Home بیروڕاكێ ڕاکان جبوری دورخستەوە لە پارێزگار

كێ ڕاکان جبوری دورخستەوە لە پارێزگار

by Hawpshti Media
0 کۆمێنتەکان 30 بینینەکان
وەڵامێک بۆ شاخەوان عەبدولڵا
هەژار کاکەیی:
هەرچەندە ساتی بانگەشەی هەڵبژاردن کات و ساتی درۆ کردنی حزب و لایەن و کاندیدەکانە ، بۆیە پێویست بە وەڵامدانەوەی درۆ ناکرێت . بەڵام کاتێک هەندێ بابەت درۆی بە ناوەوە دەکرێت مرۆڤ ناتوانێت بێدەنگ بێت .
کەرکوک هەمیشە چەقی ململانێکان بووە . ململانێ نەک لە نێوان حزبە کوردی و عەرەبی و تورکمانیەکان بەلکو ململانێ لە نێوان هێزە ئەقلیمیەکان لەو نێوەندەش. حزبە کوردی و عەرەبی و تورکمانیەکان وەک بەردەست جێبەجێکاری فەرمانە ئەقلیمیەکان بوون لە کەرکوک .
لەم یەک دوو ڕۆژەی ڕابردوو شاخەوان عەبدوللا. سەرۆکی لیستی پارتی لە کەنالێکی سەر بە حزبەکەی بە شانازیەوە باسی ئەوەی دەکرد گوایە ئەو بووە ڕاکان جبوری دور خستۆتەوە لە پۆستی پارێزگاری کەرکوک .
جارێ با وەڵامێکی کورتی شاخەوان عەبدوللا بدەمەوە پاشان پێی دەڵێم کێ راکان جبوری دورخستەوە .
ئەو بەڕێزە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە خولی ڕابردوو کە بەربژێر بوو دوای دەرچوونی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان وا لە خۆی دەرچوو بوو لە بەردەم ڕاگەیاندنەکان وتی مانگێکی تر ڕاکان جبوری لە پۆستی پارێزگار بمێنێتەوە خۆم دێم و کەلەبچەی دەکەم کەچی سێ ساڵ تێپەڕی و ڕاکان بەردەوام بوو و ئەو بەڕيزەش نقەی لە خۆی بڕی و بە پێچەوانەوە سەردانیشی دەکرد .
خاڵی دووەم دەمەوێت پێی بڵێم ئەوەیە لە دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە ناو یەک هاوپەیمانی بوون موو بە نێوان جەنابت و حزبەکەت و ڕاکان جبوری نەدەچوو ، تەنانەت کاتێک تانەتان لە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک گرت کە بە پێی یاسا دەبوایە تانەکە بدرابایە بە سەرۆکی ئەنجومەن بەڵام ئێوە ئەوەندە عاشقی ڕاکان جبوری بوون تانەکەتان خستبووە بەردەستی ڕاکان کە ئەو کات تەنها ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا بوو بۆ ئەوەی واژوو لەسەر تانەکەتان بکات ، لە کاتێکدا خودی حزبەکەی ڕاکان جبوری تانەی لە پێکهێنانی ئیدارەی کەرکوک دابوو بە سەرۆکی ئەنجومەن .
با ئەوەشت بیر بێنمەوە کە سەرۆکی حزبەکەت چەند پەرۆش بوو بۆ هێشتنەوەی ڕاکان جبوری لە پۆستی پارێزگار تەنانەت دەرگای بەردوام کراوە بوو بۆ بینینی ڕاکان و حزبە عەرەبیەکان . تەنانەت ئێستاش لەگەل ڕاکان جبوری هاوبیرو هاوپەیمانن .
جا ئێستا با وەلامی ئەوەشت بدەمەوە کە کێ ڕاکان جبوری لادا لە پۆستی پارێزگاری کەرکوک .
کەرکوک لە نێوان سەفەوی و عوسمانیەکان دایە و ململانێی ئەوانە لەسەر کەرکوک . لە ماوەکانی ڕابردوو ئەوەی ڕاکانی هێشتەوە لە پۆستی پارێزگار تورکیا بوو ، حزبەکەی جەنابیشت و هاوپەیمانە عەرەبی و تورکمانەکانی بەرەی تورکیا وەک جەندرمەیەکی تورکی فەرمانی ئاغاکەتان جێبەجێ دەکرد کە لە ئەنقەرەوە بۆتان دەهات .
ئەوەی ڕاکان جبوری دورخستەوە لە پۆستی پارێزگار ئاغاکەی تەهران بوو . حزبەکانی تری هاوپەیمانی ئێرانیش ئەوانیش وەک پاسدارێکی گوێڕایەل ئەرکیان بوو فەرمانی ئاغای تەهرانی جێبەجێ بکەن .
بۆیە هیوادارم چیتر خەلک بە درۆکانتان باوەڕ نەکات وەک دەڵێن پەتی درۆ زۆر کورتە

لێدوانێک بەجێ بهێلە