Home ئەدەبوێنەکانی وەتەنی من

وێنەکانی وەتەنی من

by Hawpshti Media
0 کۆمێنتەکان 50 بینینەکان

شیعری: ڕۆزا حوسێن
وەتەنی من ئەو جۆلانەیە بوو باوکم بە دارتوەکەدا بۆی هەڵخستم
کە تا ئێستایش لە یادەوەریمدا وێنەی سەمای تاڵی پرچەکەم بە ئاسمانەوە شوێنەواری ماوە
وەتەنی من بۆنی ئەو تەماتە وشکانە بوو کە زستانان
دایکم برنجی وشکی هەژاری بۆ پێ تەڕ دەکردین
وەتەنی من براکەم بوو
کاتێ سەری کۆڵانی لە هەموو شار گرت و وتی:
من باکم بە ڕیشی سپی ئێوە نییە
دەبێت خوشکەکانم بڕۆن بۆ قوتابخانە.
وەتەنی من دراوسێیەکی میهرەبان بوو
هەموو ئەو کتێبانەی پێدەدام کە دەمویست
تەنها بە مەرجی ئەوەی بیانخوێنمەوە
لە وێرانەی وەتەنی منا ژنەکان بە یەک دەست تایت
تەنەکە بەتاڵە ڕۆناوییەکانیان دەکردە ئینجانەیەکی پڕ لە گوڵی نازناز
لە وەتەنی من ژنە بەتەمەنەکەی دراوسێمان
قورسی نەعنای ناو فەقیانەکەی دەبەخشییە ئەو منداڵەی یەکەم کەس
مژدەی گەڕانەوەی کورە پێشمەرگەکەی بۆ بهێنێت
لە وەتەنی من کچەکانی گەڕەک
یەکتریان بۆ ژوان ئامادە دەکرد
کاتێکیش نائومێد دەکران
بە دەستەسڕێکی ناسک
فرمێسکەکانیان بۆ یەکتری دەسڕییەوە
وەتەنی من هەموو ئەو چەپکە گوڵە نێرگزانەیە
وا هیچ بەهارێک نەماندایە دایکمان
وەتەنی من ئەو ئارامییەیە لە چاوەکانی خوشکەکەمدا
بوو بە ئەستێرەیەکی پرشنگدار بە ئاسمانی چاوە ڕەشەکانییەوە،
کاتێ پرچەکەیم بۆ دەهۆنییەوە.
وەتەنی من گۆرانیەکانی باوکمە کە لە ئاهەنگەکەدا هەمووانی دەهێنایە سەما
جگە لە خۆی.
وەتەنی من ئەفسونێک بوو وەختێ دایکم لەسەر لەپی دەستەکانمان
خەنەی لە ڕەنگی سەوزەوە بۆ کردینەوە بە خەنەیی.
وەتەنی من زەرفێک بەڵاڵوکە لەسەر پردەکەی مەولەوی کڕیم
لە ژێر لێوەوە وتم وەی دایە گیان ڕەنگێکی چەند جوانە
پیاوەکە سەیرێکی کردم و وتی:
دەنکەکانی لە چاوی ئەو کچە دەچێت کە لەوەتەی ئەو ڕۆیشتووە من دەستم داوەتە فرۆشتنی
وەتەنی من سوێندخواردنی دڵدارێکە
بە گوارەی گوێی دڵبەرەکەی
وەتەنی من گەشتی ناو پاسێکی کۆستەرە
کاتێ کوڕەکان بە گوڕوتینەوە گۆرانیان بۆ جوانی چاوی کچەکان دەووت
کچەکانیش چاوەکانیان دەبریسکایەوە و بە نازەوە چەپڵەیان لێدەدا
وەتەنی من دانیشتنە لە ئێوارەیەکی ساردی زستاندا
لەبەر پەنجەرەیەکی تەمگرتوو
کاتێ وێنەی دڵێک و تیرێک دەکێشرا
وەتەنی من ئەبڵەق بوونی منداڵێکە
بە دیار نەکەوتنی باوکییەوە
کاتێ ئێواران دوای چەندین سەعاتی کار
دەیکاتە قەڵادۆشکانی و بە زەردەخەنەیەکەوە پێیدەڵێت:
توند دەستبگرە ڕۆڵە با نەکەوی
وەتەنی من چەند گۆرانییەکی عەشقە
سەمایەکی حەوت شەو و حەوت ڕۆژەیە
بۆ بەیەکگەیشتنی دوو عاشق
وەتەنی من
قاقایەکە خەریکە ئاسمان شەق دەکات
گریانێکە لە منداڵییەوە تا ئێستایش ژیرنەبووەتەوە
وەتەنی من وێنەی پێشمەرگەیەکی یەکەم ڕۆژی ڕاپەڕینە
وەختێ بە دەستە زەردهەڵگەڕاوەکانی
هەناوی هەڵڕژاوی خۆی توند گرتبوو
بەشکو پەرستیارەکەی گەڕەک لە جێی خۆی بۆ دابنێتەوە
وەتەنی من کچێکی گەریلایە
جەسوورانە دانەدانە کچە سپیپۆشە کوردەکان
لە نادادییەکانی داعش دەفڕێنێت و دەیانخاتەوە باوەشی میهرەبانی باوکیان
وەتەنی من
ئەو چارۆکە دڕاوەی بەلەمی ناو دەریا بێ بنەکانە
کە بەر لە نغرۆبوون
بێباکانە تراژیدیای هەموو سەرنشینە بەدبەختەکانمان لەسەر نووسی.

لێدوانێک بەجێ بهێلە