Home بیروڕاهەڵبژاردن و حەشامات و بانگەشەی هەڵبژاردن!

هەڵبژاردن و حەشامات و بانگەشەی هەڵبژاردن!

by admin
0 کۆمێنتەکان 72 بینینەکان

موحسین کەریم:   
لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لەسەر سۆشیال میدیا بڵاوکراوتەوە، قوباد تاڵەبانی باسی دوای هەڵبژاردنی پاری پەرلەمانی کوردستان و دەکات و دەڵێت: پێویستم بەوەنیە ئەو حەشاماتە کۆبکەمەوە.،، ڕاستە کاتی هەڵبژاردن ئێمە حەشامات کۆدەکەینەوە و .. بەڵام ئەوە رۆی.. ئەوە ناخوات..
ئەم قسەیەی قوباد تاڵەبانی لە هەزار لێکدانەوەو شیکردنەوەو بەڵگەهێنانەوە زیاتر دەرخەی ئەو ڕاستیەیە کە حزبە بۆرژواییەکان، بە ئیسلامی و ناسیۆنالیستەوە، بەتایبەتی حزبە دەسەڵاتدارەکان، لە پرۆسەی هەڵبژارندا، خەڵك لایان تەنها کۆمەڵێك حەشاماتە، کە دەبێ لەخزمەتی ئەواندا کۆببنەوە، گوێ لە بەڵینە درۆ و ساختەکانیان بگرن، دواتریش بەچاوی بەستراوەوە بەرەو سندوقەکانی دەنگدان بچن و دەنگ بەوان بدەن. دوای ئەوە ئیتر هیچ بایەخێکیان لای ئەوان نامێنێ و سفردەبنەوە!
ئەم شێوازە لە مامەڵەی خەڵکی کوردستان، لە بەرنامە و کەمپینی هەڵبژاردنی هەموو حزبە بۆرژواییەکاندا بەرجەستەو ئاشکرایە. هەموو ئەو لایەنانە پێشبڕکێ دەکەن لە بڵاوکردنەوەی زۆرترین درۆ و بەڵێنی ناوبەتاڵ، زۆرترین کارامەیی نیشاندان لە چەواشەکردنی زۆرترین کەس، دەستگرتن بە هەرچی بەهاو نەریت و پڕوپاگەندەی بەڕواڵەت عامەپەسەند و دواکەوتوانە و و پیرۆزکردنیانە بۆ هەڵخراندنی سۆزی نەتەوەیی و دینی هاوڵاتیان! ئەوان نەك هیچ پلاتفۆرم و بەرنامەیەکیان نیە بۆ هەڵبژاردن، بێجگە لە بڵاوکردنەوەی رق و کینەو تۆمەت بەخشینەوە و شکاندنی یەکتر، بەڵکو هوشیارانە خۆیانی لێدەدزنەوە، چونکە لەلایەکەوە هەموویان دەزانن کە خەڵکی هوشیاری کوردستان ئەزمونی دەیان ساڵەیان هەیە لەگەڵ درۆ و بەڵینە پووچەکانیان و بە فلسێکی قەڵب لێیان ناکڕن، وەکو خۆشیان دەڵێن بەڵین و پڕوپاگەندەو هاوارەکانیان تەنها بۆ بەرزکردنەوەی تای هەڵبژاردنە لای ئەندامان و دۆستانی خۆیان و بەشێك لەو خەڵکەی کە رەنگە لەداخی ئەم حزب یان ئەم لایەنی سیاسی دەنگ بەوی تر بدات و بەوجۆرە!
مامەڵەی حەشامات لەگەڵ خەڵکدا، لە پڕوپاگەندەکانی بافڵ تاڵەبانیدا بۆ پەرلەمانی عێراق بەروونی دەردەکەوێ، کاتێك لە کەمپینی هەڵبژاردنی شاری چەمچەماڵدا، شانازی بەوەوە دەکات کە رێگا نادەن حکومەتی هەرێم دروست بکرێ تاکو کێشەی ئاوی چەمچەماڵ چارەسەر نەکرێ! ئەم جۆرە بانگەشەیە ڕێك سەیرکردنی ئەو خەڵکەیە وەکو حەشاماتێک کە ئەوان چۆنیان بوێ ئەتوانن بەوجۆرە ئاڕاستەیان بکەن. ئەمە ئەوپەڕی سوکایەتیکردنە بە خەڵكی چەمچەماڵ و کوردستان، لەبەرئەوەی یەکێتی نیشتمانی کە شەریکە دەسەڵاتی یەکەمی پارتیە، دەیانساڵە لەگەڵ پارتیدا خەریکی تاڵانکردنی داهاتی کوردستان و کەڵەکەی سامانن بۆ خۆیان، خەڵکیشیان لە هەژاری و بێمووچەیی و بێخزمەتگوزاریدا ڕاگرتوەو ژیان و ئایندەی ئەوان بەهای پووشێکی نیە لایان، کەچی بەوجۆرە موزایەدەیان بەسەرەوە دەکەن و شەڕی بەشی دەسەڵاتی خۆیان لەگەڵ پارتیدا بەناوی ئەوانەوە پاکانە دەکەن!
