Home بیروڕاسپاسنامەیەک بۆ گالڤان نەک بۆ سەددام

سپاسنامەیەک بۆ گالڤان نەک بۆ سەددام

by Hawpshti Media
0 کۆمێنتەکان 34 بینینەکان

دلێر محەمەد نوری:

ھەندێک جار شاکارێکی ھونەری یان ئەدەبیی تاکە کەسێک، پاڵەوانی شانۆییەک یان فیلمێک، ھێندەی چەندەھا ساڵی خەباتی گەلێک یان سەرکردەیەک، کاریگەردەبێت.

 یاخود ھێندەی لۆبی گروپێک یان دەزگایەکی دەستەگەری، لە گەیاندنی ئازاری گەلێک بە دونیای دەرەوەی خۆی، خێراتر پەیامەکەی دەگات.

یەکێک لە ھەرە ھۆکارە سەرەکی و گرنگەکانی ھێنانەپێشەوەی کەیسی جوولەکە، لە دوای جەنگی جیھانی دووھەمەوە، بۆ نێو گۆڕەپانی سیاسی و بەر تیشکی میدیاکان، دۆکیومێنتکردنی خێرای گێرانەوە تاکە کەسییەکانی، ڕزگاربووانی ھۆلۆکۆست بوو. بەڵام کورد لە دوای ٣٧ ساڵ لە ئەنفال، ھێشتا ڕووفاتی ئەنفالکراوانی، بۆ نەگەڕێندراوەتەوە زێدی خۆیان. جگە لەوەش زۆرینەی رزگاربووانی ئەو پرۆسەی جینۆسایدکردنە، یان مردن وچیرۆکەکانیشیان لە گەڵیاندا نێژران، یاخود پیربوون و بەڕێگەی مەرگەوەن. ئەم کارەسات لە بیرکردنە لە لای کورد، بۆ کیمیابارانی ھەڵەبجە و تەنانەت بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای گەرمیان و جینۆسایدی ئێزیدییان و لە ناوبردنی ناسنامەی کوردانی باکور و ڕۆژئاوا و لە سێدارەدانی ڕۆڵەکانی ڕۆژھەڵات و زۆر کارەساتی دیکەش ھەر ڕاستن. 

شەوی ٢٦ لە سەر ٢٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥، بە خۆشحاڵییەوە یەکێک بووم لە نێو ئەو ھەزار و چوارسەدد تەماشاکەرەی نێو ھۆڵی شانۆیی میللی ئۆسلۆ، بۆ بینینی شاکارێکی شانۆیی تاکە کەسی نەرویجی (کارێکی مەنەلۆجی شانۆیی)، لە ژێر ناوی “سپاسنامەیەک بۆ سەددام”دا، کە لە نووسین و  پێشکەش کردنی ئەستێرەی کۆمێدی کوردی-نەرویجی گالڤان مەھدی ٣٧ ساڵ بوو.

گالڤان مەھدی کە لەدایکبووی باشوری کوردستانە لە ١٩٨٨دا، پێشکەشکاری ڕادیۆیی، ئەستێرەی کۆمیدی، دەرھێنەر و ئەکتەرێکی بە ناوبانگی نەرویجی-یشە. مەھدی لە تەمەنی چوار ساڵیدا لە گەڵ خێزانەکەیدا وەک پەنابەری کورد ھاتوونەتە وڵاتی نەرویج.

گالڤان خاوەنی چەندین پرۆگرام و کارو چالاکی ھونەری و تەلەفزیۆنییە.  لە نوێترین  چالاکیدا و لە یەکێ لە ھەرە شاکارە جوانەکانی، پێشکەش بە دانیشتوانی ئۆسلۆ و دەروبەری کرد. کارێک کە شایەنی ئاماژە بۆ کردن و دەست خۆشییە.  ئەم کارە شانۆییەی مەھدی لە دونیای ھونەر پێی دەوترێ  “STAND UP”!

