ئەکرەم سەعید: 
۱/ ڕۆڵی هزر تا چەند گرنگە لەو هەڵچوونە سیاسییانەی کە گۆڕانکاری مێژوویی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە؟ ئایا هزر تەنیا دیاردەی دەروونی پرۆسەی ماددی و کۆمەڵایەتی زۆر قووڵترن، یان خاوەنی سەربەخۆیی یەکلاکەرەوەن وەک هێزی هەڵخرانی سیاسی؟. بە پێچەوانەی ڕواڵەتەکانەوە، ئەو وەڵامانەی کە بۆ ئەم پرسیارە دەدرێن، چەپ لە ڕاست بە توندی جیاناکاتەوە. بێگومان زۆرێک لەکۆنسەرڤاتیڤ و لیبراڵەکان گرنگییەکی زاڵ و گەورەی ئایدیاڵە بەرزەکان و بەها ئەخلاقییەکانیان لە مێژوودا بەرز نرخاندووەو سەرکۆنەی ئەو ماتریالیستە ڕادیکاڵانەیان کردووە کە پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە ناکۆکییە ئابوورییەکان بزوێنەری گۆڕانکاری مێژوون. نموونە بەناوبانگە مۆدێرنەکانی ئەم جۆرە ئایدیالیزمە ڕاستڕەوە بریتین لە کەسایەتی وەک(فریدریش ماینێک، بێنێدێتۆ کرۆس یان کارل پۆپەر). بۆ ئەم جۆرە بیرمەندانە بەوتەی یماینێک:”هزرەکان، کە لەلایەن کەسایەتییە چالاکەکانەوە دەگۆڕدرێن، تابلۆی مێژووی ژیان پێکدەهێنن”، بەڵام دەتوانین کەسایەتییە سەرەکییەکانی دیکەی ڕاست بدۆزینەوە کە هێرش دەکەنە سەر وەهمە عەقڵانییەکان، کە بە ڕای ئەمان عەقیدەی دروستکراون، لەبری ئەوە بڕوایان بەوەیە کە داب و نەریتییەکان یان غەریزە بایۆلۆژییەکان ڕۆڵی مەزن و قوڵ دەبینن،(فریدریش نیچە، لویس نامیر، گاری بێکەر)،لە ڕوانگەی جیاوازەوە، تیۆریستەکانی بەرژەوەندییە مادییەکان بوون، کە سوکایەتییان دەکرد بە بەها ئەخلاقییەکان یان سیاسییەکان, و هەوڵیان دەدا بایەخی ڕۆڵیان کەم بکەنەوە. تیۆری بژاردەگەرایی عەقڵانی، کە هەژموونی لەسەر بوارە بەرفراوانەکانی زانستی کۆمەڵایەتی ئەنگلۆساکسۆن هەیە، ناسراوترین پارادایمی هاوچەرخی ئەم جۆرەیە.
