Home بیروڕاچی لە سوریا دەگوزەرێت!؟

چی لە سوریا دەگوزەرێت!؟

by admin
0 کۆمێنتەکان 38 بینینەکان

موحسین کەریم:   
رۆژی ٥ی ئۆکتۆبەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی سوریا کە بە ئەنجومەنی گەلی سوریا ناودەبرێت، ئەنجام درا! لەم هەڵبژاردنەدا تەنها ٧٠٠٠ حەوت هەزار کەس بەشدارییان کرد بۆ هەڵبژاردنی ١٤٠ نوێنەر لە کۆی ٢١٠ نوێنەر. ئەو بەشەی دیکە کە دەکاتە ٧٠ نوێنەرو یەك لەسەر سێی کۆی ئەندامانی ئەنجومەنی گەل پێکدەهێنن، لەلایەن خودی ئەحمەد شەرعەوە دادەنرێن! ئەو ٧٠٠٠ کەسە بەسەر چەند لیژنەیەکی هەڵبژاردندا بەپێی ناوچەکانی سوریا دابەش بوون و لەلایەن لیژنەیەکی باڵای هەڵبژاردن کە لە ١١کەس پێکدێت، سەرپەرشتی دەکرێن کە ئەوانیش لەلایەن ئەحمەد شەرعەوە دەستنیشانکراون! هەڵبژاردن لە پارێزگای سوەیداو ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی هەسەدە دواخراوە بەهۆی ئەوەی حکومەتی سوریا کۆنترۆڵی بەسەریاندا نیە! پاساوی حکومەتەکەی شەرع بۆ ئەمجۆرە دامەزراندنە سیاسیە، کە هێشتا میدیاکانی بۆرژوازی جیهانی وەکو هەڵبژاردنی ناڕاستەوخۆ ناوی دەبەن، ئەوەیە کە بەهۆی شەڕی ناوخۆوە سەرژمێریەکی تەواویان لەبەردەستدا نیەو چەند ملیۆن هاوڵاتی سوری ئاوارەی دەرەوە بوون. ئەم ئەنجومەنە تەنها دووساڵ و نیو کارا دەبێت و دوای ئەوە هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆ ئەنجام دەدرێ!
نزیکەی ساڵێکە رژێمی بەشار ئەسەد ڕوخاوەو ئەحمەد شەرع و دەستەی تەحریری شام دەسەڵاتی دیمەشقیان ڕادەستکراوە. هەر لە تورکیاو قەتەرو ئەمریکاو سعودیەو ووڵاتانی دیکەی عەرەبی و بگرە ڕوسیاش، هەموویان بەهەموو شێوەیەك و هەریەکەیان لەڕوانگە و بەپێی بەرژەوەندی سیاسی- ئەمنی و ئابوری خۆیان، هاوکاری سیاسی، دارایی و دیپلۆماسی دەکەن بۆئەوەی دەسەڵاتی بۆرژوازی کە بەهۆی روخانی ئەسەدەوە زەبری بەرکەوتوە، دوبارە سازبدەنەوە. هەموو هەوڵێکیان بۆئەوەیە کە وەکو دەسەڵاتێکی شەرعی و دیموکراتیك و نوێنەری ئاوات و ئومیدەکانی خەڵك، لەجێی دەسەڵاتی سەرکوتگەر و کوشتارو زیندانی رژێمی ئەسەد پێیان بفرۆشنەوە، دوای ئەوەی لەپێناو رزگاربوون لە رژێمی سەرکوتگەری ئەسەد و بەئومیدی ئازادی و رزگاری و ژیانێکی شایستەو خۆشگوزەران، دەیان هەزار قوربانیان داوە. ئێستاش لە نمایشێکی گاڵتەجاڕانەی بێوێنەدا، کە هەر لە بیرمەندان و سیاسەتمەدارانی بۆرژوازی دەوەشێتەوە، بەبێ گەڕانەوە بۆ رای هاوڵاتیان، لەناو کۆمەڵێك خزمەتکاری بۆرژوازی، لە رۆشنیران و ئەکادیمیستەکانی ناو ئەڵقەی ناسیۆنالیزمی عەرەبی و ئیسلامی سیاسی داعشی و بەرەی نوسرەیی تەعدیلکراو، دەستەیەکیان بەناوی ئەنجومەنی گەلەوە هەڵبژاردوە، داواش دەکەن دوو ساڵ و نیوی دیکە فرسەتیان بدرێتێ تا بەتەواوی بەرنامە سیاسیەکانیان جێبەجێ دەکەن و پایەکانی دەسەڵاتێکی دیکەی سەرکوتگەری بۆرژوازی دادەمەزرێننەوەو بەسەر خەڵکی سوریادا دایدەسەپێنن!
