Home بیروڕایادی ٢٤١ ساڵەی سلێمانی چی؟

یادی ٢٤١ ساڵەی سلێمانی چی؟

by Hawpshti Media
0 کۆمێنتەکان 45 بینینەکان
شوان محه‌مه‌د:

یادی ٢٤١ ساڵەی دامەزراندانی سلێمانییە، ئەم پارێزگایە لە ئێستادا لە خراپترین دۆخی شارستانی و کەلتوری و ژینگەیی و سیاسی خۆیدا دەژی.

سیمای شارستانی زۆر شار لەسەنتەر و رێگا و بانەکانییەوە دیاریدەکرێت، سلێمانی سەنتەری شارەکەی کە بە سەرای سلێمانی ناسراوە، هیچ سیمایەکی شارستانی پێوە دیار نییە، لە هەموو شتێک دەچێت لە سەنتەری شارێک ناچێت کە زۆربەی بزاوتە رۆشنبیری و سیاسی هونەریەکانی کوردی تێدا لە دایک بووە، سەرای سلێمانی نە خاوەنی ئایکۆنێکی خۆیەتی کە گوزارشت لە پێگەی شارەکە بکات، نە بۆتە ناوەندێکی رۆشنبیری و هونەری، نەک تەنها سەنتەری شارەکە بەڵکو هەموو سلیمانی هۆڵێکی شانۆ و سینەمایەکی هاوچەرخی گەورەی تێدانییە، سەرای سلێمانی فەوزایەکی گەورەیە، لە هەموو شتێک دەچێت لە سەنتەری شارێک ناچێت کە تا ئێستا مەڵبەندێکە بۆ لە دایکبوونی سەدان کەڵە رۆشنبیر و هونەرمەند و سیاسی و پیاو چاکی باشووری کوردستان.

رێگاو بان و شەقام بۆ هەر شارێ گرنگی خۆی هەیە، شا رێگای بەستنەوەی هاوڵاتیان لە سلێمانی بە سەرای سلێمانیەوە لە شەقامی مەولەویەوە درێژدەبێتەوە بۆ سالم و تا تاسلوجە، ئەم شارێگایە تا دەگات بە دووریانی سەرچنار لەبەر قەرەباڵغی و دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون ژیانی تێدا نەماوەو بەرەوخراپتریش دەڕوات، دەروازەکانی لە شارەوە تا تاسلوجە جگە لە بێ زەوقی ئیدارەی شارەکە هیچی شیکردنەوەیەکی تری بۆ ناکرێت، لە کاتێکدا لە دنیادا دەروازەی شار بەشێكی گرنگی سیما و شێوازی شارستانی شارەکەیە و دەبێت جوانترین بێت.

سلێمانی خۆشبەختە کە لە باکور و باشوریەوە بە چیا چواردەور دراوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی شارەکە رێز لە ماستەر پلانی شارەکە ناگرن و ناوچەکانی چیای گۆیژە و ئەزمەر و سەرچنار و سەوزایی و شوێنە گەشتیاریەکانی نا پارێزن. لە دنیادا چیا و سەیرانگاو سەوزای شار موڵکی گشتین و خاوەندارێتییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ خەڵکی شارەکە، بەڵام دەسەڵاتداران دەیانەوێت سروشتەکەی وێران بکەن و گۆیژە و ئەزمەڕ بکەنە یەکەی نیشتەجێبوون و لەگەڵ ژمارەیەک کۆمپانیادا دەستیان تێکەڵکردووە کاولی دەکەن.

دەسەلآتدارانی شار بێ ئاگان لەوەی ناوچەی تانجەرۆ کە تا کۆتایی سەدەی رابردوو شوێنێکی گەشتیار و سەوزایی و پڕ لە بەرووبوومی کشتوکاڵی بوو، ئێستا بە یەکێک لە ژینگە هەرە پیس و مەترسیدارەکانی نەک باشوری کوردستان و عێراق، بەڵکو سەرتاسەری جیهانیش هەژمار دەکرێت.

لە سلێمانی چەندان بڕیار هەیە کە نابێت باڵەخانەکانی ناو شار لە دە نهۆم بەرزتر بکرێنەوەو، بناری چیای گۆیژەش نابێت لە شەش نهۆم زیاتر بێت، تا ڤیوی چیاکە هەمیشە لە خەڵکی شارەکەوە دیار بێت، کەچی پشتییان کردۆتەوە هەموو ئەو بڕیار و رێنومایانەو بە دەیان باڵەخانەی بیست نهۆمی و سی نهۆمی و زیاتریان دروستکردووە.

لە دنیادا شار دەبێت قۆناغ بە قۆناغ و بەپێی پلان فراوانبکرێت و دەست بۆ سەوزای و زوییە پارێزراوەکانی نەبرێت، کەچی زەویەکانی سلێمانی سەد کەس خاوەنییەتی و بەرپرسی حیزبی و پێشمەرگە و ئەمنی پەخشان و تەخشانی پێدەکەن و بە نایاسایی بەتاڵانی دەبەن.

شاری سلێمانی دانیشتوانێکی مەدەنی هەیە و کەمترین خەڵکانی لە نێو هێزە ئەمنییەکان و بەتایبەتی میلیشیاویەکاندا هەیەو کەم خەڵکی ئەو شارە دەبینرێت چەک هەڵبگرێت، کەچی پڕکراوە لە چەکدار و گرووپی میلیشیاوی و رۆژێک دەستدرێژی دەکەنە سەر خەڵکی شارەکەو رۆژێک تەقە لە پۆلیس دەکەن و رۆژێکی دی کاسبکاری ئەم شارە دەکوژن، تا دەگات بە شەڕی دوو ئامۆزای دەسەڵاتداری ناو یەکێتی کە شارەکەیان دوو چاری شەڕێک کرد کە داگیرکەرانیش بەم شارەیان نەکردبوو، لە کاتێکدا ئەم ناکۆکی و ململانێیە هیچ پەیوەندیەکی بە ژیانی خەڵکی ئەم شارەو بەرژەوەندییەکانیەوە نییە.

پانتای ئازادی سیاسی و ئازادی بیرورا و رۆژنامەگەری لە پارێزگای سلیمانی رۆژ بەرۆژ لە پاشەکشەدایە، گەیشتۆتە ئاستێک کە جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ دهۆک و هەولێردا نەماوە.

لە دۆخێکی لێوان لێو لە خراپی ئیتر یادی ٢٤١ ساڵەی سلێمانی چی؟

 

13/11/2025
 

لێدوانێک بەجێ بهێلە