Home بیروڕاهەڵوێستی راست و دروست سەبارەت بە ئێران

هەڵوێستی راست و دروست سەبارەت بە ئێران

بەرخۆدانێکی ریشەدار و بەدیلێکی دیموکراتیک لە ئێران

by admin
0 کۆمێنتەکان 58 بینینەکان

عەبدولڕەحمان گەورکی:   
لە سەروبەندی گۆڕانکارییە گەورەکانی مێژووییدا، رژێمی ئێران نەک لە بەردەم داڕمانی سیاسی و سەربازیدایە، بەڵکو ئایدیۆلۆژیا و ستراتیژیی سەرکردەکانی ئەم رژێمە بەرەو نەمان دەچن. ئەم رژێمە، کە ساڵانێکە بە سەرکوت، تیرۆریزم و ئایدیۆلۆژیای توندڕەوانە کار دەکات، ئێستا بەرەوڕووی بەرتەسکبوونەوەیەکی زۆر بووەتەوە کە هەر رۆژە و زیاتر بەرەو داڕمان و لەناوچوون دەچێت. لەم وتارەدا، هۆکارەکانی لەناوچوونی نزیکی ئەم رژێمە و رۆڵی ستراتیژی رۆژئاوا و بەرخۆدانێکی ریشەدار لە ئێران، و گرینگبوونی پشتگیریکردن لەو بەدیلە دیموکراتیکە تاوتوێ دەکەین. ئەم شیکارییە، لەسەر بنەمای راستییەکانی ئێستا کراوە و دەریدەخات کە دیکتاتۆری لە ئێران، بە هەر شێوە و لە ژێر هەر ناوێکەوە بێت، بەرەو زبڵدانی مێژوو دەچێت.
لەناوچوونی مێژوویی ئایدیۆلۆژیا و ستراتیژی رژێمی ویلایەتی فەقیهی
رژێمی ئێران، کە ئایدیۆلۆژیاکەی لەسەر بنەمای ویلایەتی فەقیهی و هەناردەکردنی بەناو شۆڕش دامەزراوە، ئێستا بەرەو قەیرانێکی قووڵ بووەتەوە. سەرانی ئەم رژێمە، لە خامنەییەوە هەتا هاوبیرانی، چیتر ناتوانن پاساو بهێننەوە بۆ شکستە بەردەوامەکانی خۆیان. ستراتیژییەکەیان، کە لەسەر سەرکوتکردنی ئازادییەکان لە ناوخۆ، پشتگیریکردن لە گرووپە تیرۆریستییە نیابەتییەکان و بەدواداچوونی بەرنامەی ئەتۆمی دامەزراوە، گەیشتووەتە خاڵی کۆتایی. بەرتەسککردنەوەیان لە لایەن وڵاتانی جیهانەوە لە بواری چەکی ئەتۆمی، کە لەلایەن ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی و سزاکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سەختتر کراون، ئەم رژێمەیان پەک خستووە. هەروەها، دەستێوەردانەکانی ئەم رژێمە لە وڵاتانی وەک سووریا، لوبنان، عێراق، و یەمەن، نەک تەنها پشتگیری جەماوەرییان لەدەستداوە، بەڵکو بوونەتە هۆی گۆشەگیرکردنی زیاتری ئەم رژێمە لەسەر ئاستی جیهانیدا.
رۆژ لە دوای رۆژ ئەم رژێمە لە رووخاندنی نزیکتر دەبێتەوە. زیادبوونی ئاماری لەسێدارەدان– زیاتر لە 1000 کەس لە ساڵی 2025 بەپێی راپۆرتەکانی لێبوردنی نێودەوڵەتی– نیشاندەری داماوبوونی ئەم رژێمەیە. ئەم لەسێدارەدانانە بێ شەرمانەیە، کە لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤەوە یەک ناگرێتەوە، تەنها نیشانەی ترسی قووڵی سەرانی ئەم رژێمە نیشان دەدات بەرامبەر بە راپەڕینی گەل. ئەم رژێمە بۆ مانەوەی لە دەسەڵات، پەنای بۆ سەرکوتکردنێکی دڕندانە بردووە، بەڵام ئەم هەنگاوانە تەنها دەبێتە هۆی نیزیکبوونەوە رووخاندنی ئەم رژێمە.
ستراتیژیی رۆژئاوا: پاراستنی بەرژەوەندییەکان
ستراتیژیی رۆژئاوا، بە تایبەتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا، لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی خۆیانە و نەک دڵسۆزبوونیان لە ئاست خەڵکی ئێران. سزا ئابوورییەکان، گوشاری دیپلۆماتیک، و ئۆپەراسیۆنە سەربازی و هەواڵگرییەکان لە دژی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، بەشێکن لەم ستراتیژییە. سەرەڕای ئەوانە، دروستە کە ئەم بەرتەسککردنەوانە، رژێمیان لاواز کردووە، بەڵام تاکە رێگەی رزگاری و گۆڕانکارییەکی بەردەوام، پشتگیریکردنی راستەوخۆی بەرخۆدانی خەڵکی ئێرانە. رۆژئاوا ناتوانێت بە دانوستانی رواڵەتی یان سازان لەگەڵ ئەم رژێمە، ئاشتی لە ناوچەکەدا مسۆگەر بکات. ئەزموونی (بەرجام) نیشانیدا کە ئەم رژێمە تەنها بەدوای کڕینی کاتەوەیە.
