Home بیروڕاوەستانەوە دژی فاشیزم و ڕاسیزم ئەرکی چینی کرێکارو بزوتنەوەی کرێکاریە!

وەستانەوە دژی فاشیزم و ڕاسیزم ئەرکی چینی کرێکارو بزوتنەوەی کرێکاریە!

by admin
0 کۆمێنتەکان 42 بینینەکان

دەشتی جەمال:   
رۆژی شەمە ١٣/٩/٢٠٢٥ خۆپیشاندانێکی پێچەوانەوە لەلایەن(Stand Up To Racism) دژ بە خۆپیشاندانی ڕاستی توندڕەوی بەریتانیا لە لەندەن بەڕێخرا کە ئێمەش تێێدا بەشدار بووین، بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو ڕق و دووبەرەکییەی کە تۆمی ڕۆبنسن و ڕاستڕەوە توندڕەوەکان بڵاویانکردەوە. خۆپیشاندانی ڕاستڕەوەکان کە نزیکەی ١١٠ هەزار کەس بەشدارییان تێدا کرد، یەکێك بوو لە گەورەترین خۆپیشاندانەکانی ڕاستی توندڕەو دژی پەنابەران لە بەریتانیا لەم ساڵانەی دواییدا. ئەجێندای فاشیستی ئەوان لەسەر ڕەگەزپەرستی، ئیسلامۆفۆبیا و ترساندنی هاوڵاتیان بنیاتنراوە، بەڵام ئێمە دابەش نابین. ناڕەزایەتی ئێمە نەك تەنها بەرامبەر بە تۆمی ڕۆبنسن و سەرجەم ڕاستی توندڕەو ئەجێندا فاشیستی و ڕاسیستیەکەیەتی، بەڵکو بۆ بەرگریکردن لەو بەهایانە بوو کە ئایدۆلۆژیای فاشیستیەکەی هەوڵی لەناوبردنی دەدات.
خۆپیشاندانی (Stand Up To Racism) نزیك بە ٢٠هەزار کەس بەشدارییان تێداکرد و لەدەوری یەکێتیە کرێکاریەکان و رێکخراوەکانی ژنان و پەنابەران و رێکخراوە چەپ و سوشیالستەکان کۆبونەوە کە بۆ بەرگریکردن لەبەها ئینسانی و مەدەنیەکانی کۆمەڵگەی بەریتانیاو پێکەوە ژیان و لێبوردەیی وبرایەتی هاتبووە مەیدانەوە تا بەر بەم ڕەوتە کۆنەپەرست و نامرۆڤانەیە بگرێت کە بەهەڵرشتنی رق ودووبەرەکی وتوندوتیژی دەیانەوێت کۆمەڵگاکەمان ناسەقامگیر بکەن و لەترس و شەڕێکی بەردەوامدا ڕایبگرن..توندوتیژی و پێکدادانی هەندێك لە لایەنگرانی ڕۆبنسن لەگەڵ پۆلیسدا، تێکهەڵچوون و هەوڵی شکاندنی بەربەستەکان تا هێرشکردنە سەر خۆپیشاندەرانی دژە ڕاسیزم لەپاڵ ووتنەوەی دروشمی رەگەزپەرستانە، ناوەڕۆك و پەیامی ئەوان بوو کە هێمای ناسیۆنالیستییان هەڵگرتبوو، لەوانە خاچی سانت جۆرج، ئاڵای یونیون جاك. هەندێك لە سروودەکان، ئاماژەکان بە ڕوونی دژە پەنابەران بوون، بۆ نموونە: ” بەلەمەکان ڕابگرن”، “بیاننێرنەوە بۆ ماڵەوە”. ..
