عەبدولڕەحمان گەورکی: 
دەسەڵاتێک کە نەیارەکانی لەسێدارە بدات، لە ئایدیا و ئامانج و بیرۆکەی نەیاران و، بە گشتی لە سەرکەوتن و راپەڕینی گەل لە دژی دیکتاتۆرییەت دەترسێت. ئەمە راستییەکی جیهانیی ناسراوە. ئێعدامکردن ساڵانێکە لە ئێران بوونی هەیە و رۆژ بە رۆژ زیادی کردووە. بۆچی؟ هۆکاری ئەم زیادبوونە چییە و پێویستە چ بکرێت؟!
ئەمڕۆ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا نیگەرانییەکان سەبارەت بە ئێران زیاتر لە هەموو شتێک لەسەر بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی رژێم، یان هەڕەشە و گوشارە دەرەکییەکانی رژێمی ئیران چڕبوونەتەوە. هەرچەند لەم چوارچێوەیەشدا موقاومەتی ئێران ئاڵاهەڵگری ئاشکرابوون بووە بەرامبەر بە رژێمی ئێران و ئەم نیگەرانیانەش رەوان، بەڵام ئەمە هەمووی شتەکە نییە. چونکە ئەم رژێمە بژاردەی جیاوازی هەیە بۆ لەسەر پێ مانەوە و خەریکی “گاڵتەکردن”ە بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی. سازشکارانی رۆژئاوا ئەمە دەزانن، بەڵام چاویان لە راستییەکانی کۆمەڵگای ئێران داخستووە!
موقاومەتی ئێران هەر لەسەرەتاوە دژ بووە بەرامبەر بە سزای لەسێدارەدان و مریەم رەجەوی، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەنجومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران، چەندین جار لەسەر ئەمە بانگەشەی داوە. بەڕێزیان لەم دواییانەدا لە وتارەکەیدا بۆ ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی لۆردەکانی بریتانیای وتی: “هەڵکشانی شۆک هێنەری ژمارەی ئێعدامەکان، بە هیچ شێوەیەک، بایەخێکی دادوەریی نییە، ئەمە بڕیارێکی سیاسییە کە خودی خامنەیی داویەتی. چون دەیەوێت رێگری لە دەستپێکردنەوەی راپەڕینەکان و رووخاندنی حەتمی رژێمەکەی بکات، هەربۆیە خامنەیی، بزووتنەوە و بەرخۆدانی بێوچانی بەرامبەر بە رێژیمەکەی کردووەتە ئامانج”.
روونە کە یەکێک لە ئامانجەکانی رژێمی ئێران، لەکەدارکردنی بەها مرۆڤایەتییەکان، بەتایبەتی مافی مرۆڤە لە ئێراندا. بە شێوەیەک تەنانەت یارمەتی لایەنگرانی سەر بە دیکتاتۆریی پێشوو وەردەگرێت و ئامانجی پەراوێزخستنی بەرخۆدانی راستەقینەی خەڵکی ئێرانە. بەڵام ئەمە هەوڵێکی شکستخواردووە و خەڵکی ئێرانیش ئاگاداری ئەمجۆرە هەوڵانەی دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکانن!
لە کۆنفرانسی ئەنجومەنی لۆردەکانی بریتانیا کە خانمی مریەم رەجەوی وتارێکی پێشکەش دەکردن، بەڕێز (ستیڤ مەک کەیب) ئەندامی ئەنجومەنی لۆردەکان وتی: زیادبوونی ئێعدامەکان لە ئێران هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی بەرخۆدان لە ناوخۆی ئێران. (بارۆنێس رێدفێرن) لە وتارەکەیدا لەم کۆنفرانسە وتی: من شایەتحاڵی ئازایەتیی بزووتنەوەی موقاومەتی رێکخراوی ئێرانی بووم، پابەندبوونیان بە مافەکانی مرۆڤ و یەکسانی، بە تایبەت رۆڵی رێبەرایەتی ژنان، سەرچاوەیەکی گەورەی هیوا بووە، نەک تەنیا بۆ ئێرانییەکان، بەڵکو بۆ هەموو ئەوانەی باوەڕیان بە ئازادی و کەرامەتی مرۆڤ هەیە. لە پشت هەموو ئەم دڕندەییەی رژێمی ئێرانەوە جگە لە ترس هیچیتر نییە. واتا ترس لە راپەڕینی گەل. چون سەرباری سێدارە و ئەشکەنجە، خەڵکی ئێران بەردەوامن لە بەرخۆدان لە دژی رژێمی ئێران.
