توانا محەمەد نوری: 
هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق جارێکی دیکە پاشەکشەیەکی قووڵی لە پڕۆسەی سیاسی و دیموکراسیدا نیشاندا. ئەوەی کە دەبوو ببێتە دەرفەتێک بۆ هاووڵاتیان تا بە ئازادی نوێنەرەکانیان هەڵبژێرن، گۆڕا بۆ گۆڕەپانێکی تۆقاندن، توندوتیژی و دەستکاریکردن لەلایەن هێزە دەسەڵاتدارەکان و گرووپە چەکدارەکانیانەوە لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستاندا.
کوشتنی کاندیدێک لە ناوچەیەکی دیار، وەک هێمایەکی دڵتەزێن بۆ ئەو مەترسیانەی کەسایەتییە ئۆپۆزسیۆنەکان ڕووبەڕوویان دەبنەوە، بووەمایەی گشتگیربوونی ترس و تووڕەیی. ئەم کردەوە تیرۆریستییە تەنها تاوانێک نەبوو، بەڵکو پەیامێکی ڕوون بوو کە هەرکەسێک ڕووبەڕووی سیستمەکە ببێتەوە، بێدەنگ دەکرێت. لەچوارچێوەیەکی بەرفراوانتردا، هەڕەشەکردن لە کاندیدەکان، هێرشکردنە سەر بۆنەکانی بانگەشە، کۆکردنەوەی زانیاری کەسی لە هاووڵاتیان، هەڕەشەی نانبڕین، و کڕین و فرۆشتنی بەربڵاوی کارتی دەنگدان، بوونەتە ئامرازێکی باو بۆ کۆنترۆڵکردنی سیاسی.
دۆخی هەرێمی کوردستانیش لە عێراق باشتر نییە. دەسەڵاتداران، لەگەڵ سەپاندنی هەژاری، سەرکوتی سیاسی، و دەستبەسەرداگرتنی داهاتی نەوت و سەرچاوە ئابوورییەکان، ئازادییە سیاسییەکانیان سنووردار کردووە. ڕەخنەگران و چالاکوانان ڕووبەڕووی زیندانیکردن یان تۆقاندن دەبنەوە.
ڕۆژنامەنووسان لەژێر هەڕەشەی دەستگیرکردن یان توندوتیژیدان، و هێزە ئەمنییەکان بە بەهانەی “ڕێوشوێنی ئەمنی” بەدواداچوون بۆ ماڵەکان و تۆمارکردنی زانیاری کەسی دەکەن. کرێکاران و ژینگەپارێزان ڕاستەوخۆ هەڕەشەی دەرکردنیان لێدەکرێت ئەگەر ڕەتیبکەنەوە دەنگ بە لیستەکانی حزبە دەسەڵاتدارەکان بدەن.
ئەم ڕووداوانە تاک و تەرا نین و بە ڕێکەوت ڕوویان نەداوە، بەڵکو بەشێکن لە هەڵمەتێکی ڕێکخراو کە ئامانجی چەسپاندنی دەسەڵاتە لەڕێگەی ترساندن و ملکەچپێکردنەوە.
ئەم “دیموکراسییە”ی دوای داگیرکردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ سەپێنرا، لەسەر بنەمای دابەشکردنی دەسەڵاتی تایفەگەری و نەتەوەیی دامەزراوە، کە عێراقی بەرەو وێرانبوون بردووە و گەندەڵی و کۆنترۆڵی نوخبەی دەسەڵاتداری چەسپاندووە. دیارە بەشداریکردن، لەڕوانگەی چینایەتییەوە، تەنها بۆ بانگەشە و وروژاندنە و ئەوەش ئاشکرایە کە پەرلەمان بۆ خزمەتی سەرمایەداری دانراوە. گۆڕانکاریی ڕاستەقینە لە سندوقەکانی دەنگدانەوە نایەت کە گەندەڵکاران کۆنترۆڵیان کردووە، بەڵکو لە خەباتی ڕێکخراوەیی و پێکەوەیی بەکۆمەڵ و داواکارییە ڕوونەکان بۆ ئازادی، یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی دێت. پێشبینی دەکرێت ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی عێراق و کوردستان بەهۆی نائومێدییانەوە بایکۆتی هەڵبژاردنەکان بکەن.
