16
عەزیز ڕەئووف:

هەڵبژاردن زۆرجار وا دەردەکەوێت کە پرۆسەیەکی دیموکراسییە و دەسەڵات بۆ گەل دەگەڕێتەوە. بەڵام لە زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەڵبژاردن تەنها وەک ڕێوڕەسمێک دەردەکەوێت، نەک ئامرازێک بۆ گۆڕانکاری سیاسی. بۆیە دەکرێ بڵێین هەڵبژاردن لەمڕۆدا کردەیەک نییە بۆ گۆڕینی دەسەڵات هێندەی بەخشینی شەرعییەتدانە بە دەسەڵاتی گەندەڵ و خێزانە سیاسییەکان. ئەمەش جۆرێک لە ڕوخساری ستەمکاری مۆدێرن نیشان دەدات. لەم جۆرە سیستەمانەدا، هەڵبژاردن میکانیزمێک نییە بۆ لێپرسینەوە یان ئاڵوگۆڕی دەسەڵات ، بەڵکو وەک ئامرازێک بۆ کۆنتڕۆڵکردن بەکاردێت، بەجۆرێک دیزاین کراون و وا دەردەخەن کە پرۆسەکە دیمۆکراسییە، لەکاتێکدا دڵنیایی دەدەن کە دەسەڵاتی ڕاستەقینە لە دەستی دەسەڵاتداران و خێزانە حوکمڕانەکاندا دەمێنێتەوە.
زانایانی سیاسی ئەم جۆرە ڕژێمانە وەک فۆرمەکانی ئۆتۆریتاریزمی هەڵبژاردن وەسف دەکەن. ئەمانە حکومەتێکن کە هەڵبژاردن لە کێڵگەیەکدا ئەنجام دەدەن کە بەناوە زیاد لە پارت و قەوارەیەک هەیە، بەڵام بە شێوەیەک هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت کە کێبڕکێی ڕاستەقینەو ئاڵوگۆڕی دەسەڵات مەحاڵ بێت. ئەم سیستەمانە پێوەرە دیموکراسییەکان “بە شێوەیەکی سیستماتیک پێشێل دەکەن کە ناتوانرێت پێیان بوترێت دیموکراسی”. هەڵبژاردن ئەنجام دەدەن چونکە دەزانن تەنها نماییشێکی سیمبوڵییە بۆ دووبارە شەرعییەتدانەوە، زۆرجاریش ئەنجامەکان پێشوەختە دیاری دەکەن و هەندێ کورسی بۆ کەمایەتی ئۆپۆزسیۆن جێدەهێڵن. بۆ نمونە هەڵبژاردنەکان لەژێر دەسەڵاتی حوسنی موبارەک لە میسر بۆ دابەشکردنی کورسییەکان بوو بۆ مانەوەی کورسییەکەی خۆی، نەک بۆ دەربڕینی ویستی هاوڵاتیان. بە هەمان شێوە سەرکردەکان لە وڵاتانی دوای یەکێتی سۆڤیەت و تەنانەت زۆرێک لە سەرکردەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کێبڕکێی کۆنترۆڵکراویان ئەنجام دەدا بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتیان لەکاتێکدا دیمەنێکی فرەیی بە هەڵبژاردنەکە دەدەن و وا نیشاندەدەن زیاد لە هێزێک لە کێبڕکێدایە. لە وەها دۆخێکدا هەڵبژاردن دەبێتە ڕێوڕەسم، نەک ئاڵوگۆڕ لە کورسی دەسەڵات.
لە زۆرێک لە کۆمەڵگاکاندا، دەسەڵات لەگەڵ خزمایەتی و عەشیرەتدا تێکەڵ دەبێت. دەسەڵاتی سیاسی لە ڕێگەی خوێنەوە دەگوازرێتەوە و خێزانەکان باڵادەستن بەسەر هەردوو دامەزراوەکانی دەوڵەت و ئابووریدا. هەڵبژاردنەکان لەم چوارچێوانەدا بۆ ئەوە دیزاین نەکراون کە دەسەڵاتی بنەماڵەیی سنورداربکەن، بەڵکو بۆ ئەوەی پیرۆزیان بکەن و بیانهێڵنەوە. بۆ نمونە ڕژێمی بەعسی سوریا هەڵبژاردنیشی ئەنجام دەدا و تێکەڵەیەکی میراتی بیۆکراتیک دەبینرا کە دڵسۆزی بۆ بنەماڵەی ئەسەد و دەستەبەرکردنی ئیمتیازاتی لێدەکەوتەوە. هەمان شێواز لە شوێنەکانی تردا دیارە: دەسەڵاتی خێزانی دابۆشراو بە عەبای هەڵبژاردن دەبینرێت. لەم کێڵگەیەدا دەنگدان لە مافێکی تاکەکەسییەوە دەگۆڕێت بە خزمەت بە خێزانە سیاسییەکان.
