Home بیروڕاگەنجانی ئێرانی، دژ بە دیکتاتۆرییەت!

گەنجانی ئێرانی، دژ بە دیکتاتۆرییەت!

by admin
0 کۆمێنتەکان 63 بینینەکان

عەبدولڕەحمان گەورکی:   

بە درێژایی مێژوو، گەنجانی هەر وڵاتێک هەمیشە رۆڵێکی ناوازەیان هەبووە لە دیاریکردنی چارەنووسی گەل و نیشتمانەکەیان. لە ئێرانیشدا هەمان شتە. بە تایبەت کە لە ئێراندا هەلومەرج و بارودۆخەکە جیاوازی هەبووە و رژێمی ئێران هەمیشە لایەنی بەرامبەری بە شەیتان کردووە کە هێزی سەرەکیی بەرخۆدانە. سازشکارانی لاگری “دیکتاتۆر” نەک هەر لەم رێڕەوەدا بێدەنگ دانەنیشتوون، بەڵكو هەمیشە پەلەیان کردووە بۆ یارمەتیدانی رژێمی دیکتاتۆری لە ئێران!

لاوانی ئێرانی لە ریزەکانی موقاومەتی ئێراندا نیشانە و سەمبولی ئایندە و ئایندەداری و بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆرییەت بوون. لەبیرمان نەچێت دیکتاتۆریی ویلایەتی فەقیهی، جگە لە بە شەیتانکردنی موقاومەتی ئێران، هەمیشە هەوڵی داوە کە گەنجان نەتوانن بچنە ریزی موقاومەتەوە. بەتایبەتی بە شێوەیەکی میکانیکی. رژێمی ئیران ئەم کارەی لە چەند دەیەی رابردووەوە خستۆتە بواری جێبەجێکردنەوە. واتا لە ناوخۆی ئێرانەوە بە کۆمەڵکوژکردنی زیندانیانی سیاسی لە ساڵی ١٩٨٨ و پاشان لە عێراقەوە! بەڵام گەنجانی ئێران لەم ساڵانەی دواییدا وەڵامێکی توندیان بەم رژێمە دیکتاتۆرییە داوەتەوە بە ئێستایشەوە!

کۆنگرەی لاوانی ئێران بۆ ئێرانی ئازاد کە لەمدواییانەدا بە ئامادەبوونی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران بەڕێوە چوو، یەکێکە لەو لوتکانەی خەبات و بەرخۆدانی لاوان، کە دەرخەری ئایندە و ئایندەداری لە ئێران و ناشتن و نەمانی دیکتاتۆرییەتە لەم وڵاتە. ئەوان بە ئامادەبوونیان سەلماندیان کە هێشتا “هێزی ئومێد”ن بۆ بنیاتنانی “ئێرانی ئازادی دواڕۆژ”.

ئێران لە دۆخێکی هەستیار و رژێمی ویلایەتی فەقیهی لە لێواری رووخاندندایە و خەڵک لە دۆخێکی ژیانی زۆر ناخۆشدان. هەموو شتەکان ئاماژەن بۆ “گۆڕانکاری گەورە” لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. بە گوتەی خانمی مریەم رەجەوی، “چارەنووس لە دەرگا دەدات و بانگمان دەکات بۆ بەجێگەیاندنی راپەڕین و ئەرکە مێژووییە گەورەکەمان بۆ ئازادکردنی ئێران. ئەو گەنجانە لە (ناوەندەکانی شۆڕش)دا راپەڕیون و خەباتی خۆیان فراوانتر کردووە و کاتی چارەنووسسازترین جەنگ و بەرنگاربوونەوە و راپەڕین گەیشتووە. گەنجان هێزی گۆڕانکارین”.

لە لایەک لاوانی ئێرانی خاوەن رێکخستنێکی رێک و پێک و جەنگاوەر و فیداکارن و لە لایەکی دیکەشەوە سوودمەندن لە سەرکردایەتییەکی لێهاتوو. گرێدانی ئەو دووانە، ئەو ئامانجە هاوبەشەیە کە “رووخاندنی دیکتاتۆرییەت” خاڵی سەرەکییەتی. هەر لەبەر ئەمەشە کە لاوان خاڵی هیوای خەڵکی ئێران بوون بە ئێستایشەوە. ئەوان رابردوو و ئێستا و داهاتوو بەیەکەوە دەبەستنەوە. بێ هۆ نییە رژێمە دیکتاتۆرەکان هەر لە سەرەتاوە هەوڵی جیاکردنەوەی نەوەکانی ئەم سێ کاتە جیاوازەیان داوە بۆ ئەوەی بەو رێگەیەوە راپەڕین و شۆڕش نەزۆک بکەن!

