26
ڕزگار عومەر:

کاتێك ئاگربەستی جەنگێکی خوێناوی ڕادەگەیەنرێت، بەشی هۆشیاری مرۆڤەکان لە جیهان بەڕاستی هیوای کۆتاییهێنان بە کوشتن دەخوازن، نەک داهێنانێکی بەتاڵ کە دۆڕان وشکست وەک سەرکەوتن وێنا بکات.
لەڕێگای”دەزگای پڕوپاگەندەی” ڕێکخراوی حەماسەوە؛ هەندێك دەنگ نەك تەنیا لە فەلەستینەوە بەڵکو لە دەرەوەی فەلەستنینیش ئاگربەستی ئەم دواییەی غەززەیان بە زمانی “سەرکەوتن” پێچایەوە، و ئەو چوارچێوەسازیە لە سنورەکانی غەززە دەرچووە، بۆ وڵاتانی دراوسێ، شار و مزگەوتەکانی دراوسێکان، کە شیرینی و ئاهەنگگێڕانیان بەشێکە لە جێبەجێکردنی پڕوپاگەندەی حەماس و تۆخ کردنەوەی گوتاری “جیهادی” لە نێو ئەو کۆمەڵگایانەی کە دوورن لە جەنگ، بەڵام بیرکردنەوەیان بە سەرابی سەرکەوتن داغ دەکرێت.
ئەم جۆرە دیمەنانە “بەخشینەوەی شیرینی بە تایبەتی پاقلاوە” چ لە بەیروت، چ باشووری لوبنان، یان لە مزگەوتێک لە شارەزور کە بە شانازیەوە ئەوانەی ئەم کارەیان کردبوو وێنەکانی بەخشینی شیرنەمەنیەکانیان بلاوکردەوە، ئازارە سەختەکان و قوربانیەکانی مرۆڤ دەگۆڕن بۆ کەشێکی جۆری ڤیستیڤاڵی ساختە و ئەوەش وادەکات لە کاردانەوەی دروستدا؛ هەر کەسێک کە گرنگی بە ڕاستیی بدات، هەڵوێست بنوێنێ ئەم وەهم و پڕوپاگەندەیە خاڵیی بکاتەوە.
بۆ ئەوەی لەم ئاهەنگێڕانە ناوەڕۆك بەتاڵە تێبگەین؛ ئەگەر کەسێك بیت ئەم وەهمە بڵاوبکەیتەوە؛ دەبێ بەلای کەمی ڕوویەکت هەبێ لە قایمترین خامەکانی ئەم زەمینە، ئینجا دەتوانی ئەم شکست و قەسابخانەو کۆمەڵکوژیانە بە سەرکەوتن ناوببەیت!
ئەم جۆرە نغرۆ بوونە لە نێو درۆدا بۆ بەشێك لە موریدانی حیزبە ئیسلامیەکانی هاوشێوەی حەماس هەر ئاو خواردنەوەیە؛ ئەوان هاتوون دەیانەوێ بە سینیەك پاقڵاوە، چاوەڕوانیەك لە نێو کۆمەڵگەدا جێگیر بکەن کە چاومان بنوقێنین، دەممان بگرین، گوێچکەمان بگرین، ببینە حەشامەتێکی بێ خەبەر تا بە ئاسانی ئەم هەموو “کوشتارە گەورانە” قوربانی پاقلاوە خورادن بکەین.
ژمارە فەرمیەکانی قوربانیەکان زیانێکی مرۆیی تۆقێنەرو ترسناك نیشان دەدەن: بەڕێوەبەرانی کەرتی تەندروستی غەزە باس لەوە دەکەن کە دەیان هەزار کەس لە ماوەی شەڕەکەدا کوژراون و ژمارەیەکی زۆری دیکەش برینداربون، کە منداڵان و ژنانیش بە شێوەیەکی چڕ زیانی گیانیان بەرکەوتووە. “یونیسێف” هۆشداری داوە لەوەی زیاتر لە 50 هەزار منداڵ لە غەززە کوژراون یان بریندار بوون و سەدان هەزار منداڵیش ڕووبەڕووی بەدخۆراکی توند و بارودۆخی مەترسیدار بوونەتەوە.
