دکتۆر فایەق گوڵپی دەڵێت “لەسلێمانی ڕۆژ بەڕۆژ کەرتی تایبەت لەبواری تەندروستی فراوانتر دەبێت، کەرتی گشتی سنوردارو کەمدەبێتەوە”.
دکتۆر فایەق گوڵپی بەئاوێنەی ڕاگەیاند: لە ماوەی رابردوودا ئێمە لە نەخۆشخانە بۆمان هەبوو ڕۆژی سێ نەشتەرگەری بکەین بە پارەیەکی زۆر کەم کە وەک خۆڕایی وابوو، دوو مانگ دەبێت ئەوە نەماوە ئێستا دەبێت یەک نەشتەرگەری بکەیت، یان دەتوانیت نەشتەرگەری بە نیمچە تایبەت بکەیت لەبەر ئەوەی کارمەندەکان مووچەیان نیە.
گوڵپی وتی “نەشتەرگەری نیمچە تایبەت بۆ ئەوە داهێنرا کە نەخۆشخانەکان نەکەون بە پارەی ئەو نیمچە تایبەتە، بەشێکی پارەکە بدرێتە کارمەندەکان لەبەر ئەوەی مووچەیان نیە ئەمە بەردەوامە، تاکو بەرێوەبەری تەندروستی سلێمانی وتی لە هەفتەی داهاتوو نەشتەرگەری نامێنێت، لەم کاتەدا کە مووچە نیە و خەڵکی سلێمانی لە بارودۆخێکی خراپدان ئەوەنەی دیکە باری سەر شانیان قورس دەبێت”.
وتیشی “نەشتەرگەری نیمچە تایبەت ئەوەیە ئەگەر نەشتەرگەریەک لە نەخۆشخانە ئەهلیەکان ٤٠٠ هەژاری تێبچێت لە نەخۆشخانە حکومیەکان بە ١٥٠ هەزارە کە ئەم پارەیە دابەش دەبێت بەسەر دکتۆر و کارمەند و ستافی نەخۆشخانە”.
دکتۆر فایەق گوڵپی جەغت لەوە دەکات لەوەتەی وەزارەتی تەندروستی بەدەست پارتیەوەیە لە سلێمانی زیاتر مانگرتن و ناڕەزایەتی دەربڕین هەیە، ئەو وتی “من نازانم ئەسڵی کێشەکە چۆنە لەهەولێرەوە ئابڵوقە دەخەنە سەر بەڕێوبەرایەتی تەندروستی سلێمانی یان بەڕێوبەرایەتی تەندروستی سلێمانی ڕەخنە دەگرێت و دەیەوێت بڵێت لایەنی پەیوەندیدار لە هەولێر هەست بە بەرپرسیاریەتی ناکات بەرامبەر نەخۆشەکانی سلێمانی و بەیەک چاو سەیری نەخۆشەکانی هەولێر و دهۆک و سلێمانی ناکات، چونکە ئەو کێشانەی لەسلێمانی هەیە لەهەولێرو دهۆک نیە بەو شێوەیە”.
وتیشی “هاتنی دەرمان چەند سەرچاوەیەکی هەیە یەکێکیان بەغدادە ئێمە نازانین لە نەخۆشخانەکانی هەولێر و دهۆک دەرمان هەیە یان وەک سلێمانی نیە، ئێمە نازانین دەرمان لە عێراقەوە دێت یان نا بەشدەکات یان نا، ئەوە ئیشی لیژنەی تەندروستی پەرلەمانە لێکۆڵینەوە بکات و کەمتەرخەمەکان سزا بدات”.
دکتۆر فایەق گوڵپی ئاماژە بەوەش دەکات، کێشەیەکی دیکەیان ئەوەیە ناتوانن دیاری بکەن کێ بەڕاستی هەژارەو کێش دەوڵەمەندە، ئەو وتی “لەبەرئەوەی کەسانێک هەن دێن دەڵێن نەشتەرگەریمان پێویستە و هەژارین بەڵام زۆر دەوڵەمەندە دێت و دەڵێت هیچ ئیمکاناتێکم نیە بەڵام دواتر دەردەکەوێت وانیە، ئێمە کەسانێکمان هەیە خاوەن پێداویستی تایبەتن دەبێت ئەمانە لە نەخۆشخانەی ئەهلی نەشتەرگەری نەکەن بەڵکو خاوەنی کارتێکی تەندروستی بن دەرمان و خزمەتگوزاری پزیشکیان پێشکەش بکەن، ئێمە چەندین ئۆتیزم و نەخۆشی زگماکیمان هەیە بەڵام بەداخەوە لە کوردستان هاوڵاتیان پۆلێن ناکرێت بزانین کێ هەژارە و کێ مامناوەند و دەوڵەمەندە وەک ئەوەی لە وڵاتان هەیە”.