ئەگەر سەیری (120) هەزار ئیعدامکراوی رابردوو بکەین و ئێستا و زیندانییە سیاسییەکانیش بخەینە بەرچاو، بە روونی دەبینین کە زیاتر لە دوو لەسەر سێی ئەو کەسانە، (گەنج) بوون و زۆربەی ئەوانەی لە ساڵانی رابردووشدا لە سێدارە دراون یان گەنج بوون یان وەک گەنجێک لەلایەن رژێمەوە دەستگیر و زیندانی کراون. روانینێکی واقعیانە بۆ ئەم دیمەنە، خۆی بەڵگەیە لەسەر شکستی ستراتیژی دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی و هاوبیرانی، و باس لەو راستییە دەکات کە دیکتاتۆرییەت لە گەنجان و لاوان لە ئێران تۆقیوە. بە واتایەکیتر، نەوە لە دوای نەوە، خەڵکی ئێران، بە گەنج و پیرەوە، دژی دیکتاتۆرییەت لە ئێران بوون و هەن! لەبیرمان نەچێت کە هێزی سەرەکی ئەم بەرخۆدانەش هەر لە سەرەتاوە لە نێو نەوەی (گەنج)دا سەری هەڵدا و پەرەی سەند و لە کۆمەڵگادا رەگی داکوتا و دواتر لە سەرانسەری ئێراندا بڵاو بووەوە!

خانمی رەجەوی لەم کۆبوونەوەیەدا وتی “ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر نزیکتر بووینەتەوە لە رووخاندنی رژێمی ئێران.” ئەمە راستییەکی حاشا هەڵنەگرە. رژێم، لەم رێڕەوەدا لاواز و داماوە و رۆژ لە دوای رۆژ لاوازتر و داماوتر دەبێت و لە لایەکی دیکەشەوە موقاومەتی ئێران بەرەو سەرکەوتن دەچێت و گەنجانی ئێرانیش، رێکخراوتر و بەهێزتر لە جاران. ئەوان سوورن لەم بەستێنەدا کە لە تەپڵی جەنگی دژ بە دیکتاتۆرییەت بکوتن.

رژێمی ئێران و هاوپەیمانە دیار و نادیارەکانی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەم موقاومەتە لە نێو خەڵکدا هیچ بنکەیەکی نییە. ئەمە ئیدیعایەکی درۆیە لە لێژاوی رووخاندنی رژێمدا. ئەوان بۆ پەردەپۆشکردنی لاوازبوونی خۆیان، لەوانەش هەڵوەرین و لەدەستدانی هێزی خۆیان، بانگەشەیەکی درۆینەی وا دەکەن. ئەوان هیچیان بۆ لاوی ئێرانی بە دەستەوە نیە. ئەوەی هەیە هەژاری و بێکاری، سووتەمەنیبەری، کۆلبەری یان دەستفرۆشی و وردەواڵەفرۆشیە، یان ئەوەتا گرتن و ئەشکەنجەدان و لەسێدارەدان یان ناچارکردنی لاوانی ئێرانییە بۆ دەرچوون لە نیشتمان!

مەسەلەی سەرەکی بۆ هەموو نەوەکان، لە هەر شوێنێک و هەرکاتێکدا، ئەمەیە: “خەبات لە پێناوی ئازادی و یەکسانی”، کە بریتییە لە رەتکردنەوەی دیکتاتۆرییەت لە ئێران. ئێران موڵک و ماڵی خەڵکی ئێرانە. ئەمە ئەو هەڵبژاردنەیە کە گەنجانی ئێرانی کردوویانە و دەیکەن. چونکە دڵی هەموو ئێرانییەکی بەشەڕەف و ئازاد بۆ رزگارکردنی ئێران و خەڵکی ئێران لێدەدات. ئەمەیش بژاردەیەکی نەگۆڕە بەرەو گۆڕانکاری و دیاریکردنی چارەنووس. بە درێژایی مێژووش دڵی ئازادیخوازان هەمیشە بۆ ئازادی لێیداوە.

لاوی ئێرانی ئەوەی داوەتە بەر خۆی کە وڵات لە دەست دیکتاتۆر و رژێمە دیکتاتۆرییەکان دەربهێنێت و ئەمەیش بە واتای هەنگاونان نیە بەرەو دواوە. ئەوان بە وانە فێربوون لە رابردوو، ئامادەن گیانیان بەخت بکەن بۆ گەلەکەیان و رزگارکردنی نیشتمانیان. بە وتەی خانمی مریەم رەجەوی، “نیشتمانێک کە هیچ جیاوازی نەدرێتە کەس بۆ ئەوەی بەهرەمەندە لە ئایدیۆلۆژیایەک یان ئایینێک و بەمجۆرە بێبەش بکرێت لە مافەکانی”. نابێ هیچ ستەمیک لە نەتەوە جیاوازەکان بکرێت و هەموو چین و توێژەکانی خەڵکی ئێران لە ئاسایشی ناوخۆیی و پێکەوە ژیانی ئاشتیانە لەگەڵ دراوسێکانیاندا بەهرەمەند بن. نیشتمانێک کە هیچ دەرگایەک بەڕووی ژناندا داخراو نەبێت، کۆمەڵگەیەک و نیشتمانێک کە ژنان لە ئازادی و مافە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییە یەکسانەکاندا بەهرەمەند بن و بەشداربوون کارا و یەکسانیان هەبێت لە سەرکردایەتیکردنی سیاسی کۆمەڵگادا. نیشتمانێک کە گەنجان رۆڵێکی بنەڕەتی بگێڕن لە دیاریکردنی چارەنووسی وڵاتەکەیاندا و رۆڵی داهێنەرانە و وزەبەخشی خۆیان هەبێت لە بەڕێوەبردنی کاروباری هەر شار و گوندێک یان هەموو یەکەیەکی بەرهەمهێنان و پەروەردەیی و ئیداریدا.

عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی

 

لێدوانێک بەجێ بهێلە