کڕینەوەی دەنگ ئەم دینامیکییەتە قوڵتر دەکاتەوە. دەنگەکان لە بەرامبەر خزمەتگوزاری و کار و موچە، یان پاداشتی ماددی دەگۆڕدرێنەوە نەک بەڵێنی سیاسەت. ئەم جۆرە کردارانە هەڵبژاردنەکان دەگۆڕن بۆ یاری دابەشکردن کە تێیدا دڵسۆزی جێگەی فەزیلەتی مەدەنی دەگرێتەوە. هاوڵاتی وەک تاکێکی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردنەکان ناکەن بەڵکو وەک سوودمەند لەناو تۆڕێک بۆ پڕکردنەوەی خزمەتگوزارییەکان بەشداری دەکەن. خێزان یان عەشیرەت وەک نێوەندگیرێک لە نێوان هاوڵاتی و دەوڵەتدا کار دەکات، پرۆسەی دیموکراسی دەگۆڕێت بۆ درێژکراوەی دەسەڵاتی خێزانی. لەم دۆخەدا سندوقی دەنگدان دەبێتە هێمای وابەستەیی، نەک ئازادی.
هەڵبژاردنەکان لە ئاڵوگۆڕکردنی دەسەڵاتدا شکست دەهێنن، هەربۆیە ڕژێمە تۆتالیتێرەکان پێداگری لەسەر ئەنجامدانی دەکەن. وەڵامەکەی لە سوودە سیمبولی و ستراتیژییەکەیاندا شاراوەیە. هەربۆیە بەشداریکردنی زۆری دەنگدەران وەک بەڵگەی شەرعییەتدانەوە بە دەسەڵات و ڕازیبوون بە سیستەمەکە دەبیندرێت. وەک لەم سیستەمانەدا بەشداریکردن خۆی دەبێتە نیشاندانی دڵسۆزی بۆ سیستەم. خەڵک دەنگ دەدەن نەک لەبەر ئەوەی پێیان وایە هەڵبژاردنەکانیان گرنگە، بەڵکو لەبەر ئەوەی دەنگنەدان لەوانەیە گومان یان سزای بەدواوە بێت و ئەو وەهمە لای ئۆپۆزسیۆن دروستبکات کە ئەگەر دەنگ بدرایە دۆخەکە دەگۆڕا. هەربۆیە دەنگدان لەوەها سیستەمێکدا هیچ بەهایەکی نەماوە جگە لە شەرعییەتدانەوە بە دەسەڵات.
بۆشاییی نێوان هەڵبژاردن و ناوەڕۆکی ڕاستەقینەی دیموکراسی قەیرانێکی بنەڕەتی بەدوای خۆیدا دەهێنێت. دیموکراسی ڕاستەقینە پێویستی بە کێبڕکێ و ئازادییە مەدەنییەکان و لێپرسینەوە هەیە. لە سیستەمە تۆتالیتارەکاندا، ئەم پێشمەرجانە بە شێوەیەکی سیستماتیک لەناوبراون. هەربۆیە ئەم جۆرە ڕژێمانە دامەزراوە دیموکراسییەکان بەکارناهێنن بۆ ئازادی و ئاڵوگۆڕی دەسەڵات، بەڵکو بەکاری دەهێنن بۆ کۆتاییهێنان بە ڕۆڵی راستەقینەی پەرلەمان، لەوەها دۆخێکیشدا هەڵبژاردن خۆی دەبێتە ئامرازێک بۆ کۆنترۆڵکردن. کاتێک هاوڵاتیان وا هەست دەکەن دەنگەکانیان کاریگەری نەماوە، ئیدی بێباوەڕی سیاسی بڵاودەبێتەوە. دەکرێ بڵێین لەم جۆرە کێڵگە سیاسییەدا هەڵبژاردنەکان وەک “ڕاهێنان بۆ ڕێوڕەسمێک کە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە دروستکراون” دەبیندرێن، ئەمەش دەبێتە هۆی بێزاری و لەدەستدانی متمانە. فەرید زەکەریا ئەم دیاردەیە بە “دیموکراسی نالیبراڵ” ناودەبات، سیستەمێکی سیاسی کە لاسایی ڕێکارە دیموکراسییەکان دەکاتەوە لەکاتێکدا ئازادییەکان سەرکوت دەکات. وشەی دیموکراسی دەمێنێتەوە، بەڵام ڕۆحەکەی نامێنێت.