لەولاشەوە، بەرپرسانی پارتی، کە خۆیان وەکو هێزی سەرکەوتوو و یەکەمی کوردستان دەبینن، بەڕواڵەت وا دەردەکەوێ بەشێوەیەکی هێمنانە کەمپینی هەڵبژاردنی خۆیان دەکەن، بەڵام دەستیان داوەتە هەڵخڕاندنی هەستی نەتەوەپەرستی و دواکەوتوانەی کوردایەتی دژ بە عەرەب و حکومەتی ناوەندی و خۆهەڵخستن وەکو پارێزەرانی کورد بەرامبەر بە ستەم و زوڵمی بەغدا، لەکاتێکدا هەرخۆیان دەستی سوپای تاوانبارترین رژێمەکانی عێراقیان گرت بۆ هێرشکردنە سەر هەولێر بۆ شکاندنی نەیارە سیاسیە هاوخوێنەکەی خۆیان! لەدوای روخانی بەعسیشەوە گەورەترین هاوبەشی ئەو دەسەڵاتە بوون لەبەغدا کە وەکو دوژمنی خەڵكی کوردستان ناوزەدی دەکەن!
هەڵبەتە ئەم هەڵبژاردنە بۆ پەرلەمانی عێراقەو هەر هێزێکی سیاسی کە بەئەندازەی سەرە دەرزیەك بەرژەوەندی خەڵک لەبەرچاوبگرێ، دەبێت بەرنامە و بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەوە بێت کە لە پەرلەماندا کاردەکات بۆ دەرچواندنی کۆمەڵە یاسایەك کە مافەکانی کرێکاران، ژنان ، مناڵان، گەنجان، ئازادیە سیاسیەکان، ئازادی بیروباوەڕ و بۆچوون، جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت، ئازادی رێکخراوبوون و خۆپیشاندان، هەڵوەشاندنەوەی یاسای جەعفەری، دابینکردنی مووچەی کارمەندانی کوردستان، مافی هاوڵاتی یەکسان، هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی میلیشیایی و سزای لەسێدارەدان و .. تاد. دەستبەربکات. دەبێت بەڕاستی نوێنەرایەتی دەنگ و خواست و داواکاریەکانی ئەوان بکات بەرامبەر بە نوێنەرانی حزبە بۆرژواییە دەسەڵاتدار و میلیشیاییەکانی ناو پەرلەمان. هێزێکیش کە ئەو پرسانە بکاتە بەرنامەی هەڵبژاردنی خۆی، بێگومان پێویستی بەوە نیە چەواشەکاری بکات و درۆ بەنرخی راستی بە خەڵك بفرۆشێت، بەڵکو دەبێ ئەوپەڕی هەوڵ بدات کە هاوڵاتیان بە بەرنامەکەی خۆی ئاشنا بکات و ئەوان بکاتە خاوەنی ئەو خواست و داواکاری و هەنگاوانەی کە لە بەرنامەکەیدا ئاماژەیان پێکراوە، هەرئەوانیش زامنی جێبەجێبوونی خاڵ و بەندەکانی ئەو بەرنامەیە دەبن و پشتی نوێنەرەکانیان قایم دەکەن لەناو پەرلەماندا، بەڵام سەرجەم لایەنە بۆرژواییەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن، ئەوەی دەیانەوێ ئەوەی کە خەڵك وەکو حەشاماتی ئەوان بەشداری هەڵبژاردن بکەن و دەنگ بەوان بدەن، ئیتر بڕۆنەوە ماڵی خۆیان و هەموو شتێك تەواو!

 

لێدوانێک بەجێ بهێلە