Home ڕاپۆرت“هێرشکردنە سەر هونەرگەی وڵات؛ ترسی ئیسلامی سیاسی لە هونەر و ژنان”

“هێرشکردنە سەر هونەرگەی وڵات؛ ترسی ئیسلامی سیاسی لە هونەر و ژنان”

by Hawpshti Media
0 کۆمێنتەکان 43 بینینەکان

فەیرووز محەمەد:

لە کوردستاندا هونەر بووەتە بەرەیەک بۆ بەرخۆدان لە دژی سەردەستی و گەمارۆدانی کولتووری و سیاسی و چەوساندنەوەی جەستەی ژنان. نمایشەکەی هونەرگەی وڵات بە ناوی “ژیانەوە” یەکێکە لە نموونە هەرە دیارەکانی ئەمە. هەروەها هێرشی ئیسلامی سیاسی بۆ سەری، جارێکی دیکە ئەو عەقڵییەتەی ئاشکرا کردووە کە تەنیا کۆیلایەتی بۆ ژنان بە ڕەوا دەزانێت.

شۆڕش بە پێشەنگایەتی ژنان لە ڕۆژئاوا لە ڕێگەی زمانی هونەرەوە بەڕێوەدەچێت. کۆلێکتیڤی هونەری کۆمەڵایەتی وەک هونەرگەی وڵات و کەوانەی زێرین لە ڕێی کارەکانیانەوە نیشان دەدەن کە ژن تەنها فیگەری سەر شانۆ نییە، بەڵكو خودی ئازادییە. لە دژی سەردەستی و گەمارۆدانی کولتووری و سیاسی و چەوساندنەوەی جەستەی ژنان، هونەر لەم خاکانەدا بووەتە بەرەیەک بۆ بەرخۆدان. ‘ژن، ژیان، ئازادی’ لە هەموو ئاوازێکدا، لە هەموو فیگەرێکدا دەنگ دەداتەوە؛ چونکە لێرەدا هونەر ئیستاتیکا (جوانیناسی) ژیان نییە، بەڵکو خودی ئازادییە.

ئەو گۆڕانکارییەی کە ژنان لە ڕۆژئاوا پێشەنگایەتییان کرد

ئەو گۆڕانکارییە شۆڕشگێڕانەی کە زیاتر لە ١٣ ساڵە لە ڕۆژئاوا بە پێشەنگایەتی ژنان ڕوودەدات، تەنیا ئاوەدانکردنەوەیەکی سیاسی نییە؛ لەهەمان کاتدا شۆڕشێکی کولتووری و جوانناسییە. بە پێچەوانەی داگیرکاری و ئاسمیلەکردنی دەوڵەت-نەتەوە کە کۆمەڵگا یەکسان دەکات و تاکەکان بە بابەتی دەکات و پۆتانسێڵی بەرهەمهێنان و دروستکردن کەم دەکاتەوە، سیستەمی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک مۆدێلێکی ژیان لەسەر بنەمای کۆمونالێتی و فرەچەشنی و سەربەخۆیی کۆمەڵایەتی دادەمەزرێنێت.

لە ناوەندی ئەم کۆمەڵایەتیکردنە نوێیەدا هونەر هەیە. لە ڕۆژئاوادا هونەر تەنیا فۆرمێک نییە لە دەربڕینی جوانیناسی؛ بەڵکو ئامرازێکە بۆ ڕێکخستنی بەرخۆدان و ناسنامە و ژیانی ئازاد. دامەزراوە و ناوەندەکانی وەک ئەکادیمیای شەهید یەکتا هەرەکۆل، هونەرگەی وڵات، کەوانەی زێڕین، کۆمۆنی سینەما، کۆمۆنی شانۆ، کۆمۆنی هەڵپەرکێی فۆلکلۆر کە هەموویان لە ژێر چەتری تەڤ-چاند دامەزراون، نوێنەرایەتی ئەم بەرخۆدانە دەکەن.

هونەرگەری وڵات؛ دەربڕینی کۆمەڵایەتی لە هونەردا

هونەرگەی وڵات یەکێکە لەو دامەزراوانەی کە ئەم گۆڕانکارییە کولتوورییە بەڕێوەدەبات. ساڵی ٢٠١٤ بۆ بەڵگەنامەکردنی مێژووی هونەر و پاراستنی مۆسیقای کوردی و گۆرانییە شۆڕشگێڕی و فۆلکلۆرییەکان دامەزراوە. لەو کاتەوە ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی لە بوژانەوەی کۆمەڵایەتی کولتوور و هونەری کوردیدا هەبووە.

