Home بیروڕاواقعی پشت وتارەکەی نێچیرڤان بارزانی “گەنجانی کوردستان شایەنی حەقیقەتن نەك بەڵێنی بێکردار”

واقعی پشت وتارەکەی نێچیرڤان بارزانی “گەنجانی کوردستان شایەنی حەقیقەتن نەك بەڵێنی بێکردار”

by admin
0 کۆمێنتەکان 53 بینینەکان

دەشتی جەمال:   
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی پێنچشەمە٣٠/١٠/٢٠٢٥ لەبەردەم سەدان دەرچووی زانکۆی کوردستان لە هەولێر وەستا، قسەکانی پڕ لە گەشبینی بوون. باسی لە گرنگی زانست و پەروەردە و ڕۆڵی گەنجان کرد لە بنیاتنانی ئایندەی کوردستان. ستایشی دەستکەوتەکانی زانکۆی کرد و داوای لە دەرچووان کرد بە هیوا و بوێرییەوە خزمەت بە میللەتەکەیان بکەن. بەڵام بۆ زۆرێك لە گەنجان لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان، قسەکانی سەرۆكی هەرێم هەست بە پچڕان لە واقیع دەکەن.
ژیانی گەنجانی کوردستان ئەمڕۆ چیرۆکێکی زۆر جیاوازتر دەگێڕێتەوە، چیرۆکێك کە نەك بە دەرفەت و پێشکەوتن، بەڵکو بە بێکاری و گەندەڵی و سەرکوت لە قاڵب دراوە. نەوەیەك کە دەتوانن نەخشیان هەبێت لە داهاتووی کۆمەڵگەی کوردستاندا بەهۆی سیستەم و دەسەڵاتێك کە نێچیرڤان بارزانی و حکومەتەکەیان دایانسەپاندوە ئەوانی ڕووبەڕووی بێکاری و گرانی و سەرکوت و دەیان دەردەسەری کردۆتەوە، ناچارکراون بڕۆن و سەری خۆیان هەڵگرن، لە کاتێکدا بارزانی ئاهەنگی بۆ ٥٢٦ لە بەشە جیاکانی چوار کۆلێژ کە بڕوانامەی زانکۆییان بەدەستھێنابوو، دەگێڕا، دەیان گەنجی دیکەی کورد زێد و ژیانی خۆیان بەجێدەهێڵن.
مانگانە گروپ گروپ ڕێگاکانی قاچاخ و پڕمەترسی دەگرنەبەر تا دەستیان لە یەكێ لە وڵاتەکانی ئەوروپا گیربببێ. ئەمە سەرباری مەترسیەکانی ڕێگاوبان و دەریا کە ساڵ نیە دەیان هاوڵاتی گەنجی کوردستان لەڕێگەی هاتونەهاتی ژیانی پەنابەریدا نەخنکێن، وەیان لە دارستانەکان و کەمپ و هایم دورگە و زیندانەکانی ئەوروپا و وڵاتانی تر ڕووبەڕووی مەرگ نەبنەوە. ئەوان لەبەر ئەوە ناڕۆن کە خۆشەویستییان بۆ کۆمەڵگەکەیان نیە، بەڵکو لەبەرئەوەی سیستم و دەسەڵاتێك باڵادەستە کە خۆی لە بەرپرسیارێتی لە ژیان و گوزەرانی کۆمەڵگە دەدزێتەوە و شکستی هێناوە لە ئیدارەی کۆمەڵگە.
لەکاتێکدا دەیان و سەدان لە کچان و کوڕانی ئامادە بەکار، ئەوانەی کە ساڵانێکی زۆر و دوای هەوڵ و ماندوو بوونێکی زۆر خوێندنیان تەواو کردوە بەڵام لە چاوەڕوانی بەدەستهێنانی کاردا ڕاگیراون و ئەم دەسەڵاتە خۆی بە بەرپرس نازانێت لە ئاست دابینکردنی هەلی کار بۆ گەنجان و دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان، ئامادە نیە وەڵام بە خواستی