Home بیروڕاێشتا 1325 لە قەيراندایە

ێشتا 1325 لە قەيراندایە

by Hawpshti Media
0 کۆمێنتەکان 90 بینینەکان

شایی حەمەنوری:

کۆتايی مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ، چارەکە سەدەيەک تێپەڕی بەسەر دەرچوونی بڕیاری 1325ـی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تایبەت بە (ژن، ئاشتی و ئاسایش) کە بنەمای پێکهێنانی دەگەڕێتەوە بۆ رووبەروبونەوەی هەموو ئەو جۆرە توندوتيژيانەی لەکاتی جەنگ و پێکدادانی چەکداریدا بەرامبەر ژنان و کچان دەکرێن.

بەشێکی دیکەی بڕیارەکە بەشداری ژنە لەپرۆسەی بنيادنانی ئاشتی ودامەزراوە سياسی و سەربازيیەکاندا.

گرنگی ئەم بڕيارە لەوەدايە کە يارمەتی ژنان دەدات بۆ تێپەڕاندنی زۆرێک لەو سەختيانەی بوونەتە رێگر لەبەردەم بەشداريکردنیان لە پرسەکانی ئاشتی و ئاسايش، ئەمەش وادەکات ديدگای جێندەریی لەبڕيارەکاندا هەبێت و بەتەنها نيوەيەک برياردەر نەبێت.

1325 لە 18 خاڵ پێکهاتووەو لەسەر چوار پايەی سەرەکی بنيادنراوە، کە يەکەميان بەشداريکردن و نوێنەرايەتی کردنی ژنانە لەسەرجەم ئاستەکانی بڕيار لەدامودەزگا نيشتیمانی و حکومیی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بۆ چارەسەرکردنی ململانێ لەرێگەی بنيادنانی دانوستانی ئاشتییەوە.

دووەم پایە، پاراستنی ژنانە لەهەر جۆرە توندوتيژيیەکی وەک جەستەيی و سێکسی و جێندەریی، بەتايبەت لەکاتی جەنگەکاندا.   

سێيەمیان خۆپاراستن؛ واتە باشترکردنی ميکانيزمی رێگريکردن لەکەيسەکانی توندوتيژیی دژی ژنان و کچان، لەوانەش دادگايیکردنی ئەوکەسانەی کە بەرپرسيارن لە پێشێلکردنی ياسا نێودەوڵەتيیەکان و دورکەوتنەوە لە لێخۆشبوون لەو کەسانەی تاوان بەرامبەر ژنان دەکەن بەتايبەتی لەکاتی جەنگدا هەروەها لێپرسينەوەيان لەگەڵ بکرێت و سزا بدرێن.

پایەی چوارەم و کۆتاییش بەهاناوەچوون و ژيانەوەیە، بەو پێيەی لەکاتی جەنگەکاندا ژنان و منداڵان زەرەرمەندی يەکەمن، هەر لەئاوارەبوون و دابڕان لە خێزان تا دەگاتە دەستدرێژی سێکسی و تێکچونی باری دەروونیی زۆرێکیان، ئەمەش بەلەبەرچاوگرتنی پێداويستيیە تايبەتيیەکانی ژنان وکچان لەدوای جەنگ و دووبارە ئامادەکردنەوەيان بۆ گەڕاندنەوە بۆ ناو کۆمەڵگە لەڕێگەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی لەبواری تەندروستی و خوێندن و ئابوری.

عێراق يەکەم وڵات بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفەریقا کە پلانی نيشتمانیی بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە دانا، پلانەکەش کراوە بەدوو قۆناغ.

قۆناغی يەکەم لە ساڵی 2014 تا 2018، لەرێگەی هەردووحکومەتی عێراق وهەرێم و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کاری لەسەر کرا.

لەقۆناغی دووەمدا پەرلەمانی عێراق ياسای ژنانی رزگاربوی ئێزدی (ناجيات الايزديات) ی ژمارە هەشتی ساڵی 2021ـی دەرچواند ، کە بەپێی یاساکە قەرەبووی ماددی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی و فێرکردن و دابینکردنی زەوی بۆ هەموو ئەو ژن و کچە ئێزدی و کريستيان و شەبەک و تورکمانانەی رزگاربووی دەستی داعشی لەخۆگرتووە.

هەروەک لەراپۆرتی رێکخراوی ئێزديیەکاندا هاتووە، ياساکە مەرجی زۆر قورسی تێدايە کە دەبێت رزگاربوو بيسەلمێنێت رووبەرووی دەستدرێژی سێکسی بووەتەوە، بۆ ئەوەی قەرەبوو بکرێتەوە کە ئەمەش رزگاربوو توشی شۆک دەکات لەلايەک و لەلايەکی تر “بێڕێزی”ـە کە پرسياری زۆر تايبەتيان لێدەکرێت، هەروەها خزمەتگوزاريیەکانيش لەئاستی پێويست نين.

سەبارەت بە  پايەی يەکەم کە زيادکردنی بەشداری سياسی ژن ە کەئەمەش بەشێکە لە قۆناغی دووەمی پلانی نيشتمانی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ بريارەکە لێرەدا ئەگەرتەماشای بەشداريکردنی رێژەی ژنان لە (پەرلەمان، حکومەت، دەسەڵاتی دادوەری، دەستە سەربەخۆکان، باڵیۆزخانە و کۆنسوڵگەرییەکان و تەنانەت پۆست و پلە حيزبيەکانیش) بکەین، دەردەکەوێت کە هێشتا کەلێنەکە گەورەیەو وەک پێویست ژنانی دڵسۆز و کاریگەر بوونیان نییە.

