Home بیروڕاژێرخان سەرمایەداری و سەرخان دەرەبەگایەتی *

ژێرخان سەرمایەداری و سەرخان دەرەبەگایەتی *

by admin
0 کۆمێنتەکان 51 بینینەکان

ئەکرەم سەعید:   
۱/ لە جیهانی سەرمایەداری ئەمڕۆدا پاشەکشەی فکرو سیاسەت بەرەو سەردەمی دەرەبەگایەتییە، یانی گەڕانەوە بۆ سەرخانی قۆناغی پێش مۆدرنێتەیە:(زاڵبوونی ڕوانگەی ئایینی سیاسی لە بەشێکی زۆری دونیادا: مەسیحی سیاسی ڕاستڕوەی توندڕەو لە ئەمەریکا و ئەوروپادا، هیندۆسی سیاسی لە هیندستان، زاڵبوونی ئیسلامی سیاسی بەسەر بەشێکی زۆری وڵاتانی عەرەب زمان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یەهودی سیاسی توندڕەو لە ئیسرائیل، زیادبوونی گوتاری بودی سیاسی لە بەشک لە وڵاتانی ئاسیا،، هتد) و (زیادبوونی دیاردەی ئیستبدادی دەسەڵاتی سیاسی: پێشێلکردنی مافی ڕادەربڕین لە جیهاندا، زیادبوونی دیاردەی ستەم لە ژنان و کەمایەتیەکان لە کۆمەڵگەدا،، هتد).
بەهێزبوونی بزووتنەوە پۆپۆلیسمە ڕاستڕەوەکان{زیادبوونی گوتار و چالاکی ئایینە سیاسییەکان، سیاسەتی دژی پەناهەندەیی و بیروباوەڕی ناسیونالیستی و نیشتمان پەروەری توندڕەو:” ئەمەریکا بۆ ئەمەریکییەکان، سوید بۆ سویدییەکان، تورکیا بۆ تورکەکان،، هتد”، ڕاسیسمی کەلتوری و بیروباوەڕی ڕەگەزپەرستی:”دەسەڵات بۆ سپی پێستەکان”}، ئەمانە بوونەتە مایەی کابوسێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە سەرانسەری جیهاندا. بۆ نموونە: زیادبوونی گوتاری سۆشیال میدیای ناسیۆنالیزمی چینی، بزووتنەوە پۆپۆلیزمە ڕاستڕەوەکان لە ئەوروپا و ئەمریکای باکوور، دیاردەی توندڕەوی پۆپۆلیستی هیندۆسی(نموونەی مودی – ناسیۆنالیستی هیندۆسی)، فکر و سیاسەتی دەسەڵات و ئەحزابی سیاسی ئیسلامی لە ئێران، تورکیا، عێراق،، هتد، ئەمانە لە بنەمای فەلسەفەی سیاسییاندا کۆنسەرڤاتیڤن **؛ بە واتایەکی تر دوژمنایەتییەکی هاوشێوەیان هەیە بەرامبەر بە فکری(ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری ئینسانی)، تەنانەت دژایەتی کۆمەڵگەی فرە کولتوری و لیبڕاڵیسم دەکەن.
ئەم مۆدێلە لە فکرو سیاسەت و ئەحزاب(سەرخانی کۆمەڵگە)لە بان سەری(ژێرخانی کۆمەڵگە)؛ یانی هێزی بەرهەمهێنانی زۆر پێشکەوتوو لە ڕوی تەکنەلۆژی و دابەشبوونی کۆمەڵگە بۆ دوو چین ڕاوەستاوە، کە دەلاقە و قڵش لە نێوان چینەکاندا ڕۆژ بە دوای ڕۆژ لە زیادبووندایە(سەرمایەدارەکان ساڵ بە دوای ساڵ زیاتر دەوڵمەندتر دەبن و کرێکاران زیاتر هەژارتر دەبن).