بە چ ویژدانێك و بە چ کەرامەت و ئەخلاقێك چاوەڕوانی ئەوەیت دابەش کردنی شیرینی لە وەهمی “بردنەوە” بتوانێت مانای هەبێت لە کاتێکدا تەواوی زیندوەکانی ئێستای غەزە هەموویان ڕوخساری نیوە مردوویان هەیە پەڵەی تۆپباران و قوڕو لیتەی وێرانکاریش لەسەر ڕوومەتی سەرتاپای مناڵانی ئەوێیە؟
هاوڵاتیانی سیڤیلی ئیسرائیلیش تووشی هێرش و زەبر و زەنگی کوشندە بوون: هێرشەکانی ٧ی تشرینی یەکەم نزیکەی ١٢٠٠ کەسی کردە قوربانی. دەیان کەسیش بە بارمتە گیران. ئەو زیان وتاوانە ڕاستەقینە و هێشتا برینی تەڕن و بە دروشم یان دابەشکردنی شیرینی و لافی درۆینەی سەرکەوتن لە تەلەفزیۆن و لە سۆشیال میدیادا ناسڕدرێنەوە. ئیستغلالکردنی خەم و پەژارەش کە حەماس دەیکرد؛ وەکو بەڵگەی سەرکەوتنی “ئەخلاقی” یان “ستراتیژی”، بریتی بوو لە ئامرازکردنی جەستەی تێکشکاوی مرۆڤ بە دەستی جەنگەوە بۆ سەرمایەو وەبەرهێنانی سیاسی.
لە دەرەوەی زیانە مرۆییەکان، لەناوچوون و تەخت بوونی غەززە وەکو شار کارەساتێکی تا بڵێ ی گەورەیە. هەڵسەنگاندنەکانی بانکی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان زیانەکان بە دەیان ملیار دۆلار دەخەمڵێنن، ژێرخانی ئابوری، نەخۆشخانەکان، سیستەمەکانی ئاو ئاوەڕۆ، قوتابخانە وهەزارن شوێنی نیشتەجێ بوونی وێرانکراو تەختکراو بە زەوی، ئاماژەیەکی ڕوونە کە چ دۆرانێکی گەورە بەسەر خەڵکی سیڤیلی ئەوێدا سەپێندرا.
کاتێك عەقڵی دابڕاو لە مرۆڤایەتی و لە ئەخلاقی پشتی دەزگای پروپاگەندەی حەماس دێت برسێتی و نەخۆشخانە ڕووخاوەکان وەک تێچووی “سەرکەوتن”ی درۆینە نیشان دەدات و هاوشێوەکانیشیان لە لوبنان لە شارەزوور هەمان ساختەیی دووبارە دەکەنەوە، تێدەگەین کە باری دەروونی “دۆڕانی” جەنگ نەك “بردنەوەی” چە بۆشاییەکی دەرونی دروست کردووە. ئاخر چۆن دەکرێ وێران بوونی ئابووری و هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵایەتیانەی دانیشتوانی غەززە پاقلاوەی بۆ دابەش بکەیت؟
ئەگەر بڕیارە ئەو ئاگربەستە مانادار بێت، ئەوا دەبێت نەک بە نمایش یان شیرینی لە حەوشەی مزگەوتەکاندا بپێورێت، بەڵکو بەوە پێوانە بکرێت کە ئایا کۆتایی بە خولەکانی توندوتیژی دەهێنێت، دادپەروەری بۆ قوربانییەکان لە هەموو لایەک دەستەبەر دەکات و ڕێگە بە ئاوەدانکردنەوەی ژیان و دامەزراوەکان دەدات.
ناوهێنانی وێرانکاری تەواو بە سەرکەوتن وەهمێکی مەترسیدارە و کۆمەڵگاکان لە غەززەوە تا شارەزوور شایەنی ڕاستگۆیین، نەک ئاسوودەیی درۆینەی ئەو خەیاڵ پلاوییەی کە ئازارەکان وەکو مۆرفین ئاسایی دەکەنەوە.