ئەزموونی چەندین وڵات ئەم ئارگومێنتە بەهێزتر دەکات. لە میسر، لەژێر دەسەڵاتی موبارەک و دواتر سیسی، هەڵبژاردنەکان وەک ئامرازی پاراستنی ڕژێم کار دەکەن. سەرکەوتنەکانی پارتی دەسەڵاتدار زیاتر لە ٩٠% بوو، کەسایەتی و پارتی ئۆپۆزیسیۆن بێدەنگ کران و میدیا کۆنترۆڵ کرا. هەڵبژاردنەکانی عێراق دوای ٢٠٠٣ بەڵێنی فرەیی بە هاوڵاتیان دەدرا، بەڵام دواتر گۆڕا بۆ دابەشکردنی دەسەڵاتی تائیفی و خێزانی، کە ئەنجامەکەی ئەوە بوو کە فەنار حەداد بە “سیستەمێکی سیاسی تێکەڵ” ناوی دەبات کە لەسەر بنەمای ڕێکەوتنی دەسەڵاتدارەکان پارێزراوە نەک ویستی هاوڵاتیان. لە وڵاتانی کەنداو، هەڵبژاردن سنوردارە و لەگەڵ خواستی دەسەڵاتی بۆماوەیی شێخەکان هاوتەریبن. دەسەڵاتی ڕەهای شێخەکانی کەنداو هەڵبژاردن بۆ پیشاندانی مۆدێرنبوون بەکاردەهێنن لەکاتێکدا دەسەڵاتی بنەماڵەیی تا قیامەت پارێزراوە. لە سەرجەم ئەم حاڵەتانەدا، هەڵبژاردنەکان دەسەڵاتی خێزان نەک لەق ناکەن بەڵکو پیرۆزیشی دەکەن.
لە دنیای ئیستەماندا کێشەکە لەوە قووڵترە. چەمکی دیموکراسی گۆڕاوە بۆ هەڵبژاردن، ئەمەش وەک نیشانەی کۆتایی دیموکراسی و پشتگوێخستنی ئەو مەرجانەی کە وایان لێدەکەن واتادار بن. مۆدێلی هەڵبژاردنی ڕۆژاوا گوازرایەوە بۆ کۆمەڵگاکان کە لەسەر بنەمای خێڵ دروستبوون، کە بووە هۆی دروستبوونی سیستەمی تێکەڵ کە دامەزراوە مۆدێرنەکان و عەقڵی پێش مۆدێرنادا پێکەوە دەژین. ئەنجامەکەی سیستەمێکی سیاسییە کە هێماکانی دیموکراسی قەرز دەکات لەکاتێکدا ناوەڕۆکی ئۆتۆکراسی دەپارێزێت.
دەرئەنجامەکانی ئەم ڕووکەشە زۆر فراوانن. کاتێک هەڵبژاردنەکان لە ئاڵوگۆڕکردنی دەسەڵات شکستیان هێنا، هاوڵاتیان باوەڕیان بە چاکسازی نامێنێت و پەنا دەبەنە بەر گومان یان ڕادیکاڵیزم. دامەزراوەکان سست دەبن، پەرلەمان دەبێتە ئامێری ماکیاژکردن و یاسا خزمەت بە دەسەڵاتداران دەکات نەک خزمەتکردن بە گەل. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بەردەوامبوونی ئەم ڕژێمانە بە هاوکاری هێزی دەرەکی پاڵپشتی دەکرێت: زلهێزەکان بەردەوامن لە پاڵپشتیکردنی دیموکراسیی ساختە بۆ بەرژەوەندی ستراتیژی، ئابووری، یان ئەمنی، ئەمەش سووڕی سەقامگیری دیکتاتۆریەت و ستەمکاری بەهێزتر دەکاتەوە.
دواجار، هەڵبژاردنەکان کە دوورن لە کێبڕکێی ڕاستەقینە، دەبنە شانۆیەک بۆ فێڵ و ساختەکاری. وەهمی گۆڕانکاری دەردەخەن لەکاتێکدا نایەکسانی و گەندەڵی دەشارێتەوە. لە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکانی دیکەی هاوشێوەدا، هەڵبژاردنەکان چیتر ئامرازی دیموکراسی نین؛ بەڵکو بوونەتە قەڵغانێک بۆ دەسەڵاتی بنەماڵەیی. هەڵبژاردن شەرعییەتی شێوە دەبەخشنە خێزانە گەندەڵە دەسەڵاتدارەکان بەبێ هیچ گۆڕانێکی ڕیشەیی. تا هەڵبژاردن و دیموکراسی تەنها بۆ ناوبێت، دەسەڵاتی ستەمکاری بەردەوام دەبێت و سندوقی دەنگدان بۆ پیرۆزکردنی دەسەڵاتیان بەکار دەهێنن. دیموکراسی ڕاستەقینە زۆر زیاترە لە دەنگدان. تا هەڵبژاردن نەبێتە ئامرازێک بۆ ئاڵوگۆڕی دەسەڵات، ئەوا کردەی هەڵبژاردن وەک ڕێوڕەسم و وەک شانۆیەک بۆ مانەوەی دەسەڵات دەمێنێتەوە.