عەبدولڕەحمان گەورکی: 
هەر لە سەرەتاوە لە ئێران موقاومەتێکی سەرتاسەری لە دژی ئەهریمەنەکەی “ویلایەتی فەقیهی” هەبوو و نەک هەرگیز بۆ رووخاندنی نەوستا، بەڵکو بەرەنگاری بووەوە و کردی بە دروشم و ستراتیژی خۆی. باجەکەی دا و ئێستا وەرزی سەرکەوتنی ئەم ستراتیژییە گەیشتووە!
ئەگەر سیاسەتی سازان لەگەڵ دیکتاتۆرییەت نەبوایە!
ئەگەر سیاسەتی سازان لەگەڵ ئەم دیکتاتۆرییەتە نەبوایە، ئێران له جێی خۆی دەبوو. نەک هەر لەم ناوچەیەدا رژێمی ویلایەتی فەقیهی بوونی نەدەبوو، بەڵکو ئێران دەبووە یەکێک لە وڵاتانی دیموکراتی و پێشکەوتووی جیهان. لە لایەکی دیکەوە، لەم ساڵانەی دواییدا، لە سایەی سیاسەتی سازانی رۆژئاوا لەگەڵ ئەم دیکتاتۆرییەدا، ئەم ئەهریمەنە دەستی بەسەر وڵاتانی ناوچەکەدا گرتووە و بۆتە “کێشە” بۆ کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی. بە شێوەیەک کە ئێستا جیهان لە دۆخێکدایە کە دەبێت باجێکی قورس بدات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم “ئەهریمەنە”!
کلیلی کێشەکە!
موقاومەتی ئێران کلیلی ئەم کێشەیەی بەدەستەوە بووە بە ئێستایشەوە. بەڵام بەرژەوەندییە بچووک و کورتەکانی وڵاتانی سازشتکاری رۆژئاوایی، رێگر بوو لەوەی ئەم وڵاتانە روو لە موقاومەتی ئێران بکەن بۆ چارەسەری کێشەکە. ئەوان سەبارەت بە “ئێران” جۆرێک سیاسەت و ستراتیژیان گرتەبەر، کە هەریەکەیان دەبوونە هۆکار بۆ هاتنە پێشەوەی ئەم دیکتاتۆرییەتە. بەجۆرێک کە موقاومەتی ئێران ناچار بوو کات و وزەی خۆی تەرخان بکات بە دوو ئاراستەدا. لە لایەک، پووچەڵکردنەوەی سیاسەتی سازان لەگەڵ دیکتاتۆریی ویلایەتی فەقیهی و لە لایەکی دیکەوە، بەرەنگاربوونەوەی ئەم ئەهریمەنە کە تینووی خوێنی ئێرانی و غەیرە ئێرانییە. پڕۆژە ئەتۆمییەکانی و شەڕخوازییەکانی و سەرکوتی ناوخۆیی تەنها بەشێکن لە ئۆپەراسیۆنی ئەم ئەهریمەنە مەترسیدارە. کارکردنی ئەم ئەهریمەنە بۆ پرسی فەلەستین یەکێک بووە لەوانە.
هەر لەسەرەتاوە نوێنەری شەرعی گەلی فەلەستین “رێکخراوی فەتح” بووە و ئێستاکەیش حکومەتی سەربەخۆی فەلەستینە بە سەرۆکایەتی بەڕێز (مەحموود عەباس). موقاومەتی ئێران هەر لە سەرەتاوە بەم شێوەیە سەیری ئەم پرسەی کردووە و هەرگیز لای نەداوە لەم روانینە. بەڵام لە بەرانبەردا، ئێستایش خامنەیی بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدایە دەست بە سەر ئەم وڵاتەدا بگرێت بە رێگەێ هێزە نیابەتییەکانییەوە بابەتەکە بکاتە بە ناو ئیسلامی و بە لاڕێیدا بەرێت و کێشەکەی ئاڵۆزتر کردووە.
هەڵوێستی موقاومەتی ئێران!
دوو ساڵ لەمەوبەر و دوای دەستپێکردنی شەڕی ماڵوێرانکەری غەززە، رێبەری موقاومەتی ئێران، خەنجەری خیانەت و “سەری رەشەمار”کەی شەڕفرۆشی لە “ناوماڵی جاڵجاڵووکەیی ویلایەتی فەقیهی”ی نیشان دا و رایگەیاند: “بەردەوام وتوومانە و دووبارەی دەکەینەوە کە هەرکەسێک ئاشتی بووێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دەبێت “سەری رەشەمارەکە” بکاتە ئامانج، کە ئەویش بریتییە لە “سەری رەشەمار”ی فاشیزمی ئایینی لە تاران، و لەسەر پرسی (فەلەستین)یش، دەبێت پشتیوانییەکی تەواو و هەمەلایەنە بکات لە سەرۆک مەحموود عەباس، سەرۆکی دەوڵەتی فەلەستین و رێکخراوی فەتح و داواکارییە رەواکانی گەلی فەلەستین. کێ نازانێت هەڵوێستی خومەینی و خامنەیی هەر لە سەرەتاوە، فریوکارانە بووە و “ڕۆژی قودس” و “قودس بە رێگەی کەربەلا”،خەنجەر و خیانەتێک بووە لە دۆزی فەلەستین” (مەسعوود رەجەوی، ١٥ رەزبەری ١٤٠٢).