ڕۆبنسن ئیدیعای کرد کە ڕێپێوانەکە سەبارەت بە بەرگریکردنە لە ئازادی قسەکردن وکولتوری بەریتانیا. ئیلۆن ماسك وتارێکی دوور لە گردبوونەوەکەی پێشکەشکرد و ڕەخنەی لە حکومەت و سیاسەتی پەنابەری بەریتانیا گرت. کاردانەوەکانی سەرکردە سیاسیەکان ئەو توندوتیژی و بانگەشانەیان شەرمەزار کرد، نیگەرانییەکان و ترس بەتایبەتی لە نێو کۆمیونیتیە موسڵمانەکاندا، سەبارەت بەو بانگەشەو جموجوڵە ڕاسیستی و دژە موسڵمانەی بڵاویان دەکردەوە، پەرەی سەند. پۆلیس بەیاننامەی بڵاوکردەوە بۆئەوەی خەڵك دڵنیا بکاتەوە کە سەلامەتن و لەماڵەکانیان بمێننەوە. شیکاری و کاریگەرییەکان و ژمارەی بەشداربووان ئەوە پیشان دەدات کە ئەو پەیامەی ڕۆبنسن و گروپە توندرەوەکانی کۆکردۆتەوە بەتایبەت لە دەوری مەسەلەی پەنابەران، ناسنامە و ناسیۆنالیزمە.
تۆمی رۆبنسن، رێکخەری رێپێوانەکە لەژیر ناوی ئازادی قسەکردندا لایەنگرانی بۆ بەشداربون لەو خۆپیشاندانەدا هاندابوو، وەك ئەوەی باس لە ئازادی قسەکردن و پاراستنی کولتووری بەریتانیا دەکەن، بەڵام بەداخەوە چوارچێوەی ئازادی قسەکردنی بەکارهێنا بۆ داپۆشینی سیاسەتی دژە بێگانە و ڕەگەزپەرستی و قسەی توندوتیژو ڕقاوی.ئەم رق و کینە بڵاوکردنەوانە دەتوانن بگۆڕێن و لە دەست دەربچن و کۆمەڵگە راپێچی توندوتیژی بکەن.کۆمەڵگەی بەریتانیا کە کۆمەڵگەیەکی فرە رەنگ و زمان و مێژوویەکی درێژی هەیە لە هاتنی کرێکارانی کۆچکردوو، بەهۆی ئەمجۆرە بانگەشانەوە (پەنابەران، موسڵمانان و هتد) دەکاتە ئامانج. ئەم جۆرە ڕووداوە هەڕەشە لە یەکگرتوویی کۆمەڵگا دەکات و دەتوانێت ببێتە هۆی کاردانەوەو تاوان وتوندوتیژی هەروەك لە هێرش بۆ سەر هۆتێلەکانی پەنابەراندا دەرکەوت، وەك پەیمانگەی نیشتیمانی دژی راسیزم و فاشیزم خستوویەتیەڕوو: تاوانەکانی رق و توندوتیژی ڕەگەزپەرستی بە شێوەیەکی بەرچاو گەشەی کردووە لە دوای نوێبوونەوەی ناڕەزایەتییەکانی هاوین دژی پەناخوازان و داوای دیپۆرتکردنەوەی بەکۆمەڵ.لە ٩ی ئەیلولدا، دەوترێت ژنێکی سیخ لە ئۆڵدبێری لە بیرمینگهام دەستدرێژی کراوەتە سەر، گوایە دەستدرێژکارەکانی پێیان وتووە “تۆ سەر بەم وڵاتە نیت، بڕۆدەرەوە”لەکاتێکدا دەچینە سەر ڕۆژنامەکان، تێبینی دەکەین کە پیاوێک دەستگیرکراوە بەڵام بە کەفالەت ئازادکراوە تاوەکو لێکۆڵینەوەی زیاتر لە کەیسێکدا کە وەک ‘دەستدرێژی ڕەگەزی توندوتیژ’ مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
فاشیزم میژوویەکی تاوانکاری هەیە، تەنیا ئایدۆلۆژیایەکی سیاسی نییە، کاردانەوەیەکی توندوتیژیهەیە بەرامبەر بە پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی.