Home هەواڵلە عێراق ١٦ سەنتەری چاکسازی بۆ تووشبووانى ماددە هۆشبەرەکان کراوەتەوە

لە عێراق ١٦ سەنتەری چاکسازی بۆ تووشبووانى ماددە هۆشبەرەکان کراوەتەوە

by Hawpshti Media
0 کۆمێنتەکان 50 بینینەکان

وەزارەتی ناوخۆى عێراق دەڵێـت: ١٦ سەنتەری چاکسازی بۆ تووشبووانى ماددە هۆشبەرەکانی لە عێراق کراوەتەوە، کە لە ڕێگەی ئەوانەوە زیاتر لە پێنج هەزار کەس توانیویانە واز لەو ماددانە بهێنن، ژمارەی ژنانی ئالوودەبووی ماددە هۆشبەرەکان زۆر کەمن.

 زیاد خەڵەف، بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکان و ڕاگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان سەبارەت بە ژمارەى ئەو کەسانەى ئالودەی ماددەى هۆشبەر بوون و چابوونەتەوە، هەروەها بوونى چەند  سەنتەرێکى چاکسازی بۆ تووشبوان، ڕایگەیاند، پێش ساڵی ٢٠٢٣ هیچ ناوەندێکی چاکسازی بۆ  تووشبووانى ماددە هۆشبەرەکان نەبووە، هەروەها بازرگان و بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان لە ژوورێکدا ڕاگیراون، ئەمەش بووە هۆی سەرهەڵدانی بازرگانییەکی نوێ نەک چارەسەرکردنی ڕەگ و ڕیشەی هۆکارەکانی کێشەکە.

ئەوەشی خستەڕوو، لە ساڵی ٢٠٢٣ سەرۆکی حکومەت فەرمانی تەرخانکردنی ژمارەیەک بینای دەرکرد، کە پێشتر سەربازی بوون و سەر بە وەزارەتی بەرگری بوون بکرێنە سەنتەری چاکسازى ئالودەبووانى ماددەى هۆشبەر بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی وەزیری ناوخۆ، بە هاوکاری وەزارەتی تەندروستی، و بە پاڵپشتی لۆجستی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری ماددە هۆشبەرەکانەوە.

بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکان و ڕاگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان باسی لەوەشکرد، لە سەرجەم پارێزگاکان ١٦ سەنتەری چاکسازی ماددە هۆشبەرەکان هەیە، سێ دانەیان لە بەغدان و سەرجەمیان توانای زیاتر لە پێنج هەزار قەرەوێڵەیان هەیە، لە ساڵی ٢٠٢٣ەوە زیاتر لە پێنج هەزار و ٩٠٠ ئالوودەبوو چاکبوونەتەوە، لە ئێستادا تەنها ١٦ هەزار ئالوودەبوو لە سەنتەرەکاندا هەیە، کە سەرجەمیان لە ڕەگەزی نێرن.

لە کۆتایدا ، بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکان و ڕاگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان وتى: ژمارەی ژنانی ئالوودەبووی ماددە هۆشبەرەکان زۆر کەمن،  لە ساڵی ٢٠٢٣ەوە نزیکەی ٥٠٠ ژن ئالوودەبوو لە وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتییەکانی چارەسەریان وەرگرتووە.

جێگەى ئاماژەیە، عێراق هاوسنوورە لەگەڵ ئێران، کە یەکێکە لە گەورەترین وڵاتانى بەکارهێنەرانى ماددەى هۆشبەر، زۆربەى ماددە هۆشبەراکانیش لەو سنوورانەوە دەهێنرێتە ناو عێراقەوە، لە بەشێکى ناوەڕاست و باشوورى عێراق ماددەى هۆشبەرلە نێوان هەرزەکاران بڵاوبووەتەوە.

لێدوانێک بەجێ بهێلە