ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی رایدەگەیەنێت دەوامی بەخۆڕایی و بەزۆرەملێ، جۆرێكە لە كۆیلایەتی سەردەم و داواش دەكەن بۆ ئەمساڵ مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەولێر و دهۆك، ئەو جۆرە دەوامە رەتبكەنەوەو پشتیوانی لە بایكۆتی خۆڕسكانەو هەر هۆكارێكی تری مەدەنی بۆ داكۆكی لە مافەكانیان بكەن.
ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، لە راگەیەندراوێكدا وتی”ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە کە سێبەری ڕەشی کورسی و بەرژەوەندییەکانیان، بەرچاو و بەرویژدانی گرتون؛ بەبێ گوێدانە دۆخی کارەساتباری دارایی مامۆستایان (کە هەم مامۆستان و هەم دایبابی خوێندکار)، ڕێکەوتی (٢١/ ٩/ ٢٠٢٥)یان وەک یەکەم ڕۆژی ساڵی نوێی خوێندن دیاریکردوە، ئەمە لە کاتێکدایە هەریەک لە موچەکانی مانگی (٧ و ٨) نەدراوەو چاوبرسێتی و نەوتپەرستی و داهاتدزینی ئاغاکانیان وابکات هەریەک لە موچەی مانگەکانی (٩، ١٠، ١١، ١٢) تەنیا فاتیحەلەسەرخوێندنی ماوە.”
ئاماژەی بەوەشداوە “ئێمە پێمانوایە بایکۆت و خۆپیشاندان و هەمو هۆکارێکی مەدەنی بۆ داکۆکی لە مافەکانمان، “نا”یەکی سەربەرزانەن بۆ ڕەتکردنەوەی (دەوامی بەخۆڕایی/ بەزۆرەملێ)، کە جۆرێکە لە کۆیلایەتی سەردەم، ئەوەشی نەیهێشتوە بەتەواوی ئامانجەکەی بپێکێت، لەپاڵ فشارو بێباکی دەسەڵاتی قۆرخکار، بەداخەوە دەستبەکڵاوگریی لەڕادەبەدەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەولێر و دهۆک و پاساوی نابەجێی مامۆستایانی قۆناغی دوانزەیەم و نۆیەکان بوە، کە هیوادەخوازین و داواکارین ئەوانیش ئەمساڵ لێبڕاوانە (دەوامی بەخۆڕایی/ بەزۆرەملێ) ڕەتبکەنەوەو پشتیوانیی تا کۆتایی ڕێ، لە بایکۆتی خۆڕسکانە و هەر هۆکارێکی تری مەدەنی بۆ داکۆکی لە مافەکانمان بکەن.”
دەقی راگەیەندراوەكە:
بەناوی خوای بەخشندە و تۆڵەسێن
مامۆستایان و فەرمانبەرانی ستەملێکراو
دایکان و باوکان و خوێندکارانی ئازیز
چینوتوێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگای کەپتکراو
ستەم و برسیکردن و شکۆشکاندنی دەسەڵاتی تاڵانکار، هەمو سنورە دینیی و مرۆیی و ئەخلاقییەکانی بەزاندوە، بەدەر لە تیرۆری جەستەیی و کەسایەتیی؛ وا خەریکن لە ڕێی ژەهری نائومێدی و موشەکی دەستی-دەستیپێکردن و ڤاکسینی بێدەنگکردن، یەک بەیەکمان خەڵتانی لەناوبردنێکی سەرشۆڕانە دەکەن.
بارتەقای ڕقمان لە بەدکاریی و خوێنساردیی ئەم دەسەڵاتە خوێنمژەی جمکی شەیتانی نەگریس، لە نابەرپرسیارێتی و بەدەنگنەهاتنی حیزبە بەناو ناڕازییەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی و بەناو ڕۆشنبیران و دەستەبژێران و دادوەران و کەسایەتییە ئایینی و سیاسییەکان و بەناو شۆڕشگێڕانی دێرین و فەرمانبەران و خوێندکاران و کەسوکاریان نیگەران و توڕەین؛ یەقینمان هەیە، هەڵنەگرتنی بەرپرسیارێتی و بەدەنگنەهاتنی ئەم چینوتوێژانە، هۆکاری سەرەکی تەمەندرێژی و پێلێڕاکێشانی زیاتری ئەم دو حیزبە بەکرێگیراوەیە.
ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە کە سێبەری ڕەشی کورسی و بەرژەوەندییەکانیان، بەرچاو و بەرویژدانی گرتون؛ بەبێ گوێدانە دۆخی کارەساتباری دارایی مامۆستایان (کە هەم مامۆستان و هەم دایبابی خوێندکار)، ڕێکەوتی (٢١/ ٩/ ٢٠٢٥)یان وەک یەکەم ڕۆژی ساڵی نوێی خوێندن دیاریکردوە، ئەمە لە کاتێکدایە هەریەک لە موچەکانی مانگی (٧ و ٨) نەدراوەو چاوبرسێتی و نەوتپەرستی و داهاتدزینی ئاغاکانیان وابکات هەریەک لە موچەی مانگەکانی (٩، ١٠، ١١، ١٢) تەنیا فاتیحەلەسەرخوێندنی ماوە.
ئێمە پێمانوایە بایکۆت و خۆپیشاندان و هەمو هۆکارێکی مەدەنی بۆ داکۆکی لە مافەکانمان، “نا”یەکی سەربەرزانەن بۆ ڕەتکردنەوەی (دەوامی بەخۆڕایی/ بەزۆرەملێ)، کە جۆرێکە لە کۆیلایەتی سەردەم، ئەوەشی نەیهێشتوە بەتەواوی ئامانجەکەی بپێکێت، لەپاڵ فشار و بێباکی دەسەڵاتی قۆرخکار، بەداخەوە دەستبەکڵاوگریی لەڕادەبەدەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەولێر و دهۆک و پاساوی نابەجێی مامۆستایانی قۆناغی دوانزەیەم و نۆیەکان بوە، کە هیوادەخوازین و داواکارین ئەوانیش ئەمساڵ لێبڕاوانە (دەوامی بەخۆڕایی/ بەزۆرەملێ) ڕەتبکەنەوەو پشتیوانیی تا کۆتایی ڕێ، لە بایکۆتی خۆڕسکانە و هەر هۆکارێکی تری مەدەنی بۆ داکۆکی لە مافەکانمان بکەن.
خوێندن و پەروەردە و زانستێک؛ فێری ئازایەتی و هۆشیاریت نەکات، فێرت نەکات داوای مافە زەوتکراوەکانت و دادپەروەری بکەیت، ئەوە تەوق و بەڵایەکە لە گەردنتدا، کە لە هەردو دنیات جگەلە ماڵوێرانی، هیچی دیکەی لێ بەرهەم نایەت. بۆیە تکادەکەین با بەس بێت، دەستبڵاویی لە بێدەنگی و ملکەچی و بەخشینەوەی نائومێدیی.
ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی
19/9/2025