فاشیزم ئایدۆلۆژیایەکی ڕاستڕەوی توندڕەو و ناسیۆنالیستییە کە هەوڵدەدات دەسەڵات لەیەك سەرکردە یان حزبێکدا چڕکاتەوە و بەکاربهێنێت بۆ دابەشکردنی خەڵك و پێچانەوەی دامودەزگا دیموکراسیەکان و یەکێتیە کرێکاریەکان و بزووتنەوە چەپ وسوشیالستەکان. فاشیزم لەسەر ترس و ڕق و درۆ بنیات نراوە. ئەوەش بڵیم فاشیزم تەنیا ڕق و کینە نییە، بەڵکو لەڕووی ئابوورییەوە پاڵنەرێکی هەیە، خزمەت بە بەرژەوەندی چینی سەرمایەداری دەکات کاتێك ترسیان لە دەستدانی دەسەڵات هەیە. لەساڵانی بیست و سییەکانی سەدەی ڕابردوودا نوخبەی ئیتاڵیا و ئەڵمانی پارەیان بۆ مۆسۆلینی و هیتلەر دابینکرد بۆئەوەی کۆمۆنیستەکان و سەندیکاکانی کرێکاران لەت و پەت بکەن. فاشیزم بەڵێنی دا کە موڵك و ماڵی تایبەت و قازانج و پلەبەندی بپارێزێت بە هەر شێوەیەك کە پێویست بێت، وەك لیۆن ترۆتسکیباسی لەوەدەکرد کە بۆرژوازی روو لەفاشیزم دەکات کاتێك دەسەلاتەکەی لەلایەن چینی کرێکارەوە دەکەوێتە مەترسیەوە.کاتێك دیموکراسی پەرلەمانی وئامرازە تەقلیدیەکانی کۆنترۆڵکردن بەس نین، چینی دەسەڵاتدار بۆ پاراستنی دەسەڵات لەبزووتنەوە فاشیستیەکان کەڵك وەردەگریت”
فاشیزم بزووتنەوەی برسێتی وئازارو نەهامەتی و نائومیدی و بێئاسۆیی وبێئایندەییە. ئێمە دەبێت هەوڵبدەین بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو چینە کۆمەڵایەتیانە کە ئێستا تێوەگلاون لە فاشیزم دا ئەویش یان بە تێکەڵکردنیان لە خەبات و هەوڵەکانماندا یان بەلایەنی کەمەوە بە بێلایەنکردنیان لەخەبات وشەڕ وتێکۆشانەکانماندا. دەبێت ئەوپەڕی ڕۆشنی وهێز وتوانا بەکاربهێنین بۆ ئەوەی نەتوانن هێز و قودرەت ببەخشن بە دژە شۆڕشی بۆرژوازی.فاشیزم تەنها هێرش ناکاتە سەر دوژمنە سیاسییەکان، بەڵکو ڕۆحی کۆمەڵگا لەناو دەبات. ئازادی قسەکردن، مافی دەنگدان، میدیای سەربەخۆ ،…. و خەڵکی جولەکە، موسڵمان، پەنابەر، خەڵکی ئێڵ جی بی تی کیو و ئەوانی دیکەش کە قوربانی جەنگ و نائارامین دەکرێنە بەهانەکانی داشکاندنەوەی قەیران و کێشەکانی کۆمەڵگا و گرانی و بڕینی خزمەتگوزاریەکان.
مێژووی ئەم فاشیزمە لە ئەڵمانیای هیتلەری بووە هۆی هۆلۆکۆست و جەنگی جیهانی دووەم و زیاتر لە ٦٠ ملیۆن کەس کوژران. ئیتاڵیای مۆسۆلینی دیموکراسی لەت و پەت کرد و پەیوەندی بە ئەڵمانیای نازییەوە کرد لە تاوانەکانی جەنگدا. ئیسپانیای فرانکۆ بە لەسێدارەدان و سانسۆرەوە نەوەکانی بێدەنگ کرد. بزووتنەوە نوێیە نیوفاشیستەکان بەردەوامن لە هەڕەشەکردن لە مافەکان و کەمینەکان و دیموکراسی.لە هەر شوێنێك فاشیزم سەرهەڵبدات، ئازاری مرۆڤ بەدوای خۆیدا دێنێت. بۆچی دەبێت بەرەنگاری ببینەوە؟ فاشیزم شوێنەواری ڕابردوو نییە بەڵکو تا ئەمڕۆش وەك مەترسییەك دەمێنێتەوە.قەیرانی ئابووری و نایەکسانی و ترس دەتوانێت ژیانێکی نوێی پێببەخشێت. هەربۆیە دەبێت بەرەنگاری ببینەوە، نەك تەنها بە قسە، بەڵکو بەکردار. پێویستە بەرەنگاری ڕەگەزپەرستی و سێکسیزم و دژەبێگانەو هۆمۆفۆبیا لە هەر شوێنێک دەربکەون.. ببینەوە. پێویستە لەگەڵ کرێکاران و سەندیکاکان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بوەستین کە داوای ئازادی و پیکەوەژیان و مرۆڤدۆستی ودادپەروەری دەکەن. راسیزم بەهەمان شێوە ئەوەی لەسەری رادەوستێت جیاوازییە لەکەلتورو زمان و داب و نەریت کە پیان وایە یەکگرتووی کۆمەڵگاکانی ئەوروپا دەخاتە بەردەم هەڕەشەی لەیەك ترازانو هەڵوەشاندنەوە لەکاتێکدا ئینسان هەر کەلتورو زمانوڕەنگێکی هەبێت ئینسانە و مافەکانی جیهانداگرە.