هاوڵاتیانی ژێر دەسەڵاتەکەی بداتەوە. بۆ زۆر کەس نە هەلی کار و نە سەقامگیری و نە داهاتوو، ناڕوونە،خزمایەتی و حزبایەتی و دڵسۆزی سیاسی، نەك شایستەیی، بڕیار دەدەن کێ دەرفەتی کاری دەست دەکەوێت. ئەوانەی پەیوەندییان نیە لەدوای خۆیان بەجێدەهێڵرێن، تەنانەت بەتواناترینەکانیشیان نائومێدی و دانیشتن لە ماڵەوە، بێهیوایی بەربڵاو بووە.
ئالوودە بوون بە ماددە هۆشبەرەکان و خەمۆکی و خۆکوشتن گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار. فشارە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان خەریکە تەواوی ژیانی نەوەیەك وردوخاش دەکات. ئەم گەنجانە دوای چەند ساڵ لە شەونخونی بەڵێنی ژیانێکی باشتریان پێدرا، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمڕۆ خۆیان دەبیننەوە لەنێوان نوخبەیەکی سیاسی گەندەڵ و سیستەمێکدا کە پاداشتی بێدەنگی دەداتەوە نەك لێهاتوویی. ئەم حکومەت و دەسەڵاتە ئەوەندەی نوێنەری چینی سەرمایەدار و خاوەن کۆمپانیاکان و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەوانە ئەوەندە لە فکری ژیان و کار و گوزەرانی لاوان و خەڵکی هەژاری کوردستان نیە و ژیانی ئەوانی بە مشتێك لە خاوەنکار و خاوەنکۆمپانیای چاوچنۆك سپاردوە بۆ قازانجی زیاتر و هەڕاجکردنی کۆمەڵگە.
سەرکوت و کۆنترۆڵی سیاسی لەژێر سایەی حزب و حکومەتەکەی بارزانیدا بەرامبەر بە دەربڕینی خۆپیشاندانی خۆیندکاران بۆ دەرماڵە و باشبژێوی و چاککردنی بەشە ناوخۆییەکان, خۆپیشاندەران تا داوای مافە سەرەتاییەکانی وەک مووچە، کارەبا، خزمەتگوزارییە گشتییەکان،… بەشێوەیەکی ڕۆتینی سەرکوت دەکرێن. هەڵسووڕاوە جەماوەرییەکان زیندانی دەکرێن، دادگاکان لەلایەن هەردوو حزبی دەسەڵاتدارەوە بۆ بێدەنگکردنی نەیارانی سیاسی و ڕۆژنامەنووسانی سەربەخۆ بەکاردەهێنرێن. شانبەشانی ئەم سەرکوتکردنە، دۆخی ئابووری بۆ کرێکاران و خێزانە هەژارەکان و مووچەخۆران بووەتە شتێکی بەرگە نەگیراو بەهۆی سەختییەك کە ڕاستەوخۆ بەهۆی خراپ بەڕێوە بردنی هەردوو پارتی دەسەڵاتدارەوە دروست بووە. هاوکات دەستێوەردانی دەرەکی حکومەتە سەرکوتگەرەکانی وەك تورکیا و ئێران کاریگەرییان لەسەر کاروباری سیاسی و ئەمنی هەرێمی کوردستان زیاتر دەبێت و زیاتر نائەمنی و سەقامگیری هەرێمی کوردستان تێکدەدەن.