ياسای هەڵبژاردنەکان يەکێکە لەفاکتەرە گرنگەکان بۆ کانديدانی ژن، تا بتوانن ئاسانتر بچنە ناو دەسەڵات و ناوەندەکانی بڕیارەوە، چونکە ياسای هەڵبژاردن راستەوخۆو لەکاتی خۆیدا جێبەجێ دەکرێت و وەک هەندێک ياسای دیکە نيیە کە تەنها لەسەر کاغەز نوسراون و کاریان پێناکرێت.  

لەعێراق و هەرێمی کوردستان دوو هەڵبژاردن هەن، ئەوانيش پەرلەمان (ئەنجومەنی نوێنەران) و ئەنجومەنی پارێزگايە، کە هەر چوارساڵ جارێک ئەنجام دەدرێن (هەڵبەت ئەگەر لەکاتی دياريکراوی خۆی تێپەڕ نەکات)، هەردوو هەڵبژاردنەکەش بەستراونەتەوە بە ياساکانی هەڵبژاردنەوە، کە تا چەند ئەو ياسايانە لە خزمەت مسۆگەرکردنی کورسین بۆ ژنان.

لە پەرلەمان، بە پەيڕەوکردنی سيستمی کۆتا لەگەڵ ياسای فرەبازنەيی، ژنان دەتوانن کورسی زياتر بەدەست بهێنن، وەک ئەوەی لە هەڵبژاردنی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا روویدا کاتێک ژنان توانيان لەکۆی 329 کورسی 97 يان ببەنەوە کە دەکاتە ڕێژەی 29.4٪.

بە مێژووی خولەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، تەنها لە خولی پێنجەمدا زۆرترين رێژەی ژن بوونیان هەبووە، بەڵام ئایا بەتەنها ڕێژە گرنگە یاخود هۆشياری و کوالێتی کارکردن؟

هەر لەم خولەداو بەم ڕیژە بەرزەی ژنانەوە لە ئەنجومەنەکە، نەيانتوانی رێگربن لەهەمواری ياسای باری کەسێتی، کاتێک تەمەنی بەشودانی کچانی لە 18 ساڵەوە بۆ 9 ساڵ کەمکردەوە (گەرچی ياساکەش راگيراوە، بەڵام هەڵنەوەشاوەتەوە)، ئەوەش بۆ خۆی گورزێکی کەمەرشکێن بوو لە بڕياری 1325درا، هەروەها ئەو گۆڕانکاريیە نەرێنيانەی تر لەياسای باری کەسێتی دژ بەژنان کە لەکاتی جيابونەوە مافی بەخێوکردنی منداڵی لێدەسێندرێتەوە، ئەمە جگە لەرێخۆشکردن بۆ هاوسەرگيریی لەدەرەوەی دادگاو هەر مەزهەبێک بەپێی نەريتی خۆی.

ئەم دۆخە پێمان دەڵێت کە ژمارە هيچی لە بابەتەکە نەگۆڕيوە، بۆيە چەندايەتی گرنگ نيیە، بەڵکو چۆنايەتی گرنگە، کە تۆ وەک ژن چۆن بتوانیت بەرگری لە مافە هەرە سەرەتاییەکانت بکەیت لە گەورەترین ناوەندی بڕیاردا کە ئەنجومەنی نوێنەرانە، هەروەها بەشێکی تریشی پەيوەندی بە عەقڵيەتی سەرکردايەتی حيزبە سياسيەکانەوە هەيە.

لێرەدا دەنگدان لە سەر پرۆژە ياساکان لەپەرلەمان و ئەنجومەنی نوێنەران، هەمیشە ڕای حیزبەکانە لەڕێی ئەندامانیانەوە، نەوەک ژن خۆی بتوانێت جیا لەوان بە بەڵی یان نەخێر ڕای خۆی بدات، لەلايەکی ترەوە زۆرینەی جار ژنانيش هەروەک پياوان هەموو هەوڵێک دەدەن بۆئەوەی دووبارە هەڵبژێردرێنەوە بۆ خولی داهاتوو لەلايەن حیزبەکانیان نەک مەبەستيان خزمەتکردن بێت بە کۆمەڵگەو پرسی ژن.

لە هەرێمی کوردستانيش ژمارەی ژنە پەرلەمانتارەکان لەکۆتا تێپەڕی نەکردووە و بەهيچ شێوەيەک ديدگای جێندەریی نابينین لە بڕيارە سياسيەکاندا، بۆ نمونە ئێستا باشترين هەل کە لەبەردەم ژنانی نێو پارتە کوردستانيیەکان (بەتایبەت پارتی و يەکێتی)و رێکخراوەکانی ژنان و رێکخراوە لۆکاڵيەکان، ئەوەیە کە بتوانن وەفدی دانوستانی ئاشتی دروستبکەن لە نێوانی پارتە دەسەڵاتدارەکان و وايان لێبکەن دەرگای ئەو پەرلەمانە بکەنەوە کە کلیلەکەی ونکراوە، وەک ژنان دیسان دەتوانن فشار بکەن کە کابينەی 10ـی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەنزيکترين کاتدا پێکبهێنرێت.

دەکرێت ژنان بە جدی و فیعلی لە زۆر ڕێگای مەدەنی دیکەی وەک رێپێوان و ۆرکشۆپ و کۆبونەوە لەگەڵ کەسی يەکەمی حيزبەکان و مەکتەب سياسيەکانياندا، سەنگی راستەقينەی خۆیان لەکايەی سياسيدا دەربخەن، ئەگەرنا ڕێژەی بەشداریکردنیان ببێتە دوو هێندەش لە کایەکەدا، هێشتا لەمەی ئێستا زیاتری لێ سەوز نابێت و بڕياری 1325یش لە قەیراندا دەمێنێتەوە.

لێدوانێک بەجێ بهێلە