بەڵام هەمان دابەشبوون دەتوانرێت لەلای چەپ بدۆزینەوە. ئەگەر سەیری مێژوونووسە گەورە مۆدێرنەکانی چەپ بکەین، بێباکییەکی تەواو لە ڕۆڵی هزرەکان لەلای”فێرناند براودێلدا” دەبینین، کە بە پێچەوانەی ڕای”ر. هـ. تاونی”کە ڕۆڵی هزری بە گرنگ دەزانی. لە نێو خودی مارکسیستە بەریتانیەکاندا، کەس هەڵوێستەکانی”ئێدوارد تۆمپسۆن”لەیاد ناچێ کە هەموو کارەکانی ژیانی مشتومڕێک بوو لە دژی ئەوەی کە وەک بچووککردنەوە بۆ فاکتەری ئابووری دەیبینی، لەگەڵ هەڵوێستەکانی”ئێریک هۆبسباوم”لە نووسینی مێژووی سەدەی بیستەمدا هیچ بەشێکی جیاوازی تێدا نییە کە تەرخانکرابێت بۆ هزرەکان. ئەگەر سەیری سەرکردە سیاسییەکان بکەین، هەمان دابەشبوون بە شێوەیەکی وردتر خۆی دووبارە دەکاتەوە، بۆ نموونە گووتەی:‘‘بزووتنەوە هەموو شتێکە، ئامانج هیچ نییە‘‘ی بێرنشتاین. ئایا دەکرێت بێبەهاکردنی توندتر لەمە زیاتر بۆ هزرەکان هەبێت لە بەرژەوەندی بزووتنەوە؟ بێرنشتاین پێی وابوو کە ئەو لە دڵسۆزییەوە بۆ مارکس ئەو دیکتۆمەی گوتووە. لەهەمان قۆناغدا، لینین لە ماکسیمێکی(کورتە دەستەواژە)بەهەمان شێوە بەناوبانگدا، کە کاریگەرییەکی تەواو دژە، وەک شتێک کە هەموو مارکسیستێک دەبێ بزانێت، ڕایگەیاند کە‘‘بەبێ تیۆری شۆڕشگێڕانە ناتوانرێت بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانە هەبێت‘‘. جیاوازی لێرەدا تەنیا لە نێوان ڕیفۆرمخواز و شۆڕشگێڕدا نەبوو، بەڵکە لە ڕیزەکانی خودی چەپی شۆڕشگێڕدا هەمان دووانەیی دەبینینەوە. بۆ لۆکسمبۆرگ وەک خۆی دەڵێت:‘‘لە سەرەتاوە کردەوە بوو‘‘؛ واتە نەک هیچ بیرۆکەیەکی پێشوەختە، بەڵکو تەنیا کردەوەی خۆبەخۆیی جەماوەر، ئەوە خاڵی دەستپێکی گۆڕانکاری مێژوویی گەورەیە، ئەنارکیستەکان هاوڕای ئەو بیرۆکەیە بوون. لەلایەکی دیکەوە بۆ گرامشی بزووتنەوەی کرێکاری هەرگیز ناتوانێ سەرکەوتنی بەردەوام بەدەست بهێنێت، مەگەر تەنها کاتێک کە سەرکەوتنێکی ئایدیاڵی بەدەست بهێنێ؛ ئەوەی ئەو ناوی لێنابوو‘‘هەژموونی کولتووری و سیاسی‘‘بەسەر کۆمەڵگادا بە گشتی. ستالینیش وەک سەرۆکی دەوڵەت بنیاتنانی سۆسیالیسمی بە گەشەپێدانی ماددی هێزە بەرهەمهێنەرەکان سپارد، وە ماو بە شۆڕشێکی کولتووری کە توانای گۆڕینی عەقڵیەت و عادەتەکانی هەبێت**.
لێرەدا وەرگێڕانی بەشی(۱)ی کتێبەکە تەواو بوو *.
سەرنج لەسەر {بەشی ۱ کتێبی: هێزی هزر – پێری ئەندەرسۆن}
ڕۆڵی هرزەکان لە گۆڕانی کۆمەڵگەدا چەندە گرنگن بەراورد بە بەرژەوەندی و هێزی ماددی؟ بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە بە کورتی ئەندەرسۆن باسی مێژووی هزر دەکات لە لیبڕالیسم و مارکسیزم، تا دەگاتە ئەمڕۆکە لە هەژموونی نیولیبرالیزم و کۆنسەرڤاتیڤ بەسەر جیهاندا.