ڕەوتی فاشیزم وە راسیزم لەئێستەدا لە بەریتانیا و ئەوروپا کە لەسەر بنەمای جیاکاری ڕەگەزی و پیناسەکردنی رەگەزی ئەوروپایی وەك رەگەزێکی باشتر لەنێو وجودە ئینسانیەکاندا و بەم هۆیەشەوە وەك تەحقیر و بەکەم تەماشاکردنی رەگەزەکانی تر بنیاتنراوە. لەپێناو لێگرتنەوەی بیمەکان و دەستکەوتە کۆمەڵایەتیەکان لەلایەك و بۆ پارچەپارچەکردنی جوڵانەوەی کرێکاری و هەڵگیرسانی شەڕ لەنێوان بەشەکانی کۆمەڵگەدا، هەویەتی رەگەزی بەرامبەر پەنابەران و کۆچکردوانێك کە بۆکار هاتبوونە وڵاتە ئەوروپایەکانەوە لەلایەن باڵێکی بۆرژوازیەوە بەدەستەوە گیراوە و کراوەتە بەرنامەیەکی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکان. بەڵام گه‌شه‌ی راسیزم و فاشیزمی نۆی له‌ ئێستەدا هاوکاتە لەگەڵ سەرهەڵدانی کێشمەکێش و شەڕی جەمسەرە جیهانیەکانی بۆرژوازی بۆ سەرلەنۆی دابەشکردنەوەی جیهان و دەربازبوونی سەرمایەداری لەو قەیرانە قوڵەی تێیکەوتوەو زیاتر لە یەك دەیەیە بەرۆکی گرتوە.
هەربۆیە لەسەردەمی ئێستادا کەقەیرانی ئابوری لەئارادایەو حکومەتەکانی ئەوروپا لەبەردەم گۆڕانکاری گەورەی سیاسی و ئابوریدان، راسیزم بەتەنها لە دژایەتیکردنی خەڵکی بیانی و جیاکاریکردنی نێوان ئینسانەکاندا نەماوەتەوە، بەڵکو ئێستە بۆتە بەرنامەیەکی سیاسی بەدەست چەندین ئەحزابی راسترەوەوە کەڕێگایان پێدراوە بەئاشکرا لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداربن و دەرگای بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتیان لەڕوودا بکرێتەوە. تەنانەت بەشێك لەم حیزبە راستڕەوانە دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە. بەرنامە و ئەجێندای ئەم حزبە ڕاسیست و ڕاسترەوانە هەرئەوەنیە کەپەنابەرو کۆچکردوان تەحقیر بکات بەڵکو ڕووی لەوەیە کۆمەڵگە بەجۆرێك ڕێكبخەن کەئاستی کرێ وسەعات کاری زۆر جێگیر بکات، بیمەکۆمەڵایەتیەکان وخزمەتگوزاریەکان هەڵوەشێنێتەوە، تەمەنی خانەنشینی بۆ ٧٠ ساڵ بەرزبکاتەوە، ژنان و مناڵان وپیرو پەکەوتە لەخزمەتگوزاری تایبەت وبەرهەقی خۆیان بێبەریکات. هاوکات هەوڵدەدات کۆمەڵگای موتەمەدنی ئەوروپا وبەریتانیا لەشەڕێکی بەردەوامی ناوخۆیی ڕەگەزیدا ڕابگرێ. ئەم راسیزمە وەك جوڵانەوە و رەوت و ئەحزابی راسترەو ئامانجی پەلاماردنی هەموو دەستکەوتەکانی بەشەریەت و پاشەکشەپێکردنی مەدەنیەت و ئینسانیەتی کۆمەڵگەیە. گێڕانەوەی کۆمەڵگەی تۆلرانس (لێکبووردن)و موتەمەدنی ئەوروپا بەرەو دەمارگیری وجیاکاری گۆشەیەکی سەرەکی بەرنامەی ڕاسیزمە لە بەریتانیا وئەوروپا.