لەناو ئەم فەزایەدا، دەنگدەران پێویستە بەدوای کاندیدێکدا بگەڕێن کە خزمەت بە خەڵک بکات نەک حزبەکان و بەرژەوەندییەکانیان. کاندیدێکی گونجاو دەبێت خاوەنی ئەم تایبەتمەندییانە بێت:
پشتیوانی ژنان و منداڵان: کار بۆ گۆڕینی یاسای باری کەسی بکات بۆ یاسایەکی مەدەنی و مرۆیی کە مافەکانی ژنان و منداڵان بپارێزێت و کۆتایی بە یاسا جیاکارییەکان بهێنێت.
داکۆکیکار لە ئازادییەکان: گەرەنتی ئازادی ڕادەربڕین، ڕۆژنامەگەری، و ناڕەزایەتی دەربڕین بکات، بەبێ ترس لە دەستگیرکردن و توندوتیژی.
دژایەتی سەرکوت: داکۆکیکارێک بێت لە مافەکانی مرۆڤ و دژی سانسۆر و سەرکوتی میلیشیاکان بێت.
پەروەردە بۆ هەمووان: کار بۆ سیستمێکی پەروەردەیی گشتگیر، خوێندنی بەخۆڕایی و ئیجباری بکات.
دادپەروەری کۆمەڵایەتی: چاکسازی لە سیستمی دادپەروەریدا بکات، کۆتایی بە سزای لەسێدارەدان بهێنێت و دادپەروەری مرۆیی و چاکسازیی پێش بخات.
دەوڵەتی عەلمانی: داکۆکی لە بنیاتنانی دەوڵەتێکی عەلمانی، غەیرە قەومی و غەیرە دینی بکات، کە ئایین لە دەوڵەت و پەروەردە جیا بکاتەوە.
دژایەتی تائیفەگەری: تائیفەگەری ڕەتبکاتەوە و بۆ یەکڕیزی و بەها مرۆیی و مەدەنییەکان بوەستێت.
بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی: کار بۆ کۆتاییهێنان بە گەندەڵی و پاراستنی سامانی گشتی بکات، و دڵنیا بێت لەوەی کە سامانی عێراق خزمەت بە خۆشگوزەرانی گشتی دەکات نەک بۆ دەوڵەمەندکردنی بەرپرسانی میلیشیا دەسەڵاتدارەکان و سەرمایەدارەکانی نزیکیان.
بیمەی تەندروستی: کار بۆ سیستمێکی تەندروستی گشتگیر، چاودێری تەندروستی خۆڕایی مافێکی بنەڕەتی مرۆڤە و دەبێت بۆ هەمووان بەردەست بێت، بەبێ گوێدانە بارودۆخی داراییان.
بیمەی بێکاری: دامەزراندنی سیستمێکی کاریگەری بیمەی بێکاری بۆ پاراستنی ئەو هاووڵاتییانەی کە بێکار دەبن، بەمەش دڵنیایی کۆمەڵایەتی دابین دەکرێت و کەرامەتی تاک پارێزراو دەبێت.
پاشەڕۆژی عێراق و کوردستان بەشێوەیەکی بنەڕەتی پەیوەستە بە بوێری و ئیرادەی هاووڵاتییانەوە لە پرۆسەی هەڵبژاردندا. گرنگە هاووڵاتیان بە وریاییەوە ئەو کاندیدانە هەڵبژێرن کە نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی چینی هەژار و کرێکار دەکەن، هەروەها داکۆکیکارێکی سەرسەختی مافەکانی ژنان و گەنجان بن. ئەم هەڵبژاردنە دەبێت دوور بێت لە کاریگەری گەندەڵکاران و ئەو دەسەڵاتدارانەی کە تەنها بیر لە بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەکەنەوە.
١/١١/٢٠٢٥