بەڕای مارکس مرۆڤ ئهقڵ به کاردههێنێ لە سەرنجدان لە جیهانی دەرەوەی خۆی، لێرەوە دەگات بە هزر، و لێرەوە نهخشه دروست دهکات له مێشکیدا، پێش ئهوهی له پراکتیکدا جێبهجێی کات، بهمه کاری مرۆڤ له کاری ههنگ جیادهکرێتهوه. به پێچهوانهی ئهوانهی پێیان وایه مارکس بڕوای بە گرنگی کاری ئەقڵ نییە، یان کاری ئەقڵ(تیۆر- هزر)هەمیشە دوای پراکتیکە، دەبێ باش لەم دەربڕینەی مارکس لە سەرمایەدا وردببنەوە، مارکس دهنووسێ:{بێگومان جاڵجاڵۆکه هاوشێوهی فهرشچن کار دهکات، ههنگیش له دروستکردنی شانهی ههنگوینهکان زۆرێک لە تەلارسازەکان شەرمەزار دەکات، بەڵام ئەوەی خراپترین تەلارساز لە باشترین هەنگ جیادەکاتەوە ئەمەیە، تەلارساز یهکهم جار لە مێشکی خۆیدا تەلارەکە بنیات دەنێ پێش ئەوەی لە واقیعدا دروستی بکات.}- مارکس/ سهرمایه – بەرگی یەکەم/ پرۆسەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری/ لاپەڕە 198.
ئەم بیرۆکەیەی مارکس جەخت لەوە دەکاتەوە کە بیرکردنەوە(هزر- تیۆری)پێش کردار(پراکسیس)دەکەوێت؛ یانی مرۆڤ توانای ناوازەی هەیە بۆ بیرکردنەوە، بۆیە مرۆڤ بە پلانێکی هۆشیار کاری جەستەیی دەکات.
(لە هەموو سەردەمێکدا، هزرەکانی چینی دەسەڵاتدار، هزرە زاڵ و باوەکانن؛ واتە ئەو چینەی کە نوێنەرایەتی دەسەڵاتی ماددی لە کۆمەڵگادا دەکات، هێزی فیکریشی باڵادەستە. ئەو چینەی کە خاوەنی ئامرازە ماددییەکانی بەرهەمهێنانە، هاوکات کۆنتڕۆڵی ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی فیکریش دەکات)- مارکس/ئایدۆلۆژیای ئەڵمانی.
دوو جۆر هزر: هزری ڕەسەن و ئایدۆلۆژیا
مارکس بڕوای بهوه بووه مرۆڤ ئهفسانهکان به ئهقڵ دادهڕێژێ، بهڵام ئەوانە دهربڕینێکی ئهقڵانی نیین، بەڵکە ڕهنگدانهوهی ههلومهرجی ماتریالی مرۆڤ خۆیهتی.
مارکس لەباسکردنی پەیوەندی هۆشیاری به واقیعی کۆمەڵایەتی، ئاماژەی بەوەدا کە پەیوەندییەکی نزیک لە نێوان هۆشیاری(وەک هزر و ئایدۆلۆژیا)و ژیانی کۆمەڵایەتی هەیە، ئەو پێیوابوو ژیانی ماددی هۆشیاری دیاری دەکات نەک بە پێچەوانەوە، ئەما هزری ڕاستەقینەی شۆڕشگێڕییە بە پراکتیک کۆمەڵگە دەگۆڕێ، بەڵام ئایدۆلۆژیا واقیع دەشێوێنێت و شکست دەهێنێت لە کێشانی وێنەیەکی ڕاستەقینە دەربارەی واقیع.