ئەوەش بڵێم حکومه‌ته‌کانی ئه‌وروپا دریغیان نه‌کردوه‌ لە هاوکاریکردن بۆ سەربەزکردنەوەی ره‌وت وحزبه‌ فاشست و راسیستیەکان بۆ نێو ده‌سه‌ڵات و وه‌رگرتنی کورسی په‌رله‌مانه‌کان و به‌رزبوونه‌وه‌ی پێگه‌یان له‌م کۆمه‌لگەیانه‌دا. به‌تایبه‌تی ئه‌م راسیزمه‌ نوێیە‌ دوژمنی که‌لتوری جیاوازو دژایه‌تی بێگانه‌ په‌یڕه‌وی سه‌ره‌کی و پرۆگرامیانه.‌ ده‌یانه‌وێت ئه‌وروپا له‌ په‌نابه‌ران بپارێزن، پڕوپاگەندەی ئه‌وه‌ ده‌که‌ن په‌نابه‌ران سه‌رچاوه‌ی بێکاری وگرانی و نه‌خۆشی و ئه‌و قه‌یرانانه‌ن که‌ به‌رۆکی به‌ سیستەمەکەیان و حکومه‌تەکانیان‌ گرتووه‌.
کەواتە چی بکرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی راسیزم و فاشیزم؟ Martin Niemöller مارتین نیمولەر، کەقەشەیەکی ئەڵمانی بوو، بە لێدوانە بەهێزەکەی ناسراوە سەبارەت بە ترسنۆکی ڕۆشنبیرانی ئەڵمانی بەتایبەتی کڵێساکان دوای سەرهەڵدانی نازییەکان بۆ سەر دەسەڵات. هەرچەندە سەرەتا پشتگیری لە هیتلەر دەکرد، بەڵام نیمۆلەر بوو بە ڕەخنەگرێکی ڕاشکاوانە لە نازییەکان، بەتایبەت دوای ئەوەی نازیەکان دەستیانکرد بە دەستوەردان لە کەنیسەکەدا، دەڵێ:
“یەکەم جار هاتن بۆ سوشیالستەکان قسەم نەکرد، چونکە سوشیالست نەبووم، پاشان هاتن بۆ یەکێتیە کرێکاریەکان قسەم نەکرد، چونکە من ئەندامی یەکێتی کرێکاریی نەبووم پاشان هاتن بۆ جولەکەکان قسەم نەکرد، چونکە من جولەکە نەبووم دواتر هاتن بۆ من بەڵام کەس نەمابوو لەبری من قسە بکات.”
ئایندەیەکی باشتر مومکینە. بەڵام فاشیزم سیاسەتی نائومێدیی و رقە، توندوتیژی ودووبەرەکی پێشکەش دەکات. پێویستە ڕەگەزپەرستی و سێکسیزم و بێگانەپەرستی و هۆمۆفۆبیا لە هەر شوێنێک دەربکەون رووبەڕوویان ببینەوە.کرێکاران و سەندیکاکان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان کە ئازادی و پێکەوە ژیان و دادپەروەری ئایندەیەکی باشتر بژاردەمانە، بە ڕێکخستن و پەروەردەکردن و پێکەوە، بەرەنگاریان بینەوە. دەتوانین جیهانێك بنیات بنێین کە لەسەر بنەمای یەکسانی و ئاشتی و خۆشگوزەرانی ڕاستەقینە بێت، جیهانێک کە فاشیزم جێگەی نییە و هەرگیز نایبێت.
فاشیزم و راسیزم دیاردەیەکی شەرمهێنەرە بەدونیای هاوچەرخ و کۆمەڵگەی بەشەری ئەمڕۆ. جیاکاری و ئینسانکوژی لەگەڵ سروشتی ئینسان و کۆمەڵگەی شارستانی ئەم سەردەمەدا نایەتەوە، بەتایبەتی کە برایەتی و ئینسانیەت، تۆلێرانس(لێکبووردن) و پێکەوەژیانی ئینسانی بەدەر لەجیاوازی جوگرافی، ڕەگەزی وئاینی، یەك راستی و پێویستیەکی ئینسانەکانە.
