لە رەوتی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراقدا، هێزو لایەنە دەسەڵاتدار و میلیشیاییە بۆرژواییەکانی عێراق و کوردستان، سەرباری پڕوپاگەندەی کۆنەپەرستانەی نەتەوەپەرستی و ئاینی و تائیفی و وروژاندن و هاندانی نەفرەت و کینە لەناو هاولاتیاندا، هەوڵی بێدەنگکردن و پاشەکشەکردن بە کاندیدە ڕکابەرەکان و کڕینی دەنگ و ترساندن و هەڕەشەی نانبڕینی هاوڵاتیان، بەتایبەتی لەلایەن حزبە دەسەڵاتدارەکانەوە، بۆتە دیاردەیەک کە لە میدیا وتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە باس دەکرێت. ئەمەشیان بەمەبەستی ناچارکردنی هاوڵاتیانە تا دەنگ بە لیست و کاندیدەکانی ئەوان بدەن.
رۆژی ١٥ی مانگ، سەفا مەشهەدانی، ئەندامی ئەنجومەنی شاری بەغدا و کاندیدی لیستی هاوپەیمانی ئەلسیادە، بەسەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر و مەحمود مەشهەدانی، کە گەورەترین هاوپەیمانی هێزە سونییەکانە، لەرێگای بۆمبی چێنراوەوە تیرۆرکرا. ئەمە جگە لە هەڕەشە و تەقەکردن لە کاندیدەکان و کۆکردنەوەی زانیاری شەخسی لەهاوڵاتیان، بازاڕی کڕینی کارتی دەنگدان لەلایەن کاندیدەکانی هێزە دەسەڵاتدارو ملیشیاییەکانەوە لەسەراسەری عێراقدا بەشێوەیەکی فراوان و ئاشکرا دەستی پێکردوە.
لە کوردستانیش، هەردوو حزبی دەسەڵاتدار، کە لەماوەی زیاتر لە ٣٠ ساڵی دەسەلاتیاندا، بێجگە لە بڕینی مووچەو قووتی ژیانی خەڵک، وێرانکردنی خزمەتگوزاریە گشتیەکان، سەپاندنی هەژاری و بێکاری وبێمافی بەسەر خەڵكدا، کۆکردنەوەی سامان بۆ خۆیان لەسەر حسابی سفرەی بێرەونەقی هاوڵاتیانی کرێکارو کەمدەرامەتی کوردستان، تەنگەبەرکردنەوەی ئازادیە سیاسیەکان، بێدەنگکردنی نەیارە سیاسیەکان و تیرۆرو زیندانیکردنی هەموو دەنگێکی نەیارو رەخنەگر، هیچیان لەهەگبەدا نەبوەو نیە، ئێستاش کەوتونەتە فڕو فێل و دەستبردن بۆ کۆمەڵێك هەنگاوی قێزەون، لەوانەش گەڕان بە ماڵاندا لە سلێمانی و ناونوسین و وەرگرتنی زانیاری لێیان، هەروەها لەدەڤەری ڕاپەڕینیش دەستیانکردوە بە هەڕەشە وترساندنی کرێکاران وکارمەندانی ژینگەپارێز و پێیانڕاگەیاندون کە ئەگەر دەنگ بە لیست و کاندیدەکانیان نەدەن لەسەرکار دەریان دەکەن! هەموو ئەمانەشیان بۆئەوەیە بڕێك دەنگی زیاتر بۆخۆیان کۆبکەنەوە.
بێگومان، هیچ کاتێك حزبە دەسەڵاتدارەکان دەستبەرداری برسیکردن و بێکارکردنی خەڵک و سەپاندنی فشار و ترساندن و دەنگکڕین و ساختەکاری نەبوون و نابن لە پرۆسەی دەنگدان و هەڵبژاردندا، ئەوە سەرباری ئەوەی کە بەهۆی دەستگرتنیان بەسەر داهاتی کوردستاندا، دەزگای زەبەلاحی میدیایی و توانای گەورەی پڕوپاگەندەیان هەیە بۆ چەواشەکردنی هاوڵاتیان و ئاوەژوکردنەوەی ڕاستیەکان، بەڵام هەمیشەش چ ئەو حزبانەو حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنەکانی بۆرژوازی لەئیسلامی و ناسیۆنالیستیەوە، پڕوپاگەندەی ئەوەیان کردوە کە تاکە رێگای گۆڕانکاری لەژیان و گوزەران و دەستڕاگەیشتنی هاوڵاتیانی کوردستان بە خزمەتگوزاریەکان و بە ماف و ئازادیەکانیان، دەنگدان و هەڵبژاردن و هۆڵی پەرلەمانە و هەر کاندیدەکانی خۆشیان بە “نوێنەرانی خەڵکی کوردستان” هەژمارکردوە.
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لەگەڵ ئەوەدا کە ئەم هەوڵانەی دەسەلاتداران و میلیشیاکان بۆ ترساندن و تۆقاندنی خەڵك و هاندانی نەفرەت و کینەی نەتەوەپەرستی و تائیفی و کۆنەپەرستانەو فشاردانان لەسەر هاوڵاتیان ڕیسوا دەکات، هاوکات ڕادەگەیەنێت کە ئەم کردەوانە ئەوەندەی دیکە گەندەڵبوونی پرۆسەی هەڵبژاردن و دەنگدان لای خەڵكی عێراق و کوردستان بەرجەستە دەکات و ماهیەتی هەڵبژاردن و دەنگدانی بۆرژوایی میلیشیا فەرمانڕەواکانی عێراق و کوردستان و پڕوپاگەندەکانیان سەبارەت بە گۆڕانکاری لە ژیان و گوزەران و باشترکردنی ئایندەی سیاسی لەڕێگای پەرلەمانەوە ریسواتر دەکات.
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٢٤/١٠/٢٠٢٥
پرۆسەی هەڵبژاردن و پێشیلکاریەکانی لایەنە دەسەڵاتدارو میلیشیاییەکان!
27