هونەرگەی وڵات بە دیدگای ‘هونەر کۆمەڵگەبوون، بەرخۆدان و ئازادییە’، خۆپەرستی و پۆپۆلیزم و هەستی ئازادی ساختەی پیشەسازی کولتووری سەرمایەداری ڕەتدەکاتەوە و هونەر بە بیری کۆلێکتیڤی گەلان و دینامیکی بەرخۆدانەوە دەبەستێتەوە. هونەرگەی وڵات تا ئێستا دەیان کلیپی بەرهەمهێناوە لە نموونەکانی سەرێکانی و ئاڤاشین، هەی زاپێ، خورفانی، سەرهەڵدان، شەرڤانۆ، نازێ نێرگزا حەوشێ، کەزیێن تۆڵە، زەریێن شەشدەران، سەرۆک، شێلادزێ، لە هەری ژۆر و ‘ژن ژیان ئازادی’ و زیاتر لە ٣٠٠ گۆرانی تۆمار کردووە.

هەروەها کارەکانی هونەرگەی وڵات، سنوورەکانی ڕۆژئاوای تێپەڕاندووە و لەگەڵ بەشە جیاوازەکانی کولتووری نەتەوەیی کورد کۆبوونەتەوە. کۆنسێرتەکەی “ژیان” کە لە سلێمانی بەڕێوەچوو، دەربڕینێکی بەهێزی ئەم هاوکارییە بوو.

ژیانەوە؛ ساتی لابردنی بورقا و گەیشتن بە ئازادی

ڕۆژی ٢٧ـی ئەیلوولی ٢٠٢٥ گرووپی هونەرگەی وڵات لە ڕۆژئاوای کوردستان، سەردانی باشووری کوردستانیان کرد و لە دیداری کوردناسی لە زانکۆی ئەمریکی لە شاری سلێمانی، کۆنسێرتێکی هونەرییان بە ناوی ‘ژیان’ پێشکەش کرد. ئامانجی ئەم سەردانە، دامەزراندنی پەیوەندییەکی کولتووری بوو لەگەڵ خەڵکی باشوور و ڕوونکردنەوەی ئەو شۆڕشەی کە ژنانی ڕۆژئاوا لە ڕێگەی هونەرەوە کردوویانە، بەبێ ئەوەی هیچ دەستکەوتێکی دارایی بەدەستبهێنن.

لە کۆنسێرتەکەدا سەمایەک بەناوی “ژیانەوە” نمایشکرا کە تیشک دەخاتە سەر ئازار و مەینەتی و ڕزگاری ژنانی ئێزدی، هەموو ژنانی کوردستان و جیهان. ئەم سەمایە کە تیایدا ژنە سەماکارەکان لەسەر شانۆ بورقاکانیان لابرد، هێمای ئەو ساتە بوو کە ژنانی عەرەب لە کاتی ئازادکردنی شاری ڕەقە لەلایەن شەڕڤانانی یەپەژە-یەپەگە بورقاکانیان لابرد و سووتاندیان.

ئەم دیمەنە وەک یەکێک لە دیارترین هێماکانی ڕزگاری لە دژی عەقڵیەیتی داعش کە ژن دەکاتە کۆیلە دروست بووە. بەڵام سەماکەی هونەرگەی وڵات لەلایەن چەند ئیسلامییەکی سیاسییەوە کەوتە بەر هێرشێکی ڕێکخراو. ئەم گرووپانە ئەو نمایشەیان بە ‘سووکایەتیکردن بە بەها ئیسلامییەکان’ ناوبرد و هەوڵیاندا هێمای هونەری بکەنە ئیستفزازی سیاسی. لایەنێکی دیکەی هێرشەکان هەوڵدان بوو بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق. بەڵام خەڵکی باشوور هەڵوێستی نەتەوەیی خۆیان لە بەرامبەر هەوڵە ئیستفزازییەکانی لایەنگرانی ئیسلامی سیاسی نیشان دا و ئامانجەکانیان تێکشکاند.

نیقاب و بورقا و پەردە لە چاندی کوردیدا

ئەم باسە جارێکی دیکە پرسی ئەوەی هێنایە ئاراوە کە چۆن ئیسلامی سیاسی ‘پەردە’ـی کردووە بە سیستەمێک بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی. بە درێژایی مێژوو، پەردەپۆشکردن/داپۆشین لە جوگرافیا جۆراوجۆرەکاندا، بە تایبەت لە وڵاتانی موسڵمانان، وەک فەرمانێکی خودایی بۆ داپۆشینی قژ و جەستەیان بەسەر ژناندا سەپێنراوە.