ئیرەجی ئازەرین لە نووسراوێکیدا پەیوەندی نێوان(بوون و هۆش و پراکتیکی هۆشیارانه)ی بە شێوەێکی دروست ڕۆشن کربووەوە:{له ماتریالیزمی مێژووی مارکسدا پێکهاتی ئابووری کۆمهڵگه له شێوازێکی بهرههم هێناندا، پایه و ژێرخانی ئابوورییه، و تهواوی شێوهی سیاسی، ماف و یاسا، ئیدۆلۆژیای زاڵی نێو کۆمهڵگه، دیاری دهکات و بهوهوه پهیوهستن. لهم تێگهیشتنهی ماتریالیزمی مێژووی مارکس ئابووری بڕیاردهر و دیاریکهره. بهڵام لهم تێگهشتنهوه ههڵهیه گهر به ئهنجامگیرێکی ئیکۆنۆمیستی وا بێینه دهرهوه که”گهشهی هێزهکانی بهرههم هێنان یان ههر جۆرێکی ئابووری ماتۆری پێشکهوتن و گۆڕانی مێژووه”. چونکه له بیری دروستی مارکس ژێرخانی ئابووری یهکسان نییه به هێزهکانی بهرههم هێنان به تهنها، وه لهو بۆچوونه دروستهی ماتریالیسمی مارکس که ژێرخانی ئابووری سهرخانی کۆمهڵگه دیاری دهکات هێشتا باس له دیاریکردنی دینامیکیهتی گۆڕانی ژێرخانی ئابووری و سهرخانی کۆمهڵگه له دیدی مارکس ناکات. به ماناێکی ترو به زمانی فهلسهفی مارکس(ماتریال له پێش ئیدیاڵه یان بوون پێش هۆشه)ئەمە تهواوی(زانستناسی/ Epistemology)مارکس نییه، بهڵکه تا ئێره فهلسهفی ماتریالیسمی پێش مارکسه. تایبهتمهندی ماتریالیسمی مارکس له یهکیهتی ماتریاڵ و ئیدیاڵه/بوون و هۆش(واقیع و هۆشیاری)له پراکتیکی هۆشیارانه و شۆڕشگێڕانهی مرۆڤدا دهناسێنێ(واته گرنگی ڕۆڵی پراکتیک و کاری شۆڕشگێڕانه له گۆڕانی کۆمهڵگهدا} – در نقد سوسیالیسم عرفانی/”دوران گوزار”- بتلهایم -.)
مارکس له گرۆندریسهدا دهنوسێ :”ئهگهر ئێمه نهتوانین له شیکاری ههلومهرجی بهرههم هێنان و پهیوهندی بهرههم هێنانی کۆمهڵگهی سهرمایهداری ئێستادا، پێویستی کۆمهڵگهیهکی سۆشیالیستی ڕوونکهینهوه، ئیدی جهنگی ئێمه دژی سهرمایهداری وهک جهنگی کهسانێک وایه دژی ئاشی با / واته دۆنکیشۆتییه”. ئهم داواکارییەی مارکس چی دهگهێنێ و چۆن ئێمه داواکهی جێبهجێ کهین له ڕاڤهکانمان دهربارهی ململانێ و کێشهکانی سهرمایهداری سهردهمی ئێمه؟.
بلیخانۆف له دراسهی ڕووداوهکانی نێو کۆمهڵگهدا پرسیارێکی جوان دهکات:(بۆچی ڕوداوهکانی مێژوو بهم ڕێگهیه یان بهم لایه کهوتهوه نهک به ڕێگا و لاکهی دی). ههڵبهته لای مارکس ئاشکرایه که بۆ ئهوهی له ڕووداوه سیاسیهکانی نێو کۆمهڵگه بگهین دهبێ دراسهی ناکۆکیهکانی”سهرمایه و ململانێ چیانیهتی”بکهین؛ چونکه ململانێی بیروڕا و سیاسی نێو کۆمهڵگه پهردهیهکه بهسهر ململانێی چینایهتیدا، و دهسپێکی دراسهی ململانێی چیانیهتی بریتیه له زانینی ناکۆکیهکانی سهرمایه و قهیرانهکانی له سهردهمی سهرمایهداری دڕندهدا. ئهمه ماتریالیزمی مێژووی مارکسه که بهداخهوه زۆر کهس پشت گوێی دهخات و به وتنهوهی چهند بڕگه و دهربڕینێک که سوودی نییه، خۆی له دراسهکردنی زیندووی ئێستای کۆمهڵگه دهدزێتهوه.