ستاند ئاپ-جۆرە ھونەرێکی نمایشکاری شانۆییە، کە تێیدا کۆمیدیکار لە سەر شانۆ و بەرانبەر بە بینەرەکانی، چیرۆکی ڕاستەقینەی تراژیدی ڕەخنەگرانە، بە شێوەیەکی گاڵتەجاڕی دەگێڕێتەوە. زۆرجار ئەو چیرۆکانە یان ئەزموونی تاکەکەسییە یان ڕووداوی ھەنووکیی یان کارەساتی گرووپ یاخود تەنانەت میللەتێکیشە. 

“سپاسنامەیەک بۆ سەددام” ناونیشانی ئەو شاکارە بوو کە کالڤان مەھدی زۆر بە ویقار و بە لە خۆبورد و زۆر بە وردیش، تەواوی تراژیدیای ئەنفال و جینۆسایدی سەر کوردی، لە سەر دەستی سەددام و تەنانەت قوربانی دانەکانی کورد لە دژی داعش و بۆمبابارانی تورکیا و ئێرانی بۆ باشوری کوردستان و زۆر کارەساتی دیکەشی، بە شێوەیەکی کۆمێدیانە و گاڵتەئامێز، لە ماوەی تەنھا کاتژمێر و نیوێکدا جێکردەوە. ئەو گێڕانەوەکانی پاڵپشت کردبوو بە ھەندێ دیمەن و ڤیدیۆی کیمیابارانی ھەڵەبجە و ئەنفال و کۆڕەو. جگە لە نیشاندانی ھەندێ دیمەنی ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵگای کوردی لە سەردەمی ئێستادا. ئەو کە لە تەواوی ٣٧ ساڵی تەمەنیدا، تەنھا چوار ساڵی یەکەم لە کوردستاندا ژیاوە! بەڵام توانی زۆر وەستایانە تەواوی وردەکاری ئەو کارەساتانە، بگەیێنێتە دڵ و دەروونی ئەو ھەزار و چوارسەد بینەرەی نێو ھۆڵی شانۆیی میللی ئۆسلۆ، وەکو ئەوەی تەواوی ژیانی لە کوردستاندا بووبێت.

من ئەو ڕۆژە جگە لە قاقای پێکەنینی بینەرانی ئەو کارەی کالڤان مەھدی، دیقەتی ھەندێ چرکەساتی ناو ھۆڵەکەم دا، کاتێ کالڤان ئەھاتە سەر ناوکی گێڕانەوەی کارەساتەکان، تەنانەت گوێت نەک لە دەنگ، ھەناسەشی لە بینەرانی ناو ھۆڵەکە بڕیبوو. ئەو بینەرانی وەھا تاساند بوون کە، وێناکردنی ئەو کارەساتانەی لە زیھنی خۆیاندا، زەحمەتتر کردبوو. لە کۆتایی نمایشەکەدا کالڤان سپاسنامەیەکی بۆ سەددام خوێندەوە کە کورتکراوەکەی ئەوەبوو کە، تۆ ویستت میللەتێک لە ناوببەی بەڵام سپاس کە ئێستا مردوویت و ئێمەش ماوین و ئەژین.

شایەنی باسە ئەم کارەی  کالڤان مەھدی لە تەلەفزیۆنی فەرمی نەرویج و زۆرینەی ڕۆژنامە بەربڵاوەکانی نەرویجدا، بە درێژی لە بارەیەوە نووسراوە و ڕەخنەکراوە بەوەی کارێکی ھونەری شانۆیی گاڵتەئامێزی ڕەخنەگرانەی زۆر دەگمەنە، لە مێژووی کۆمێدیای نەرویجیدا! 

ماوەتەوە بڵێم ھەندێ کاری تاکە کەسی ھەن لە گەیاندنی دەنگی نەتەوەکەیان بە جیھانی دەرەوە کە بارتەقای خەباتی چەندین ساڵەی گەڵێک دەنگدانەوەی ھەیە، بۆیە جێگەی دەستخۆشی و ڕێزلێنانن نەک  فەرامۆش کردن.

لێدوانێک بەجێ بهێلە