فاشیزم ئایدۆلۆژیایەکی مەترسیدارە کە پەنابەران و سۆشیالیستەکان و چینی کرێکار دەکاتە ئامانج، لەکاتی قەیرانەکاندا گەشە دەکات، ترس و ڕەگەزپەرستی و توندوتیژی بەکاردەهێنێت بۆ دابەشبوون و کۆنترۆڵکردن.چینی کرێکار و یەکێتیە کرێکاریەکان و ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان، دەسەڵات و بەرپرسیارێتی بەرەنگاریمان هەیە، دەتوانین پێشەنگی جوڵانەوەیەك بین کە کۆمەڵگا لەهەڕەشەی راسترەو و توندڕەوەکان پبارێزێت. هەموو ئەوانەی لە ڕێپێوانی تۆمی روبنسندا بەشداریان کرد، لەگەڵ بۆچوونە توندڕەوانەکانی رۆبنسندا هاورڕ نین، هەروەك کەسانێك لە ڕێپێوانەکەدا بەیانیان دەکرد، بەڵام دەتوانێت پلاتفورمی ئەو رەوتە راستڕەوە، راستیەکانی قەیرانەکانی دەسەڵات لەبەرچاوی ئەوانە ونبکات.
چەند ساڵە، حزبی پارێزگاران بە ئابووریی نیولیبراڵ و پاشان لەیبەر پارتی بەدریژەدانی هەمان سیاسەتی لێگرتنەوەو برسیکردن، هێرشیان کردووەتە سەر ئاستی ژیانمان و خزمەتگوزارییە گشتییەکانمان. ئەوان پڕوپاگەندەی ئەوەیان دەکرد کەNHS باشتر دەکەن و ژیانی خەڵك باشتر دەکەن و رێگای گەشەکردنی ئابوری فراوانتر دەکەن، وە بەشێکیش لە دەنگدەران لە هەڵبژاردنەکاندا باوەڕیان پێکردن و دەنگیان پێدان، بەڵام هەموو ئەو بەڵێنانە درۆ دەرچوون و دۆخی ژیان و گوزەرانی کرێکاران و هاوڵاتیانی کەمدەرامەتیان چەندئەوەندە خراپتر کرد، تا وای لێهات دەرفەت بۆ حیزبێکی ڕاسیستی بۆرژوایی وەکو ریفورم و کەسایەتیەکی سیاسی ڕاستڕەوی وەکو نایجل فاراج دروست بکەن تا سیاسەتی نامرۆڤانەی دژی پەنابەران لەژێرناوی “راگرتنی بەلەمەکانی پەنابەران” و جێهێشتنی رێکەوتننامەی یەکێتی ئەوروپا بۆ مافی مروڤ، بکاتە دروشمی سەرەکی و پلاتفۆرمی رەوتی ڕاستی توندەڕو لەلایەن ڕۆبنسنەوە، کە خەریکە بەشێك لە کۆمەڵگە چەواشەدەکات. .
چینی کرێکار ناتوانێت ئەم شەڕە بۆ کەسانی تر جێبهێڵێت، بەخەم ساردیەوە مامەڵە بکات! دەبێت خۆمان رێكبخەین و هیزمان یەکگرتوو بکەین و پەیوەندی خەباتکارانەمان پێکەوە گرێ بدەین. خۆمان بۆ ئەم شەڕە ئامادە بکەین. کۆمەڵگە لە مێژووی فاشیزم و تاوانەکانی و هەوڵەکانی بۆ گێڕانەوەی کۆمەڵگا بۆ دواوە، بۆناو دووبەرەکی و کینەو نەفرەت و تاوان هوشیاربکەینەوە. درۆ و سیاسەتە چەواشەکارانەکانیان ریسوابکەین.پێویستە بوێرانە لە دژی بیرۆکە فاشیستەکان قسە بکەین، لەدژی هەوڵەکانیان بۆ کەرتکردنی کۆمەڵگا و هێرش بۆسەر بەهاو بنەما ئینسانیەکانی کۆمەڵگە ڕابوەستین.
