامبەر بە لوتکەی شەنگەهای و تۆمەتبارکردنیان بەوەی کە پیلان دژی ئەمریکا دەگێڕن، نیگەرانی دەزگای فەرمانڕەوای ئەمریکاو چینی بۆرژوازی ئەمریکایە لەو جێگایەی کە چین و نەیارانی ئەمریکا لە دابەشکردنی جیهاندا پەیدایان کردوەو جێگەی بە ئەمریکا لێژکردوە! دەورەی داهاتوو دەبێ ئەمریکا ئاوڕێکی تر لە پێگەی خۆی و لە سیاسەتەکانی بداتەوە، لەرێگای هێزنیشاندان و نیشاندانی ئامادەیی ئەمریکا بە بەکارهێنای هێز بۆ پێشگرتن بەو داشکانەی خۆی و بەرزبونەوەی نەیارە جیهانیەکانی! لەوانە گۆڕینی ناوی وەزارەتی بەرگریی بۆ وەزارەتی جەنگ، کە ترەمپ دەڵێ: لەبەر ڕۆشنایی دۆخی ئێستای جیهان ئەو ناوە گونجاوترە.
لەلایەکی دیکەوە ئەمریکا دەبێت بەیاخێکی زیاتر بە ئەوروپا بدات و کۆتایی بەو پشتگوێخستنەیان بهێنێت کە لە ماوەی رابردوودا پەیڕەوی دەکرد
ئەم جەمسەرە شکڵگرتوانەی؛ ئەمریکا، روسیاو چین تا دەگاتە هەوڵی وڵاتانی ئەوروپا و بەتایبەت؛ فەرەنسا، ئەڵمانیاو بەریتانیا کە لەپێگەیەکی لاوازتردان و بگرە کێشەی ناوخۆیان هەیە، بەڵام هەموویان وەک وڵاتانی سەرمایەداری گەورەو چاویان لەوەیە کە دنیا چۆن لەبەرژەوەندی سەرمایەدارانی مفتەخۆر شکڵپێبدەن و دابەشبکەن. وڵاتی چینیش لەناو ئەم لوتکەیەدا بێ کێشە نیە، هەر لە کێشەی نێوان هندستان و پاکستان، تا دەگاتە جێگاوڕێگای رابەری چین یان روسیا لە ناو لوتکەی شەنگەهایدا.
مرۆڤایەتی ناتوانێ چاوەڕوانیەکی باشتری هەبێ لەدۆخی جیهان لەژێر سایەی فرەجەمسەری جیهانی سەرمایەداری ئیمپریالیستیدا، لەچاو دەورانی پێشووی دوو جەمسەری و یەکجەمسەری بلۆکە ئیمپریالیستیەکاندا، بەڵکو ململانێ و چاوچنۆکی بلۆکە ئیمپریالیستیەکانی بۆرژوازی لەجاران زیاتر جیهان و مرۆڤایەتی رووبەرووی مەترسی و کارەسات و هەژاری و سەپاندنی سەرکوت و بێمافی دەکاتەوە. بۆیە سەرباری ئەو دۆخە نالەبارەی کە بەسەر چینی کرێکار و بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی و ئینساندۆستی و ئازادیخوازیدا سەپێنراوە لەلایەن بۆرژوازیەوە، و لەهەموو گۆشەیەکەوە هێرشەکانیان بۆسەر چینی کرێکار و ئاستی ژیان و ماف و ئازادیەکانیان، تەنانەت لەناو لانکەی دیموکراسی بۆرژوای و لیبراڵیزمی بۆرژوایدا، رۆژ لەداوی رۆژ فراوانتر و دڕندانەتر و بێپەردەتر دەبێ، بەڵام چینی کریکار و مرۆڤایەتی ئازادیخواز ملکەچ نەبوون و بەردەوامن لە بەرەنگاری و توندکردنەوەی خەبات لەپێناو دنیایەکی باشتر و شایستە بە مرۆڤی ئەم سەردەمە. ئەو جموجوڵانەی کە لە ئەوروپاو ئەمریکا و سەراسەری جیهاندا بەرامبەر بە هەوسارپچڕاندنی ئیسرائیل بەڕێکەوتوە، نیشاندانی ئەو پەیامەیە کە چینی کرێکار و بزوتنەوەکەی و مرۆڤایەتی ئازادیخواز ئامادەی بەهێزکردنی سەنگەرەکانیانن بۆ بەرگری لە خۆیان و جڵەوکردنی سەرکێشیەکانی بۆرژوازی و ئیمپریالیزم و جەمسەرو بلۆکەکانی!

لێدوانێک بەجێ بهێلە