لە بەرامبەردا، موقاومەتی ریشەداری خەڵکی ئێران، کە دژ بە هەموو جۆرەکانی دیکتاتۆرییەت وەستاوە، هەڵبژاردەیەکی متمانەپێکراو و جەماوەرییە. ئەم موقاومەتە، بە ستراتیژیی شانەکانی شۆڕش و تۆرە ناوخۆییەکان و خۆپێشاندانەکانی گەل، توانیویەتی بەرەنگاری رژێمی ویلایەتی فەقهیی لە شارەکانی وەک تاران، ئیسفەهان و تەورێز و … بێتەوە. درووشمی جەماوەریی “نە شا، نە ئاخوند”، هێمایەکی ئەم موقاومەتەیە و دەریدەخات کە خەڵکی ئێران دیکتاتۆرییەت بە هەموو جۆرەکانی رەتدەکەنەوە.
چارەنووسی رژێمی دیکتاتۆرییەکان لە ئێران
دیکتاتۆرییەت لە هەموو جۆرەکانیدا لە ئێران قبووڵ نەکراوە. خەڵکی ئێران، بە ئەزموونە تاڵەکانی سەردەمی شا و سەردەمی دەسەڵاتی ئایینی، بە روونی راگەیاندووە کە دیکتاتۆرییەتی شا بۆ هەمیشە بەرەو زبڵدانی مێژوو فڕێدراوە و هیچ گەڕانەوەیەک بۆ رابردوو نییە. رژێمی ئێستاکەیش، بە هەموو درووشمە بە ناو ئیسلامییەکانییەوە، لە کرداردا بووەتە دیکتاتۆرییەکی تەواو و تەنانەت لە سەرکوتکەرانی رابردووش، دیکتاتۆرترە. لەسێدارەدانی بە کۆمەڵ، سەرکوتکردنی راپەڕینە جەماوەرییەکان، و پێشێلکردنی مافەکانی ژنان، چەند نموونەیەکن لە تاوانەکانی ئەم رژێمە.
لە ناو ئەمەدا، رژێمی ئیران بۆ فریودانی بیروڕای گشتی نێودەوڵەتی، تاکتیکی نومایشی بەکارهێناوە. لەم رژێمەدا، سەرۆک کۆمار، دەستکەڵا و بووکەشووشەیە بە دەستی وەلی فەقیهەوە. ناردنی کەسانێکی وەک (مەسعوود پزیشکیان) بۆ نیویۆرک بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەوڵێکی بێهوودەیە بۆ شەرعییەتدان بەو رژێمە. بەڵام ئەم نومایشکردنانە ناتوانن پرۆسەی رووخاندنی ئەم رژێمە بوەستێنن. بە پێچەوانەوە، هەر رۆژێک کە تێدەپەڕێت، رژێمی ئایینی لە ئێران، سەرەڕای زیادبوونی لەسێدارەدانەکان و چالاکییە داماوییەکانی، سنووردارتر و لاوازتر دەبێت.
تاکە رێگە بۆ خێراکردنی رووخاندنی دیکتاتۆرییەت لە ئێران
تاکە رێگەی گونجاو بۆ رووخاندنی دیکتاتۆرییەت لە ئێران، پشتگیریکردنی تەواوە لە خەڵک و موقاومەتی ئێران. ئەو هەنگاوانە رەوا و دروستن کە لەم رێگەیەدا بنرێن. بە تایبەتی پشتگیریکردن لە چالاکییەکانی هێزی موقاومەتی ئێران لە ناوخۆی وڵات و بە رەسمی ناسینی “ئالترناتیڤی دیموکراتیک” کە لەلایەن خانمی مریم رەجەوییەوە سەرۆکاتی دەکرێت و بەردەستە و پلانێکی روونی هەیە بۆ “ئێرانی ئازادی دواڕۆژ”. ئەم موقاومەتە، لە نێویاندا پلانەکانی “جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت، مافەکانی ژنان، مافەکانی نەتەوەکان، و ئاشتی ناوچەیی” پێشکەش کردووە. ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران، کە بە سەرپەرشتیکردنی ئەو، پشتگیرییەکی بەرفراوانی لە ئێرانییەکانی دەرەوەی وڵات و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەدەست هێناوە. لە بیرمان نەچێت کە رووخاندنی رژێمی ئایینی لە ئێران، بۆ ئاشتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست زۆر پێویستە.
ئەنجام
رژێمی ئێران لە سەروبەندی رووخاندایە. موقاومەتی ریشەداری گەل، بە ستراتیژییە نوێیەکانی خۆیەوە، لە خێراکردنی ئەم پرۆسەیەدایە. دیکتاتۆرییەکان، چ شا بێت یان ویلایەتی فەقیهی، جێگەیان زبڵدانی مێژووە و خەڵکی ئێران شایستەی حکوومەتێکی دیموکراتیک و ئازادن. پشتگیریکردن لە خانمی مریم رەجەوی و ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەت، پێویستییەکی ستراتیژیکییە. پرۆسەی رووخاندنی رژێم رۆژ بە رۆژ نزیکتر دەبێتەوە و داهاتوویەکی گەش لە چاوەڕوانیدایە بۆ ئێران و خەڵکی ئێران. داهاتوویەک بەبێ سەرکوت، بەبێ سێدارە، و بەبێ تیرۆریزم و دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتانیتر.

کۆتایی

عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و لێکۆڵەری سیاسی

لێدوانێک بەجێ بهێلە