بەشداری لە کۆبونەوەو خۆپیشاندانەکاندا بکەین دژی ڕاسیزم و فاشیزم و ڕاستی توندڕەو. هەوڵ بدەین مانیفێستێك بەدەستەوە بدەین بۆ بەرگریکردن لە ژیان و گوزەران و ماف و دەسکەوتەکانمان بەرامبەر بە هێرشی بۆرژوازی و حزبە ڕاستڕەوەکانیان. بەرگری لە پەنابەران بەرامبەر بەم هێرشەی فاشیست و ڕاسیستەکان.
هەڵکشانی ئەم رەوتە راسترەوانە هۆشداریەکیشە بۆ پەنابەران و کۆمیونیتیەکان کە دەبێت لەحاشییەی ئەم شەڕەدا رانەوەستن. ئەوان بەشێکن لە چینی کرێکاری ئەم وڵاتەو دەبێت هاوشانی چینی کرێکارو یەکێتیە کرێکاری و رێکخراوە چەپ وسوشیالست و ئازادیخوازەکان، ئەم بەرە ئینساندۆستیە بەهێز بکەن و دەتوانین هاودەنگی ڕاستەقینە دروست بکەین.
خەبات دژی فاشیزم کۆمەڵێك ئەرکی نوێ بەسەرماندا دەسەپێنێت، زاڵبوون بەسەر فاشیزم لە ڕووی ئایدیۆلۆژی و سیاسییەوە بۆ خۆی بەس نییە بۆ پاراستنی چینی کریێکاری تێکۆشەر لە خراپەکاری و توندوتیژی ئەم دوژمنە.لە ئێستەدا چینی کرێکار پێویستییەکی بەپەلەی هەیە بۆ بەرگریکردن لە خۆی لە دژی فاشیزم و ئەم خۆپاراستنە لە دژی ئەم رەوتە کۆنەپەرست وراسترەوە، نابێت بۆ یەك سات پشتگوێ بخرێت.کرێکاران دەبێ بێ جیاوازیی حیزبی یان سەندیکای کرێکاری، بۆ خەبات پێکەوە کۆببنەوە. بەرگریکردن لە چینی کرێکار لە دژی فاشیزم یەکێکە لەو پاڵنەرە بەهێزانەی بۆ دامەزراندن و بەهێزکردنی بەرەی یەکگرتووی چینی کرێکار. بەبێ بوونی بەرەیەکی یەکگرتوو بۆ بەرگری لەبەرامبەر ئەم رەوتە کۆنەپاریزە ناتوانێت بە سەرکەوتن بگات.
دەبێ فشارەکانمان بۆ سەر حکومەت توندبکەینەوە کە نابێت موجامەلەی گروپە راستڕەو و فاشیستەکان بکات.. هاوکاری مالی و سیاسیان رابگیرێت..سەرچاوەی داراییان بۆ حکومەت ئاشکرا بکرێت… رێگە بە کۆبوونەوەو وتاردانی سیاسی و هاندان بۆ توندتیژی و جیاکاری بەتاوانی قورس هەژمار بکرێت..دەبێ حکومەت ئەولەویات بدات بە باشکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵك و باشکردنی خزمەتگوزاری پزیشکی تەندروستی، شارەوانیەکان و خانووبەرەو باشکردنی سیاسەتی پەنابەری لەسەر بناغەی سیاسەتێکی ئینسانی دور لەترس و هەڕەشەی ناردنەوە.. هەر دەزگایەك و هەر کەسێك بانگەشەی دووبەرەکی و راسیستی کرد سزا بدرێت. پێویستە هەموان لەبەرامبەر راسیزم و فاشیزمدا یەك بگرین و کەمپەینێکی فکری و سیاسی گەورە لەدژیان بەرپابکرێت کە چۆن کۆمەڵگە بەرەو کارەسات دەبەن. دەبێت پێکەوە تەریکیان بکەینەوە تا بێکاریگەر بن. ئەوە ئەرکی ئێمە، چینی کرێکار و بزوتنەوەیی کرێکاریە کە کۆمەڵگە لەهەڕەشەی ڕاستڕەوە توندڕەوەکان بپارێزین.
٢٢/٩/٢٠٢٥

لێدوانێک بەجێ بهێلە