بورقا و نیقاب بوونەتە نیشانەی ناسینەوەی ناچاری و هێمای کۆنترۆڵکردنی جەستەی ژنان لە وڵاتانی وەک ئەفغانستان، عێراق، ئێران و سعودیە.

بەڵام لە کولتووری کوردیدا شێوازەکانی داپۆشین مانایەکی مێژوویی و کۆمەڵایەتی زۆر جیاوازیان هەیە. ئەو باڵاپۆشانەی کە ژنانی کورد لەبەری دەکەن، وەک تولبەند و لەچک، زیاتر دەربڕینی سەربەخۆیی کۆمەڵایەتی و ڕەنگینیی و بەها ڕەمزییە نەک پێویستییەکی ئاینی. بۆ نموونە لەچکی سپی نوێنەرایەتی پاکی و ئارامی دەکات. لە فەرهەنگی کوردیدا کاتێک ژنێک لە کاتی شەڕدا لەچکی خۆی فڕێ دەدات، شەڕ کۆتایی دێت. بەم مانایە، پەردەی سپی هێمای تەڤگەری ‘دایکانی ئاشتی’ـشە.

لە لایەکی ترەوە بە پێچەوانەی نیقاب و بورقای ڕەش کە هێمای داعش و ئیسلامی سیاسی و مەرگن، جلوبەرگی ڕەنگاوڕەنگی کولتووری کوردی هێمای ڕەنگ و فرەچەشنی و فرەیی و سرووشت و ئازادین. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، ئەو پەردە ڕەشە یان بورقایەی داعش سەپێنراوە یان ئەو جۆرانەی لەلایەن ئیسلامی سیاسی ئاهەنگیان بۆ دەگێڕن، شێوەی نامۆی داپۆشینن کە لە کولتووری کوردیدا هیچ هاوتایەکیان نییە.

لە دەرەوەی ململانێ و پێکدادانی کولتوورەکان

هێرشکردنە سەر هونەرگەی وڵات، هێرشکردنە سەر نمایشێکی هونەری نییە؛ بەڵکو هێرشێکە بۆ سەر تێکۆشانی ئازادی ژنان و خۆبەڕێوەبەریی کولتووری کۆمەڵگەی کوردی. لە کاتێکدا لایەنگرانی ئیسلامی سیاسی هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی بەکارهێنانی نیقاب و بورقاوە سنوورە ئایدیۆلۆژییەکانیان بسەپێنن، فەلسەفەی ‘ژن، ژیان، ئازادی’ کە لە ڕۆژئاواوە سەرهەڵدەدات، لە بنەڕەتدا ئەم سەپاندنانە ڕەتدەکاتەوە.

لێرەدا بەریەککەوتنی دوو تێگەیشتن لە ئارادایە؛ لە لایەک عەقڵییەتێکی دەسەڵاتدار-ناوەندی کە لە ڕێگەی گوێڕایەڵی و پەردەپۆشەوە پێناسەی ژن دەکات، لە لایەکی ترەوە ئیرادەی ئەو ژنانەی کە بوونەتە بابەتی کۆمەڵگە و ئازادی دەیانگەیەنێتە هەموو لایەنەکانی ژیان.

بەرخۆدانی هونەر

لابردنی بورقا لەسەر ستەیج تەنها لابردنی پارچەیەک جلوبەرگ نییە؛ بەڵكو سووتانی ڕەمزی عەقڵییەتی داعش و ئیسلامی سیاسییە. ئەم کردارە درێژکراوەیەکی بەرچاوی هێڵی بەرخۆدانی کولتوورییە کە لە ڕۆژئاواوە تا سلێمانی درێژدەبێتەوە.

بەم شێوەیە هونەر تەنیا مەیدانێکی جوانیناسی نییە، بەڵکو بیرەوەریی تێکۆشانی گەلە بۆ ئازادی. هونەرگەی وڵات ئەم بیرەوەرییە دەهێنێتە سەر شانۆ و نوێنەرایەتی لەدایکبوونەوەی گەلێک دەکات بە کولتوورەکەیەوە. چیرۆکی ژیانێکە کە لەلایەن ژنانەوە ئازاد کراوە و بە بەها کۆمیناڵەکان سەرلەنوێ هۆندراوەتەوە.

لێدوانێک بەجێ بهێلە