دوابەدوای پشتیوانیکردنی ئەندامانی ئەنجومەنی لۆردەکان لە موقاومەتی ئێران، خانمی رەجەوی لە وتارەکەیدا وتی: هاتووم بە حکومەتەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بڵێم کە تەنیا یەک رێگای راستەقینە هەیە بۆ رێگریکردن لە بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی رژێم و راگرتنی دەزگای تیرۆر و کوشتن. ئەویش بریتییە لە رێگای بەرخۆدانی خەڵکی ئێران بۆ رووخاندنی رژێمی ئێران. رێگای بنچینەیی، بەرەسمی ناسینی مافی موقاومەت و بەرەنگاربوونەوەی ستەمی رژێمە لە دژی لاوانی بوێر و شۆڕشگێڕ.
لە کۆنفرانسی مافی مرۆڤی بەرلین، کە لەمدواییانەدا بەڕێوەچوو، خانمی مریەم رەجەوی وتی: خامنەیی ئێستا لە ژێر گەمارۆی تووڕەیی خەڵکی ئێراندایە. خەڵکی ئێران وەزاڵە هاتووە بەرامبەر بە ستەم و هەژاری و نادادپەروەری و بەتاڵانبردنی بێکۆتایی دەزگاکانی حکومەت. رژێمی ئێران تووشی ناسەقامگیرییەکی بنەڕەتی بووەتەوە و ئەم رژێمە بەرگەی قەیرانە گەشەسەندووەکان بۆ خزمەتی گشتی ناگرێت. دابەزینی توندی کارەبا و ئاو و گاز، چەند بەشێک لە سیستەمی بەرهەمهێنان و پەروەردەیی و ئیداریی پەک خستووە و لە ساڵی رابردوودا تێچووی خۆراک بە رێژەی ٦٥% زیادی کردووە و دراوی وڵاتەکە بووەتە یەکێک لە لاوازترین دراوەکانی جیهان. لە هەمان کاتدا ئەم رژێمە توانای چاکسازی نییە و خاڵی هاوبەشی باڵ و بۆندەکانی ئەم رژێمە، سەرکوتکردنی خەڵکە لە پێناو لەسەرپێ هێشتنەوە ئەم رژێمە.
کەوایە داواکاری موقاومەتی ئێران لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داواکارییەکی رەوا و بەپەلەیە. دۆسێیەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤی ئێران دەبێ ئاراستەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی نەتەوە یەکگرتووەکان بکرێت. رێبەرانی ئەم رژێمە ئەهریمەنییە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و زیندانەکان و زیندانییەکانی ئێران لە لایەن ئۆرگانەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سەردانی بکرێن.
چونکە ئەهریمەنی ویلایەتی فەقیهی نەرم و نیانبوونی دەوڵەتانی رۆژئاوای بە هەند وەرگرتووە و بەردەوامە لە گرتن و ئەشکەنجەدان و لەسێدارەدان و کوشتن لە ناوخۆی ئێران و، لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانیش، درێژەی بە (تیرۆری دەوڵەتی)ی خۆی داوە و دۆخی ئێرانی بە شێوەیەک لێڵ کردووە کە خۆی سوودی لێ وەربگرێت! زۆر ساویلکەییە ئەگەر وا بیر بکرێتەوە کە رژێمێکی لەمجۆرە، بێ ئەمانە توانای پێشخستنی بەرنامەی بۆمبی ئەتۆمی هەیە. پێشهاتەکانی ساڵانی رابردوو سەلماندی کە راگرتنی ئەو سیاسەتانە تەنیا بە رووخاندنی ئەم رژێمە، لە سەر دەستی خەڵک و بەرخۆدانە رێکخراوەکەیان مومکین دەبێت. خەباتی خەڵکی ئێران بۆ رووخاندنی دیکتاتۆرییەتی ئێران دەبێ بەڕەسمی بناسرێت و سیاسەتی سازان لەگەڵ ئەم دیکتاتۆرییەتە کۆتایی پێ بهێنرێت. چونکە سازان لەگەڵ ئەم رژیمە یارمەتیدەر بووە بۆ سەرکوتکردنی راپەڕینە جەماوەرییەکان لە ئێراندا.
خەڵکی ئێران خوازیاری کۆمارێکی دێموکراتیکە لە ژێر دەسەڵاتی خۆیاندا. ئەوان لە رژێمێکی دیکتاتۆر بێزارن و بۆ نەهێشتنی دیکتاتۆرییەت خوێنێکی زۆریان بەخت کردووە. بە وتەی مەسعود رەجەوی، کە لە زمان موقاومەتی ئێرانەوە وتوویەتی: “دەمانەوێت نێشتمانی خۆمان وەربگرینەوە، دەمانەوێت گەلی یەخسیرکراومان ئازاد بکەین و بۆ ئەمکارە نائارامین.
عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی
