کرێکاران، خەڵکی ئازادیخواز، ژنانی ستەمدیدە، لاوانی دڵپڕ لە هیوا!
هەرەوەک کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاری داوە کە لە مانگی تشرینی دووەم/ نۆڤەمبەری ئەمساڵدا هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق ئەنجام بدرێ. ئێمە هەردوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان و حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق بڕیارماندا لەم هەڵبژارنەدا بەشداری بکەین و وەکو مەیدانێکی سیاسی لەڕەوتی خەباتی سیاسی خۆماندا بەدەستیەوە بگرین. ئامانجی هەردوو حزب لەبەشداریکردن لەم هەڵبژاردنەدا ئەوە بوو کە وەکو چۆن لە هەموو مەیدانەکانی تردا بەرگریەکی پەیگیرانەمان لە مافەکانی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش و کارمەندان و ژنان و لاوان کردوە، بەهەمان نەفەسەوە پرۆسەی هەڵبژاردن و هۆڵی پەرلەمانیش بکەینە مەیدانێکی دیکەی ململانێ و شەڕ لەسەر مافەکانی ئێوە و لەسەر ئازادی و خزمەتگوزاریەکان.
بێگومان بەپێچەوانەی پڕوپاگەندەی حزبە بورژوازیەکانەوە کە دەڵێن پەرلەمانتاریزم سیستەمێکە بۆ دەخالەتی جەماوەری خەڵک لە حوکمڕانیدا، لەروانگەی ئێمەوە پەرلەمانتاریزم شتێکی زیاتر نیە لە بەدیلی بۆرژوازی بۆ سیستەمی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا لە خزمەتی چینی سەرمایەداردا. بۆیە لەڕێگای سیستەمی پەرلەمانیەوە ناکرێت ئاڵوگۆڕێکی ڕیشەیی و بنەڕەتی لە کۆمەڵگادا پێکبهێنرێت کە ببێتە هۆی گۆڕانێکی گەورە لە ژیان و گوزەرانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشدا. ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی و کۆتایهێنان بە ستەم و چەوسانەوە و دابینکردنی خۆشگوزەرانی بۆ هەموان، لەوانەش لەڕیشەدەرهێنانی ستەمکاری دژی ژنان و هەموو جۆرە ستەم و هەڵاواردنێک، لەڕێگای شۆڕشی کرێکاری و ڕوخاندنی نیزامی سەرمایەداریەوە ئیمکانی هەیە. بەدیلی ئێمەش بۆ دەسەڵاتدارێتی و دەخاڵەتی ڕاستەوخۆی خەڵک لە حوکمڕانیدا سیستەمی شوراییە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە بڕیارمان دا پرۆسەی هەڵبژاردن و هۆڵی پەرلەمانیش بکەینە مەیدانی جەنگ لەسەر مافەکانی خەڵک؛ لە پەرلەمانیشدا دەستی لایەنە بورژوازیەکان ببەستین لە دەرکردنی یاسای ناکۆک لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی ئێوە. هەرچەند سەنگ و پێگەشمان لە پەرلەماندا بەهێزتر بێت، باشتر دەتوانین ئەو جێگایەش بکەینە مەیدانێکی بەرگری لە مافەکانی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش و ژنان و لاوان. ئیمە بڕیارماندا لەسەر بنەمای ئەم پلاتفۆرمەی خوارەوە بەشداری هەڵبژاردن بکەین و کاربکەین بۆ جێگیر کردن بەیاسایی کردنی خاڵەکانی لە پەرلەماندا:
١/ یاسای کاری پێشڕەوانە کە مافەکانی چینی کرێکار دەستەبەر بکات
٢/ یاسای دەستەبەرکردنی لانی کەمی ژیان و بیمە کۆمەڵایەتیەکان، وەک ئەرکێکی بنەڕەتی حکومەت.
٣/ یاسایەکی مۆدێڕن لەبواری باری شارستانی و ماف و ئازادیەکانی ژنان
٤/ یاسای بەڕەسمی ناسینی ئازادی سیاسی و ئازادی بیروڕاو ڕۆژنامەگەری
٥/ یاسایەکی تایبەت بە دەستەبەرکردنی ماف و خواستەکانی لاوان
٦/ یاسای پاراستنی مافە سەرەتایی و مەدەنیەکانی خەڵک
٧/ وەستانەوە بەرامبەر بە کۆنەپەرستی و سەپاندنی نەرێتە کۆنەپەرستەکان بەناوی پیرۆزیەکانەوە.
٨/ وەستانەوە دژی گرانی و بێکاری و هەژاری و تاڵانی و گەندەڵی و ڕاوڕوت
٩/ ….