تیۆری بژاردەگەرایی عەقڵانی کە”ئەندەرسۆن”ئاماژەی پێداوە، ئەمڕۆکە لە جیهاندا باوە. بڕێک لە ڕوناکبیران بەتایبەتی کە باسی خەڵکی ڕۆژهەڵات(کوردستان، سوریا، میسر،، هتد)دەکەن، هۆکاری ستەم و بێدەنگی خەڵکی دەخەنەوە سەرشانی تاکەکان و خەڵکی خۆیان، چونکە گوایە خەڵکی وازیان لە ئازادی هێناوە، ئەمە ڕێک وەک ئادەم شاف نووسیبووی:{لیبڕالیسم ئازادی تاکەکەسی بەخشیوە بە مرۆڤ بۆ ئەوەی سەرکۆنەی بکات لەسەر کارەکەی لە جیهانێکدا کە لێی بەرپرسیار نییە، هەروەها ئەقڵانیەت خودی مرۆڤ دەکاتە دادوەری خۆی لە بەکارهێنانی ئاقڵانەی ئازادی و هەڵبژاردەکانی لە دۆخێکدا کە مرۆڤی تاک کۆنترۆڵی نییە بەسەر دۆخەکەدا.}- مارکسیست بوون مانای چییە؟ ئادەم شاف/ .
لە یەکەمین کۆڕبەندی کۆمەڵایەتی جیهانی لە ساڵی ٢٠٠١ کە لە شاری پۆرتۆ ئەلیگری بەڕازیل بەڕێوەچوو، دیدگاێک سەریهەڵدا مژدەی بە جیهانێکی باشتر دەدا، ئەو دیدگایە”ڕۆحی پۆرتۆ ئەلیگری”بوو کە بەسەر چەپدا زاڵ بوو، ئەم گەشبینییەی”پۆرتۆ ئەلیگری”سوودی لە هیواکەی”ئێرنست بلۆخ” وەرگرت بوو، وە دەستەواژەکە کەڵکی لە دیالێکتیکی هیگڵی وەردەگرت بۆ وەسفکردنی ئەم ڕۆحە وەک هێزێک دژی”ڕۆحی داڤۆس”کە پەیوەستە بە کۆڕبەندی بەرژەوەندی نوخبەی ئۆلیگارشی جیهانی. دژایەتی ئەم دوو لایەنە پێکدادانی نێوان لەلاێک بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بوو کە پێشنیاری ئەلتەرناتیڤیان دەکرد بۆ نیولیبرالیزم، و لەلاکەی دی دەسەڵاتدارانی نیولیبڕالیسمی سەرمایەداری کە لە دوای ساڵانی ۱۹۹۰ و ڕوخانی دیواری بەرلین سەرکەوتنی لیبڕالیسمییان ڕاگەیاند.
ئایا دۆخی ئەمڕۆی جیهان لە ساڵی ٢٠٢٥ چۆنە؟
دوای چەند ساڵێک لە قەیرانی ئابووری، ئەمڕۆکە زۆرێک لە شارەزایان هۆشداری ئەگەری داڕمانی ئابووری جیهان دەدەن. جگە لە جەنگ لە(ئۆکراینا و سودان)، مەترسی جەنگ لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڤەنزوێلا و دەریا باشووری چین،، هتد، هەر هەفتەیە و سەرکردەێکی وڵاتانی ئەوروپا بانگی خەڵکی دەکات(خۆتان ئامادەکەن بۆ جەنگ)، زیادبوونی هەڕەشەی بزووتنەوەی ڕاستڕەوی توندڕەو(ڕەگەزپەرستی)لە ئەوروپادا،، هتد.
تروسکایێک لەم نێوەدا بەهێزبوونی باڵی چەپی حیزبی دیموکراسی ئەمەریکایە(دیاردەی زەهران مەمدانی؛ ڕیفۆرم لە خولی داڕماندا)، کە هەوڵێکە بۆ یەکگرتنی خەڵکی کرێکاران و ستەملێکراوەکان(پەناهەندەکان، موسڵمانەکان، یەهودیەکان، ژنان، هۆمۆکان،، هتد)دژی دەسەڵاتی ئیستبدادی سەرمایەداری دڕندەی ترەمپ و بزووتنەوەی ماگا و حیزبی کۆماری و باڵی ڕاستی حیزبی دیموکراتی ئەمەریکی.
