
وێنە: ئەرشیڤ
سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان، نیگەرانیی قووڵی خۆی لەبارەی کۆچی بەلێشاوی گەنجان و کێشەکانی پەنابەرانی کورد لە وڵاتانی تونس و لیبیا و گەڕانەوەی دیپۆرتکراوەکان لە وڵاتانی ئەورووپا دەربڕی، هۆشدارییشیدایە هاوڵاتییان لە مەترسییەکانی ئەم ڕێگەیە و داوای لە حکومەتی كاربەڕێكەری هەرێم و عێراق کرد کە چارەسەر بۆ بێکاری بدۆزنەوە، چونکە بە وتەی ئەو بێکاری هۆکاری سەرەکی کۆچکردنە.
بەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان، سەبارەت بە پرسی کۆچی گەنجان و مەترسییەکانی ڕێگاکانی کۆچ و بێباکی حکومەت، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی ئەنجام دا.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا بەکر عەلی ئاماژەی بەوەدا، کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەیان بە مەبەستی ڕوونکردنەوە بووە بۆ هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بەو کۆچە بە لێشاوە، گرتن و زیندانیکردنی ڕۆڵەکانیان لە وڵاتانی تونس و لیبیا، هاوکات ئاماژەی بە کارەساتی ئەو یەختانە دا کە سەرنشینەکانیان لە ڕێگەی قاچاخچییەکانەوە خراونەتە سەر شەپۆلە بەهێزەکانی دەریاکان و ئەگەرە زۆرەکانی نقومبوونیان.
بەکر عەلی باسی لەوەشکرد، لە مانگی ١٠ـی ئەمساڵەوە وڵاتانی ئەورووپا بە تایبەت ئەڵمانیا، سوید و نەرویج دەستیان بە گەڕاندنەوەی کۆچبەران بۆ عێراق کردووە، لەو مانگەدا یەکەم قۆناغی ئەو پەنابەرانەی مافی پەنابەرییان ڕەتکرابووەوە، گەیشتوونەتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد، بە وتەی ناوبراو، ئامارەکە سەرووی ١٠٠ کەس بووە و بەشێکی زۆریان خێزاندار بوون، ئەو هاوڵاتییانە پێکهاتوون لە دانیشتوانی دەڤەری ڕاپەڕین، زاخۆ، دهۆک و سلێمانی.
لە درێژەی قسەکانیدا، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان داوای لە هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان کرد، کە ڕۆڵەکانیان نەخەنە ئەم ڕێگە پڕمەترسیدارە، چونکە دواجار بە زۆرەملێ و بە شێوازێک لە شێوازەکان دیپۆرت دەکرێنەوە، ئێستا دۆخی وڵاتان بەرامبەر بە پەنابەران لە دۆخێکی دژوار و خراپدایە.
بەکر عەلی ئاشکراشی کرد، تا ئێستا نزیکەی ٣٠٠ هاوڵاتی لە تونس و لیبیا گیرساونەتەوە، کە بەشێکیان لە ژێر دەسەڵاتی حکومەت دان، سووپاسی وەزارەتی دەرەوەی عێراق و وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی کرد کە لەسەر خەتن و هەوڵیان داوە ئەوانەی لەسەر خەتن بیانگێڕنەوە.
لە کۆتاییدا، داوایەکی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و وتی: چیتر خەم سارد نەبێت لە بەرامبەر ئەو نادادپەروەرییەی کە بەرۆکی ڕۆڵەکانی ئێمە دەگرێت، چونکە ئەم ڕێگەیە کراوەتە بەهەشتێک بۆ ئەوان، لە کاتێکدا لە ڕاستیدا دۆزەخێکی شاراوەیە، بنچینەی هۆکاری کۆچ بێکارییە و داوا لە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم دەکەم گەر زەمینەی کار بڕەخسێنن، هیچ هاوڵاتییەکی هەرێمی کوردستان و بە تایبەت گەنجەکان وڵات جێناهێڵن.
بەپێی ئامارەکانی کۆمەڵەکە، لە ماوەی نۆ مانگی ڕابردوودا زیاتر لە شەش هەزار هاوڵاتی هەرێمی کوردستان ڕوویان کردووەتە ئەورووپا.