نێچیرڤان بارزانی باسی لەوەکرد “دەرچووانی ئەمڕۆ، نەوەیەکی خۆشبەختن کە لە ئازادیدا لە دایک بوون، بەڵام ئەوانەی سەردەمی دیکتاتۆری ژیاون، باش دەزانن کوردستان لە چ خەراباتێکەوە، بە چ قوربانیدان و سەختییەك، گەیشتووەتە ئەمڕۆ”. کامە ئازادی و خۆشبەختی؟ کە لەژێر دەسەڵاتی حزبەکەیدا ئازادی قسەکردن و بیروڕادەربڕین نیە؟ خۆپیشاندانەکان بە توندوتیژی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان سەرکوتدەکرێن و خۆپیشاندەران لەگەڵ دەستگیرکردن بەرەوڕوو دەبنەوە. ڕۆژنامەنووسان لەسەر ئاشکراکردنی گەندەڵی و نادادپەروەری زیندانی دەکرێن، هەڕەشەیان لێدەکرێت، تەنانەت دەکوژرێن. زیندانەکانی کوردستان پڕن لە هەڵسووڕاوانی سیاسی نەیاری ئەوان و ڕۆژنامەنووسان. پەیامنێر و هەڵسووڕاوان و هاوڵاتیانی ئاسایی لە دادگاکان بە فەرمانی حزبەکانی دەسەڵات سزادراون.
خۆشبەختەکان منداڵانی بەرپرسانی پلە باڵایە کە لە دەرەوەی وڵات دەخوێنن وەیان خۆیندنی باڵایان تەواوکردوە، چێژ لەو دەرفەتانە وەردەگرن کە لە باقی کۆمەڵگا بێبەش دەکرێن. بیمەی بێکاری نیە لەکاتێکدا یارمەتی بێکاری یان بیمەی بێکاری گرنگە بۆ دەرچووان و بێکاران، چونکە پشتگیری دارایی لەکاتی گەڕان بەدوای کاردا، یارمەتی دابینکردنی خەرجییەکانی ژیان و کەمکردنەوەی فشارەکانی ژیانیان بۆ دەدات. مووچە دوادەخرێت یان دەدزرێت و سامانی بەرفراوانی هەرێم بەردەوامە لە ونبوون لە هەژمارە تایبەتەکاندا. هاوکات حکومەت باس لە چاکسازی و شەفافیەت دەکات، بەڵام هەمان ڕووخسار لە دەسەڵاتدا دەمێنێتەوە، هەمان لایەنەکان کۆنترۆڵی هەموو دامەزراوەیەك دەکەن و هەمان بیانوو ساڵ لە دوای ساڵ دووبارە دەبنەوە.
ئەگەر نێچیرڤان بارزانی بەڕاستی باوەڕی بەو بەهایانە هەیە کە باسی کردووە مەعریفە و کراوەیی و گەشەپێدان، ئەوا دەبێت لەڕێگەی کردارەوە بیسەلمێنێت نەك بە وتار. با گەنجان بە ئازادی قسە بکەن. سیستەمێکی خۆێندنی مۆدرین دامەزرێنن، خوێندن و پێداویستییەکان بکەنە خۆڕایی و بیخەنە ئیختیاری گەنجان و خوێندکارانەوە، ئازادی و مافە فەردی و مەدەنیەکان، ئازادی سیاسی، کۆبوونەوە و مانگرتن و بایکۆت و خۆپیشاندان، ئازادی بەیان و بیروڕا و چاپەمەنی و ڕۆژنامەگەری بەکەن یاسا. هێرش بۆسەر هەڵسوڕاوان و کەسانی نەیاری دەسەڵات و ڕۆژنامەنووسان ڕاگرن، ڕۆژنامەنووسانی زیندانیکراو ئازاد بکەن. مووچەی مامۆستایان و کرێکاران بدەن. کۆتایی بە گەندەڵی و حوکمڕانی حزب بەسەر خەڵکدا بهێنن!
گەنجانی کوردستان پێویستیان بە وتاری زیاتری دەرچوون نیە، پێویستیان بە دەرفەتی ڕاستەقینە و دادپەروەری و کەرامەت هەیە. تا ئەوکاتەی ئەوە ڕووبدات، هیچ وتارێك ناتوانێت ئەو ڕاستییە بشارێتەوە کە خەونی گەنجانی پێگەیشتوو لەلایەن ئەو کەسانەی بانگەشەی بەرگریکردن لێی دەکەن، بەکردەوە بەدیدێن نەك بە وتەی ڕازاوەی نێو هۆڵەکان.
١/١١/٢٠٢٥

 

لێدوانێک بەجێ بهێلە