حکومەتەکەی شەرع کە بەپلەی سەرەکی لە دەستەی تەحریری شام و گروپە چەکدارە بەکرێگراوەکانی تورکیا و پاشماوەکانی دەسەڵاتەکەی بەشار، ئەوانەی کە سەنگەریان بۆلای شەرع گواستۆتەوە، پێکدێت، لەماوەی یەكساڵی رابروودا نەك نەیانتوانیوە بچوکترین هەنگاوی بە ئاراستەی هیواو ئومێدەکانی خەڵکی ئازادیخوازو زوڵملێکراوی دەستی رژێمەکەی ئەسەد نەناوە، بگرە بەردەوام هەوڵیداوە سەرکوتی هەرجۆرە دەنگ و رەنگێکی پێشکەوتنخوازو ئازادیخواز بکات و دەستی باندە تیرۆریستە ئیسلامیەکانی بەسەر ژیانی خەڵکی سوریادا زاڵکردوە و یاساو فەرهەنگ و نەریتە کۆنەپەرستە ئیسلامیە داعش ئاساکانی بەسەریاندا سەپاندوە. لەوەش خراپتر، ڕاستەوخۆ بەرپرسیاری ئەنجامدانی تاوانی کۆمەڵکوژی دژی هاوڵاتیانی عەلەوی بەناوی پاشماوەکانی ئەسەد و هەروەها هاوڵاتیانی دروزی پارێزگای سوەیدایە. ئەمە سەرەڕای هەڕەشە بەردەوامەکانیان لە دانیشتوانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە و هێزەکانی هەسەدە بەوەی کە ئەگەر مل بە دەسەڵاتە ئیسلامیە- تیرۆریستیەکەی نەدەن، ئەوا ئامادەی ڕاگەیاندنی نەفیری عامە، بەپشتیوانی دەوڵەتی تورکیای ئاغای، بۆ هێرش و کۆمەڵکوژی لەو ناوچانە لەژێر ناوی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سوریا، کە وەکو هێڵی سوور ناوزەدی دەکات، بەڵام هێزەکانی ئیسرائیل تا نزیك کۆشکەکەی پێشڕەوییان کردوە، بەبێ ئەوەی ورتەی لێوەبێت و بگرە ئامادەشە رێکەوتنانەی ئەمنی لەگەڵیدا واژۆبکات و دەستبەرداری بەرزاییەکانی جۆلانیش بێت بۆ ئیسرائیل!
بەڵام ئایا ئەم سیناریۆ گاڵتەجاڕ و قێزەونە دژی خەڵكی سوریا بەسەرەنجام دەگات!؟ ئایا پاش دەیان ساڵ لە سەرکوت و بێمافی و زیندان و جەنگ و قوربانی دەیان هەزار کەس، دوبارە خەڵکی سوریا مل بە دەسەڵاتێکی سەرکوتگەری دیکە دەدەنەوە لەژێر ناوێکی دیکەدا، یاخود داهاتوو ئاراستەیەکی دیکە دەگرێتە پێش؟ لەرزۆکی دەسەڵاتی شەرع و پێکهاتەی ئیسلامی- داعشی بە عەقیدە وئەفکار و نەریتی تیرۆریستی و جیهادی هاتوو لەچەندین گۆشەی جیهانەوە، لەگەڵ کۆمەڵگای مۆدێرن و پێشکەوتوی سوریادا نایەتەوە، کە هەرئێستا لەچەند گۆشەو ناوجەی سوریاوە، دەنگی ناڕەزایەتیی دژ بەو دەسەڵاتە بەرزکردۆتەوە و بەرەنگاری بوەتەوە! ئایندەیەکی سەخت و پڕ لەکێشمەکێش چاوەڕێی شەرع و هاوپەیمان و ئاغاکانی دەکات، کە ئەگەری هەیە مێزەکەیان بەسەردا قڵپ بکاتەوە!

لێدوانێک بەجێ بهێلە