موحسین کەریم:
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئاسمانی فەرەنسی( فرانس ٢٤) دا چەند رۆژ لەمەوبەر، مەسعود بارزانی ڕایگەیاند کە لە ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەعێراق، هەمان سیناریۆی روداوەکانی ساڵی ٢٠١٢ دووبارە دەبێتەوەو سەرلەنوێ داعش سەر سەرهەڵدەداتەوە، بەڵام پێناچێت بەتەواوی بکشێنەوە، چونکە زۆرجار ئەوەمان پێووتون کە هێشتا مەترسی داعش لەئارادایە!
بێگومان ڕاگرتنی مەترسی داعش و پڕوپاگەندەی گەڕانەوەی، ئەو پاساوەیە کە هەم ئەمریکا و هەم ئەو لایەنە سیاسی و چەکدارانەی عێراق و کوردستان کە تاڕادەیەك لەسەر بەرەی ئەمریکا هەژماردەکرێن بەرامبەر بە هەژمونی ئێران لە عێراقدا، بەدەستیانەوە گرتوە بۆ ڕەواییدان و پێداگری لەسەر پێویستبوونی مانەوەی ئەمریکا لەعێراق و ڕاگرتنی هاوسەنگی بەرامبەر بە نفوزی ئێران لەلایەك و پێشگرتن بە لاسەنگبوونی هاوکێشەی سیاسی بە قازانجی ئەو هێزانەی ئیسلامی سیاسی شێعە کە بەشێکن لە دەسەڵات و نفوزی ئێران لە عێراقدا و جومگەکانی دەسەڵاتی سیاسی و دەوڵەتیان بەدەستەوەیە، لەلایەکی دیکەوە.
گەورەکردنی مەترسی داعش، دوای ئەوەی کە خەلافەتە هەڵتۆقیوەکەیان لە سوریاو عێراق هەڵوەشێنرایەوە و ئاسەوارێک لە هێزو نفوزی لە ناوچەکەدا نەما، تەنها بەو مەبەستەیە کە خزمەت بە ئەجێندای سیاسی ئەو لایەنانە دەکات کە ئەو پڕوپاگەندەیە دەکەن. بچوکبونەوەی داعش لە هێزێکەوە کە بەهاوکاری خودی ئەمریکاو ووڵاتانی ئەوروپی و تورکیای دۆست و ئەندامی ناتۆ، ناوچەیەکی فراوانی لە عێراق و سوریا خستبوە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە و کرایە خاوەنی دەیان چەکی قورس و پێشکەوتوو، بۆ چەند گروپێکی بچووکی پارتیزان کە ناوبەناو لەجێگایەکەوە کارێکی تیرۆریستی دژی هاوڵاتیانی ناوچە دوورەدەستەکان ئەنجام دەدات، تەنها دەتوانێ کەمترین نائارامی دروست بکات نەك ئەو دێوەی کە دەیانەوێ لێی دروست بکەن. چۆنە چەند مەفرەزەیەکی دابڕاو و چەند کەسی دەتوانێ مەترسی لەسەر سەدان هەزار چەکداری حەشدی شەعبی و سوپای عێراق و پێشمەرگەو…تاد. دروست بکات!؟ ئەو نهێنیە چیە وادەکات ئەم هێزە سەرکوتکراوە شکستخواردوە تەفروتوناکراوە، دەتوانێ هەر بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانەکان لە عێراق و ناوچەکە، ببێتەوە بەو داعشەی کە نیوەی عێراق و سوریای داگیرکردبوو!؟
ئایا مەترسیەکە ئەو هەزاران چەکدارەی داعشە کە لەزیندانەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەدان!؟ بۆچی بڕیارە بە کشانەوەی ئەمریکا ئەوانە دوبارە ئازاد بکرێن و پڕچەك بکرێنەوە لەلایەن تورکیای دۆستی بارزانی یاخود ووڵاتانی قەتەرو سعودیە و .. کە بە رێنمایی و فەرمانی ئەمریکاو دەوڵەتانی ئەوروپی لەساڵی ٢٠١٢دا فوویان کردە باڵۆنەکەی داعش و دوایش هەرخۆیان فشیان کردەوە!؟
دیارە هیچ کەس گومانی لەوە نیە کە ئەمریکاو دەوڵەتانی رۆژاوا، بۆ بەرژەوەندی خۆیان لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست و بگرە سەرجەم ووڵاتانی رۆژاوای ئاسیاو باکوڕی ئەفریقا، دەستیان بەپشتی ئیسلامی سیاسی و گروپە تیرۆیستە ئیسلامیە جیهادی و ئینساکوژەکانەوە بووە، بۆیە پڕوپاگەندەی ئەوەی کە ئەوان دژی داعش و تیرۆریزمی ئیسلامین، پڕوپاگەندەیەکی پووچە. بەڵام، چ فووکردنە داعش لە ساڵی ٢٠١٢ بەدواوە تا روخاندنی خەلافەتەکەیان و ئێستاش گەورەکردنی مەترسی گەڕانەوەی داعش، خزمەت بە ئەجندای ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی کردوەو دەکات لە ناوچەکەدا. ئەمریکا پێویستی بەو پاساوەیە تا لەرێگای هەڕەشەی گەڕانەوەی داعشەوە نفوزی خۆی بەرامبەر بە نفوزی ئێران لە عێراقدا بەهێزتر بکات کە فشارەکانی بەو ئاراستەیەدا توندکردۆتەوە و پرسی هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی بەشێكە لەو سیاسەتی پاشەکشەکردنە بە نفوزی ئێران.
بەنیسبەت مەسعود بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، کە لەسەر بەرەی تورکیا هەژمار دەکرێن و بەرژەوەندی سیاسی- ئابوری گرێدراوی لەگەڵ تورکیادا هەیە، بەردەوامیش لەژێر فشاری ئەو لایەنە سیاسی- چەکدارانەی ئیسلامی سیاسی شێعەی سەر بە ئێراندایە، تەنانەت وەکو خۆشی لە چاوپێکەوتنەدا ووتی کە ناوبەناو هەندێك لایەنی حەشدی شەعبی بەدرۆن هێرش دەکەنە سەر هەولێر و ناوچەکانی ژیر دەسەڵاتی پارتی، مانەوەی ئەمریکا وەکو ئەو دوگمەی سەلامەتی (صمام الامان) ەیە کە لەبەرامبەر هەڕەشەکانی ئێران و لایەنە دەستڕۆشتوەکانی ناو حکومەتی عێراقدا دەیپارێزێت و مانەوەو دەسەڵاتەکەی زامن دەکات! بۆیە پێداگری لەسەر مانەوەی ئەمریکاو پڕوپاگەندەی گەڕانەوەی داعش لەلایەن مەسعود بارزانیەوە، بۆ راگرتنی هاوسەنگی هێز و کەمکردنەوەی فشارەکانی حکومەتی ناوەندی و لایەنە سیاسیە شێعەکانی سەر بەئێرانە لەسەر پارتی و حکومەتی هەرێم کە بەپلەی سەرەکی لەژێردەستی پارتیدایە.