ئەمڕۆکە لەهەر جێگاێک لەم جیهانە سەرمایەدارییە دڕندە پڕ لە قەیران و جەنگەدا، هەر کەسێ & لایەنێک، بە هەر شێوەێکی خەبات(هەڵبژاردنی پەرلەمانی، خۆپیشاندانی مەدەنی، یان بە هەر شێوەێکی دی)بۆی بکرێ نانێک بخاتە سەر سفرەی کرێکاران و هەژاران، و ژیانی خەڵکی بپارێزێ لە کوشتارو نائەمنی، و خەڵکی ستەملێکراوان لە دەوری چینی کرێکاران کۆبکاتەوە دژی دەسەڵاتی ئیستبداد و گەندەڵی فەرمانڕەوای بۆرژوازی، ئەو لایەنە شایستەی پشتگیری هەموو مرۆڤێکی یەکسانیخواز و دادپەروەرە. لەم دیدەوە ئەگەر کۆمۆنیستەکان/شیوعیەکان لە هەڵبژاردنی عێراقدا هەوڵ بۆ ئەو ئیسڵاحە گچکەیە دەدەن، بێگومان شایستەی پشتگیرین و هیوادارین هاوشێوەی زەهران مەمدانی لە عێراقدا دەرکەوێت.
ئومێدێکی دی ئەوەیە کە بزووتنەوەی ناڕەزایەتی کرێکاران دژی سەختی باری ژیان لە جیهاندا زیادبکات. بێگومان بزووتنەوەی پڕۆلیتاریا، بزووتنەوەێکی بابەتییە کە هەلومەرجی پەیوەندی کارو سەرمایە بەشێوەێکی خۆبەخۆیی چینی کرێکاران دەبزوێنێ دژی چینی سەرمایەداران و دەسەڵاتدارانیان بۆ باشترکردنی بژێوی ژیانیان. ئەم بزووتنەوە سەندیکایی و خۆبەخۆییە، لە باشترین حاڵەتیدا کە پەیوەندی هەبوو بە بزووتنەوەی سۆسیالیستی، ئیدی دینامۆی شۆڕشی سۆسیالیستییە، بەڵام بزووتنەوەی خۆبەخۆیی کرێکاران بەبێ سۆسیالیستەکان، دەتوانێ لە چوارچێوەی سیستەمی سەرمایەداریدا تەنها ڕیفۆرمی ئابووری و سیاسی بکات، نەک شۆڕشی سۆسیالیستی.
بەڵام لە دیمەنێکی تری ئەم سەردەمەدا، چەندە زەیتی زەیتوون و هەنگوینی ساختە لە بازاڕدا هەیە، دە هێندە لە سیاسەتدا بیروباوەڕو ئەحزابی ساختە هەیە. بە پێچەوانەی بانگەشەی هەندێ نووسەر کە دەیانگووت(سەردیەتە گەورەکان کۆتاییان هات – سەردەمی کۆتایی ئایدۆلۆژیایە)، ئەم سەردەمەی ئێمە فولە لە ئایدۆلۆژیا؛ سەردەمی زیندووکردنەوەی پەیوەندی هۆزایەتی و عەقیدەی تائیفییە، پڕە لە ئەحزابی ئایینی سیاسی، لیبڕالیسمی، دیموکراسی ساختە و چەپی ساختە.
————————
* سەرچاوە:- Perry Anderson – IDÉES-FORCES / new left review – 2025 / ئەم چەند دێڕە بەشی یەکەمی کتێبەکەیە.
**جگە لە”ماو”، “لین پیاو”وەزیری بەرگری چین سەرکردەێکی شۆڕشی ڕۆشنبیری بووە. لە وتارێکدا بۆ جەماوەرێکی بەرفراواندا کە نزیکەی یەک ملیۆن ئەندامی”پاسەوانی سوور”بەشدارییان تێدا کردبوو، ئەرکەکانی شۆڕشی ڕۆشنبیری کورتکردەوەو ڕایگەیاند کە بۆ”لەنێوبردنی چوار ئەهرەمەنە کۆنەکە بووە: بیرۆکە کۆنەکان، کولتوورە کۆنەکان، داب و نەریتە کۆنەکان و خووی کۆن”.
