Home هەواڵدەنگدان بۆ مانەوەی حوکمڕانیەکە

دەنگدان بۆ مانەوەی حوکمڕانیەکە

by Hawpshti Media
0 کۆمێنتەکان 60 بینینەکان
ئاسۆ عەبدولەتیف:
 
دەنگدەری کۆنکرێتی حیزبی و ئایدۆلۆژیی و دینی و میللیگەرا، وادەزانێ سزای ستەمکارانی داوە بەدەنگدان و ئیتر دونیا قازیەکی دادگەرو حاکمێکی موتتەقی و ئازا بەڕێوەی دەبات.
 
دەنگدەری ژێر کاریگەری گوتاری حەماسی و حیزبی فریودەر، وادەزانێ ئەوەی ئەنجامیدا لەبەردەم سندوقەکانی نێو شانۆگەریەکە، شتێکی گەورەی کرد لەجۆری شۆڕش و جیهادو ئینتیقام و تۆڵە لە دەسەڵاتداران، ئایا ئەم بیرکردنەوە ڕاست بوو یان عەوامزەدەیی بوو. هەروەک هەوای پەنگخواردووی ناو گەرووی چەندساڵە بوو لەپەنجەی دەنگدەرەوە چوویە دەرەوە، گێم ئۆڤەر.
 
دەنگدەر هێشتا وڕوکاسە، نازانێ ئەوەی ئەیکات یارییەو یاریپێکراوە، ئەوەی پەنای بۆدەبات وەک جوڵەیەکی مەدەنی و ئاکتێکی فەردی و جەماعی پرۆسەی گەمژاندنە، ئەوەی بیری لێدەکاتەوە بۆ گۆڕانکاریی ڕیشەیی ڕێک پێچەوانەکەی ڕاستەو کۆی پرۆسەکە بۆ ئەستووربوونی قەدی درەختی ستەمکاری و نادادیەکەی عێراق و زۆرینەی مەزهەبیە، پرۆسەیەکە بەئیمتیاز بۆ ڕەوایەتیدان بە سیستم و حوکمڕانیەکەو قەڵەوکردنی زیاتری جێنتڵمان و خێزانە سیاسیەکانی عێراق.
 
‏ دەنگدەر خراپ گۆشکراون و فێرکراون، سیستم و دەسەڵاتەکان بەم هەڵبژاردنە باشتر لەجاران خوێن و وزەی تازە دەچێتەوە جەستەیان و چالاکانەتر دەمێننەوەو بەردەوام دەبن لەسەر خەباتەکەیان، تاوەکو تۆهەبیت و ئاوا بەنگ و بەنج بکرێیت، دەنگ بفرۆشی، چەپڵەو هوتاف لێبدەی، ئیمانت بە پەنجەمۆرهەبێ، ئاوا بەو ڕەنگاو ڕەنگیە، دەنگ بدەیت و شەرعیەتیان پێبدەیت و هەڵبژاردن بە ڕۆژی سزاو تۆڵە بزانیت لە خەوی غەفڵەتا دەژیت، هێشتا نازانیت هەڵبژاردن گۆڕانکاری جەوهەریی دروست ناکات، نازانی پەڕلەمان دەزگایەکی گرێدراوی ڕادیکاڵ و ئایدۆلۆژیی نمایشگەرییە بۆ پتەوکردنی پایەو ڕایەڵەکانی دەسەڵاتدارەکان و شوێنی ئیمتیازو ئینحیازەو سیستمی جێبەجێکار نیە، دەسەڵاتی دادوەریش نیە، دەزگایەکی تەشریعی چاودێریکاری سادەیەو لەپشتەوە دەوڵەتی قوڵ و دەزگای هەواڵگریی و دادگای باڵای فیدڕاڵی و نەوت و سەفەقات و خێزانی سیاسی گەورەو ئەقتابی گەورە بەڕێوەی دەبات.
 
تۆ هەر دەنگ بدە، سەف ببەستە بەس ئەوە بزانە دەنگدان تۆڵەو ئینتیقام و شایەتیدان نیەو ئیتاعەی حیزبە، تۆی دەنگدەر خشتی دیواری کۆشکەکانی، وزەی بەردەوامی پاشاکانی، مەرامی سیاسیەکانی، ئالەتی شەرعیەتدانی. هۆکاری سەرەکیت بۆ بەردەوامی و مانەوەی کۆی سیستمەکەو هەژموونگەریەکانیان.

 

11/11/2025

لێدوانێک بەجێ بهێلە