ئێمە ئەو ڕاستیە دەزانیین کە جەماوەری کرێکار و خەڵکی بەشمەینەتی کوردستان و عێراق، بە ئەزمونی دەیان ساڵەی خۆیان لەگەڵ پەرلەمان و هەڵبژاردندا، ئومیدێیان بەوە نەماوە کە لەو ڕێگایەوە باشبونێکی ئەوتۆ لە ژیانیاندا بەدیبێت. بەڵام سەرباری ئەم ڕاستیە و سەرەڕای هەموو ئەوانەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێکردوە، بوونی فراکسیۆنێک لەناو پەرلەماندا کە ئامانجی بەرگری بێت لە بەرژەوەندی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و ژنان و لاوان، دەتوانێ بارودۆخەکە لەم چەقبەستوویەی ئێستای دەربهێنێت و هۆڵی پەرلەمان بکاتە مەیدان بەرامبەرکێ و جەنگ لەم پێناوەدا. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق و حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بڕیاریاندا ئەو فراکسیۆنە بن و پرۆسەی هەڵبژاردن و پەرلەمان وەکو مەیدانێکی کێشمەکێشی سیاسی تەماشا دەکەن بۆ خەبات لەپێناو لانی کەمی بەرژەوەندی و داخوازی و مافەکانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش.
ئێمە ئەو ڕاستیەش دەزانین کە ئەمە ئەرکێکی قورس و کێشمەکێشێکی نابەرابەرە لەگەڵ حزب و لایەنەکانی چینی بورژوازیدا. بە تایبەت کە حزب و لایەنە بورژوازیە قەومی و دینیەکان، بەهۆی کارکردی کۆنەپەرستانە و ناکۆکیان بە بەرژەوەندیەکانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و ژنان و لاوان، باوەڕیان بەهێزی خۆیان نیە، بۆیە تەنانەت پابەندی یاسا و رێسای پەرلەمانتاریزمەکەی خۆشیان نابن و بەشێوازی جۆراوجۆر پێشێلی ئەکەن. ئەوان هەموو داهاتی کۆمەڵگەیان بە تاڵان بردوە و بەو ئیمکاناتە داراییەی لەبەردەستیاندایە، لە بانگەشەی هەڵبژاردندا خەڵك چەواشەدەکەن، وەکو بەرتیل بۆ بەدەستهێنانی دەنگی زیاتر بەکاریدەهێنن. سەرباری ئەمەش سەدویەک ساختەکاری دەکەن لە پرۆسەی دەنگداندا. بەشێکی هەر بەم هۆیانەوە بوو کە لە هەڵبژاردنەکانی تا ئێستادا بەشداریمان نەکردوە. بەڵام ئەمجارە بڕیارماندا بە پشتیوانی ئێوە جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش، سەرباری ئەم کێشمەکێشە نابەرابەرە، لەم مەیدانەشدا بەرەوڕوویان بینەوە و ئەم مەیدانەش بکەینە مەیدانێکی دیکەی ئەو خەباتەی کە هەردوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری لە بەرپایانکردوە.
بەڵام بەداخەوە بەهۆی هەندێ کەموکوڕی یاسایی سەبارە بە مەرجەکانی بەشداری لە هەڵبژاردن، رێگا نەدرا ناومان لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکاندا تۆماربکەین. بەوهۆیەوە دەرفەتی ئەوەمان لە دەستدا کە پەرلەمانیش بکەین بە مەیدانی خەبات لە پێناو ماف و ئامانجەکانی ئێوە. بەڵام بێگوما لە دەستدانی ئەم دەرفەتە هیچ لەو ڕاستیە ناگۆڕێ کە حزبەکانی ئێمە چ لە ناو پەرلەمان بێت چ لە دەرەوەی پەرلەمان، خەباتی خۆیان لە دەوری هەمان پلاتفۆرم درێژە پێدەدەن بۆ بەرگری لە ماف و داخوازیەکانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و خەڵکی ستەم دیدە، بۆ بەرگری لە مافەکانی ژنان و لاوان، بۆ بەرگری لە ئازادی و خۆشگوزەرانی. لەم پیناوەشدا تەنانەت لە کەمپینی پڕوپاگەندی هەڵبژاردندا بەشداری دەکەین بۆ ناساندن و بەرجەستە کردنی پلاتفۆڕمەکەمان. هاوکات چاودێری دۆخەکە دەکەین و لە پەیوەند بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەل هەڵبژاردن، هەروەها هەر ئاڵوگۆڕێک کەڕوبدات، بەپێی پێویست هەڵوێست و بانگەوازی خۆمان بۆ خەڵك ڕادەگەیەنیین.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
تشرینی یەکەم/ ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