سەنتەری متیرۆ ریگەیاند، لێدوانەكەی ئەمڕۆی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەبارەی كەناڵی روداو و كەناڵ8، دەرخەری هەڵكشانی ئامرازەكانی بەربەستدانانن لەبەردەم ئازادیی رۆژنامەگەری و زانیاری و بازدان بەسەر یاسای رۆژنامەگەری و ئاكارەكانی میواندری میدیاكاران.
سەنتەری میترۆ، رۆژی چوارشەممە( ٢٤\٩\٢٠٢٥)، لە راگەیەندراوێكدا وتی، ئەمڕۆ لە كۆنگرەی رۆنامەگەریدا، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە كاتی پرسیارێكی ئەیوب وەرتێی، پەیامنێری كەناڵ8 دا لەبارەی هۆكاری ئامادەنەبونی پەیامنێری كەناڵی روداو وتی” كاتێك ئامادە دەبن كە هەست بكەم ئیلتزاماتی پیشەییانە هەیە، لەوانەیە رۆژێك روبدات تۆش لەناو كۆنگرەكانی ئێمەدا نەبیت”.
سەنتەری میترۆ هێمای بۆ ئەوەش كردوە، وەڵامەكەی وتەبێژی حكومەت، هەڕەشەیە بۆ هەمو ئەو كەناڵانەی تر گەر بەپێی پێوەرە پیشەییەكانی وتەبێژ روماڵی هەواڵەكانی حكومەت نەكەن لە پێشەوەیاندا كەناڵ8، هەروەك جەختكردنەوەیشە لەسەر بێ نرخكردنی یاسای رۆژنامەگەری كە رێگەی داوە رۆژنامەنوس لە كۆنگرەو چالاكییە گشتییەكاندا ئامادە بێت.
سەنتەری میترۆ جەختی كردۆتەوە كە “كاری وتەبێژ نییە لە كۆنگرەكانیدا پۆستەكەی بۆ هەڕەشەو جیاكاری بەكاربهێنێت ئەو رۆڵی كارئاسانییە بۆ گواستنەوەی زانیارییەكان بەشێوەیەكی شەفاف و دور لە جیاكاری و پەراوێزخستن لەسەر بنەمای رق و جیاوازی بیروڕا.”
لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە”بە پێی زانیارییەكانی میترۆ، كەناڵی روداو بانگهێشتی ئەو كۆنگرەیە كراوە، كە گەیشتونەتە شوێنی كۆنگرەكە پێیان وتراوە مایكەكەیان دانەنێن.”
سەنتەرەكە وتوشیەتی”ئەم رەفتارە نەك بازدانە بەسەر یاسای رۆژنامەگەری، بەڵكو پێچەوانەی ئەتەكێتی میوانداری میدیاكارانە، ئەو پرسیارەیش دەوروژێنێت كە روداو بەپێی پێوەری پیشەیی وتەبێژی حكومەت روماڵ ناكات، بۆ بانگهێشتیان دەكەن؟ كە بانگهێشتیان دەكەن بۆ ناهێڵن مایكەكەی بخاتە بەردەمتان؟”
سەنتەری میترۆ جەختیشی كردۆتەوە”لێدوانەكەی ئەمڕۆی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەبارەی كەناڵی روداو و هەڕەشەكردن لەكەناڵ8 دەرخەری هەڵكشانی ئامرازەكانی بەربەستدانانن لەبەردەم ئازادیی رۆژنامەگەری و زانیاری، بازدانیشە بەسەر یاسای رۆژنامەگەری و پێچەوانەی لانیكەمی ئاكارەكانی میواندری میدیاكارانە بۆ چالاكی رەسمی.”