۲/ ئەم جۆرە لە کۆمەڵگە(کۆمەڵگەی تەکنەلۆژی)لەمڕۆکەدا زۆر ناسکە؛ ناسک لە ڕوی ئەوەی هەموو کارەکان بە تەکنەلۆژیاوە هەڵپێکراوە، هەموو کارەکان لە کارگە، لە بازاڕ یان لە ماڵەوە بە کارەبا و ئینترنێت و ئامێرەکان جێبەجێ دەکرێ، کاتێ کارەبا ببڕێ یان ئینترنێت پەکی بکەوێت، ئەوە ژیان ڕادەوەستێ.
بۆیە ئەم جۆرە کۆمەڵگایانە بەرگەی بیست و چوار کاتژمێری جەنگ ناگرن؛ لە سوید بۆ نموونە: ئەگەر کارەبا و ئینترنێت ببڕێ، ئیدی تۆ ناتوانی خواردن دروست کەیت، خۆت بشۆیت، خۆت گەرم کەیتەوە، لە بازار کەلوپەل بکڕی، میترۆکان و شەمەنەفەرەکان ڕادەوەستن،، هتد، بە کورتی ژیان ڕادەوەستێ، هەڵبەتە ئەوە حاڵی بەشێکی زۆری وڵاتانی جیهانی ئەمڕۆیە-(ئەمە جگە لەوەی هەموو کۆمەڵگەێک قابلی داڕمانە کاتێ دەوڵەتەکەی بچێتە نێو جەنگەوە، چونکە هیچ سیستەمێکی بەرگری نییە لە جیهاندا وڵاتەکەی لە سەدا سەد لە درۆن و مووشەکەکان بپارێزێ.)
جگە لەو کارەساتە تەکنەلۆژییەی سەرەوە، بەهۆی قەیرانی کوشندەی ئابووری لە جیهاندا، و بەهۆی زاڵبوونی بزووتنەوە پۆپۆلیسمە ڕاستڕەوەکان و دژەکانیان لە چەپ و ئینساندۆستەکان، لە هەڵگیرسانی ئاژاوە یان جەنگ کۆمەڵگە دەبێتە مەیدانی جەنگی ناوخۆیی لە نێوان ئەو بزووتنەوە دژ بەیەکانە.
——————————
* لە شرۆڤەی مارکس بۆ کۆمەڵگە، بونیادی ئابووری کۆمەڵگا(ئامراز و هێزەکانی بەرهەمهێنانی و پەیوەندی بەرهەمهێنان/ پەیوەندی کار و سەرمایە)بنەما و ژێرخانە، و هەموو دەزگای سیاسی و یاسایی و ئایدیۆلۆژیی سەرخانی کۆمەڵگایە کە لەسەر ئەم بنەمایە بنیاتنراوە. بەڵام سەرخان لە هەندێ هەلومەرجی ئابووری و سیاسیدا سەربەخۆیێکی ڕێژەیی هەیە لە ژێرخان؛ یانی مەرج نییە هەموو کاتەکان و خولەکان ژێرخانێکی پێشکەوتوو سەرخانێکی دیموکراسی و لیبڕالی هەبێ، لەڕاستیدا جۆرە ڕوانگەێکی میکانیکی وا بۆ پەیوەندنی ژێرخان و سەرخانی کۆمەڵگەکان، نزیکایەتی بە زانستی کۆمەڵناسی مارکسەوە نییە.
** کۆنسەرڤاتیڤ – پارێزەران/ conservative وشەیەکی ئینگلیزیە، بۆ یەکەمجار لە سەردەمی ناوەڕاست(پێش ساڵی ١٣٩٨) تۆمارکراوە. وەک وشەیەکی خواستراو هاتە ناو ئینگلیزییەوە، کە لە وشەی فەرەنسی کۆن conservatif وەرگیراوە، کە خۆی لە زاراوەی لاتینی conservare هاتووە، بە واتای “پاراستن” یان “هێشتنەوە وەک خۆی”. کۆنسەرڤاتیڤ Conservatism فەلسەفە و ئایدۆلۆژیایەکی کۆمەڵایەتی و سیاسییە کە هەوڵی پاراستنی داب و نەریت و بەها تەقلیدییەکان دەدات.

 

 

لێدوانێک بەجێ بهێلە