بەڕێز رەجەوی هەروەها لە رێکەوتی ١١ی رەزبەری ١٤٠٤یش رایگەیاند: دەرکەوت کە سەری رەشەمارەکە لە ئێراندایە و خامنەیی تاکە لایەنە کە خوازیاری شەڕە. بەڕێز رەجەوی وتیشی: سەرۆک مەحموود عەباس ساڵانێکە تاڵبوون و دووبەرەکینانەوەی رژێمی ویلایەتی فەقیهی و بەربەست درووستکردنەکانی ئەم رژێمەی لە پێناو پرۆسەی ئاشتی و پیلانە تیرۆریستییەکانی ئەم رژێمە بە ئەزموون کردووە. ئەو فاشیزمە ئایینیەی کە لە ئێران دەسەڵاتدارە، تاکە لایەنە کە دەیەوێت شەڕ و دۆخی بەبارمتەگرتنەکان و ئازار و سەختییە بێکۆتاییەکانی خەڵک و منداڵانی غەززە و خەڵکی بێتاوانی فەلەستین و ئیسرائیل بەردەوام بێت.
ئەو شەڕە وێرانکەرە دواجار بووە هۆی ئاگربەست دوای ١٢ رۆژ، لە رۆژی سێشەممە ٣ی پووشپەڕی ١٤٠٤ بە نێوەندگیری حکومەتی ئەمریکا. لە هەمان کاتدا خانمی مریەم رەجەوی، بە “پێشوازیکردن لە ئاگربەست و کۆتاییهاتنی شەڕی دەرەکی و دووبارە جەختکردنەوە لەسەر خواستی خەڵکی ئێران؛ واتا ئازادی و سەرکەوتن لە شەڕی چارەنووسساز لە دژی فاشیزمی ئایینی” وتی: پێشنیاری ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە شەڕ، هەنگاوێکە بەرەو پێشەوە لە پێناو چارەسەری سێیەم بۆ ئێران. واتا نە شەڕ، نە سازان لەگەڵ دیکتاتۆرییەت. با خەڵکی ئێران خۆیان لە شەڕی چارەنووسسازەکەدا، خامنەیی و دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی بڕووخێنن”.
شکستی ستراتیژیکی!
کەواتە شەڕی دوو ساڵەی غەززە و دەرئەنجامەکانی ئاگربەستی ئەمدواییە، لە سەرووی هەموو شتێکەوە، شکستێکی ستراتیژیکییە بۆ فاشیزمی ئایینی و شەخسی خامنەیی، کە ویستی لە ژێر ناوی فەلەستین، راپەڕینی گەل لە ئێران دوابخات یان رێگری لێبکات.
پێشوازیکردن لە کۆتاییهاتنی شەڕ
رۆژی دووشەممە 21ی رەزبەری 2025 هەموو جیهان چاویان بڕیبووە سەر فەلەستین و ئیسرائیل و غەززە و شەرەمولشێخ. دوای دوو ساڵ شەڕی خوێناوی بە کوژرانی دەیان هەزار فەلەستینی، ئەم شەڕە بە ئازادکردنی ٢٠ بارمتەی ئیسرائیلی و هەزار و ٩٦٦ دیلی فەلەستینی کۆتایی هات. پێشوازیکردنی بەربڵاوی گشتی لە سەرانسەری ناوچەکەدا لە ئاست کۆتاییهاتنی شەڕەکە، دەرخەری گۆڕانکارییەکی گەورەیە لەم ناوچە تووشبووەی جیهاندا. تاکە لایەنێک کە بە نیگەرانییەکی زۆرەوە بەدواداچوون بۆ ئەم رووداوانە کرد، “سەری رەشەمارەکە” بوو کە تاران.
رەزامەندبوونی حەماس!
ئێوارەی رۆژی هەینی ١1ی رەزبەری 2025، راگەیاندنی رەزامەندبوونی حەماس لەسەر پلانی ئاشتیی سەرۆکی ئەمریکا و راگەیاندراوی دواتری (دۆناڵد ترەمپ) بوو بە گرنگترین هەواڵی رۆژ. لەم ناوەدا، رژێمی ویلایەتی فەقیهی تاکە لایەنە کە دژایەتی پڕۆسەی ئاشتی دەکات و دەیەوێت شەڕ و دۆخی بە بارمتەگیراوەکان بەردەوام بێت و ئازار و ناخۆشیەکانی خەڵکی و منداڵانی غەززە و خەڵکی بێتاوانی فەلەستین و ئیسرائیل بە گشتی بەردەوام بێت.
دواوتە،
هەرچەندە ستراتیژییەکان هەندێکجار زیانبەخش دەبن، بەڵام بەدوور نازانرێت بگەنە خاڵێکی هاوبەش. جیاوازی ستراتیژی رۆژئاوا و ستراتیجی موقاومەتی ئێران ئەوەیە کە یەکەمیان دەیەوێت (ئەگەرچی بە دواکەوتنێکی زۆرەوە!) باڵەکانی ئەم دەسەڵاتە لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران ببڕێتەوە و دووەمیان دەیەوێت (ئەگەرچی بە ئاستەنگی زۆرەوە!) ئەم دیکتاتۆرییەتە بڕوخێنێت.
قووڵایی ستراتیژیی رژێمی ئێران بەرەو کۆتایی دەڕوات و موقاومەتی ئێران خۆی بۆ هەنگاوی کۆتایی ئامادە دەکات. چونکە موقاومەتی ئێران هەر لە سەرەتاوە رایگەیاندووە کە رووخاندنی دیکتاتۆرییەت لە ئێران، کاری خەڵک و موقاومەتی ئێرانە.
عەبدولڕەحمان گەورکی، نوسەر و شرۆڤەکاری سیاسی
